بەرایی
سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی بانکی ناوەندی و دارایی عێراق، تەنانەت سەرۆکوەزیران لەبارەی ئەگەری جێگیرکردنی بەهای دینار و گەڕانەوەی بۆ ئەو نرخەی کە بانکی ناوەندی دیاریکردووە، رۆژانە بەهای دینار عێراقی بەرامبەر دۆلار روو لە دابەزینە. ئێستاش (26-10-2022) بە 10 هەزار سەروو ئەو نرخە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەڕاستیدا، تەنیا بەهای دیناری عێراقی، تمەن و لیرەی تورکی و سووری نییە کە لە بەرامبەر دۆلار رۆژ بە رۆژ هاڕە دەکات، بەڵکو دراوی وڵاتانی زلهێز و رکابەری ئەمریکاش لە ئەمساڵدا رووی لە دابەزین بووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 زۆربەی دراوەکانی دیکەی جیهان وەک یەنی ژاپۆنی، یوانی چینی، پاوەندی بەریتانی و ئیرۆ بەرێژەی -14% بۆ -6% بەهاکەیان لە دەستداوە.
پەیوەست بە بەهای دیناری عێراقییەوە، لەمڕۆژانەدا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا چارەنووسی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بە دەردی تمەن و لیرەی تورکی و سووری دەچێت یاخود بانکی ناوەندی عێراق دەتوانێت هاوسەنگی بۆ نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار رابگرێت؟
بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ی ئەمریکی
دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی وایکرد بانکی ناوەندی عێراق لەراگەیاندراوێکدا سێ خاڵ بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار لە هەمبەر دۆلار بخاتەڕوو، کە سەرنجڕاکیشترینیان داواکردن بوو لە "بانکە تایبەتەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دراوی بیانی خۆیان بەتایبەتیش یوانی چینی، ئیرۆ، درهەمی ئیماراتی و دیناری ئوردنی "[1]ئەمەش وەک هەنگاوێک لە دژی رێکارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی دۆلار بە عێراق لێکدەدرێتەوە.
هەروەها، پلانەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ زیادکردنی بەهای دینار لە هەمبەر دۆلار، "کەمکردنەوەی ئاڵۆگوڕی دۆلاری ئەمریکی بۆ دینار بۆ گەشتوگوزار یاخود کڕینی ئینەرنێت لە 1470 دینار بۆ 1465 دینار، هەروەها دابینکردنی بژاردەی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکەکانی حکومەت لەلایەن عێراقییەکانەوە بەمەبەستی حەج، خوێندن و چارەسەری پزیشکی" لە خۆ دەگرێت.
دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکە تەنیا لەماوەی چەند کاژێرێکدا و لەرۆژی 25ی کانوونی یەکەمی 2022دا، بەڕێژەی 5.5% بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کە بانکی ناوەندی عێراق دەیخاتەڕوو کەمیکردووە.
لەماوەی رابردوودا، بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا چەند مەرجێک یاخود رێکاری تووندی بەرامبەر بە فرۆشتنی دۆلار بە عێراق گرتەبەر، کە ئەوانیش بریتین لە" پێشاندانی لیستی فرۆشراوی دۆلار بەناوی ئەو کەس و لایەنانەی لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پێیان فرۆشراوە"، ئاماژەش بەوە کراوە کەوا " پێیان فرۆشراوە" نەوەک ئەو پارانە بۆ تیرۆریستان و لایەنی قەدەخەکراو بڕوات"[2]. لێرەدا هۆکارەکانی پشت تووندکردنەوەی رێکارەکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا لەسەر عێراق دەردەکەوێت، چونکە لە مانگی حوزەیران 2022دا، عێراق 1.6 ملیار دۆلار قەرزی هاوردەکردنی گازی بە نەخت بە ئێران داوەتەوە[3].
لەڕاستیدا، ئێستا بەڕوونی دەرکەوت کەوا کەمکردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلاری ئەمریکی لەلایەن بانکی ناوەندی، پەیوەندی بە رێکارەکانی رێگریکردن لە پرۆسەی گەندەڵی لە خستنەڕوو، لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکانی سپیکردنەوەی پارەوە نییە، بەڵکو پرسەکە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا و فرۆشتنی دۆلارە بە عێراق.
هەروەها، لە خشتەی یەکەمدا، کە بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلار بەشێوەی مانگانە خراوەتەڕوو، بەڕوونی دەردەکەوێت کە لەماوەی کانوونی دووەمی 2021وە بۆ کانوونی یەکەمی 2022، بەهاکەی رۆژ بە رۆژ رووی لە دابەزین بووە.
