شرۆڤە

"هێزە مەدەنییەكان" و هەڵبژاردنی پارێزگاكان

12-12-2023


رەنگە بۆ هێزە نوێ و مەدەنییەكانی عێراق كە خۆیان بە درێژكراوەی گوتار و بەرنامەی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دەزانن، هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، دووڕێیانێک بێت لە نێوان پووكانەوەی زیاتر، یان دەستخستنی بنكەیەكی جەماوەری و هێزی بڕیار لە ئەنجومەنە خۆجێیەكان. ئەگەریش دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لەم هەڵبژاردنە خۆیان بسەلمێنن، ئەوا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ سەركەوتنی زیاتر لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمان، هەڵبەت پێچەوانەکەیشی، ئەنجامێکی دیکەی دەبێت.

دەشێ ئەم هەڵبژاردنەی كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەرێوە بچێت و نزیكەی 6 هەزار كاندید تێیدا ركابەری دەكەن، وەك دەرفەتێكی جومگەیی تەماشا بكرێت بۆ ئەو هێزە مەدەنییە نوێیانەی کە لە چوار ساڵی رابردوودا سەریانهەڵداوە، چونكە ئەو هێزانە كە نەیانتواتی بە بژاردەی "شۆڕشگێڕی" لە تشرینی 2019دا بنەماكانی پرۆسەی سیاسی عێراق بگۆڕن، ئێستا لە پاش ئەزموونی بەشداری لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبەردەم ئەزموونی بەشداری لە ئەنجومەنە خۆجێیەكاندان كە چوار ساڵ بەر لە ئێستا، بەهۆی رق و تووڕەیی خۆپیشاندەران و تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی، بە ئیرادەیەكی جەماوەری و پاشان بە بڕیاری پەرلەمان هەڵوەشێنرانەوە و پەكخران.

هێزە مەدەنییەكان لە دەستپێكی ئامادەكارییەكانی ئەم پرۆسەیە سەركەوتو بوون لە پێكهێنانی هاوپەیمانی "قیم المدني" وەك چەترێك بۆ هێزە "گۆڕانخواز و دیموكراسییەكان"، بە بەشداری 10 لایەن كە ناسراوترینیان حیزبی شیوعی عێراقییە و پەرلەمانتار سەجاد سالم و د. عەلی ئەلڕەفیعی وەك هاوسەرۆكی دیاری كران، بەمەش بازیاندا بەسەر بەربەستی 1.7ی سیستمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆی هەمواركراودا. هەموارەکەش سەپێنراوی زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بوو بۆ رێگرتن لەسەركەوتنی هێزە بچووكەكان لە هەڵبژاردن.  هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، دەشێ دوورەپەرێزی سەدر و رەوتە جەماوەرییەكەی لە هەڵبژاردنەكە، وەك دەرفەتێک بۆ ئەو هێزە مەدەنییانە تەماشا بکرێت کە دەیانەوێت لەگەڵ هێزە مەزهەبی و نەتەوەییەكان ركابەری بكەن، بە تایبەت كە ئەوان لە قۆناغەكانی رابردوودا ماوەیەك هاوپەیمان بوون. بەلام دەبێ ئەوەش لە پێشچاو بگیردرێت کە بەهۆی ئەوەی خودی سەدر پێداگرە لەسەر بایكۆت و شوێنكەوتەكانی مكوڕن لەسەر چۆڵ هێشتنەوەی بنكەكەكانی دەنگدان، ئەگەر كەمە هێزە مەدەنییەكان بتوانن لە بنكە جەماوەرییەكانی سەدر سوودمەند ببن، بەتایبەت كە ساردی و گرژییەكانی ماوەی رابردوو لە نێوان هەردوولا هێشتا وەك خۆیان ماون.

هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هێزە بچووك و پەرتەوازەكان گیرۆدەی ئەوەن کە جەماوەرەكەیان كۆك نیە لەسەر گرنگی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، ئەمیش لە ژێر كاریگەریی دوو هۆكار: یەكەمیان، گومانە زۆرەكانی سەر گرنگی و بایەخی بەشداری لە سایەی نەبوونی مەرجەكانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و ئازاد. دووەمیشیان، ئەو ئەزموونە هەژار و پڕ لە پشێوییەی كە پەرلەمانتارانی هێزە نوێ و مەدەنییەكان لەم خولەی ئێستادا پێشكێشیان كردووە كە پەرتەوازەیی و بێ سەروبەریی و لاوازی بەسەریدا زاڵە. ئەم بانگەشەی بایكۆت كردنە لە هەڵبژاردنی گشتی 2021 یشدا زیانی بەرچاوی لە هێزە مەدەنییەكان دا، چونكە بەشێك لە بنكە جەماوەرییەكانیان لەژێر كاریگەریی بانگەشەیەك بوون كە پێیوایە پێویستە "تشرین" وەك بەها و بنەما بهێڵرێتەوە و نەكرێتە ژمارەیەك لە ناو ژمارەكانی پەرلەمان. هەروەها زۆر دەگوترا کە چوونە ناو یارییەكی نابەرامبەر لەسایەی نەبوونی هەلی یەکساندا  سوودی نییە، بەشداری كردنیش لە هەڵبژاردن زیاتر پرۆسەكە بۆ ركابەرەكان جوانتر دەكات تا ئەوەی خزمەت بە ناڕازیییەكان بكات.

