ئەم باباتە هەڵبگرە
وادە دوومانگییەکەی ترەمپ بۆرێککەوتن یان بەرکەوتن لەگەڵ ئێران، هیوای رابەری ئێران بۆئەوەی کە لە داهاتوودا"بە فەزڵی ئیلاهی" موعجیزەیەک رووبدات و نەیارانی بڕووخێن، پەلەی تورکیا بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە، داواکارییەکانی قەندیل بۆ "هەلێکی گونجاو" بۆ بەستنی کۆنگرە، یان دەستوبردەکانی ئەحمەد شەرع بۆ "بنیاتنانەوەی سووریا"، هەمووی گوزارشتێکن لەوەی کە لە پرسە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خێراکردن یان جوڵانەوە بەئەسپایی، وەک بژارەیەکی ستراتیژیی لێهاتووە. لە راستیدا ئیدی ساتەکانی سیاسەت وەکوو یەک نین؛ بۆ هەندیك زووە بۆ هەندێکی دیکەش گەلێک درەنگە. ئەم دووانەیەی خێرایی – ئەسپایی لە رووداوەکاندا، لەبەر ئەوەیە کە لەوانەیە گۆڕانی کات، بە گۆڕانی هاوپەیمانی و هاوسەنگیی سیاسی تەرجەمە بێتەوە. هەڵبەت لەو نێوانەشدا، قورمیشەکانی سیاسەتی کوردی هێشتا هەر بە ئەسپایی دەجوڵێنەوە.
سیاسەتەکانی خێرایی و ئەسپایی لە گەمەی زلهێزەکاندا
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا رکابەریی هێزدارە گەورەکانی دنیا تاڕادەیەک گرێدراوی ئەوەیە کە کێ خێراتر بێت یان زیاتر دان بە خۆیدا بگرێ. ترەمپ لەسەرووی هەموو ئەوانەوە دێت کە پەلەیانە. لە راستیدا ئەوە پرسیارێکی گەورەیە کە داخۆ پرسێکی وەک بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کە لە ١٩٩٩وە تاوەکو ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ، دەردیسەری ٦ سەرۆکی ئەمریکا بووە، چۆن بە دوومانگەکەی ئەو یەکلا دەبێتەوە، یان چۆن دەکرێ شەڕی ٣ ساڵەی رووسیا و ئۆکراینا لە رۆژێکدا کۆتایی پێ بهێندرێت وەک ئەوەی کە باسی کردبوو. وەکچۆن کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی دەیان ساڵەی ئیسرائیل – فەلەستینیش کارێکی ئاسان نییە، ئەویش لەکاتێکدا کە وادەکەی بۆ بەردانی بارمتەکانی لای حەماس لە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا سەری نەگرتبوو. رەنگە هۆکارێکی ئەم سیاسەتەی ترەمپ ئەوە بێت کە و ادەزانێت کە ئەگەر ئاوا بڕوات وڵاتەکەی لە چین جێ دەمێنێ.
