RRC |
یاسین تەها
لەوەتەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە 11 تشرینی یەكەم راگەیەنراوە، هاوپەیمانی فەتحی گروپەكانی حەشدی شەعبی، وەك دۆڕاو رەفتار دەكات، چونكە لە نێوان چوار ساڵدا پێگەی لەناو پەرلەمانی عێراق لە 48 كورسییەوە كە بەرەنجامی ملیۆنێك و 347 هەزار دەنگ بوو، بۆ دەورەبەری 17 كورسی دابەزی، ئەویش بە كەمتر لە نیوەی دەنگەكانی خولی پێشوویان. هەرچەندە لە كۆی 21 هاوپەیمانی بەشدار لە هەڵبژاردن دۆخی فەتح لەو حەوت هاوپەیمانییەی دیكە باشترە كە ئەنجامەكەیان سفر كورسییە و لەگەڵ حیزبە دۆڕاوەكانی دیكەدا دەگەنە 99 لایەن كە بەبێ هیچ كورسییەك هاتنە لە پرۆسەكە دەرەوە. هەڵبەت فەتح كە بە نزیكەیی نوێنەرایەتی دەوروبەری 160 هەزار چەكداری حەشد دەكات، هیوای وابوو دووەم هێزی هەڵبژاردن بێت بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەكی گەورەی هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت و پێكهێنەرێكی سەرەكیی دەسەڵاتی یاسادانان بن.
لە هەردوو هەڵبژاردنەكە (2018 و 2021) هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر، سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی فەتحی كردووە كە لە 2018 بۆ یەكەمجار لەپاش شەڕی داعش بەو پێكهاتەیەوە چووە پەرلەمان، بەڵام لەپاش ئەو پاشەكشە گەورەیە و كەمبوونەوەی كورسییەكانی بەدر لە 22 كورسییەوە لە هەردوو هەڵبژاردنی 2014 و 2018 بۆ تەنها شەش كورسی لە 2021، تەمومژی زۆر لەسەر پێگەی هادی عامری دروست بووە، لەبری ئەویش لە هەندێك بۆنەی گرنگدا زیاتر قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسایب دەردەكەوێت. وەك پێشوازیكردنی لە جنین بلاسخارتی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەویش لە كاتێكدا خەزعەلی لەگەڵ “لیث” ی برایدا لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان.
پاش دەركەوتنی ئەنجامەكان و پەنابردنی چەكدار و هەوادارەكانی فەتح بۆ مانگرتن لەبەردەم ناوچەی سەوز، دەنگۆیەكی وەها بە نافەرمی بڵاوكرایەوە كە هادی عامری لە سەرۆكایەتی فەتح دووربخرێتەوە، بەڵام هەندێك لە پێكهێنەرەكانی فەتح ئەوەیان رەتكردەوە بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەسەر دەركەوتن و جموجوڵە نمایشییەكانی خەزعەلی بدەن كە بەناوبانگترینیان هەڕەشەكانی بوو بۆ تۆڵەكردنەوە و دادگاییكردنی مستەفا كازمی لەپای كوژرانی دوو لە خۆپیشاندەرە ناڕازییەكان لە هەڵبژاردن لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز (5ی تشرینی دووەم).
ناوەندە پەڕگیرەكانی حەشد پێیانوایە پاشەكشەی گەورەی حەشد لە هەڵبژاردن بەشی گەورەی لە ئەستۆی هادی عامرییە، هۆكاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ پەیوەندی باشی عامری لەگەڵ سەدر لەلایەك كە نەیهێشتوە لە هەڵبژاردن وەك مالیكی بەرەنگاری ركابەرەكەیان ببنەوەو، لەلاكەیتر ئەوە عامری بوو كە رازی بووە بە دانانی مستەفا كازمی بەسەرۆكوەزیران، كە لەماوەی 15 مانگی بەر لەهەڵبژاردندا چەند جارێك گروپەكانی حەشدی بێزاركردووە. بەرامبەر بەم تۆمەتانەش عامری خۆی و میدیای رێكخراوەكەی، تەزویر و هاك و ئەجێندای كازمی بۆ بچوككردنەوەی حەشد بە هۆكاری ئەو پاشەكشەیە دەزانن. هەر لەم سۆنگەیەشەوە چەند سەرچاوەی جیا ئەوەیان لە عامرییەوە گواستووەتەوە كە ئەمجارە پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەگەر بەسەرۆكوەزیرانێكی سەدرییش ڕازی بووە، ئەوا بۆ دانانەوەی كازمی بۆ خولێكیتری حكومەت مل نەدات.
