جگە لە كەركوك و دیالە، ئەنجومەنی 13 پارێزگای دیكەی عێراق، پارێزگاری خۆیان هەڵبژارد، پاش چەند رۆژێك لە چاوەڕوانی و لەنێو مشتومڕێكی گەرمی سیاسی و یاساییشدا، سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی دامەزراندنی بۆ هەڵبژێردراوەكان دەركرد جگە لە پارێزگاری سەلاحەدین، بەڵام بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن دەستبەكاربوونی پارێزگارەكان شەڕو كێشمەكێشە نێوخۆییەكان لەسەر حكومەتە خۆجێیەكان ڕاناگرێت، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و شێوازی دابەشكردنی پۆست و پشكەكان درز و كەلێنی گەورەی لەنێو ركابەرەكان دروستكردووە.
پارێزگارە كێشە لەسەرەکان
مەرسومە فەرمییەكەی سەرۆكایەتی كۆمار لە 13ى شوباتى 2024، لەسەر ئاستی فەرمی كۆتایی بە مشتومڕێكی گەرمی پاش هەڵبژاردن هێنا كە پەیوەست بوو بە شەرعییەتی یاسایی دانیشتنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگارەكان، بەڵام هێشتا دۆخی پارێزگاری هەڵبژێردراوی سەلاحەدین (ئەبو مازن)، بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چونكە جگە لەوەی 220 دۆسیەی یاسایی پەیوەست بە كاری پێشووی لە پارێزگاكە لەسەرە ، مشعان جبوریش كە سیاسیەكی ركابەریەتی هەموو هەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە جێگیركردنی بكات. لە كەركوك و دیالەش كە دوو پارێزگای فرەپێکهاتەن، هێشتا لەبارەی دانانی پارێزگار رێککەوتن نەکراوەوە و بەهۆی ئاڵۆزی دانوستاندنەكانی ئەم دوو پارێزگایەش ئەگەری دواكەوتنیان بۆ كاتێكی نادیار كراوەیە.
پارێزگارە یاخییەكان لە چوارچێوەی شیعی
هەرچەندە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی كە بە چەند لیستێكی جیا بەشداریان كرد، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی كۆتایی 2023 بوون، بەڵام لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەر دیواری سێ پارێزگاری یەكەم و براوە كەوتن ( ئەسعەد عیدانی لە بەسرە، نسەیف خەتابی لە كەربەلا، محەمەد مەیاحی لە واست)، ئەمەش بوو بە رێگر لەبەردەم گۆڕینی كەسی یەكەمی حكومەتە خۆجێیەكانی پارێزگا شیعە نشینەكان بە كەسایەتییەكانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی كە لە غیابی سەدردا براوەی یەكەم بوون. لەنێو ئەم پارێزگایانە؛ بەسرە پایتەختی ئابووری عێراقە، كەربەلا شاری پیرۆز و رووگەی زیارەتكارانە و رەمزیەتێكی واتاییشی لە شەقامی شیعی هەیە، واستیش پارێزگایەكی كشتوكاڵی سنورییە لەسەر رۆخی رووباری دیجلە.
یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەم پارێزگارانەش لە یارییەكانی هەڵبژاردنی ناو ئەنجومەنەكان، ناكۆكی نێوخۆیی هێزەكانی چوارچێوەی شیعە بوو لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پۆستی پارێزگار و سەرۆك ئەنجومەنەكان و بە دیاریكراویش ئەو سێ پارێزگایەی ئاماژەیان پێ كرا. ناكۆكییەكانی چوارچێوە هێندە قووڵ و سەخت بوون کە تا ئاستی تەخوینكردن و تۆمەتباركردنی توندی یەكتر رۆیشت. لە هەندێك پارێزگاشدا (واست) ئینشیقاقی لێ كەوتەوە (فراكسیۆنی عەسایب). لە هەڵوێستێكی بێ پێشینەشدا یەكێك لە سەركردەی گرووپە چەكدارەكان (شبل الزیدي) لەبارەی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی خوازەیەكی بەكارهێناوە كە باس لەوە دەكات هەندێك لایەن ئەگەر خزمەتی "كچانی شانۆخانەكانیان بكرایە بەرهەمدارتر دەبوو"، ئەمەش زەقترین ئاماژەی درزی گەورەی چوارچێوە سیاسییەكەی شیعەیە. هەموو ئەمەش لە كاتێكدا روویدا کە ئەم چوارچێوەیە لە بنەڕەتەوە گیرۆدەی دابەشبوونەكانی جەنگی غەززە و چۆنیەتی مامەڵەكردنن لەگەڵ هێرشە درۆنییەكانی ئەمەریكا. هەر بەهۆی ئەو ناكۆكییانەشەوە نەیانتوانی لە پاكێجی یەكەمدا پارێزگاری دیالە یەكلایی بكەنەوە و دابەشبوون گەیشتوەتە ئاستێك کە دەگوترێت فراكسیۆنی عەسایبی ئەهلی هەق لە دژی فراكسیۆنی بەدری هاوپەیمانیان، پشتیوانی لە فراكسیۆنە سوننەكان دەكەن.
