شرۆڤە

كاردانەوەكانی "بەرگری لە قورئان" لە شەقامی شیعیدا

25-07-2023


سووتاندنی چاپێكی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقییەوە كاردانەوەی جۆراوجۆریشی لە پاكستانەوە تا رۆژئاوای عەرەبی و جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لە عێراق و لەسەر ئاستە شیعییەكەیشی بەتایبەتی، وەڵام و كاردانەوە تووندەكان خوێندنەوەی دیكە هەڵدەگرن. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و جۆرەكەیان كە هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانە و درووستكردنی كێشەی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتیی پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەكانە بەپێی رێككەوتنی ڤیەننا. هەروەها، تێكەڵبوونی ئەو كاردانەوانەیە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی هەندێ كێشەی پێشتری نێوخۆی ماڵی شیعە كە زەقترینیان هەرای ئەم دواییەی نێوان سەدرییەكان و حیزبی دەعوەی ئیسلامییە بە سەرۆكایەتی مالیكی لەبارەی بە ئامانجگرتنی ئایەتوڵڵا محەمەد سەدر كە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان و بزووتنەوەی عەسایب و باوكی رۆحیی زۆر بزاڤ و كەسایەتی شیعەی سیاسییە.

لە كاردانەوە شیعییەكاندا لەسەر رووداوەكەی سوید، موقتەدا سەدر لە هەمووی زیاتر پێداگر و تووند بوو كاتێك هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر حكومەت هەڵوێستی نەبێت، "ئەوا بەڕێگای تایبەتی خۆی كاردانەوەی دەبێت"، بەدوای ئەمەشدا هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوید (20ی تەمموزی 2023) لەلایەن سەدرییەكانەوە قەیرانێكی دیكەی بۆ دیبلۆماسیی عێراق دروستكرد. لە كاتێكدا لە ئێران و سعودیە كە دوو جەمسەری ئیسلامی گەورەی ناوچەكەن كاردانەوەكان زیاتر ناڕەزایی فەرمی بوون و بەڕێگای دیبلۆماسی كران؛ لە سعودیە بەیاننامەیەكی ئیدانەی وەزارەتی دەرەوە دەرچووە، لە ئێرانیش بەهەمانشێوە  كرا و هەردوو وڵاتیش، باڵیۆزی سویدیان بانگهێشت كردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایی. لە هیچ وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی و عەرەبیش لە چەشنی عێراق دۆخەكە بەرەو تێكدانی پەیوەندییەكان نەچووە. بەشێك لە هۆكاری ئەمەش جگە لە تەنگ پێهەڵچنینی سەدر و لایەنگرەكانی، رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە سوتێنەری چاپە قورئانەكە (سەلوان مۆمیكا) بە ڕەگەز عێراقییە و لەگەڵ ئەوەشدا سووكایەتی بە ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدریش كردووە.

پاش ئەوەی سوید باڵیۆزی خۆی لە بەغدا كشاندەوە و عێراقش بە هەمانشێوە باڵیۆزەكەی لە ستۆكهۆڵم كشاندەوە و قەیرانەكە لەخاڵێكدا وەستا، سەدر ركابەرەكانی تۆمەتباركرد كە بێدەنگ بوون و هەرچی ئەم بتوانێت بیكات لە "شۆڕشی قورئان" كردوویەتی. ئەمە لە كاتێكدایە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بۆ هەمان مەبەست هەبووە و پشتیوانی هەنگاوەكانی سوودانییان كردووە دژی سوید، بەڵام ئەوان لە دەسەڵاتدان و ئەرك و پابەندییان لەسەرە و، ناتوانن وەك سەدر هێندە تووند بڕۆن بەرامبەر سوید و وڵاتانی رۆژئاوا. ئەمەش یەكێكە لەوگۆشانەی كە سەدر قۆستییەوە بۆ شكاندنی بێدەنگی لەلایەك و تەنگەتاوكردنی ركابەرە شیعە حوكمڕانەكانی لەلایەکی دیکە.  بەوەش ناچاریكردن كە بەدوای كاردانەوەكانی ئەو بكەون.