وەک چۆن وادەردەکەوێ کە پووتین پەلەی نەبێ لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراینا کە تێچووەکەی بۆ ئەورووپا و ئەمریکا زیاتر دەکات، شی جی پینگ سەرۆکی چینیش بە ئەسپایی لە پرسەکان دەنەوێ و گوتوویەتی کە لەم دۆخەی ئێستادا لایەنگری سەقامگیرییە، لەوانەیە ئەمەش لەبەر ئەوە بێت کە جارێ قورمیشی کات بە قازانجی وڵاتەکەی دەسووڕێتەوە. پەکین سێ قۆناخی داناوە بۆ ئەوەی کە لە ٢٠٢٧، ٢٠٣٥ و ٢٠٤٩ دا هەنگاو بە هەنگاو سوپای وڵاتەکەی بکاتە هێزێکی جیهانی. لە ٢٠٢٤دا سێیەمین گەمیی فڕۆکەهەڵگری چینی - Fujian (CV-18) – گەشتە دەریاییەکانی خۆی دەستپێکرد. موشەکی کیشوەربڕی هایپەرسۆنیکی DF-27 ی گەشە پێداوە کە بە مەودای ٥٠٠٠-٨٠٠٠ کم هەتا ناو خاکی ئەمڕیکا دەڕوات. چین دەیەوێ لە بواری ئەی ئای، نیمچە کۆنداکتۆرەکان، زانستی کوانتۆم و بایۆتەکنەلۆژیدا ببێتە باڵادەست چونکە تا ٢٠٢٦ بە ئەندازەی ٢٣٪ی جی دی پی - یەکەی وەبەرهێنان لەبواری تەکنەلۆژیدا دەکات. لە بواری بۆشایی ئاسماندا پێش رووسیا کەوتووەو دەیەوێ ببێتە رکابەری سەرەکی ئەمریکا. ترەمپ نیگەرانە لەوەی کە پاوانی چین بەسەر کانە بەنرخەکانی دنیا، کۆریدۆرەکانی گواستنەوەی وزە و زنجیرەکانی دابینکردن زیاتر بێ، بۆیە دەیەوێ دەستی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی نەوتی هەرزانی ئێرانی کورت بکاتەوە، سەرمایەکی زۆری سعودی و خەلیجیش بۆ وڵاتەکەی رابکێشێ و بە سازانی ئابراهام و ئاشتی دانەوەی تورکیا و ئیسرائیل، دەرفەتێکی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکین بدۆزێتەوە. ئەوەش دەتوانێ بە شێوەیەکی راستەوانە کاریگەری لەسەر پرسی کورد دابنێت.
لەو چوارچێوەیەشدا لەوانەیە خواستی ترەمپ بۆ کشانەوەی خێرا لە سووریا وابکات کە گوشارەکانی واشنتن بۆ رێککەوتنی کورد و حکومەتی نوێی سووریا زیاتر بێت وەک ئەو رۆڵەی کە سوپای ئەمریکا لە رێککەوتنی جۆلانی و کۆبانی دا گێڕابووی. هەرەوها دەشێ هەوڵەکانیشی بۆ هاندانی تورکیا بۆ رێککەوتن لەگەڵ پەکەکە زیاتر بکات. وەکچۆن لەوانەیە پاڵپشتی لە بەهێزبوونەوەی رۆڵی زیاتری هەرێمی کوردستان لە عێراق بکات بە تایبەت لەکاتێکدا کە عێراق لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکەی چارەنوسساز دەڕوات.
کورد و قورمیشەکانی سیاسەتە ناوچەییەکان
مۆڵەتە دوو مانگییەکەی ترەمپ بۆ ئێران کە وەک خۆی دەڵێ، دەبێ یان رێککەوتن یاخود بەرکەوتنێکی لێبکەوێتەوە، بۆ کورد گرنگە. عەلی خامنەیی رابەری ئێرانیش لە دوایین گوتاری خۆیدا باسی لەوە کردووە کە کاتی خۆی رێککەوتنی "ئیمام حەسەن لەگەڵ نەیارەکانی"شتێکی کاتی بووە. لەوانەیە ئەمە لەم کاتانەدا بۆ هێورکردنەوەی باڵی ئوڵترا-موحافزەکاری سیستەمە سیاسییەکەی بێت کە رۆژانە لە دژی هەوڵەکانی حکومەتەکەی پزشکیان بۆ دانوستاندن قسە دەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەو لە روانگەیەکی ئایدۆلۆژی- سیاسی سەیری کاتەکانی سیاسەت دەکات و پێیوایە هەموو ئەو شتانەی کە ئێستا روودەدەن، کاتین و رۆژێک دێت کە دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە. ئێران پەیوەندی خۆی لەگەڵ چین و رووسیا وەک کارتێکی گوشار لەسەر ئەمریکا بەکاردەهێنێت. بەوهێوایەی کە گوشارەکانی ئەمریکا زۆر درێژە نەکێشن. بێجگە لەوە بە تەمای ئەوەیە کە هەتا مانگی ١٠ی ئەمساڵ بە بێ کێشە بڕوات بۆئەوەی مەترسی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر نەمێنێت. لەو نێوانەدا ئیسرائیلیش نیگەرانە لەوەی کە نەکا سیاسەتی " یەکەمجار ئەمریکا"ی ترەمپ پاڵپشتییەکانی واشنتن بۆ خۆی سنووردار بکات، بۆیە دەیەوێ لە دۆسییەی ئەتۆمی ئێراندا کردەی خێرای هەبێ.
