شرۆڤە

کاریگەرییەكانی ئاشتەوایی ئێران و سعودیە لەسەر عێراق

22-03-2023


پاش حەوت ساڵ لە دابڕان و گرژی بەهۆی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سعودیەوە لە تاران بەرامبەر لەسێدارەدانی پیاوێکی ئایینی شیعە "نمر النمر" (2016)، ئێران و سعودیە بە شێوەیەکی کتوپڕ بە نێوانگیری چین لە پەکینەوە پرۆژەیەکیان بۆ ئاشتەوایی واژۆ کرد. هەر سێ لایەنەکەی ئەم پێشهاتە دیپلۆماسی و سیاسییە گرنگە، پەیوەندییان بە عێراق و بە کایەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە بەتایبەت ئێران و سعودیە کە دوو جەمسەری هەرێمی و مەزهەبی گرنگی ناوچەکەن و هەر یەکەیان بەگوێرەی قەبارە و پێگەی خۆیان، درێژکراوەیان لە دەرەوەی خۆیان هەیە.

عێراق شانازی زۆر دەکات بەوەی لە ئامادەکارییەکانی ئەم پێشهاتەدا رۆڵی هەبووە، بەو پێیەی میوانداری چەند گەڕێکی دانوستانی نهێنی هەر دوو لای کردووە، بەڵام لەبارەی ئەوەی ئایا دەستکەوتەکە هی سەردەمی کابینەی مستەفا کازمییە یان محەمەد شیاع سوودانی، مشتومڕ و هەرا لە ناو لایەنگرانی هەردوولادا گەرمە. ئێرانییەکان بەفەرمی سوپاسنامەیان بە حکومەتی ئێستای عێراق راگەیاند کە کابینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعییە، بەڵام میدیا نێودەوڵەتییەکانی سعودیە لەڕێگای دیمانەیەکی درێژەوە کە یەکەم جارە لە پاش کۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی بیكات، مستەفا کازمیان کردە ئەستێرە و چیرۆکی دانوستانە نهێنییەکانی هەر دوولایان لە بەغدا پێ گێڕایەوە کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی خۆی بووە و "جاری وا هەبووە 5_6 كاتژێری خایاندووە".

بۆچوونی زۆربەی ناوەندە سعودییەکان لەبارەی کرانەوە بەڕووی تاران ئەوەیە لە کاتێکدا شازادەی نوێ سەرقاڵی جێبەجێکردنی "دیدگای 2030"یە کە گۆڕینی ئابووری نەوت و دۆزینەوەی جێگرەوەیە، گرنگە دامەزراوە نەوتییەکان سەلامەت بن و ئاسایشی راڕەوە ئاوییەکانی کەنداوی عەرەب و دەریای سووریش مسۆگەر بن. جگە لەوەش ریاز هیلاک و بێ تاقەتە بەدەست شەڕی 9 ساڵە و بێ کۆتایی حووسییەکانی یەمەن، هەروەها بەدەست ئەو گرژییانەی چواردەوریشی کە ساڵانێکی زۆر خەزێنەی وڵاتەکە بەتاڵ دەکەنەوە، بەم هۆیەشەوە بەدوای وچان و پشوودا دەگەڕێت پاش ئەوەی دڵنیا بووە ئەمەریکا لەوە زیاتر ناکات و زیاتر سەرنجی لەسەر رووسیا و چین و شەڕی ئۆکراینایە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەشدا لە تاران زەمینە و بارودۆخەكە هاوشێوەیە، بەتایبەت پاش ئەوەی بەهۆی لێکەوتەکانی گۆشەگیر بوونی ئێران و خۆپیشاندانەکانی ناوخۆوە بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەروو شەش ملیۆن تمەن، ئەمەش مەترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی وڵات و داڕمانی تەواوەتی دراوی نیشتمانی ئێرانی کردە تارمایییەکی گەورە، هەر لەو لای ئێرانیشەوە لوبنان لە داڕماندا دەژی پاش ئەوەی بەهای 100 دۆلار گەیشتە 100 هەزار لیرە لە کاتێکدا نرخە فەرمییەکەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا 15 هەزار بوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، رێکەوتنەکە زیاتر گۆڕینی رێساکانی ململانێیە، لەگەڵ ئەوەشدا کردنەوەی دەرفەتە بۆ دیپلۆماسیی زیاتر لەوەی کە ئاشتەواییەکی یەکجاری و گشتگیر بێت، بەڵام بەو پێیەی شەڕی یەمەن و لوبنان و گرژییە ناوچەی و هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە تەوەرەکانی دانوستاندن و رێکەوتنەکەن. بە ئەگەری زۆر عێراق و لوبنان و سووریاش دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانییەوە و لانیکەم چاوەڕێی دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێ دەکرێت.