خشتەی 1: بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە 2021 و 2022دا/ مانگانە
رێژەی گوڕان | نزمترین | بەرزترین | کاتی کردنەوە | نرخ | مانگ |
-0.07% | 1,459.25 | 1,461.00 | 1,459.50 | 1,459.50 | Dec-22 |
0.14% | 1,458.75 | 1,460.50 | 1,459.50 | 1,460.50 | Nov-22 |
0.00% | 1,458.75 | 1,461.00 | 1,459.53 | 1,458.50 | Oct-22 |
0.04% | 1,458.75 | 1,461.00 | 1,459.52 | 1,458.53 | Sep-22 |
-0.04% | 1,458.75 | 1,461.00 | 1,459.52 | 1,458.00 | Aug-22 |
0.00% | 1,459.25 | 1,461.00 | 1,459.50 | 1,458.52 | Jul-22 |
0.00% | 1,459.25 | 1,460.27 | 1,459.50 | 1,458.50 | Jun-22 |
0.00% | 1,459.25 | 1,460.27 | 1,459.52 | 1,458.50 | May-22 |
0.00% | 1,458.75 | 1,460.77 | 1,459.52 | 1,458.52 | Apr-22 |
0.00% | 1,459.25 | 1,461.00 | 1,459.50 | 1,458.52 | Mar-22 |
0.00% | 1,459.00 | 1,460.57 | 1,459.52 | 1,458.50 | Feb-22 |
0.00% | 1,459.20 | 1,461.07 | 1,459.52 | 1,458.52 | Jan-22 |
0.04% | 1,458.50 | 1,461.15 | 1,459.00 | 1,458.52 | Dec-21 |
0.00% | 1,458.00 | 1,461.57 | 1,459.00 | 1,458.00 | Nov-21 |
-0.07% | 1,458.00 | 1,461.50 | 1,460.00 | 1,458.00 | Oct-21 |
0.07% | 1,458.50 | 1,461.65 | 1,459.00 | 1,459.00 | Sep-21 |
0.00% | 1,458.00 | 1,461.15 | 1,459.00 | 1,458.00 | Aug-21 |
0.00% | 1,457.00 | 1,461.65 | 1,459.00 | 1,458.00 | Jul-21 |
0.00% | 1,458.54 | 1,462.00 | 1,459.00 | 1,458.00 | Jun-21 |
0.00% | 1,458.00 | 1,463.00 | 1,459.00 | 1,458.00 | May-21 |
0.00% | 1,458.00 | 1,462.50 | 1,459.00 | 1,458.00 | Apr-21 |
0.00% | 1,458.00 | 1,462.79 | 1,459.00 | 1,458.00 | Mar-21 |
-0.14% | 1,458.00 | 1,462.50 | 1,460.00 | 1,458.00 | Feb-21 |
0.07% | 1,458.54 | 1,462.79 | 1,460.00 | 1,460.00 | Jan-21 |
هۆکارەکانی بەهێزی دۆلاری ئەمریکی بە بەراورد بە دراوەکانی دیکەی جیهان
ساڵی 2022، بەهای دۆلار بەرزترین ئاستی خۆی بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی دیکەی وڵاتانی جیهان لەنێویانیشدا ئیرۆ، پاوەن و یەنی ژاپۆنی و یوانی چینی تۆمارکرد. بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی ترەیدینگ ڤیو "لەساڵێکی قورس و پڕ لە بەرزی و نزمی بەهای دراوەکاندا، دۆلاری ئەمریکی بەهایەکی نموونەیی تۆمارکرد، بەشێوەیەک لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی جیهان رووی لە بەرزبوونەوە بوو[5].
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەهای دۆلار بەوشێوەیەی ئەمساڵ بەرز نەبووەتەوە، ئەویش پەیوەندی بە باشی ئابووری ئەمریکاوە لەچاو وڵاتانی دیکەی جیهان، بەتایبەتیش چین و ئەورووپاوە هەیە[6]چین بەدەست بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 و ئەورووپا بەدەست گرانی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن. هەروەها، هۆکارێکی دیکەی بەرزی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەهۆی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوەیە.
لە ئەمساڵدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بەهای دراوەکانی دیکەی وەک یەنی ژاپۆنی، پاوەند، ئیرۆ و دۆلاری ئوسترالی روویان لە دابەزین کردووە. بۆ نموونە یەنی ژاپۆنی بەرێژەی -14.7%، رووپی هیندی بەرێژەی -9.6% و پاوەند بەرێژەی -8%، یون چینی بەرێژەی -8.6% و ئیرۆ بەرێژەی -6% لە بەرامبەر دۆلار دابەزیووە. لەکاتێکدا لە 2021دا رووپی هیندی بەڕێژەی 2% و یوانی چینی بەرێژەی 2.7% و دۆلاری کەنەدی بەرێژەی 0.7% لە بەرامبەر دۆلار روویان لەبەرزبوونەوە بووە وەکو لە خشتەی دووەمدا هاتووە.