لەم هەڵبژاردنەدا هێزە مەدەنییەكان لە 12 پارێزگا بە 400 پاڵێوراو بەشدارن، ركابەری سەرەكی ئەوانیش لەنێو 50 هاوپەیمانی و 296 حیزبی بەشداردا، هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگین لەگەڵ بنكەی جەماوەریی هەندێك لە پارێزگارەكانی ئێستا لە شارەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. هەرچەندە هێزە مەدەنییەكان پەرتەوازە و ناكۆكن و هاوپەیمانییەكەیان زیاتر رواڵەتی و كاتییە، بەڵام هاوتای ئەمەش هێزەكانی چوارچێوەی شیعی جگە لە كەركوك و نەینەوا، لە پارێزگاكانی دیکەدا بەسەر چوار هاوپەیمانی و جەمسەری سەرەكیدا دابەش بوون بە سەرۆكایەتی (مالیكی، عامری _ خەزعەلی، حەكیم _ عەبادی، هومام حەمودی)، ئەو یەكڕیزییەشی هەیانە تەنیا بۆ ناوچە جێناكۆكەكان  و پارێزگا فرە پێكهاتەكانە.

كێشەی گەورە بۆ هێزە مەدەنییەكان بە پلەی یەكەم باڵادەستی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و نابەرامبەریی تەرازووی هێزە بەو پێیەی ئەوان حوكمڕانن و دەزگاكانی دەوڵەتیان لە بەردەستە. بەدوای ئەمەشدا مەسەلەی رێژەی بەشداری مەترسییە لەسەر هەردوولایان، چونكە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن کە سەدرییەكان جگە لە بایکۆتی خۆیان، هەوڵدەدەن ئەوەندەی بتوانن رێگربن لە بەشداری چالاكانەی دەنگدەران لەو جێگایانەی کە دەتوانن. هەروەها جۆرێك لە بێ هیوایی و دڵشكانیش هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەناو جەماوەردا و بەشداریی كەمی هەڵبژاردنی (2021)یش نموونەیە. لەم هەڵبژاردنەشدا زیاتر لە 7 ملیۆن كەس نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری و 16 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە لەكۆی 23 ملیۆن، ئەمەش زیاتر لە هێزە سیاسی و تایفییەكان زیان لە بەرژەوەندی هێزە مەدەنییەكان دەدات، چونكە ئەو رێژە كەمەشی كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، زیاتر جەماوەری ئاراستەكراو و ئەندامانی حیزبەكان و خەڵكانی سوودمەندن لێیان، یان ئەوانەن کە بە پاڵنەری مەزهەبی و نەتەوەیی یان بەرامبەر بەخشین و سوودی ماددی راستەوخۆ دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەمانەش بەشێكن لە میكانیزمی هێزە دەسەڵاتدارە گەورەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگدەران.

جگە لە هێزە سیاسییە تەقلیدییەكان، لە ئێستاشدا هێزە مەدەنییەكان كێشەی حیزبە درووستكراوەكانی پارێزگارەكانیشیان بۆ زیاد بووە كە لە پۆستدان و بەهێزترینیان(ئەسعەد ئەلعیدانی) پارێزگاری بەسرەیە. هاوشانی ئەوەش هاوپەیمانییەك هەیە بەناوی "الأساس" كە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان موحسین مەندەلاوی سەرۆكایەتی دەكات و ئەویش لە هەمان بازنە و رووبەری هێزە مەدەنییەكاندا چالاكی و بانگەشە دەكات. بەهۆی پشتیوانە دەستڕۆیشتووەكانی لیستەكە و پێگەو پۆستی مەندەلاویشەوە توانای هەیە هێزە مەدەنییەكان تەنگەتاو بكات.

بەپێی زۆرێک لەو ئاماژانەی کە بەردەستن چانسی هێزە مەدەنییەكان و میراتگرەكانی تشرین لاواز دێتە بەرچاو بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی بەرچاو لەم هەڵبژاردنەدا. هەڵبەت ئەگەری سوپرایز هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە. هۆكاری ئەم رەشبینییەش جگە لە كێشە نێوخۆییەكانی ئەم هێزانە، پێداگری هێزە گەورەكانە لە هێشتنەوەی چوارچمكی پرۆسە سیاسییەكە لە دەستی هێزە شیعە باڵادەستەكان لەم قۆناخە، ئەویش لەڕێگای بەكارهێنانی تواناكانی دەوڵەت لە لایەك و بەكارهێنانی گوتاری تایفی و مەزهەبی لەلاكەی تر. ئەمە جگە لە بەكارهێنانی گوتاری خێڵەكی لە ناوچە گوندنشین و داخراوەكان كە فاكتەرێكی بەهێزی تاقی كراوەیە لە هەڵبژاردنەكانی عێراق.

Share this Post

شرۆڤە