شرۆڤە

كێبڕكێ نێوخۆییەكانی هێزە شیعەکان لەسەر پۆستە ئەمنییە هەستیارەكان

13-11-2022


هەڵمەتی بە شەیتان کردنی حکومەتی پێشووی عێراق و مژدەی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، خەریکە بەر دیواری سەرهەڵدانی ناکۆکی گرووپە شیعەکان لەسەر ئاراستەکردنی قۆناخی نوێ بکەوێت. لە چەند مانگی رابردوودا، بەرەنگاربوونەوەی سەدر و هەوڵی رێگرتن لە مانەوەی مستەفا کازمی لە پۆستەکەی، موگناتیسی کۆکردنەوەی سەرجەم گرووپە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو، بەڵام ئێستا کە یەکەمیان بەشێوەیەكی کاتی رەویوەتەوە و دووەمیش کۆتایی هاتووە، چیتر نۆرەی بەشکردنی میرات و بەرکەوتەکان هاتووە و، لەمەشدا زۆرترین چاو لەسەر پۆستە ئەمنییە هەستیارەکانی وەک دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکایەتی حەشدی شەعبییە و بەدوای ئەوانیشدا، دەستە سەربەخۆکانی لە چەشنی وەبەرهێنان دێن.

بەگوێرەی ئاماژە بەردەستەکان، لە سەردەمی حوکمڕانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، ئەوەی زیاتر زەق بووەتەوە، کۆمەڵێک بەریەککەوتن و ناکۆکی بەرژەوەندییە، لە چەشنی ناکۆکی مالیکی و خەزعەلی لەگەڵ فالح فەیاز، مالیکی لەگەڵ عامری، مالیکی و عامری بە جیا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، لە هەموو ئەمانەش ئاڵۆزتر، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سودانییە لەلایەن مالیکییەوە. ئەمەش بەڕوونی لە پێشنیازی دیاریکردنی نرخی دۆلاردا دەرکەوت لەلایەن مالیکییەوە كە گوتی با 137.500 دینار بەرامبەر هەر دۆلارێک بێت لە بری 145000، ئەمەش بۆ تەنگەتاوکردن و دانانی سوودانی لە بەرداشی کارتێکەرە ئابوورییەکان و گوشارە پۆپۆلیستییەکان بۆ داشکاندنی نرخ بوو.

لە پەنا ئەم وردە ناکۆکییانەشدا، زۆرێك لە سەرکردەکانی شیعە لە فالح فەیاز تووڕەن كە لەلایەک دەستی بە سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی گرتووە و رازی نابێت بە پێشنیارەکانی دەستبەرداربوونی، لە لاکەیتر، بە پاساوی ئەوەی رۆڵی هەبووە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی خەمیس خەنجەر لە عێراق و پەلکێشکردنی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ شیعە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە ئەوەی درکاند کە لەگەڵ سەرانی شیعەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتوون لەسەر چۆڵکردنی شارە سوننەکان لە چەکدارەکانی حەشد، هەرایەکی گەورە لە شەقامی شیعیدا لە دژی فەییاز ورووژاوە. لەناو نەیارانی فەیازیشدا ناوی قەیس خەزعەلی زۆر دێت، هەر گرووپەکەی ئەمیش (بزووتنەوەی عەسایب) بە ئاشکرا دژی درکاندن و نێوەڕۆکی لێدوانەکەی خەمیس خەنجەر هاتنە دەنگ، ئەویش سەرۆکایەتی خۆی لە حیزبە سیاسییەکەی (حرکة عطاء)، راگەیاند.