ناكۆكی نێوخۆیی شیعە لەسەر پارێزگارەكان
لە نەخشەی دابەشكردنی پارێزگارەكاندا، بەغدا و موسەننا بەر لیستەكەی مالیكی كەوت. لە نەجەف مەكی كەناوی سەربە رەوتی حیكمە جێگەی ماجید وائیلی پارێزگارە سەدرییەكەی گرتەوە. لە زیقاریش هەر رەوتی حیكمە پارێزگاریان بردەوە و مورتەزا ئیبراهیمی پۆستەکەی وەرگرت. لەو پارێزگایانەی تریش كە بەر هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی كەوتن، لە دیوانیە عەباس زاملی و لە میسان حەبیب فەرتوسی لە رێکخراوی بەدر بوونە پارێزگار. عەلی دوای پارێزگاری پێشووی میسان کە ناوباگێکی زۆری هەبوو سەر بە سەدرییەكان بوو. لە بابلیش سەركردەیەكی عەسایب بە ناوی عەدنان فەیحان پۆستی پارێزگاری وەرگرت كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە و تۆمەتبارە بە كوشتنی پێنج سەربازی ئەو وڵاتە. سەرباری رێككەوتن لەسەر ئەم دابەشكارییەش هێشتا هەر گلەیی و گازندەی نێوخۆیی لە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستی پارێزگارەكان بەسەر هێزە شیعەكان هەر دۆسیەیەكی كراوەیە. شبل ئالزەیدی كە یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانی "نەبنی" لە تۆڕی ئێكس شێوازی دابەشكردنی پشكی نێوخۆیی پارێزگاكانی بە "پشكی شێر و رێوی" چوواندووە، وەك ئاماژەیەکیش بۆ هەژموونی بەدر، كە جگە لە دوو پارێزگا (دیوانیە و میسان) هێشتا چاوی لەسەر پارێزگاری دیالەشە، جگە لە بەدر و عەسایبیش هێزەكانی تری هاوپەیمانییەكە كە شەش لایەنن، هیچ پارێزگارێكیان بەر نەكەوتووە.
چارەنووسی پارێزگارە یاخییەكان
ئەو هێزانەی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە لە دابەشكردنی پۆستی پارێزگارەكان بەخواستی خۆیان نەگەیشتوون، ئێستا لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دانانی پارێزگارەكان دەدەن بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەوترێت "یاخی بووەكان". رێگاكانیش زیاتر بریتین لە: پەنابردن بۆ كۆكردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران و هێنانە سەر خەتی دەسەڵاتی یاسادانان، تۆماركردنی سكاڵا لە دەزگا دادوەرییەكان لەگەڵ گوشاری سیاسی.
ئەم شەڕە یاسایی و سیاسییەش، لە پارێزگای واست لە نێوان پەرلەمانتار "یوسف كیلابی" و پارێزگاری هەڵبژێردراو "محەمەد مەیاحی" كە لە حیكمە جیا بووەتەوە، زەقە. لە دەرەوەی ئەوانیش لە ژێر پەردەوە لە كەربەلا و بەسرە هەر گەرمە چونكە ئەوانیش لە دەرەوەی خواستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە هەڵبژێردراون و پشتیان بە لیستە یەكەم و براوەكانی خۆیان بەستووە.
زۆر لە بۆچوون و ئاماژەكان لەسەر ئەوەن کە لە قۆناخی داهاتوودا چوارچێوەی حوكمڕان لێ نەگەڕێت پارێزگارە یاخییەكانی بەسرە، واست، كەربەلا بەبێ كێشە و سەربەخۆیانە كاربكەن، بەتایبەت كە لەم قۆناخەدا هیچ پاڵپشتییەكی سەدریان نییە كە هۆكاری درووستكردنی باڵانس بوو لە نێو شیعەكان. ئەوەشی سەرچاوەی هێزی چوارچێوەی شیعەیە لەم پارێزگایانە، باڵادەستی هاوپەیمانییە شیعەکەیە بەسەر حكومەت و پەرلەمان، هەر بەهۆی ئەمەشەوە دەتوانن لەمپەری جۆراوجۆر بۆ پارێزگارە ركابەرەكانیان دروست بكەن. جگە لە گوشارە داوەری و سیاسییەکان، دەشێ هەوڵی پەشیمانكردنەوەی ئەندامانی ناو لیستە یەكەمەكان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان بدەن لە پشتیوانی پارێزگارە یاخییەكان، ئیتر چ بەرامبەر دەستكەوت بێت یان لەژێر گوشار. هۆكاری ئەم شەڕ و پێداگرییەش لەسەر گێڕانەوەی هەژموونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر سێ پارێزگا یاخییەكە (بەسرە، كەربەلا، واست) جگە لە تۆڵەكردنەوە لە پارێزگارە جیابووەوەكان، بۆ لایەنی دارایی دەگەڕێتەوە. چونكە پارێزگاكان و پرۆژە و بودجەكانیان سەرچاوەیەكی گرنگی پارەداركردنی هێزە سیاسییەكانن و پرسێك نییە فەرامۆش بكرێت یان بە ئاسانی بازی بەسەردا بدرێت. بەتایبەت كە هەموولایەك هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی 2025 ئامادە دەكەن و لە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردندان.