شرۆڤە

حەشدی نیشتمانی لە جیاتی حەشدی شەعبی

08-06-2021


 

RRC |

یاسین تەها|

لە دەمی گرژییەكانی نێوان حكومەتی كازمی و گروپە وەلائییەكانی ناو حەشدی شەعبی، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، دەستپێشخەرییەكی بۆ بە “نیشتمانی” كردنی ئەم هێزە ئەمنییە راگەیاند. پوختەی پلانەكەی عەبادی خۆی لە دوو تەوەری سەرەكیدا دەبینێتەوە: حەشدێكی نیشتمانی كە ملكەچی ئەجێندا هەرێمایەتییەكان نەبێت ( ئێران و سوریا)، حەشدێكی سەربازیی ملكەچ بۆ فەرمانەكانی مەرجەعە سەربازییەكەی خۆی، كە سەرۆكی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، واتا سەرۆكوەزیرانە وەك باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەوڵەت.

هەرچەندە لە ئێستادا عەبادی پێگەیەكی یەكلاكەرەوەی لە هاوكێشەی هێز و بڕیاری عێراقیدا نییە، بەڵام بەوپێیەی لە ویلایەتی ئەودا (2016)، یاسای ژمارە 40ی حەشدی شەعبی دەرچووە، دەكرێت لەدوای مالیكی، وەك باوكی دووەمی بەفەرمی ناساندن و هەوڵی بەیاساییكردنی حەشد و قوتكردنەوەی وەك قەوارەیەك سەیر بكرێت، ئەویش لە كاتێكدا كە فەتواكەی سیستانی (حوزەیرانی 2014) تەنیا باسی خۆبەخشیی لەناو هێزە ئەمنییەكان كردبوو، بەبێئەوەی دوورونزیك باسی حەشد یان دروستكردنی قەوارەیەك بەناوی ئەوانی كردبێت.

عەبادی لە ساڵانی 2014_ 2018 دا شەرعیەت و بودجەی زۆریشی بەحەشد بەخشی، بەڵام لە هەندێك وێستگەشدا وەك ئێستای مستەفا كازمی، لەگەڵیان كەوتە مشتومڕ و بەئاشكرا تۆمەتباری كردن بەوەی كە سەركردەكانیان، لەسەر خوێنی چەكدارەكانیان خەریكی ڤێلاكڕین و خۆ دەوڵەمەندكردنن و موچەی بندیوار دەخۆن. لەپاش عەبادیش، باڵە دەستڕۆیشتووەكانی حەشد زیاتر پێیان راكێشاوە، وەك لە نمایشە سەربازییەكانی پاش گرتنی قاسم موسڵیح لە 26 ئایاری 2021دا دەركەوت. بەڵام هێشتا عەبادی مانەوەی حەشد بەپێویستییەكی نیشتمانی دەبینێت، بەو پێیەی “هێزێكی ستراتیژییە” و دژی ئەوەشە بە قسەی خۆی بە “بەشەیتان وێنا بكرێن” كە ئەمەش زیاتر گوتار و بانگەشەی خۆپیشاندەرانی تشرین و هێزە مەدەنییە عەلمانییە نوێیەكانی لەدایكبووی خۆپیشاندانەكانە.

عەبادی كە ئێستا لە كازمی دوور نییە و لەسەر هێزە میانڕەوەكانی شیعەش ئەژمارە، بانگەشە دەكات بۆ ئەوەی حەشد ببێتە دەزگایەكی گوێڕایەڵی ئەمنیی بێدەنگ لە چەشنی دەزگای دژە تیرۆر یان سوپا و، خۆیشی لە هەژموونی دەوروبەر قورتار بكات، بەڵام ئەم ئامانجە لەگەڵ پەیام و عەقیدەی ئێستای حەشد نایەتەوە كە جگە لەوەی خۆی پێ “پیرۆز”ە، پڕیەتی لەو گرووپانەی كە مەرجەعەتیان لەودیو سنوورەوەیە. ئامارەكان دەریدەخەن، دەوروبەری 45 گروپ لەناو ئەم هێزەدا شوێنكەوتەی فەتواكانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئێرانن، بەرامبەر بەمەش، 17 كۆمەڵ و گرووپی حەشد راستەوخۆ سەر بە عەتەبەكانی ژێر ئیدارەی نووسینگەی سیستانین و  6 گرووپی دیكە شوێنكەوتووی مەرجەعی دیكەی  ناوخۆ و دەرەوەی عێراقن.

