شرۆڤە

حکومەت و چاکسازی، ئایا دەست بۆ برینەکە براوە؟

07-02-2021


 

RRC |

دانا عومەر|

بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کەمێک سوک کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینەوە، هەروەها کەمێک دەنگی هەرێمی بەرامبەر بەغدا دلێر کردووە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، بەڵام ئەمانە پێشهاتێکی کاتین، سستی هەنگاوەکانی چاکسازیی و دەستنەبردن بۆ برینە راستەقینەکان ترسی دووبارە گەورەبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات.

قەیرانی دارایی هێواش گەشەی کرد

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ کاتێک حکومەتی عێراق ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستانی راگرت، هەرێمی کوردستان یەکسەر کاریگەرییەکانی بڕینی بودجەی لەسەر دەرنەکەوت، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی هەرێم توانی ٩ مووچە بداتە فەرمانبەران، ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی دەرکەوتنی کاریگەریی قەیرانی بڕینی بودجە سیستمی پاشەکەوت پەیڕەوکرا، هەرچەند سیستمی پاشەکەوت نەیتوانی چارەسەری کەمی داهات بکات، بەڵام بۆ ماوەیەک ئیدارەی قەیرانەکەی پێکرا، لە کابینەی نۆیەمیشدا سیستمی لێبڕین پەیڕەوکرا، کە پێدەچێت بێ ئەنجامتربێت لە سیستمی پاشەکەوت و گیرفانی مووچەخۆرانی پێ گەرم نەکرێتەوە ئەگەر حکومەت دەست بۆ چارەسەرکردنی برینە راستەقینەکە نەبات.

کێشە راستەقینەکە لەکوێدایە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ بواردا کێشەی راستەقینەی هەیە، یەکەم زۆری فەرمانبەرانە بە تایبەت فەرمانبەرانی وەهمی و ئەو کەسانەی دوو مووچە و زیاتر وەردەگرن، دووەم نەگەڕانەوەی داهاتی حکومەتە بۆ خەزێنەی حکومەت و نەبوونی ئیدارە و بەڕێوەبردنێکی یەکگرتووە لە دهۆکەوە بۆ هەڵەبجە، سێیەم بوونی بازرگانی سیاسی و بازرگانی سێبەرە.

کێشەی فەرمانبەران و چارەسەرکردنی

بە پێی ئەو ئامارانەی ئەنجومەنی بایۆمەتری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی یەکی ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، ١ ملیۆن و ٢١٩ هەزار و ٩٢٢، فەرمانبەر لە دەزگاکانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، ئەم ئامارە بێجگە لە هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و سوودمەندانی دەرماڵەی زانکۆ و پەیمانگاکان، هەر بەپێی هەمان دەزگا ١٠٤ هەزار کەس لە کوردستان زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، تاوەکو ئێستا تواندراوە نزیکەی ٤٦ هەزار مووچەی دووبارە ببڕێت، بەپێی گوتەی لیژنەی بایۆمەتری ئەوانی دیکە بە یاسا رێکخراوە دوو مووچە و زیاتر وەربگرن، بۆنمونە کەسێک لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی لایەنێک بووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە خانەنشین کراوە بە پلەی لیوا یان پلەیەکی سەربازیی دیکە، مووچەی خانەنشینییەکەی لە نێوان ٥٠٠ هەزار بۆ ٣ ملیۆن دیناردایە، هەمان کەس لەسەر لیستی حزبەکەی کراوەتە وەزیر لە یەکێک لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا، دوای چوارساڵ بە مووچەی ٦ ملیۆن خانەنشین بووەتەوە، پاش ماوەیەک کاندید کراوە بۆ ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوای چوارساڵ بە ٦ ملیۆنی دیکە خانەنشین دەبێت، یاسا رێگای پێداوە هەموو مووچەکانی وەربگرێت.
واتا کێشەی یەکەم لە یاساکاندایە دواتر بوونی گەندەڵی، حکومەت و سیستمی بایۆ مەتری توانای نزیکەی ٤٠٪ی بڕینی دوو مووچەکانی هەبووە، ئەوانەی دیکە یاسا رێگەی پێداون و پێویستە یاساکانیان بۆ هەموار بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان هەموو دوو مووچەکان و بندیوارەکانیش ببڕێت هەر باری شانی سووک نابێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زۆر لە ئاستی ئاسایی خۆی زیاترە، وەزارەتی پیلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵاندووە، بەو پێیەش هەر پێنج کەسێک لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرێکی بۆ دامەزراوە، کەوایە کێشەی سەرەکی زۆری فەرمانبەرانە.

