شرۆڤە

هەڕەشەکانی داگیرکردنی باکووری سووریا؛ دامرکانەوەی گوڕوتینی تورکیا

16-06-2022


پێشەکی

لەوەتەی کۆبوونەوەکەی نێوان سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و مەولود چاووش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە لە رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 8ی حوزەیران لە ئەنقەرە بەڕێوەچووە، لێدوانە ئاگرینەکانی بەرپرسانی باڵای تورکیا بە ئەردۆغانیشەوە سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا کە بڕیارە لە باکوور و رۆژئاوای سووریا دەستپێبکات کەمبوونەتەوە. کاتێ بڕیاری کۆبوونەوەکەش درا، ئەو ناوچانەش كە تورکیا لە ئۆپەراسییۆنەكەیدا بە ئامانجی کردبوون کەمبوونەوە. چاوشئۆغڵۆ لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا گوتی، لە جیاتی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە لە هەموو ناوچە سنوورییەکان بکرێت، تەنیا لە تەل رەفعەت، منبج و تەل تەمر بەڕێوەدەچن. دواتریش لەڕێگەی لێدوانی سەرۆکی تورکیاوە، بۆ سنووری تەل رەفعەت و منبج کەمکرایەوە. بێگومان ئەم هێوربوونەوەیە لە لێدوانەکانی تورکیا و کەمکردنەوەی ناوچە ئامانجکراوەکان لە پرۆسە سەربازییەکەدا، پەیوەندی بە خواست و نیازەکانی تورکیاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانەوە لە کۆنترۆڵکردنی باکووری سووریا و هەڵوێستی ئەو وڵاتانەوە هەیە كە لەسەر خاکی سووریان.

هەڵوێستی ئەمریکا

هەر لەگەڵ راگەیاندنەكەی سەرۆکی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە باکووری سووریا، ئەمریکا تەنیا لەڕێگەی لێدوانەوە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە شەڕی دژی داعش دەرنەبڕی، بەڵکو بە تورکیای راگەیاند کە رێگە نادات دەست بۆ ئەو ناوچانە ببرێت كە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدان. هەروەها هەستیاری خۆی بەرامبەر هەر ئۆپەراسیۆنێک لە دژی ناوچە ئازادکراوەکانی وەک کۆبانێ، عەین عیسا، منیج نیشاندا، کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئازدکراون. دواتریش لە رێکەوتی 6ی حوزەیران، شاندێکی فراوانی ئەمەریکا سەردانی منبجی کرد و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازی و مەدەنی ئەوێ کرد. رەنگە ئەمە پەیامێک بێت بۆ پابەندبوونیان لەو ناوچانەی كە بە ئۆپەراسیونی سەخت و گران لەلایەن هێزە هاوبەشەکانەوە ئازادکراون. نەک تەنیا ئەو ناوچانە، بەڵکو وادیارە ئەمریکا رازی نییە تورکیا هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ بە ئامانجکردنی هاوپەیمانەکانی دەستپێبکات. ئەگەریش رێگە بە تورکیا بدات ئۆپەراسیونەکەی دەستپێبکات، ئەو کات بە شێوازێک دەخوێندرێتەوە کە سیاسەتی ئەمریکا پابەندبوون نییە بە پاراستنی هاوپەیمانانی و هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە سووریا.

هەروەها  هەڵوێستی تورکیا لەسەر ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، بەرامبەر سازشکردنی ئەمریکا لە سووریا یان رەتکردنی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە بەرامبەر سازشکردنی رووسیا لە سووریایە، کە رەنگە تێدا سەرکەوتوو نەبێت. لە دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، بڕیاری ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە بەپێی شوێن و رۆڵی ئەو دوو وڵاتە بۆ هاوپەیمانییەکە، بڕیارێکی ئەمریکییە کە یەکلایکراوەتەوە. هەڵبەت بایەخی شوێن و رۆڵی تورکیاش هیچی کەمتر نییە لە سوێد و فینلاند.رەنگە پیداگری توركیا لەسەر بابەتی سووریا و ئەندامێتی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، کاردانەوەیەكی ئەمریکی دروستبکات کە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی نێوخۆیی تورکیاش هەبێت و رەنگە بگات بەوەی کاریگەری ئابووریشی هەبێت.