لە دەرەوەی حەشد، ناکۆکی گەورە لەبارەی دەزگای هەواڵگری عێراقەوەیە. ئەم دەزگایە دواین جار لەلایەن دادوەر رائید جوحی بەڕێوەبەری نووسینگەی کازمییەوە بەڕێوە دەبرا، بەڵام لە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکانی حکومەتی کار بەڕێکەردا بێ سەرۆک ماوەتەوە، ئەمەش وایكردووە هەریەك لە بزووتنەوەی عەسایب و بزووتنەوەی نوجەبا چاوی تێ ببڕن لەکاتێکدا ئەم دەزگایە بۆ ئەمریکییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش گرنگە. مستەفا کازمی- ش لەڕێگەی وەرگرتنی سەرۆکایەتی ئەم دەزگایەوە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی ئاوەڵزاوای سەباحی برایدا (2016)، بۆ سەرۆکایەتی حکومەت سەركەوت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی كە بەردەستن، بۆ رێگرتن لە ئەگەری تووڕەکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، محەمەد شیاع سوودانی خۆی سەرپەرشتیکردنی دەزگای هەواڵگری گرتووەتە ئەستۆ. هەرچەندیشە ئۆفیسی سوودانی وایان بڵاوکردووەتەوە کە مانەوەی دەزگاکە لای سوودانی کاتی دەبێت و، تاوەکو دیاریکردنی سەرۆکێکی جێگیر بۆ دەزگاكە بەردەوام دەبێت، بەڵام پێدراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن سوودانی بەم هەنگاوە هەم رێگری لە ناکۆکی گرووپەکانی شیعە کردووە، هەم خۆشی لە بەرکەوتن لەگەڵ ئەمریکییەکان و وڵاتانی هاوپەیمان لاداوە، چونکە ئەو دەزگایە لە پاش 2003وە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە سەرلەنوێ بنیات نراوەتەوە، هەروەها لینکی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی زۆر لە وڵاتانی پەیوەندیدار بە عێراق و ناوچەکەوە هەیە.

لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوورکەوتنەوەی سەدر بە دەرفەت دەبینن بۆ پەلهاوێشتن و رۆچوون لە جومگە گرنگەکانی دەوڵەت، لەو نێوانەشدا، گەڕان بەدوای گەرەنتی و دڵنیایی بەسەر هەوڵەکانیاندا زاڵە. لە سەردەمی کازمیییشدا زۆرترین لێدوان و تۆمەتیان ئەوەبووە کە لەڕێگەی ئەم پۆستە ئەمنییانەوە پلانگێڕییان لە دژ دەکرێت و لە بەرچاوی دەرەوە ناشیرین دەکرێن. سەردەمێکیش بە چڕی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەزگای هەواڵگری لە پلانی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی سوپاسالاری حەشددا بەشدار بووە (2020)، بەڵام ئەم خواستەی گرووپە شیعەکان و ئەم هەوڵەیان بۆ گرتنە دەستی دەزگا هەستیارەکان بۆ محەمەد شیاع سوودانی کێشەیە، چونکە لۆژیکەکانی دەوڵەتداری و پابەندییەکانی بەرامبەر وڵاتانی رۆژئاوا رێگرە لەوەی بەگوێرەی حیساباتی پشک پشکێنە مامەڵە لەگەڵ پۆستە ئەمنییە هەستیارەکان بکات و لەم نێوانەشدا تائێستا زیاتر کار لەسەر هێورکردنەوە دەکات.

هێشتا لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر لە مانگی هەنگوینی پێکهێنانی حکومەتدان، بەشی ئەوەش بانگەشەیان بەردەستە کە سەرنجەکان بۆ کەموکوڕییەکانی حکومەتی پێشوو ئاراستە بکەن، بەتایبەت کە لە ساڵی کۆتاییدا لە بێسەروبەریدا بەڕێوەچووە. لەم هەڵمەتەشدا ماشێنێکی میدیایی گەورە یاریدەدەریانە کە کەناڵە ئیسلامییەکانی نزیک لە ئێرانە، بەڵام بە تێپەڕبوونی زیاتری کات، هەم خەڵک چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی و جیاواز لە حکومەت دەکەن و هەم بەرژەوەندییەکانی گرووپەکان زیاتر بەر یەک دەکەون. بەتایبەت کە هەر لایەک خۆی بە خاوەن چاکەی سەرخستنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانێت و خۆ مەڵاس دانی سەدر و یەکلابوونەوەی گۆڕەپانەکەش بۆ مانۆڕکردن دەرفەتی زیاتری هەوڵی چوونە پێشەوەی رەخساندووە، بەڵام هەرکات، کار هاتەسەر ئەوەی سوودانی بە دەردی عادل عەبدولمەهدی بچێت و بکرێت بە ژێرەوە، ئەوە دەرچەیەکی گرنگی بۆ خۆی کردووەتەوە کاتێک لە کارنامەکەیدا ئەوەی چەسپاندووە کە تەمەنی ئەم حکومەتە تەنیا یەک ساڵە و لەوە بەدوای کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەمەش لەکاتێکدا كە ئەگەر بیەوێت جیاواز بێت و نەبێتە بەشێک لەو یارییە.

Share this Post

شرۆڤە