راگر و قووڵایی ستراتیژی فەتح سوپای پاسدارانی ئێرانە، پێكهێنەرەكانیشی لەپاش باڵە چەكدارە راستەوخۆكانی ئێران، بڕواپێكراوترین عێراقییەكانە لای تاران، بەڵام لە نێوان كەسایەتی عامری و خەزعەلیدا هەندێك جیاوازی هەیە. عامری هەڵگری نازناوی “شێخی موجاهیدین” ـە و لە سەرەتای هەشتاكانەوە لەڕیزی فەیلەقی بەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیدا لە ئێران كاری كردووە، بەڵام خەزعەلی گەنجێكە كە لەقۆزاخەی سوپای مەهدی هاتووەتە دەرەوە و پێشتر عێراقی بەجێنەهێشتووە. جگە لەوەش هێشتا خۆی بە خوێندكاری سەدری دووەم دەزانێت و بزوتنەوەكەشی “عەسایب”، لەسەر سكی رێكخستنەكانی موقتەدا سەدر گەشەی كردووە. لەڕووی تەمەن و پێگەشەوە نەوەی دووەمی هێزە شیعەكانی پاش بەدر و دەعوە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە.
هادی عامری ـ 67 ساڵ ـ كە دەرچووی بەشی ئاماری زانكۆی بەغدایە، بەپیاوی كۆمەڵایەتی و رێككەوتن ناسراوە، تانەی ئەوەی لێدەدرێت لە جەماعەتی “ماچ ماچێنی سەرو ریشە”، بەڵام خەزعەلی ـ 47 ساڵ ـ كە ئەویش بەشی جیۆلۆجیای تەواوكردووە لە بەغدا، نایشارێتەوە كە “شروگییەكی رەسەنە”، لە كاتێكیشدا عامری ئەركی بووە بە پاراستنی دەستكەوتەكانی بەدر لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی دیكەی عێراق، خەزعەلی خەونی پەلكێشان و كۆپیكردنی نمونەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق هەیە. بەتایبەت پاش ئەوەی لە نێوان 2014 _ 2018 پێگەی عەسایبی لە تاقە كورسییەكی پەرلەمانەوە بۆ 15 كورسی بەرزكردەوە كە دەیكردە 30% دەنگەكانی فەتح، بەر لەوەی لە 2021 پاشەكشە بكات بۆ شەش كورسی و دووچاری كاردانەوە و بێهواییان بكات.
هادی عامری سەربازی مەیدانەو سەروەرییەكانی زیاتر خەباتی چەكداری و دەركەوتنەكانییەتی لەبەرەكانی شەڕی دژی داعش، بەڵام خەزعەلی خۆی بە بانگخوازی بیری “موقاوەمە” دەزانێت، هەروەها مێزەری پیاوی شیعەی ئاینی لەسەرە و نازناوی “الشیخ” ی لەخۆی ناوە، زیاتر لە عامر خواستی پەڕگیری هەیە و لە كێشەی قووڵیشدایە لەگەڵ موقتەدا سەدر، بەوپێیەی لە ئەو جیابووەتەوە، هەر لەسەر حسابی ئەویش پرۆژە سیاسییەكەی خۆی پەرەپێداوە.
لەدەرەوەی دوالیزمی بەدر و عەسایب كە ئێستا لە پێكەوەهەڵكردنێكی ناچاریدان، دوو پێكهاتەیتر لە فەتحدان كە “السند” و “نصحح” ن، پێگەی ئەم دوو گروپەش ئەوە نییە كە ڕكابەری سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكە بكەن، بەڵام بەگوێرەی لێدوانەكانیان لەگەڵ مانەوەی سەرۆكایەتی هادی عامرییدان كە پێشینەی تەمەن و خەباتی هەیە.
بۆچوونێكی باو هەیە كە جموجوڵی ئەمدواییەی قەیس خەزعەلی، ئەگەر هادی عامریش لە سەرۆكایەتی فەتح دوورنەخاتەوە، ئەوا لە بەدیهێنانی هەندێك دەسكەوت شكستخواردووش نابێت. رەنگە ئامانجیش لێی بازاڕكردن بێت بۆ قەیس خەزعەلی وەك دەمڕاست و نوێنەری ئیسلامی رادیكاڵی شیعە لە عێراق، پاش ئەوەی كە نوێنەرێكی نێونەتەوەیی سەردانی كرد. لە دیمانەیەكی ئەلجەزیرەشدا كۆمەڵێك پەیامی لەبارەی ناوچەكە ئاراستەی رای گشتی عەرەبی كرد و چوار ساڵ بەر لە ئێستاش لەسەر سنوری ئیسرائیل و لەباشوری لوبنان دەركەوت. سەبارەت بە عامرییش جگە لەسەرۆكایەتی فەتح، ئەگەرێك لەبەردەمیدا هەیە كە ناوی بخرێتەڕوو بۆ سەرۆكایەتیكردنی دەستەی حەشد بەتایبەت كە لەگەڵ سەدر نزیكایەتی هەیە، چونكە مانەوەی فالح فەیازیش لەو پێگە فەرمییە لە پاش ئەوەی خرایە لیستی پشتیوانانی تیرۆری ئەمەریكاوە، زیاتر وەك كێشە تەماشا دەكرێت.