شرۆڤە

کاریگەری شەڕەکەی حەماس- ئیسرائیل لەسەر کوردستان

13-10-2023


بە ئەگەری زۆر شەڕی ئەمجارەی ئیسرائیل - حەماس وەرچەرخانێکی دیکە لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست ئەکات، ئەویش دوای ئەوەی کە لە قۆناخی دوای داعش پەراوێزخرابوو.
بەرلە هەموو شتێک، هێرشە خافڵگیرکەرانەکەی حەماس، واتایێکی زیاتر دەدات بەو گوشارە زۆرەی کە ئێران لەماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا خستییە سەر هەرێمی کوردستان سەبارەت بەحیزبەکانی رۆژهەڵات. هەروا دەشێ گوشارە پەیتاپەیتاکانی بەغداش لەسەر هەولێر واتادارتر بکات، ئەویش لەکاتێکدا کە بەرپرسانی کورد زیاتر لە هەر قۆناخێکی دیکە ئامادەی سازش بوون. لەوانەیە ئەوانە بەشێک بووبن لەو پلانە فراوانەی شەڕ کە ماتەوزەی کاریگەری دانانی لەسەر جوگرافیایەکی فراوان لە غەزە و ئیسرائیلەوە بگرە هەتا کوردستان و ئێران تێدایە.


لە ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ و تەشەنەکردنیدا، هەم ئێران هەم گرووپە شیعییەکانی عێراقە نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەڕادەیەک بەهێزبێت کە لە قسەیان دەرچێت، یان لانیکەم دژیان بێت و حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش نزیکی سنوور بن.


هەروەها بایەخی جوگرافیای کوردستانیش بۆ لایەنە دژبەرەکان شتێکی حاشاهەڵنەگرە. کوردستان بەلای کێدا بیشکێنێتەوە کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر دۆخەکە دادەنێت، ئەمەش تەنیا لەبەر هێزە سیاسی و سەربازییەکەی خۆی نییە، بەڵکوو بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەتی. بۆ ئێران کوردستان رێگایەکی وشکانیی گرنگە بۆ گەیشتن بە سووریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان و دەریای سپی و گەیشتن بە بەرە گریمانەییەکانی شەڕ. بۆ رۆژئاواش بەتایبەتی ئەمریکا کە پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات، کوردستان خاڵێکی گرنگی رێگرتنە لە فراوانبوونی هێزی ئێران یان تەنانەت بۆ لاوازکردنی. لە دۆخێکی شەڕدا ئەگەر کورد لایەنێک بێت، بۆ نموونە لەوانەیە باڵادەستی موشەک و درۆن گرفتی بۆ دروستبکات بەڵام شاخی سەرکێش و ناوچەی سەختی سنووری، پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی پێ دەبەخشێت. بۆیە بە ئەگەری زۆر لە حاڵەتی زیادبوونی شەڕدا، تاران زیاتر هەوڵی راگرتنی دڵی هەولێر دەدات. سەرنجڕاکێشە کە هەر دوای شەڕەکەش بوو کە دادگای فیدراڵی بڕیارێکی خۆی بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاکانی لە کەرکووک هەڵوەشاندەوە و مافی گەڕانەوەی پێدا.


بێگومان شەڕ شتێکی باش نییە بەڵام حاشا لەوەش ناکرێت کە هێشتا کاریگەرترین رێگەی وەرچەرخانە لە سیاسەتی دنیا، وەک ئەوەی کە رۆبەرت گیلپین باسی لێکردبوو. شەڕی ئەمجارە هەرچۆنێک کۆتایی پێ بێت، سەرنج بۆ سەر دۆسیەی فەلەستین و کوردیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رادەکێشێت.


هەڵبەت دواجار ئەوەی گرنگە تەنیا رەخسانی هەل و دەرفەتەکان نییە، بەڵکوو چۆنییەتی کەڵک وەرگرتنە لێیان. دەبێ چاوەڕێ بین بزانین دەرفەتی ئەمجارە چۆن دەبێ و عاقیبەتی چی دەبێت!

Share this Post

شرۆڤە