هەڵوێستی رووسیا

وادیارە لەکۆبونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و رووسیا، تورکیا هیچ لەو ئومێدانەی كە لەسەر داواکارییەکانی لە سووریا بە گشتی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بە تایبەتی هەیبوون، بە دینەهاتن. کارتی شاخی زاویە “جبل الزاویە” و دەوروبەری کارتێکی بەهێزە بەدەست رووسیاوە کە باس لەوە دەکات کە تورکیا پابەند نەبووە بە دەرکردنی رێکخراوە تیرۆرستییەکانی ئەو ناوچەیە و پاراستنی رێگای نێودەوڵەتی نێوان حەلەب و لازقییە. هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکی یان ئێرانی بێت، ئەگەر رەزامەندی لەسەربێت یان بەبێ رەزامەندی رووسیا ئەنجامبدرێت، وادەکات هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێڵەکانی بەرگریکردن لە ناوچە شاخاوییەکان لە دەستبدەن و ئەمەش وادەكات كە دەشتاییەکانی پارێزگای ئیدلب و دەوروبەری بەڕووی هێزەکانی سووریا و هاوپەیمانانیدا بكرێنەوە. ئەمەش مەترسی کۆچی بەکۆمەڵ لە ناوچەیەک دروستدەكات کە نزیکەی چوار ملیۆن کەس لەخۆدەگرێت. لەو ناوچەیە  زیاتر لە هەزار و دوو سەد کەمپ هەیە و لەوانەیە  خەڵك بەرەو خاکی تورکیا بڕوات. ئەمەش کاردانەوەی لە ناوخۆی تورکیادا دەبێت، کە ئێستا رووبەرووی مشتومڕ و گرژییەکی توند بووەتەوە سەبارەت بە ئاوارەکانی سوریا، هەروەها پرۆژەكەی ئەردۆغانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سووریا پوچەڵ دەکاتەوە.

هەبوون و هەوڵوێستی ئێران

لە راستیدا، بوونی ئێران لەڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانی لە باکووری حەلەب و بە تایبەت لە گوندی نوبل و زەهرا دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەستپێکردنی شەڕی سووریا. بەڵام ئەم بوونە بە ناردنی هێزەوە لە لایەن حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی فاتمیون و زەینەبیون و ئەوانەی دیکە زیادیان کرد. ئێستاش باکووری حەلەب گرنگییەکی هاوشێوەی باشووری لوبنانی بۆ ئێران هەیە. هەر ئۆپەراسیونێکی تورکی لەگەڵ گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی ئۆپۆیسیۆنی سووریا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەل رەفعەت و ناوچەکانی دیکەی شەهبا وا دەکات هەردوو گوندی نوبل و زەهرا، کە لە لایەن ئێران و میلیشیاکانییەوە کۆنترۆڵکراوە بکەوێتە ژێر دەستی چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن یان لەلایەن ئەوانەوە دەورە بدرێن. هەروەها رێگە بە گەیشتن بە دەرگای حەلەب لە باکوور و رۆژئاوای باکووروە دەدات کە رووسیا، ئێران و حکومەتی سووریا هەوڵێکی یەکجار زۆریان داوە بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن. کۆنترۆڵکردنی رێگای رۆیشتن بۆ حەلەب -دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە و بە پایتەختی ئابووری ئەو وڵاتە دادەنرێت-  لەلایەن ئەو چەکدارانەی ئۆپۆزیسۆنەوە، مەترسییەکی زۆر دەخاتەوە سەری، ئەویش دوای ئەوەی كە لە ساڵی 2016 لەو چەکدارانە پاککرابووەوە. بۆیە پێشبینیدەکرێت هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی ئێرانی لە رەتکردنەوەی بەرەو پێشچوونی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لە باکووری حەلەب هەبێت. هەروەها، هەمان هەڵوێستیش لە حکومەتی سووریاوە چاوەڕواندەكرێت. رەنگە راست بێت كە سەرکردایەتی سووری پێ باشتر بێت تورکیا سووریا داگیربکات لەوەی کورد بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا هەبێت، بەڵام تەل رەفعەت بەشێک نییە لەو راستییە. سەرچاوەکانیش پیشانیدەدەن کە ئەوەی لە ناوچەی شەهبا روودەدات هاوپەیمانییەکی سەربازی گەورە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئۆپەراسیونەکەی تورکیا لەسەر زەوی پێکدەهێنرێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پاڵپشتی زیاتری سەربازی ئێرانی بۆ سوپای سووریا و میلیشیاکانی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستیانە، تەنانەت ئەگەر رووسیاش بەڵێن بە تورکیا بدات کە هێزەکانی لەو ناوچانەدا بکشێنێتەوە کە تورکیا بەنیازە هێرشیان بکاتە سەر، ئەستەمە رووسیا ئێرانییەکان ناچار بکات بەمە رازیبن. بە تایبەت لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بوونی ئێران لە باشووری سووریا و دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت. ئەمەش رێگە بۆ رووبەرووبوونەوەی تورکیا و ئێران دەکاتەوە کە رەنگە لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە لەو ناوچانەدا رووبدات.