چارەسەری زۆری فەرمانبەران

حکومەت ناتوانێت فەرمانبەرانی دەربکات، لەلایەکی دیکەوە هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان هەیە چاوەڕوانی هەلی کار دەکەن لە حکومەت، کەوایە پێویستە رێگەچارەیەکی دیکە هەبێت، ئەوەی کە باشترین رێگە چارەیە دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی و جلوبەرگ و چەندەها جۆری کارگەی دیکەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و گواستنەوەی راژەی فەرمانبەرانی بێ کارە بۆ ئەو کارگانە، بەوەش فەرمانبەرێکی بێ بەرهەم دەگۆڕێت بە فەرمانبەرێکی بەرهەمدار، بۆنمونە لە هەرێمی کوردستان سەدان هەزار فەرمانبەر هەیە پێویستیان بە جلوبەرگی یەک پۆشییە، وەک کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و تەندروستی، هەموو جلوبەرگی ئەم فەرمانبەرانە حکومەت لە دەرەوە دەیکڕێت، تەنها بە دامەزراندنی چەند کارگەیەکی دروومانی سەدان فەرمانبەر دەخرێنە سەر کار و سەدان هەزار دۆلار خەرجی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئەمە نمونەیەکە و چەندین نموونەی دیکەش هەیە کە دەتوانیت فەرمانبەرانی حکومەتی پێ بکرێنە فەرمانبەری بەبەرهەم و خەرجی سەرشانی حکومەت کەمبکەنەوە.

نەگەڕانەوەی داهات و بوونی بازرگانی سیاسی

بەهۆی زۆری بازرگانی سیاسی و بازرگانی سێبەری سیاسییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت هەموو داهاتەکانی بگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکومەت و رێگری لە بەهەدەردانی داهات و قاچاخچیتی بکات، ئەوەش وایکردووە حکومەتێکی هەژار و حزب و سیاسی دەوڵەمەند دروستبێت، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پێویستی بە ئیرادەیەکی راستەقینەو دەستبردنە بۆ رەگی کێشەکان و لەبنەوە هەڵکەندنیەتی، کە رەنگە ئەم بابەتە ریشەی بگاتەوە سەر بەرپرسانی زۆر باڵای حیزبی و حکومی، ئەگەر حکومەت بوێری چارەسەرکردنی راستەقینەی ئەم کێشەیەی تێدا نەبێت ئەوا هەموو پارەی عێراقیش بێتە هەرێمی کوردستان دەڕواتە گیرفانی بازرگانە سیاسییەکان و دۆخی هاوڵاتی لە ئێستا باشتر نابێت.

ئەنجام

بە کورتی دەتوانین بڵێین، چارەسەریی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مەلەکردنە لە تەنکیدا و دەستی بۆ برینە راستەقینەکە نەبردووە، هەرچەند دەستبردن بۆ کێشە راستەقینەکان بە تەنها بە ئیرادەی حکومەت ناکرێت و یەکەم پێویستی بە رێککەوتن و هاورابوونی نێوان دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان هەیە کە یەکێتی و پارتین، دووەم پێویستی بە پشتیوانییەکی نێوخۆیی هەریەک لەو دوو حزبە هەیە بۆ نوێنەرەکانیان لەناو حکومەتدا کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی، هەرچەند هەنگاونان بۆ لەڕیشەوە چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بە هەنگاو دەبێت و پێویستە بۆ ئەوەی بگەیتە ریشەی کێشەکان سەرەتا پەلەکان ببڕیت، بەڵام رەشبینییەکە لەوەدایە چاکسازییەکانی حکومەت تاوەکو ئێستا بۆ بڕینی پەلەکانیش نییە، بۆیە پێوستی راستەقینە بینینی برینە سەرەکییەکە و گۆڕینی ئاڕاستەی چاکسازییەکانە.

Share this Post

شرۆڤە