شرۆڤە

کرۆکی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە و قازانجی کۆمپانیاکان لە بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان

30-09-2025


بڕیارە کۆمپانیای وودماکینزی پێداچوونەوە بەتێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی بەرمیلێک نەوتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بکات ولەسەر بنەمای ئەو پێداچوونەوەیە بەغدا شایستە داراییەکانیان بۆ قۆناخی ئێستا و داهاتوو بدات.

ئێستا کە رێککەوتنێکی 20 خاڵی کراوە و نەوت هەناردە دەکرێت، بەغدا بڕی 16 دۆلاری بۆ تێچووی نەوتی بەرهەمهێنراو و گواستنەوەکەی داناوە، کە بەپێی راگەیاندراوی کۆمپانیای دی ئین ئۆ بێت بڕی 14 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانە و 2 دۆلاریش بۆ گواستنەوەیە. ئەم شێوازە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کاری پێدەکرێت و کۆمپانیای وودماکینزی راپۆرتی خۆی لەسەر تێچووی بەرمیلیک نەوت ئامادە دەکات.

لەراستیدا، کرۆکی رێککەتنەکە 20 خاڵیەکە دڵنیاکردنەوەی لایەنەکانە لە ماف و شایستەکانیان، ئەو 30 مانگەشی کە نەتوانرا رێککەوتن بکرێت و نەوت هەناردە بکرێتەوە  هەر لەبەر ئەوە بووە و ئەوش بەڕوونی لە خاڵەکانەوە دیارە، چونکە ئەوەی لەخاڵەکان دەبینرێت زیادکردنی داواکاری و جێکردنەوەی مەرجی لایەنەکان و پابەندییەکان بووە تاوەکوهەمووان رازی بن، ئەگینا هێشتاش رێککەوتنەکە پرسیاری جیاواز دەهینێتە ئاراوە. بەڵام لەهەمووی گرنگتر تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و زیادکردن یان کەمکردنی ئەو 16 دۆلارەیە کەوەک شایستەی دارایی بە کۆمپانیاکان دەدرێت بۆ ئێستا و داهاتوو. 

تێجووی بەرمیلێک نەوت و قازانجی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلیک نەوت لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و بەپێی گرێبەستەکانیان، ئاستی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکان دەگۆڕێت. ئەمەش هاوشێوەی  ئەو کۆمپانیایانە نییە کەوا لە عێراق کاردەکەن، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان تێچووی وەبەرهێنانیش دەخەنەسەر تێچووی بەرهەمهێنان، لەکاتێکدا لە عێراق پارەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکریت و لەماوەی یەک دەیەدا کۆی خەرجییەکەی 110 تریلیۆن دینار بووە کە بەگشتی 100 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە لەساڵێکدا. لە 2024یشدا خەرجی وەبەرهێنانی وەزارەتی نەوت لە 12.3  تریلیۆن دینار زیاتر بووە.

بەپێی راپۆرتی دارایی گەڵف کیستۆن لە 28ی ئاب 2025دا،  لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانە 44 هەزار و 100 بەرمیل بووە کە بە 27.8 دۆلار بەنیوخۆ فرۆشراوە، واتە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو 221.9 ملیۆن دۆلار بووە و، داهاتی کۆمپانیاکەش 83.1 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها، بەپێی راپۆرتەکە کۆی خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا 66.4 ملیۆن دۆلار بووە و قازانجی کۆمپانیاکەش 16.7 ملیۆن دۆلار بووە، واتە پشکی کۆمپانیاکە بەتێچوو و قازانجەوە رێژەی 37.44٪  بۆبەرمیلێک نەوت بووە. لەم بڕەش ئەگەر بەپێی راپۆرتەکە جیای بکەینەوە، ئەوا خەرجی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا رێژەی 29.9٪ و قازانجی کۆمپانیاکەش 7.53٪ بووە. وەکو لەخشتەی خوارەوەدا هاتووە. 

خاڵێکی دیکەی گرنگ لەراپۆرتەکەی گەڵف کیستۆن لەبارەی تێچووە، بۆ قۆناخی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ جیاوازی خەرجی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت، کە رێژەی 72.7٪ تێچووی ئۆپەرەیشن و خەرجییەکانی دیکەیە و رێژەی خەرجی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا 27.2٪ بووە. ئەگەر خەرجی کۆمپانیاکان بگۆرێت، ئەمە دەگۆڕێت نەوەکو تێچوو و قازانجەکانیان.

