شرۆڤە

هۆكارەكانی بە رۆژەڤبوونی پرسی زمانی دایك لە ئێران

14-12-2021


 

RRC|

کاردۆ بینەر|

لە ماوەی رابردوودا، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەكی لەبارەی زمانی دایک لە خوێندنگە و زانکۆکانی وڵاتەكەی داڕشت و بەشێوەی سەرەتایی پەسەندی كرد. بەپێی پڕۆژەکە پێویستە ئیدی حكومەت دەرفەتی راهێنان و فێربوونی زمانە خۆجێیی و نەتەوەییەكان لە قوتابخانە و زانکۆکاندا بڕەخسێنێت.

دەوڵەتی ئێران چۆن بەرامبەر بەم داواکارییە گرنگەی گرووپ و نەتەوە جیاوازەکان نەرمیی نواندووە؟ ئەمە مەبەستی ئەم وتارەیە.

پاڵنەری سەرەکیی ئەو پڕۆژە پەسندکراوەی کۆمیسیۆنی فێرکاری و توێژینەوەی پەرلەمانی ئیران، نوێنەرانی کورد و تورکی پەرلەمانی ئێران بوون. خاڵی جێگەی سەرنج لێرەدا رێككەوتن و كاری هاوبەشی هەندێك لە نوێنەرانی دوو گرووپی نەتەوەیی جیاوازی ئەم ناوچەیەیە سەبارەت بە پرسی زمانی دایك لە ئێران، ئەویش لەكاتێكدا كە لە هەندێك شوێنی دیكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکهاتە نەتەوەییەكانی هەردوولا بەریەك دەكەون.

بەپێی هەندێك لە زانیارییەكان (جەلال مەحموودزادە) نوێنەری مەهاباد رۆڵی سەرەكی لە گەڵاڵەكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا هەبووە و، بە یارمەتیی نوێنەرانی کوردی دیکە وەک (ئەنوەر حەبیب‌زادە) و نوێنەرانی تورک زمان لە کۆمیسیۆنی فێرکاری و توێژینەوەی پەرلەمان دا، بە واژۆی ٣٠ نوێنەری دیکە پێشكێشكراوە.

مەحموودزادە کە سێ خولی بەردەوامە وەک نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێراندایە، سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایە  دەڵێت:” جێبەجێکردنی ئەم سیستەمی خوێندنە و، شێوازی وانەگوتنەوەی كتێب بۆ قۆناخە جیاوازەکان، لە ماوەی ٦ مانگ لە راگەیاندنی یاساكە، بە پێشنیازی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت و، لەلایەن کابینەی حكومەتەوە پەسند دەکرێت.”

غوڵامڕەزا مونادی ‌سفیدان، نوێنەری تورکی (ئازەری) تەورێز، ئوسکو و ئازەرشار، کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی فێرکاری و توێژینەوەی پەرلەمانە و داکۆکیی لە پڕۆژەکەی مەحموودزادە كردووە و، رۆڵی بەرچاوی لە پەسندکردنی پڕۆژە یاساكە لە کۆمیسیۆندا هەبووە، گوتوویەتی:” نێوەڕۆکی ئەم پڕۆژە یاسایە، کە جێبەجێکردنی ماددەی پازدەی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە زۆربەی بەڵگە و پەیماننامە یاساییە مرۆییەکان و، هەروەها لە دەستووری بنەڕەتی ئێمەشدا جێگیر کراوە. زمانە ناوچەیی و نەتەوەییەکانی ناوچە جیاوازەکانی وڵات، خەزێنەیەکی پڕبەهان کە بەداخەوە وردە وردە لەنێودەچن. بۆیە پێویستە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بۆ پاراستنیان بدەین”.

