شرۆڤە

حەشدی مەزارگەکان (عتبات)

05-12-2020


 

RRC |

عەلی بەیدەر|

ناوی حەشدی مەزارگەكان بەمدواییە بۆ هەڵماڵینی پەردە لەسەر راگەیاندنی جیابوونەوەی نافەرمیی هەندێ لیوا و گرووپی چەکدارەوە لە حەشدی شەعبی دەرکەوت. ئەمەش پاش ئەوەی ئەو لایەنانە هەستیان کرد ئەو ئەرکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردندا کێشاویانە بەبا دەچن، یان تێکەڵی ئەو شکست و پێشێلکارییانە دەکرێن کە لەلاین هەندێ گرووپی چەکدارەوە پێش و پاش  ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردن ئەنجامدراون. لەبەر ئەمە، ئەو چوار گرووپە (فیرقەی ئەمام عەلی، لیوای عەلی ئەکبەر، فیرقەی شەرکەری عەباس، لیوای پشتیوانانی مەرجەعیەت) لە نێو گەردەلوولێکی لایەنداریی سیاسیی و ئاینی بۆ هەندێ لایەن لە دەرەوەی عێراق، خۆیان بە نامۆ هاتە بەرچاوان.

هەڵسوکەوتی شەڕکەرانە و مرۆڤانەی حەشدی مەزارگەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردندا ئاماژەی هیچ پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤیان تێدا نەبوو. یان هیچ پێشێلکارییەکی زێدە خراپیان هاوشێوەی گرووپەکانی دیکەیان لەسەر تۆمار نەکراوە. ئەمەیش وایکردووە لە عێراقییەکانەوە نزیکتر بن. بەتایبەتی لەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنی چەکدارانەی وایان تێدا ئەنجام دراوە کە لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتی  یان کوژراون  یان گیراون و سەرنوگومبوون. دیارترین شتێک کە حەشدی مەزارگەکان جیا دەکاتەوە مانەوەیانە لەنێو سنووری نیشتمان و گوێڕایەڵییانە لە ڕووی ئەمنی و ئاینییەوە بۆ بڕیارەکانی مەرجەعییەتی باڵا. ئەمەیش دەیانخاتە دەرەوەی بازنەی تۆمەتباربوون بە لایەنداریی حیزبی و باوەڕداری بۆ مەرجەعیەتی بێگانە، بەتایبەتی ئێرانییەکان.

ئێران سەرکەوتووانە و بە قووڵی دزەی کردە نێو دامەزراوەی حەشدی شەعبی و سۆز و لایەنداریی سەرکردەکانی بۆ خۆی بەکێش کرد، ئەمەیش وایکرد حەشدی مەزارگەکان خۆی لە دۆخێکی نیمچە دابڕاو لە دیمەنەکە ببینێتەوە. بەبێ گوێدان بە قەبارەی ئەو قوربانییانەی گرووپەکانی، کە ٤٠٪ی ئەندامانی فەرمیی حەشدیان پێکدەهێنا پەراوێزدەخران. دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی عەبدلعەزیز محەمەداوی ناسراو بە (ئەبوو فەدەک) وەک جێگرەوە بۆ ئەبو مەهدی موهەندیس، کە پێشتر گرووپەکانی مەزارگەکان دەستنیشانکردنی ئەویان بۆ جێگرتنەوەی موهەندیس رەتکردەوە بەڵام هەستیان بە هیچ بەدەنگەوەچوونێک بۆ ئەو رەتکرنەوەیە نەکرد. ئەمەیش کەلێنی نێوان ئەوان و گرووپە وەلائییەکانی پەیوەست بە ئێرانی قووڵتر و فراوانتر کرد. هەروەها بڕیاری ئەمنی لەنێو دامەزراوەی حەشد لەلایەن گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە قۆرخ کراوە، کە گوێ بە هیچ هەڵوێستێکی گرووپەکانی مەزارگەکان نادەن، بەتایبەت ئەگەر پەیوەندیی بە هەبوونی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکاوە لە عێراقدا، یان بە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی لە ژێر فشاری ئێرانەوە هەبێت. ئەمەیش ڕۆڵی گەورەی باڵەکانی ئێران لەنێو ئەو دەستەیەدا دەردەخات.

هەر کاتێکیش حەشدی مەزارگەکان کشانەوەی خۆی لە دەستەی حەشد، یان چوونی فەرمیی خۆی بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی حەشد، یان هەڵوەشاندنی خۆی راگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت یەکێک لەم ئەگەرانە لە داهاتوودا روو بدات، ئەو کاتە گرووپەکانی دیکەی حەشد ئەو چەترە ئاینی و مەزهەبییە لەكیس دەدەن كە خۆیان لە بندا حەشار داوە. ئەمەیش وادەکات قەیراندرووستبكات بۆ دواخستنی ئەو بڕیارانەی کە لە بەرژەوەندی ئەودا نین، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو بڕیارانە پێش ئەو هەڵبژاردنانە بدرێن کە گرووپە وەلائییەکانی حەشد خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن. سیفەتی واتەیی و ماددیی گرووپەکانی مەزارگەکان زۆر گەورەیە بەتایبەتی لەڕووی ژمارەوە، ئەمەیش وا دەکات كە لەنگییەکی گەورە بخەنە نێو پێکهاتەی دەستەی حەشد و رۆڵی ئەمنی و سیاسیی لە وڵاتدا لاواز بکەن و، گوشاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەسەر ئەو گرووپانە زیاد بکەن کە چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەرە. هەر هەنگاوێکیش كە گرووپەکانی مەزارگەکان بەرەو بەدیهێنانی سەروەریی نیشتمانیی بینێن، وادەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت نزیکتر ببن و پشتیوانیی دارایی و سیاسییان زیاتر ببێت. ئەمە گرووپەکانی دیکە فڕێ دەداتە دەرەوەی حیساباتی حکوومەت، هەر ئەمەیش لاوازتریان دەکات و بێزاریی کۆمەڵگەیی لە هەڵسووکەوتیان لە ناوچەکانی ململانی (ناوچەکانی عارەبی سوننە) و ناوچەکانی دیکەی وڵات بەهێزتر دەکات. بە تایبەت پاش ئەوەی هەندێک لەو گرووپانە تۆمەتبارن بەوەی كە لە سەرکوتینەوەی خۆپێشاندانەکان بەشدار بوون و پشتیوانیی حیزبە گەندەڵەکانی دەسەڵاتیان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە گرووپەکانی سەر بە مەرجەعیەت لە هیچ هەڵسوکەوتێکی گوماناوی وەهادا تۆمەتبار نەكراون.

دوای ئەوەی پێویستیی کارکردنیان وەک لایەنی رزگارکەر نەما، گرووپەکانی مەزارگەکان پێیانوایە کاتی  ئەوە هاتووە بە جددی ئاوێتەی دامەزراوە ئەمنییەکان ببن و، پابەندبن بە جێبەجێکردنی فتوای مەرجەعیەت بە گوتار و ناوەڕۆکیەوە. ئەو چوار گرووپەی مەزارگەکان نوێنەرایەتیی جەوهەری ئەو فتوایە دەکەن کە مەرجەعییەتی  سیستانی رایگەیاند. لەڕاستیدا حەشدی مەزارگەکان تاقە نوێنەرایەتیی ئەو فتوایەیە دەكات کە باس لە جیهادی کیفائی دەکات و، جگە لەوە گشت گرووپەکانی دەرەوەی ئەو فتوایە و دەرەوەی ئیرادەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری سیاسی و ئەمنین.

Share this Post

شرۆڤە