تەل رەفعەت

هەڵەیەکی باو هەیە کە زۆر جار باسی لێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە كە گوایە شاری تەل رەفعەت و بەشێک لە لادێ و گوندەکانی دەوروبەری، لەنێویاندا 12 گوندی ناوچەی عەفرینی شێراوا، لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندایە. ئەمە بە تەواوەتی نادروستە. لەگەڵ راگەێندراوە راشکاوانەكەی سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا ناگونجێت کە دەڵێت هیچ هێزێکیان لەو ناوچانەدا نییە. هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆی کورد لەو ناوچەیەدا نییە. راستییەكە ئەو چەکدارە کوردانەی لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەر بە تورکیا پاشەکشەیان کرد، لەگەڵ هێزە حکومییەکانی سووریا تێکەڵبوون و ئێستاش جلی سەربازی سووریا لەبەر دەکەن. هەروەها ناوچەکە لەڕووی خزمەتگوزاری و کارگێڕییەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە. بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و خزمەتگوزاری و کارگێڕی فەرمی سووریا لەو ناوچەیەدا کاردەکەن؛ هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە نێویاندا پۆلیس و هەواڵگری لەو ناوچەیە چالاکییان هەیە. هەروەها هێزەکانی رووسیا لە بنکەکانی مێنگ و ئەلواشیا و قەشتار و چەندین شوێنی دیکەی ئەوێ جێگیرن. جگە لەوەش، شاری تەل رەفعەت و لادێكانی لە ساڵی 2016 لە دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەرهێنرا، ئەمەش لەڕێگای فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیاوە ئەنجامدرا. هەروەها بە بەشداریی كاریگەری هێزەكانی سووریا لەسەر زەوی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات كرابوو. بۆیە هێزە کوردییەکان بە تەنیا بەدەستیان نەهێنایەوە.

رۆژئاوای فورات

سەبارەت بە ناوچەکانی سەر بە روژئاوای فورات، دۆخەکە ئاڵۆزترە، ئەمەش لەبەر تواناکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی. لە لایەک لە هەندێک شوێن سەربازانی هاوپەیمانانی تێدایە و لەهەندێ شوێنی دیکەش ئەمریکا رێگە بە هیچ ئۆپراسیۆنێکی تورکی نادات. لەلایەکی دیکەشەوە، چەند ناوچایەکی دیکە بەشێکن لە رێککەوتنەکەی 22/10/2019 کە لە نێوان رووسیا و تورکیا لە دوای هەوڵی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەرێکانی و گرێ سپی کە ئەمریکا پێشتر پاشەکشەی لێکردبوو.  بەپێی ئەم رێککەوتنە رووسیا بۆ یەکەمین جار توانی بوونی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی فورات هەبێت. هەروەها، حکومەتی سووریاش توانی هێز بباتە ئەو ناوچانەی کە پێش پاشەكشەی ئەمریکا و هێرشەکەی تورکیا رێگەی پێنەدرابوو هێزی بۆ بنێرێت. ئەستەمە رووسیا دەستبەرداری ئەم دەسکەوتە بێت. هەروەها رووسیا مەترسیی هەیە ئەگەر بێت و ناوچەیەک چۆڵبکات، لەوانەیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پڕی بکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی رۆڵی رووسیا. لەم خاڵەوە دەتوانین باس لە دووبارە ناردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچانەی بکەین کە لە ساڵی 2019 لێکشابویەوە.