ئەم رێژانەش بەهەمان شێوە بۆ قۆناخی پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهان راستە، بۆ نموونە بەپێی راپۆرتەکان گەڵف کیستۆن لەماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022دا رۆژانە 44 هەزار و 202 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، کە بە 74.1 دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی 301.3 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها، لەماوەی سێ مانگی سەرەتای 2023دا کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە 46 هەزار و 228 بەرمیل بووە، کە بە 51.3 دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتی نەوت لەو سێ مانگەدا 213.4 ملیۆن دۆلار بووە، بەمشێوەیەش کۆی داهاتی نەوت لەو شەش مانگەدا 514.76 ملیۆن دۆلار بووە، کە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی بە کۆمپانیاکە نەداوە و کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەوماوەیەدا 150.5 ملیۆن دۆلار و قازنجی کۆمپانیاکەش 42.3 ملیۆن دۆلار بووە، بەمشێوەیەش دەردەکەوێت کە رێژەی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ کۆی داهات 29.2٪ و قازانجی کۆمپانیاکەش بۆ کۆی داهاتەکە 8.2٪ بووە وەکو لەخشتەی خوارەوەدا هاتووە.

خشتەی 1: جیاوازی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەنرخی برێنت, بەنرخی بەندەری جەیهان و بەنرخی نێوخۆ لەسێ مانگی کۆتایی 2022 و سێ مانگی سەرەتای 2023 و شەش مانگی یەکەمی 2025 بۆ بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لەلایەن گەڵف کیستۆنەوە

سەرچاوە، راپۆرتی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، 28ی ئاب 2025. رۆژی 29ی ئەیلوول 2025 وەرگیراوە.

پێش رۆژانی 27ی ئەیلوولی 2025 هەرێمی کوردستان دوو قۆناخی فرۆشتنی نەوتی هەبووە: یەکەمیان فرۆشتنی لە بەندەری جەیهان کە نرخەکەی نەوەکو نزیک نەبووە لە نرخی برینت بگرە 20 بۆ 25 دۆلار جیاوازی هەبووە. دووەمیان لەماوەی 30 مانگی رابردووش بەکەمتر لە 44 دۆلار لە نرخی برێنت بەنێوخۆ فرۆشراوە، کە ئەگەر بەشێکی ئەم بەکەمتر فرۆشتنە بەهۆی کوالیتییەکەیەوە بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەشی زۆری بەهۆی داوا یاساییەکانی بەغدا، ترسی کڕیاران لەسزادان و بلۆککردنیان بووە بۆ کڕێنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.

ئێستا کە رۆژانی دوای رێککەوتنی سێقوڵییە 20 خاڵییەکەیە، قۆناخێکی نوێیە بۆ فرۆشتنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نەوەکو لەبەرئەوەی هەناردەکراوەتەوە و  لە بەندەری جەیهان دەفرۆشرێت، بەڵکوو بۆ ئەوەی ئەم رۆژانە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەفرۆشێت و چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکانی کۆمپانیاکە بۆ نەوتی فرۆشراو بەگوێرەی کوالیتییەکەی بێت و نزیک لە نرخی برێنت بفرۆشرێت، کە ئەمەش تەواو جیاوازە لەدوو قۆناخەکەی رابردوو بەهۆی داهاتەکەیەوە. 

بۆ نموونە بەپێی راپۆرتی گەڵف کیستۆن تێکڕای نرخی برێنت لەماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022دا 101.4 دۆلار و لەماوەی سێ مانگی یەکەمی 2023دا 81.2  دۆلار بووە، واتە بەتێکڕا لەوماوەی ئەو شەش مانگەدا نرخی نەوتی برێنت 91.3 دۆلار بووە، بەڵام تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەی شێخان  62.7 دۆلار بووە. هەروەها، لەرووی نرخی فرۆشتنەوە لەکاتی فرۆشتنی بەنێوخۆدا و لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نرخی نەوتی فرۆشراوی ئەم کێڵگەیە بەتێکڕا 27.8 دۆلار بووە، لەکاتێکدا نرخی نەوتی برێنت بەتێکڕا لەوماوەیەدا 71.9 دۆلار بووە.

هەروەها، لەماوەی ئەو دوو شەش مانگەی لەسەرەوە شیکردنەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی کۆمپانیاکان و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە دەردەکەوێت ئەگەر بەنرخی برێنت بفرۆشرایە داهاتی هەرێمی کوردستان دوو هێندە دەبوو، هەروەها کاری کۆمپانیاکان و بگرە رێژەی تێچووی بەرهەمهێنان و قازانجی کۆمپانیاکانیش تاڕادەیەک جێگیر دەبوو.

