شرۆڤە

حکومەتی سودانی لە دووڕێیانی حیزبەکان و ناڕازییەکاندا

02-11-2022


بە دەستبەکاربوونی حکومەتی محەمەد شیاع سودانی، بنەمای "پشک پشکێنە"ی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و جاران،  بەسەر بژاردەی "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی" سەرکەوت کە خاوەنەکەی موقتەدا سەدرە و پەیکەرێکی بچووککراوەتر بوو لە حکومەتی فرە لایەن و بنکە فراوان.

 هەڵبەت بەگوێرەی پێشهات و ئاماژەکان، ئەمە تەنیا وێستگەیەکە لە کاروانی حکومەتی خولی پێنجەم و، ئایندەی ئەم کابینەیە لە بەرداشی چەند کارتێکەرێکی جیاوازدایە.

محەمەد سودانی لە پاش جیابوونەوەی لە حیزبی دەعوە (2019) لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 بە لیستی "تیار الفراتین" وەک هێزێکی نوێی "تەکنۆکراتی شیعە" بەشداری کرد، بەڵام ئەنجامەکان تەنیا یەک کورسییان پێ بەخشی کە بۆ خۆی رۆیشت. لە ئێستاشدا رێککەوتنی لایەنە شیعەکان و بە پاڵپشتی کورسی و پێگە پەرلەمانییەکانیان گەیشتووتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش هەمیشە ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە بیکەن بەژێر دەست و پێی خۆیانەوە، چونکە بە دەنگی ئەوان هەڵکشاوە.

کارنامەکەی حکومەتەکەی سودانی کە 29 لاپەڕە پێکهاتووە و زۆر کورتترە لەئەوانەی پێش خۆی. پڕیەتی لە خاڵ و بەندی گرنگ و سەرنجڕاکێش، تەنانەت لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، لەسەر ئەوەش لە زۆر لایەنی عەرەبی و کوردییەوە ستایش دەکرێت، بەڵام لە عێراقێکدا کە زۆرجار ماددەکانی دەستوور و دەقی یاساکان پێشێل دەکرێن و فەرامۆش کراون، هیچ گەرەنتییەک نییە ئەو کارنامەیە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت کە تەمەنی حکومەتەکەیشی کورتە و خۆی پابەند کردووە بەوەی کە لە پاش ساڵێک بچێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەک ئەوەی حکومەتی مستەفا کازمی کردی.

لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی حکومەتی سودانیدا، جگە لە سەدرییەکان کە لە دۆخی بێدەنگی سیاسی و بایکۆت و خۆ خواردنەوەدان، جموجۆڵێکی هەست پێکراوی گرووپ و حیزبە نوێیەکان لە ئارادایە کە رێوشوێنەکانی هاتنە سەر کاری سودانی بەگوێرەی نەریتی پشک بپشکێنە رەت دەکەنەوە. لە نێوخۆی حکومەتیشدا لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرباری نزیکییان لە ئایدیۆلۆژیا و دروشم و ئامانج، لە بەرژەوەندی و دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا بەر یەککەوتن و ناجۆریی زۆریان هەیە. ئەگەر میراتی زۆر و مۆڵی سەدرییەکان و بۆشایی بەجێماوی ئەم رەوتە نەبوایە، ئەوە لایەنە شیعەکان زیاتر لەسەر دابەشکاری پۆستەکان بەر یەک دەکەوتن و چانسی رێکەوتنیان کەمتر دەبووەوە.

لەنێوخۆی حکومەتەکەی سودانیشدا هەندێک کێشە هەن؛ گومان لە توانای ژمارەیەک لە وەزیرەکان هەیە، هەندێکیشیان تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەیان لەسەرە (وەزیری خوێندنی باڵا بە نموونە)، ئاراستەی دابەشبوونیشیان زۆر و فرە چەشنە و جگە لە سێ پێکهاتەکە سەرەکییەکەی (شیعە_سوننە _کورد)، بەسەر دەوروبەری 10 لایەنی سیاسیدا دابەش بوون. شتێکی زانراویشە حکومەتە ئیئتیلافییەکان زۆر جار شڵۆق و لاوازن. هەڵبەت لە ئێستادا سودانی لە هەوڵی ئەوەدایە کاریگەریی حیزبەکان لەسەر کابینەکەی کەم بکاتەوە، بۆیە لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا وەزیرەکانی ئاراستە کرد بۆ ئەوەی لە بری حیزب و فراکسیۆنەکانیان کار بۆ عێراق بکەن، هەروەها پابەندی کردن بەوەی کە بەڕێوەبەری ئۆفیسەکانیان هەر لە ناو وەزارەتەکەیان دیاری بکەن و لە دەرەوە هاوردەی نەکەن، وەک ئەوەی لە کابینەکانی پێشووتردا باو بووە.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێ کراوەکانی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت، سیستەمی دەستوەردانی حیزبەکان لە کابینەی حکومەت لە سێگۆشەیەک پێک دێت کە ئەویش وەزیری ڕووکەش "بێ دەسەڵات" و بەڕێوەبەری نووسینگەی حیزبی و کەسایەتییەکی سیاسی دەرەوەی وەزارەتە کە زیاتر رۆڵی پارێزەر و پەرژینی پاراستنی وەزیر دەبینێت. ئەو کەسە سیاسییەش مافی دەستوەردان و دەستکەوت چنینەوەی وەزارەتی دەبێت، ئەم کارەکتەرە لە ئەدەبیاتی عەرەبی عێراقدا بە "الملاج" نا و دەبرێت و هێمایە بۆ ئەو ئاژەڵە باوکانە و دایکانە بەهێزەی کە بێچووەکانی لەناو دەمیدا دەپارێزێت. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ئەم نەرێتە سیاسییە بۆماوەییەشدا، رەنگە سودانی لە باشترین حاڵەتدا کۆپییەک بێت لە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی کە تەکنۆکرات بوون و ناوبانگە باشەکەی پێشووی وەک بیرمەندێکی ئابووری، بووە قوربانی دەستوەردانە حیزبی و میلیشیاییەکان لە کارەکانی.

