RRC |
د.هەڵمەت غەریب-
راوێژكار لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یەدا له‌ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی رووداو دانیشتنێكی داخراوی گرنگمان بۆده‌سته‌بژێری هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و عه‌ره‌ب له پارێزگای نه‌ینه‌وا رێكخست، تا له‌سه‌ر گرفته‌كانی پارێزگاكه و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی نوێ بۆ كێشه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره قسە بكەین. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه ئه‌و به‌شه‌ی گفتوگۆكان ودانیشتنه‌كه‌بوو كه په‌یوه‌ندییان به پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و چۆنیه‌تی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی بوو، كە دەكرێ بە هێرشه‌كانی دوێنی شه‌وی سه‌ر هه‌ولێرەوە ببەسترێنەوە.
له‌راستیدا دوو شت زۆر گرنگه بیخه‌مه‌ڕوو، پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری ئاسایشی هه‌رێم و چۆنیه‌تی پاراستنی بكه‌ین:
یه‌كه‌م: ئاسایشی كوردستان و هه‌ولێر به پارێزگای نه‌ینه‌واوه بەستراوەتەوە.
دووه‌م: هه‌ولێر و كوردستان پارێزراو نابن ئه‌گه‌ر ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان پارێزراو نه‌بن، واته ئه‌توانم بڵێم مه‌سه‌له‌ی پاراستن و ته‌ناهی هه‌ولێر ته‌نها بابه‌تێكی ناوخۆیی نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به‌ئاسایشی ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌واو موسڵەوە هەیە به‌گشتی.
روداوەكەیی دوێنێ شه‌و ته‌نها روداوێك نیه به ئاسانی سه‌یر بكرێت و یه‌كه‌مجاریش نیه كه راسته‌وخۆ ئاسایشی هه‌رێم ده‌كرێته ئامانج. هه‌ركه‌سێك و گروپێك له‌پشت هێرشه‌كانه‌وه بێت، په‌یامێكی شه‌ڕانیی دژی هه‌رێم هه‌ڵگرتووه، بۆیه پێویسته نه‌ك وه‌ك كاردانه‌وه، به‌ڵكو بۆ پارێزگاری له ئاسایشی هەرێم بۆشایی ئەمنی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و گوێڕ و دەرووبەری مه‌خمور پڕبكرێتەوە. ده‌بێت هه‌رێم لەوناوچانه‌دا رۆڵی هەبێت، ده‌نا هیچ كات هه‌ولێر پاراێزراو نابیت و هه‌میشه مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دەبێت. چونكه له‌ئێستادا كوردستان هیچ پشتوێنه‌یه‌كی ئه‌منی نیه و دروستكردنی پشێوی ئه‌منیی تێدا له‌هه‌موو كات ئاسانتره. بۆیه پێویسته هه‌رێم به‌هێز یاخود به دانوستاندن بێت ئه‌و ناوچانه له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه كۆنترۆڵ بكات. عێراق هێزی نیشتیمانی نیه تا بتوانێت كۆنترۆڵی سنوره‌كان بكات حه‌شد و میلشیاكان له‌یه‌كه‌كانی سوپا به‌هێزترن و ئه‌سته‌مه بتوانێ ده‌ست بهێنێته رێی كاره‌كانی ئەوان.
یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شه گرنگانه‌ی كه تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی موشه‌كبارنكردنی به‌غدا هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڕه‌شه به‌كۆمه‌ڵه‌ی نێرده و باڵیۆزی وڵاتان بوو به جێهێشتنی عێراق لەحاڵه‌تی به‌رده‌وام بوونی هێرشی میلشیاكان وكۆنترۆڵ نه‌كردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه. هه‌ر له‌وكاته‌وه هه‌رێم و هه‌ولێر به‌تایبه‌ت وه‌ك په‌ناگه‌ی دووه‌م و بەدیل سه‌یرده‌كرا بۆ ئه‌و نوێنەرا‌یه‌تی و نێرده دیپلۆماسییانه، به‌ڵام ئیتر پاش ئه‌م هێرشانه هه‌ولێریش پێویستی به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توند هه‌یه و نابێت ده‌سته وه‌ستان له‌به‌رده‌م كاردانه‌وه سارد و بێ بایه‌خه‌كانی حكومه‌تی عێراقدا بوه‌ستێت. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پێویسته له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسی بیگرێته به‌ر بۆ دروستكردنی پشتوێنه‌ی ئه‌منی بۆ هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی به‌تایبه‌ت له هه‌ردوو ناوچه‌ی گوێڕ و مه‌خمور كه زۆر نزیكن له هه‌ولێر. باشتروایە نێردە دیپلۆماسییەكان رۆڵی نێوه‌ندگیری ببینن بۆ گه‌یشتنه رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كه.