ئەگەر لەماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022 و سەرەتای 2023دا بەنرخی برێنت بفرۆشرایە ئەوا کۆی داهات دەیکردە 750 ملیۆن دۆلار و قازانجی کۆمپانیاکەش لە 42.3 ملیۆن دۆلارەوە بەرزدەبووە بۆ 61.6 ملیۆن دۆلار و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 321 ملیۆن دۆلارەوە دەبووە 538 ملیۆن دۆلار.

لەم شەش مانگەی سەرەتای ئەمساڵیشدا بڕی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی شێخان بەرهەمهاتووە، کە کۆی گشتی 7.98 ملیۆن بەرمیل نەوتە و بەتێکڕای نرخی برێنت بفرۆشرایە ئەوا 574 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبوو، بەهەمان شێوەش دوای لێدەرکردنی 66.4 ملیۆن دۆلار تێجوو و 148 ملیۆن دۆلار قازانجی کۆمپانیاکە ئەوا 359 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دەمایەوە، بەڵام لەوماوەیەدا هەرێمی کوردستان 138.8 دۆلار بۆ ماوەەتەوە.

بڕیارە کۆمپانیای وودماکینزی پێداچوونەوە بۆ تێچووەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بکات و، لایەنەکان لە دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، چ دانوستاندنی کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرزەکانیان بۆ ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022 و سێ مانگی سەرەتای 2023، هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە و بودجە، ژمارەکان دەری دەخەن کەوا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت رێژەی 18.5٪ ، رێژەی 8.1٪ بۆ وەبەرهێنان و رێژەی 7.5٪ بۆ قازانجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان کۆی داهاتی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.

خاڵێکی دیکەش کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەین تێچووی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کە پشکدارە و لەناوچەکانی دیکەی جیهانیش کاری بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکەن لەسەربنەمای قازانج نەوەکو خەرجکردن، تا گۆڕانکاری لە خەرجییەکانیان بکرێت.

لەڕاستیدا، ئەوەی لە ژمارەکانەوە دەردەکەوێت و لە راپۆرتی کۆمپانیا پشکدارەکەدا هاتووە بەڕوونی دەریدەخات کە تاوەکو چەند و کۆی داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو بەرزبێتەوە ئەوا قازانجی کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی کەم زیاد دەکات و داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبێت.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە بەغدا ئامادەیە رێژەی 6٪ تا 9٪ قازانجی کۆمپانیاکان بدات لەکاتی فرۆشتنتی نەوتی بەرهەمهاتوو بەنرخی برینت یان نا؟ چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت درووستە و گۆڕانکاری لەژمارەکان یان رێژەکەیدا بۆ خەرجی بە هەرشێوەیەک بێت پەیوەستە بەسیاسەتی دارایی و سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکە تاوەکو ئەوەی لەبەر هەرێمی کوردستان یان بەغدا ژمارەکان زیاد و کەمبکرێت.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە دانانی 16 دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراق و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی لەلایەن پەرلەمان لەماوەکانی رابردوودا و جێگیرکردنی لەرێککەوتنی سێقۆڵییەکەدا بۆ کۆی تێجووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان لەخۆییەوە نەهاتووە،  بەڵکوو لەسەربنەمای فرۆشتنی بەنیوخۆ بووە، چونکە لەو 30 مانگەدا هەناردە راگیرابوو بەتێکڕا نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بە 30 دۆلار فرۆشراوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر لەداتای کۆمپانیاکانەوە چاو لێبکەێن ئەوا بۆ فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت چ بە  62.7 دۆلار، یان بە 27.8 دۆلار بووبێت، ئەوا رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان و کۆی تێچووی بەرهەمهێنانیان بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی وەبەرهێنان دیارە، بۆ نموونە پێش داخستنی بۆری نەوتی جەیهان لە ئاداری 2023، بەتێکڕا  کاتێک بەرمیل نەوت بە 62.57 دۆلار فرۆشراوە، تێچووەکەی بە هەردوو جۆرەکە و قازانجەوە بۆ کۆمپانیاکان  23.43 دۆلار بووە و، بۆ هەرێمی کوردستان 39.14 دۆلار دەبێت، بەڵام ئەگەر بەنرخی برێنت کە 91.18 دۆلار بووە، ئەوا کۆی تێچوو و قازانجی کۆمپانیاکە لە بەرمیلێک 25.79 دۆلار دەبوو، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرمیلێک 66.4 دۆلار دەبوو.

ئێستا کە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی عێراق "سۆمۆ" نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، با بزانین چۆن دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا. ئەی کۆمپانیای وودماکینزی لەبارەی خەرجی تێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی کۆمپانیاکانەوە چەند دیاری دەکات، بەلەبەرچاوگرتنی گرێبەستەکانی کێڵگە نەوتییەکان؟

Share this Post

شرۆڤە