ناكرێت گومان لە راستگۆیی سەدر بكرێت بۆ بەرگری لە قورئان یان ئاڵای عێراق، یەكەمیان چونكە پیرۆزییەكی گەورە و نەگۆڕی ئیسلامییە و ئەویش كەسایەتییەكی ئایینییە، دووەمیشیان سیمبولی نیشتمانپەروەری عێراقیانەیە كە دروشمێكی سەدرە، بەڵام بەراورد بە هەڵوێستەكانی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە و رێبەری شۆڕشی ئێرانی، كاردانەوەكانی سەدر زۆر تووندترن؛ سیستانی لە نامەیەكدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وێڕای ئیدانەی رووداوەكەی سوید داوا دەكات كە لەڕێگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رێگا لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت و ئەو یاسایانە بگۆڕدرێن كە رێگە بە سووتاندنی قورئان و تێكدانی پێكەوەژیان دەدات، ئایەتوڵڵا خامنەییش وێڕای ئیدانەكردن، داوای رادەستكردنی ئەنجامدەرانی سووتاندنی قورئانی بە وڵاتانی ئیسلامی كردووە.

لە سەر ئاستی شیعی تەنیا سەدر و حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان رووداوەكەی سویدیان قۆستەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی رۆژئاوا و هێرشكردنە سەر بەها نوێكانی ئەوان و داوایان كرد باڵیۆزی سوید لە وڵاتانی ئیسلامی دەربكرێت، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی سوننی هەڵوێستەی تووند سەر رووداوەكە نەبوو. بەتایبەت ساڵانێكە بۆچوونێك لەناو رەوەندی موسڵمان لە ئەورووپا خەریكە دەردەكەوێت كە داوا دەكات بەڕێی پشتگوێخستن و فەرامۆشكردن، سیحری ئەو كەسانە بەتاڵ بكەنەوە كە لەڕێی هێرشكردنە سەر پیرۆزییە ئاینییەكان بەدوای خۆدەرخستن و  ناوبانگەوەن.

بەگەڕانەوە بۆ عێراقیش، باوەڕێك دروستبووە كە سەدر مەسەلەی قورئان بكاتە دەستپێكی گەڕانەوەی بۆ ناو ژیانی سیاسی پاش ئەوەی لە نێوەڕاستی حوزەیرانی 2022دا لە رۆژگارێكی توڕەییدا بڕیاری كشاندنەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی دا و چەند مانگێكی زۆر لە نەجەف رۆژووی بێدەنگی هەڵبژارد. ئەگەر ئەم خوێندنەوە و ئاماژانەش وەها دەربچن، ئەوا هەڵبژاردنێكی گەرم و پڕ لە ركابەریی پارێزگاكان لە كۆتایی ئەمساڵدا چاوەڕێی عێراق دەكات و هەندێ ئاماژە و لێكدانەوەش پێیانوایە دەبێتەهۆی دواخستنی پرۆسەكە چونكە سەدرییەكان و سەرۆكوەزیرانیش، بۆ بەشداریكردن كات و ئامادەكارییان پێویستە.

ئێستا كە سەدر گۆشەگیرە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی سەرقاڵی چەسپاندنی پایەكانی دەسەڵاتی خۆیانن، سەدرییەكانیش لەسەر ئاستی جەماوەر و كادر لە دۆخی خۆ خواردنەوە و چاوەڕوانیدان. هەروەها جارێكی دیكە ئەوەیان بۆدەركەوت كە دەشێ دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی ببێتە هۆیەك بۆ لاوازكردنیان. بۆ كۆتایی هێنان بەمەش تەنیا و تەنیا رێبەری رەوتەكە كە موقتەدا سەدرە، دەتوانێت وەها بڕیارێك بدات و دەركەوتنەوەی بەهێزیشی لە پەرچەكردارەكانی قورئان و لە بەرگریكردنی لە میراتی باوكی و پێگە ئاینییەكەی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە. لەلایەك ئەمە سەرەتا و دەستپێكی گەڕانەوەیە بۆ چالاكی و جمووجوڵ و، لەلاکەی دیکەشەوە، بەشێكە لە پلانی ماندووكردن و تەنگەتاوكردنی بەرامبەرە ركابەرەكانی كە پابەندی دەسەڵاتن كە ناتوانن وەك سەدر بەرامبەر سوید و دانیمارك و بەیاننامەكانی ئەمەریكا گوتاری ئاگرین و "شۆرشگێڕانەیان" هەبێت، لەكاتێكدا هەردوولا لە ركابەرییەكەی توونددان لەسەر ئەوەی كە كامیان "موقاوەمە" ی راستەقینەی شیعەن.

Share this Post

شرۆڤە