لەسەر ئاستی دەرەوەش، ئەگەرچی پێشوازی جۆراوجۆر لە کابینەی سودانی کراوە، بەڵام پشتیوانییە دەرەکییەکان، وەک سەردەمی شەڕی داعشی حوکمڕانی عەبادی (2014_2018) و مستەفا کازمی بە تایبەتتر (2020_2022)، بێ سنوور و کراوە نییە، چونکە سوودانی خۆی هەرچییەک بێت، لە کۆتاییدا نوێنەرایەتی حکومەتی کۆمەڵێک هێزی ئایدیۆلۆژی شیعە دەکات کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت کەنداو گرژ و پڕ کێشەیە. ئەو هێزە کارتێکەرە دەرەکییانەش بە وریاییەوە لە کارنامەی حکومەتەکە دەڕوانن و چاوەڕێی پێشهاتەکانی دەکەن و ئەگەر بە تەواوی بە ئاراستەی ئێراندا بڕوات ئەوە لەژێر هەڕەشەی پەراوێزخستنی دەرەکیدا دەبێت.

حکومەتی سودانی کۆتاییهاتنی قەیرانی هێزە سیاسییەکانی شیعە بوو، ئەویش پاش ساڵێک لە چەقبەستی سیاسی کە گەیشتە لێواری شەڕی خوێناوی گەڕەک بە گەڕەک لە نێوخۆی پێکهاتەی شیعە، بەڵام قەیرانە کۆن و کەڵەکەبووەکانی عێراق هەر وەک خۆیانن و جگە لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا و قەیرانی چوونە دەرەوەی سەدرییەکان، ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانیش لە جاران زیاتر کەڵەکەبوون لەوانەش، کێشە ژینگەیی و سروشتییەکانی ئاو هەواو وشکە ساڵی، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، داتەپینی ژێرخانی ئابووری بەهۆی سەرقاڵی بە قەیران و جەنگەکان، مەترسییەکانی تیرۆر، چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی شەڕی داعش، تەشەنەکردنی مادەی هۆشبەر و لە هەموو ئەمانەش کاریگەرتر مەترسییەکانی گەندەڵییە کە کۆتا ئەڵقەیشی بردنی 3.7 ترلیۆن دینارە لە خەزێنەی باج.

حکومەتی پشک پشکێنە دەتوانێت لەڕێگەی رازیکردنی لایەنە بەشدارەکانییەوە، رێژەیەکی زۆری جەماوەری ئەو لایەنانە کە سوودمەندن لە حکومەت هێور بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناتوانێت و پێی ناکرێت هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا رازی بکات، لە پێش هەمووشیانەوە ئەو هەزارەها گەنجە بێکارەی ساڵانە لە زانکۆکانەوە دەڕژێنە بازاڕ، ئەوە لەبەردەم مەترسی گەورەی تەقینەوەی تووڕەیی و ڕقی جەماوەری بێبەشدایە. ئەمەش تاقیکردنەوە قورسەکەی محەمەد شیاع سودانییە بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان ئەو هێزانەی کردیان بە سەرۆکوەزیران و لە پەرلەمان دەیپارێزن لەگەڵ ئەو هێز و گرووپانەشی چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاریی لێ دەکەن. خۆ مەڵاس دانی سەدرییەکانیش لەو لاوە بوەستێت کە وا دیارە چاوەڕوانی کارنامەکەی سودانی و ئەگەری خزانی دەکەن!

Share this Post

شرۆڤە