هەرچەند کە ئێران باسی لە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ چین و رێککەوتنێكی کڕینی گازی رووسی و دانانی بنکەیەکی نوێی ئەتۆمی لە لایەن رووسیا کردووە، بەڵام ئەستەمە سیاسی و سەرمایەدارێکی وەک ترەمپ، مامەڵەیەک بکات کە خێر وبێرە ئابوورییەکەی بۆ وڵاتەکەی نەبێت و، چین، رووسیا یان ئەوروپا کەڵکی لێوەربگرن. بۆیە هێشتا نادڵنیاییەک لە ئەگەری رێککەوتن یان بەریەککەوتنی تاران و واشنتن دا هەیە.
ئەگەر رێککەوتن بکرێت کە لەوانەیە تێیدا دەرگای رۆیشتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بۆ تاران بکرێتەوە، واتای ئەوەیە کە دۆخی ئێران چی لە ناوخۆ یان دەرەوە بەرەو گۆڕانی زیاتر دەڕوات. ئەوەش لەوانەیە دەرفەتی گرنگی بۆ کوردی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستانیش تێدابێت. خۆ ئەگەر ببێتە شەڕ، ئەوا بێشک کوردستان دەبێتە بەشێک لەو مەیدانی ململانێیە. ئەگەر شەڕێک رووبدات، رشتە چیاکانی زاگرۆس کە بەشێکی گرنگی جوگرافیای سەربازیی ئێرانە و شارە کوردییەکانی بە دەوری خۆیدا هۆنیوەتەوە، دەبێتە مەیدانێکی ئەمنی هەستیار، کە دەشێ بەهەوڵدانی حکومەت بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵی سەربازی- سیاسی لەو ناوچانە تەرجەمە بێتەوە. ئەوە بێجگە لەوەی کە لەوانەیە بنکەی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانیش ببێتەوە بە ئامانجی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق یان تەنانەت ئێران.
بنیاتنانەوەی خێرا بەڵام لەرزۆکی سووریا و بابەتی چەکدانانی پەکەکە
ئەحمەد شەرع کە ساڵی رابردوو وەک بڵاچەیەک لە ناکاو دەرکەوت و حکومەتەکەی ئەسەدی رووخاند، دەیەوێ لەسەر سنوور رێگای هاتوچۆی حیزبوڵلا دابخات هەرچەند وادیارە کە ئەستەمە بە تەواوی لەوەدا سەرکەوتبێت. بنکە و بارەگای زۆرێک لە گرووپە فەلەستینییەکانی نزیک لەبەرەی موقاوەمەی لە شام داخست و هەندێک لە سەرانی جیهادی ئیسلامی دەسگیر کرد. بە رواڵەت زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی تێکەڵاوی سوپا کرد لە کاتێکدا کە هیچ لایەک بە کردەوە خۆی هەڵنەوەشاندۆتەوە. بەشێوەیەکی نەرم لەگەڵ کورد و دروزەکان جوڵایەوە بەو هێوایەی کە پاڵپشتی رۆژئاوا وەربگری، سزاکانی سورریا لاببات و ملیۆنان دۆلار پارەی بلۆککراوی سووریا بگەڕێنتەوە. لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەسەدەدا بە تەمابوو لە ماوەی ٣-٤ مانگدا هەموو پرسەکان یەکلا بکاتەوە، لەکاتێکدا لایەنی بەرامبەر پێیوابووە کە ئەوە چەند ساڵێکی دەوێ. دواجاریش لەسەر ئەوە رێککەوتن کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ پرسەکانی نێوانیان یەکلا بکەنەوە بەڵام پێدەچێ ناکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەنداوی تشرین، خوێندنی کوردی و کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە قامشلۆ، نیشانەیەکی لەرزۆکبوونی ئەو رێککەوتنە بن کە لەنێوان هەردوولا کراوە. هەروەها جموجۆڵەکانی ئەمدواییانەی گرووپی ئەنسار سوننە کە لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندووە ئەو بۆ خۆی دەست بە سزادانی بەرپرسانی رژێمی پێشوو دەکات، دەتوانێت حکومەتی ئەلشەرع بخاتە دۆخێکی دژوارەوە، ئەویش لە کاتێکدا کە شەرع دەیەوێ بەڵێن بە دنیا بدات کە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بەهێز نابنەوە و دڵیشی لەمشتیدایە نەکا راپەڕینێکی عەلەوییەکان رووبدات.