ئەمریكا لە کۆتایی نیسانی ساڵی 2022 هێزی بۆ ناردۆتەوە. بۆ نموونە، فڕۆکەخانەی سەربازی “تەبقە” کە 50 کیلۆمەتر کە شاری رەقەوە دوورە. هەروەها بارەگای فیرقەی 17 کە 7 کیلۆمەتر لە رقەوە دوورە. رەنگە ئەم مەترسییانە بۆ رووسیا دیاربن بۆیە هێزە سەربازییەکانی و جوڵەكانی لە ناوچەکدا زیادكردووە، لەڕێگەی چڕکردنەوەی مانۆڕەکانی و ناردنی هێزی بۆ ناوچەکانی نزیک هێڵەکانی بەرکەوتن. هەروەها رووسیا کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هێزەکانی سووریایی دیموکراتی چڕکردەوە و هەوڵی رێککەوتنێکی لە نێوان ئەو هێزە و حکومەتی سووریا داوە؛ رێککەوتنێک کە رێگە بدات سووریا هێزی زیاتر لە ناوچەکانی هەسەدە بڵاوەبکاتەوە، ئەمەش وەك هەوڵێک بۆ رازیکردنی تورکیا.

هەموو ئەم ئاڵۆزییانە لە میانی دانوستاندەکانی نوورسوڵتان (ئەستانە) دان کە ئەمڕۆی چوارشەممە 15ی حوزەیران دەستیپێکرد و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی وێنەکە روونتر بێتەوە.

رەهەندی  ئابووری هەڕەشەکانی تورکیا

بڕیارەکەی ئەمریکا لە دوورخستنەوەی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، لەگەڵ هەندێک ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە گەمارۆ ئابوورییەکان، هۆکاری ناڕەزایی توندی تورکیا بوون. نەک تەنیا لەترسی ئەگەری باشتربوونی بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، بەڵکو بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە ئەمریکییە بۆ پێدانی تایبەتمەندی و چاودێریکردنی ئەم ناوچانە. بۆیە هەڕەشەکانی تورکیا لەدوای ئەم بڕیارە چڕتربوونەوە، هاوکات لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، کە تورکیا هەستی بەوە کرد کە دەتوانێت بۆ بەهێزکردنی خۆی لە سووریادا  لەسەر هەژماری رووسیاوە سودی لێوەربگرێت.

هەروەها تورکیا پێیوابوو لە دۆخێکدا دەبێت کە رەنگە هیچ ناڕەزایەكی ریشەیی لەسەر پلانەکانیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە سووریا  لە لایەن ئەمریکا و رووسیاوە نەبێت. گومان لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێت رێگری لە کاریگەرییەکانی ئەم ئیمتیازە ئابوورییەی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بکات. هەروەها تورکیا هەوڵدەدات پشتیوانی رووسیا لەم هەوڵەدا بەدەست بهێنێت، چونکە رووسیاش دژی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکایە بەرامبەر بە ئیدارەی خۆسەر.

باسکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدان کە ناوچەکە بەهێزتر دەکەن مەترسییەکانی رووسیا و تورکیا زیاددەكەن، بە تایبەتی باس لە ئەگەری دووبارە کارکردنەوەی کارگەی چیمەنتۆی لاڤارج، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانی لەسەر رێگای نێودەوڵەتی M4، کە بەم دواییە لیژنەیەکی پسپۆڕی ئەمریکی سەردانیکرد بۆ لێکۆڵینەوە لەسەری. ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستی تورکیادان، رەنگە داوای هاوکاری لە رووسیا بکات بۆ بەربەستکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە. هەروەها هەوڵێک  بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان لە لایەن رووسیا و هێزەکانی سووریا هەیە بە تایبەت دەروازەی سیمالکا، ئەویش بۆ داخستنی رێگا بۆ وەبەرهێنان و خنکاندنی ئیدارەی خۆسەر لەڕووی ئابوورییەوە.

كۆتایی

  • وا دیارە چانسی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی تورکیا کەمدەبێتەوە. لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار بێت کە ئامانج لێی لابردنی شەرمەزارییە لەسەر سەرکردایەتی تورکیا، و لە لایەکی دیکەوە چالاککردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا بێنێتە گۆڕی.
  • رەنگە تورکیا ئەو ناوچانە هەڵبژێرێت کە بۆشایی تێدایە، وەک بەشێک لە ناوچەی شەهبا و هەندێک لە لادێکانی کۆبانی، وەک ناوچەی ئەلشیوخ کە زۆربەی دانیشتووانەکەی عەرەبە.
  • هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا ئەو رەزامەندییە وەرناگرێت کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو جارێک لەلایەن رووسیا و، جارێکیشیان لەلایەن ئەمریکاوە وەریگرتبوو.
  • رەنگە ئۆپراسیۆنەکە بۆ فەسائیلەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەجێبهێڵدرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزەكانی سووریا و هاوپەیمانەكانیان بۆ ئەوەی هەردوولا پێوەی ماندوبن.
Share this Post

شرۆڤە