چاوەڕواندەکرێت لە 2023دا بەهای دۆلار بەهۆی مەترسی قەیرانی دارایی جیهان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان، تاڕادەیەک بەسەقامگیری بمێنێتەوە، بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بە دابەزینی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە لە 2023دا دەکەن[7]
خشتەی 2: رێژەی دابەزینی دراوی وڵان لە بەرامبەر دۆلار لە 2021 و 2022دا
دراوی وڵاتان | رێژەی گوڕانکاری لە بەرامبەر دۆلار لە 2021دا | رێژەی گوڕانکاری لە بەرامبەر دۆلار لە 2022دا |
یەن ژاپۆنی | -10.4% | -14.7% |
رووپیەی هیندی | 2.0% | -9.6% |
پاوەندی بەریتانی | -.11% | -8.0% |
یوان چینی | 2.7% | -8.6% |
ئیرۆ (یەکێتی ئەورووپا) | -7.0% | -6.0% |
دۆلاری کەنەدی | 0.7% | -6.6% |
دۆلاری ئوسترالی | -5.7% | -5.2% |
خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە دۆلارەوە دابەزینی بەهای دراوی وڵاتانی دراوسی عێراق، واتا ئیران، تورکیا و سووریایە، بەشێوەیەک کەوا رۆژ بە رۆژ دراوەکەیان بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت. بۆ نموونە لیرەی تورکی بەتەنیا لە 2021دا بەڕێژەی -41% بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەستداوە، لەمانگی ئەیلوولی 2021دا 1 دۆلاری ئەمریکی 8 لیرە بووە، بەڵام ئێستا لە کانوونی یەکەمی 2022دا 18 لیرەیە، واتە دیسان نیوەی بەهاکەی بە بەراورد بەساڵی رابردوو لە دەستدا[9]
تمەنی ئێرانی بەهەمان شێوەی لیرەی تورکی رووی لە دابەزین بووە، بەشێوەیەک کەوا لەم مانگەدا نزمترین ئاستی مێژووی تۆمارکرد و لە 2021دا بەنزیکەی رێژەی 50% و لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانیشتەوە رێژەی 18% لە دەستداوە[10].
هەروەها، لیرەی سووری بەهەمان شێوە رۆژ بە رۆژ ریکۆردی نوێ لە بەرامبەر دۆلار تۆمار دەکات. لەکاتێکدا لە 2011دا 47 لیرە یەک دۆلار بووە، بەڵام لەماوەی رابردوودا بەرێژەی 99% بەهاکەی لەدەستداوە و ئێستا گەیشتووەتە 5 هەزار لێرەی سووری[11].
کۆتایی
دیناری عێراقی تاکە دراو نییە کە لەبەرامبەر دۆلار رووی لە دابەزین کردبێت، بەڵکو دراوەکانی دیکەی جیهان و بەتایبەتیش گەورە ئابوورییەکانی وەک چین، ژاپۆن و بەریتانیاش دراوەکانیان بەرامبەر دۆلار دابەزیووە.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ خاڵێکی سەرنجڕاکێشی پەیوەست بە بەهای دیناری عێراقی، تاڕادەیەک جێگیری یاخود کۆنترۆڵکردنی بوو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەڵام ئێستا خەریکە عێراق تووشی هەمان نەخۆشی دابەزینی رۆژ لەدوای رۆژی دراوی هاوسێکانی دەبێت
لەکۆتاییدا، ترسەکە لەدەستدانی بەهای رۆژانەی بە 1 هەزار تاوەکو 10 هەزار دینار نییە لە بەرامبەر دۆلار لە بازاڕدا، هەروەها پرسی چاکسازی و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و پرسی حەواڵەکردنی وەهمی یاخود هەر جۆرێکی دیکە نییە، بەڵکو پرسی راستەقینە داواکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە لە بانکی ناوەندی عێراق و، رێکارەکانی بانکی ناوەندییە. هەروەها، ترسی راستەقینە داڕمانی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلارە وەک لیرە و تمەن، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوە، چونکە عێراق یەدەگێکی سەروو 90 ملیار دۆلاریی کۆکردووتەوە و دەتوانێت خۆڕاگربێت، بەڵام دیار نییە تا چ کاتێک!
[1] https://cbi.iq/news/view/2177
[2] https://www.rudaw.net/sorani/business/151220224
[3] https://twitter.com/javad_owji/status/1537147458727321601?s=20&t=trThy4Fi3HBP3bQZkufT5g&fbclid=IwAR3nuSoLCr0e5Sm0aSCDIPq6CEYjoxeqHnNof9dXZu9NXDldQlvAT95-kms
[4] https://in.investing.com/currencies/usd-iqd-historical-data?interval_sec=monthly
[5] https://www.tradingview.com/
[6] https://elements.visualcapitalist.com/visualizing-currencies-decline-against-the-u-s-dollar/
[7] https://www.euronews.com/2022/11/09/everything-is-overheating-why-is-turkeys-economy-in-such-a-mess#:~:text=Starting%20in%202013%2C%20the%20currency,%2D%2D%20and%20lots%20of%20it.
[9] https://www.euronews.com/2022/11/09/everything-is-overheating-why-is-turkeys-economy-in-such-a-mess#:~:text=Starting%20in%202013%2C%20the%20currency,%2D%2D%20and%20lots%20of%20it.
[10] https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-12-13/iran-s-currency-weakens-to-record-low-amid-more-sanctions-and-protests?leadSource=uverify%20wall
[11] https://www.middleeastmonitor.com/20221011-syria-lira-records-unprecedented-losses-against-us-dollar/