دەستپێشخەرییەكەی عەبادی لە كاتێكدایە هێزە سیاسییەكانی شیعە خۆیان بۆ هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر) ی داهاتوو ئامادە دەكەن. لەم وێستگە دەستورییەشدا خوێن و قوربانییەكانی حەشد بەهەمانشێوەی هەڵبژاردنی 2018 كەرەستەیەكی سەرەكی بانگەشە دەبێت لە بازاڕی بانگەشە، هاوپەیمانیی فەتح كە نوێنەرایەتی سیاسی ئەم هێزانە دەكات، بەهەمان پێكهاتەی جارانەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكە تۆماركردووە و هیوای وەهایە دەنگی هاوسۆزەكانی حەشد بچنێتەوە. چونكە سەرەڕای هەموو ئەو پێشێلكاری و بێسەروبەرییەی لەناو حەشددا هەیە، هێشتا بەلای شیعە راستڕەوە عەقایدییەكانەوە هیچ بەدیلێكیتری نییە چونكە، لەپاش 2003 كە سەدام رووخا و پێكهاتە شیعەی لە ڕووی سیاسییەوە سەرلەنوێ لەدایكبوونەوە و بوونە حوكمڕان، هیچ كات وەك 2014 نەكەوتنە بەر مەترسی داڕمان. ئەوەشی لەم تەنگەژە سەرەكییە رزگاری كردن و گەمارۆی چەكدارانی داعشی لە پشتێنەی بەغدا تێكشكاند، پێكهاتەكانی ئێستای حەشدی شەعبی بوو. لەوەشەوە باوەڕێكی زاڵ لەناو شیعەكان هەیە كە حەشد بە باڵە عێراقی و ئێرانییەكەیەوە “پارێزەری خاك و پیرۆزییەكان و ناموسن” و هەر چەشنە هەوڵێك بۆ رێكسختنەوە یان بە سیستماتیك كردنیان، خێرا دەخرێتە قاڵبی دژایەتی حەشد و بەئامانجگرتنی، كە بەقسەی ئەوان پلانی ئەمەریكا و ئیسرائیلە.

جگە لە رێگرە عێراقییەكانی رێكخستنەوەی حەشد، فاكتەری ئێرانیش هەر یارمەتیدەر نییە بۆ نیشتمانی كردنی، چونكە دەستەی حەشدی شەعبی بەمیلاكی دەوروبەری 160 هەزار كەس و بودجەیەك كە 2.4 ترلیۆن دینارە، بووەتە كەڤەر و سەرچاوەیەكی باشی دارایی بۆ ئەو گروپانەی كە بۆ ئامانجە ستراتییەكانی ئێران لە عێراقدا تێدەكۆشن وهێزەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج. لەم میانەیەشدا ئەوەندە بەسە بزانرێت كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 300 هێرش كراوەتەسەر هێزەكانی هاوپەیمانان كە چوار كوژراوی ئەمەریكی و 25 هاوكاری عێراقیی ئەوانی لێ كەوتووەتەوە. سەرچاوەی پارەداركردن و پڕچەككردنی ئەم گروپانەش هەر لەژێر چەتری حەشدی شەعبییە كە ناونیشانێكی بەرین و بەرفراوانە بۆ كۆمەڵێك گروپ و دەستەی جۆراوجۆر و هەر چەشنە كۆنتڕۆڵكردنێكی لەلایەن عێراقەوە ئەم گروپانە لە شەرعیەت و چەكی لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو رووت دەكاتەوە. ئەوەش بۆ ئێران كە پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە عێراقدا جێگای قبوڵ كردن نییە و هەر بەم هۆیەشەوەیە كە كاتێ بەرپرسێكی عێراقی دەچێتە تاران جەمسەرەكانی هێز لەوێ، یەكسەر داوای پاراستنی حەشدی شەعبی دەكەن.

 

Share this Post

شرۆڤە