بەغدا لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادییەوە (2104_2018) بەڕووی ریازدا کراوەتەوە و لە سەردەمی کازمیدا (2020_2022) پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریاز گەیاندە ئاستێکی بەرز لەوانەش هێڵی کارەبای هاوبەش، بەڵام هەمیشە چوونە پێشەوەی عێراق لە سعودیە لەژێر هەڕەشە و تانەی توندی باڵە ئێرانییەکانی ناوخۆدا بووە. هەر بەم هۆیەشەوە عەرەبستانی سعودی ناچار بوو لە پرۆژەی وەبەرهێنان کردن لە 3_4 ملیۆن دۆنم زەوی رۆژئاوای عێراق بکشێتەوە کە حکومەتی مستەفا کازمی دەیویست بیداتە وەبەرهێنەری بیانی. ئێستا لە پاش ئەم ئەم رێکكەوتنەی ریاز و تاران رەنگە دەرفەت هەبێت کە حکومەتی عێراق کەڵک لە سەرمایەی سعودی وەربگرێت بۆ پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕی ئابووری، بەتایبەت کە دراوسێکەی پێویستی زۆری بە کشتوکاڵ و لەوەڕگا هەیە، ئەمەش کەوتووەتە سەر ئەوەی حکومەتی عێراق چەند پلان و ئیرادەی هەیە و پێکهێنەرە شیعەکانی چەند رێگەوە بەوە دەدەن، چونكە ئێران هەمیشە عێراق بە پاوانی ئابووری خۆی دەزانێت.

ئەگەرچی هاریکاری عێراقی سعودی لەمپەری زۆری لەپێشە، بەڵام پاش ئەوەی تاران و ریاز دەچنە قۆناخی ئاڵوگۆڕی باڵیۆزخانە، چیتر حکومەتی عێراق ئیحراج نابێت ئەگەر لەگەڵ سعودیەدا پەیوەندییەکانی زیاتر قووڵ بکاتەوە، لە مەولاش دەرفەت بۆ باڵە ئێرانییەکان نامێنێتەوە کرانەوە بەڕووی سعودیە بە خیانەت و هەنگاونان بەرەو بەرەی ئیسرائیل لێک بدەنەوە، چونکە ئەگەر وایە بۆچی تاران کردوویەتی. لەڕووی ئەمنیشەوە وەستانی هێرشە موشەکی و درۆنییەکان عێراق دوور دەخاتەوە لە سەرئێشە و پاكانە كردن، ئەزموونی بەرچاوی ئەمەش هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ بوو لە رۆژهەڵاتی سعودیە (ئەیلولی 2019) کە زۆر راپۆرت و لێکدانەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتی باسیان لەوە دەکرد سەرچاوەکەی خاکی عێراق بووە نەک یەمەن، لە کاتێکدا حووسییەکان بەفەرمی بەرپرسیارێتییان گرتبووە ئەستۆ. لەسەر ئەمەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران هاتە سەرخەت و دەنگۆ و لێکدانەوەکانی رەتکردەوە.

لێکەوتەکانی رێکكەوتنەکە لەسەر دەوروبەری هەردوو وڵاتە هەرێمییەکە لەسەر رادەی پابەندیی هەر دوو لایەن کەوتووە، ناوەندە ئەمەریکییەکان بە گومانن ئێران بچێتە ژێر باری ناوەڕۆکەکەی، هەندێک ناوەندی دیكەی ئەورووپی چاوەڕێی هەڵوێستی سوپای پاسدارانن و ئەوە بەگرنگتر دەزانن تا فۆرمە دەوڵەتییەکەی ئێران. سعودییەکانیش هیوایان بە کاریگەرییەکانی چین هەیە کە بەرژەوەندی ئابووری زۆری لەگەڵ تاران و ریازیش لە یەک کاتدا هەیە و یەکەمجارە لەم ناوچە جێگە نفوزەی ئەمەریکادا ناوبانگی خۆی بخاتە ریسکەوە. بەگوێرەی ئەو ئاماژانەشی لە ئێرانەوە دەردەچن خۆشحاڵی و گەشبینی بە رێکكەوتنەکە زۆرە بەتایبەت کە دەست و دەم بەڕێژەی 10% بەهای تمەنی بەرز کردەوە، جگە لەوەش ئێرانییەکان پێیانوایە گۆڵیان لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە و چینیان هێناوەتەوە کەنداوەوە. لەوەش گرنگتر لە کاتێکی هەستیاردا تەوقێکی گەمارۆی سەر تارانیان شکاندووە، لەبەر ئەمانەش تکاو داواکاری پابەندبوون زۆرن و هەندێک لە وانەش لە ناوەندە راستڕەوەکانەوەیە.

هەندێک لە باڵە ئێرانییەکانی ناو عێراق لەوانەش "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" پێداگرن لەسەر ئەوەی خۆیان پابەند نەکەن بەنێوەڕۆکی ئاشتەوایی سعودیە و ئێران، بەوپێیەی ئەوەی تاران کردوویەتی "سیاسەت و دیپلۆماسییەتی دەوڵەتییە" بەڵام ئەمان بەرەی "بەرگری و مقاوەمەن"، ئەمەش لانیکەم بە واتای هێشتنەوەی گوتاری دژە سعودی دێت لە ئاستە تیۆرییەکەیدا لە ناو شیعەی راستڕەوی عێراق. لەبەرامبەریشدا هێشتا هەندێک لەو مینبەرە دژە ئێرانییانەی کە سعودیە کۆمەکیان دەکات و تارانیان بێزار کردووە هەر بەردەوامن لە چالاکی و رووماڵی خۆیان. ئەمانەش هەموو تاقیکردنەوە و ئاڵنگاریین لەبەردەم رێکكەوتنەکە کە زیاتر چوارچێوەیەکی گشتییە و پێویستی بە ئیش و وردەکاریی زۆر هەیە بۆ شۆڕکردنەوەی بۆ جومگەکانی خوارەوە.

Share this Post

شرۆڤە