ئێران وڵاتێکی فرە ناسنامەیە و پێکهاتوو لە نەتەوە، زمان، ئایین و ئایینزا فرە چەشنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام پاش دامەزراندنی دەوڵەتانی نوێ لە ناوچەکەدا، کە لە ئێراندا بۆ کۆتایی سەردەمی قاجەرەکان و بە واتایەکی روونتر بۆ دەستپێکی پاشایەتیی رەزا شای پەهلەوەی دەگەڕێتەوە، دیاردەی باو لەلایەن دەوڵەتەوە، پشتگیری و ئاراستەکردنی سیاسەتی یەک زمان و یەک ئایین بووە و زۆر جاریش، ئاخێوەرانی زمانەکانی دیكە لەگەڵ گوشار و پەراوێزخستن و جیاكاریدا رووبەڕوو بوونەتەوە. ئەم دۆخە لە وڵاتێکی وەک تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەتاتۆرک‌دا زۆر قورستر و دژوارتر بوو. بە واتایەکی دیكە لە سەت ساڵی رابردوودا، چ لە سەردەمی رژیمی پاشایەتیی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، دوو پێوەری زمانی فارسی و مەزهەبی شیعە، کۆڵەکەی سەرەکی ئەو ناسنامە فەرمییە بووە كە حكومەتی ئێران كاری بۆ كردووە.

بەدرێژایی دەیەکانی رابردوو، کۆمەڵێك گۆڕانکاری و وەرچەرخانی بنەڕەتی و شۆڕشی تەکنۆلۆژیا، پەیوەندی سنوورە کۆن و کلاسیکییەکانی تاڕادەیەک  ونکردووە و لە ئاکامدا، ناسنامە لە بیرکراو و پەراوێزخراوەكان دەرفەتێکی نوێ و بەهێزیان بۆ خۆدەرخستن و ژیانەوە دۆزیوەتەوە. ئەم دیاردە لە وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا و… زیاتر لە وڵاتانی دیکە خۆی دەرخستووە و، لە ساڵانی رابردوودا بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکی تێکۆشەران و نوێنەرانی لایەنە  نەتەوەیی و زمانی و ئایینییە جیاوازەکانی ئێران.

سەبارەت بە فێرکاریی زمانی دایک، گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی سنوورەکانیش پێوەرێکی کاریگەرە. تۆخبوونەوەی ئینتیمای پان ‌تورکی لە دوو وڵاتی کۆماری ئازەربایجان و تورکیا لەلایەک و، بەهێزبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی جیهانی، ناوچەیی و  ناوخۆیی، رۆڵیان لە ورووژاندنی ویستی ناسنامەخوازیی لە ئێراندا گێڕاوە. رەنگە لەبەر ئەم هۆکارانە بێت کە چالاکڤانانی کورد و تورک زیاتر لە چاڵاکڤانانی  گرووپە ناسنامەییەكانی دیکەی وەک؛ عەرەب، بەلووچ، گیلەک و هتد، هەوڵ و تەقەلایان داوە. ژمارە و رێژەی بەرچاوی ئەو گرووپە نەتەوەییانەی کە زمانی دایکیان فارسی نییە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی باسیان كرا، بوونەتە هۆکارێک تاوەکو لەم بوارەدا، لە حكومەتەكانی حەسەن رۆحانی و ئیبراهیم رەییسی لانیكەم ببنە مژاری گفتوگۆ و باسیان لێوەبكرێت.

پێدەچێت، کۆمەڵێك گۆڕانکاریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وەک تەشەنەکردنی قەیرانی قەرەباخ (2021)، گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان (2017)، دەسەڵات گرتنەدەستی تاڵیبان لە ئەفغانستان و …، کە دەبنە هۆی قووڵترکردنی کەلێنە نەتەوەیی و ناسنامەییەکان لە ناوچەکە و بە تایبەت ئێران،  لەگەڵ هەوڵ و تەقەلای چالاکڤانانی ناوخۆیی، هۆکاری نەرمی نواندنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن لە هەمبەر پرسی فێرکاری و خوێندنی زمانی دایک. هەڵبەت هێشتا ئەوەش روون نییە كە بە كردەوە چارەنووسی پڕۆژە یاساكە چی دەبێت و ئەگەر پەسند بكرێت لەكاتی جیبەجێكردندا چی لێدێت وەك چۆن سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیە لە پەسەندكردنی، تازە باس لەسەر ئەوە دەكرێت ئایا ماددەی 15ی دەستووری كۆماری ئیسلامی ئیران جێبەجێ بكرێت یان نا!

 

 

Share this Post

شرۆڤە