هەریەک لە تورکیا و ئیسرائیلیش بە پەلەن بۆ ئەوەی کە دۆخی سووریا بۆ خۆیان خۆش بکەن. نتانیاهۆ ساڵی یەکەمی ترەمپی بە گەورەترین دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی کە تەبایی- واشنتن- تەلئەبیب لەسەر رێگرتن لە ئێران، رێککەوتنی ئابراهام و دیزاین کردنەوەی دۆخی نوێی سووریا بە گوێرەی ئەمنی ستراتیژی خۆی بەکاربهێنێت. تورکیاش بە پەلەیە کە دۆخی تێکەوڵاکردنی هەسەدە لە سوپای سورریا، رێگرتن لە ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمی زووتر یەکلابێتەوە. بەدەر لە ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکان، بنیاتنانەوەی سووریا بە هەلێکی زێڕێن دەزانێت بۆ ئابوورییەکەی، بەتایبەت کەرتی بیناسازی تورکیا کە بەڕێژەی ٣٠٪ لە جی دی پی ئەو وڵاتەدا بەشدارە. ئەمە دەتوانێ هەواڵێکی خۆش بێ بۆ پارتی دەسەڵاتداری تورکیا کە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بیناسازی وەک پاڵپشتی ئەو دەردەکەوەن. ئێرانیش دۆعای رۆژێک دەکات کە دۆخی سووریا بشێوێ و بەسەر تورکیا و بۆ ئیسرائیلدا قڵپ بێتەوە.
لەم دۆخەدا، کۆنفرانسەکەی قامشلۆ هەنگاوێکی درەنگ بەڵام گرنگی کورد بوو. هەرچەند تەگەرەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لەبەردەمدایە. هەروەک چۆن لە جیاتی یەک ئاڵا سێ ئاڵا هەڵکرابوو فرەیی روانگەی جیاوازەکان تەگەرەیەکەو، جارەنووسی دانوستاندانەکانی ئۆجالان- تورکیا لە سەر چەکدادانی پەکەکەش تەگەرەیەکی دیکە. گرەوکردنی کورد لەسەر دەرکەوەتنەوەی شەڕی ناوخۆی سووریا هەڵەیە، لەوانەیە دواجار ئەو شەڕە هەر دەرکەوێ بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کورد کاتی کەمی لەبەردەستدایە. بۆیە چەندەی پەلەکردن باش نەبێ، لەوانەیە خاوەخاوی زۆریش بدا بە کۆڵی دا. لەوانەیە هیواداربوون بە پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ کوردیش هەڵە بێت، چونکە ئەستەمە ئیسرائیل ئەگەری سازان لەگەڵ تورکیا بە پاڵپشتییەکی پڕخەرج لە کورد بگۆڕێتەوە.
لە کاتێکدا کە گفتوگۆی کۆتایهێنان بە شەڕێکی درێژخایەنی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکرێت، هەردوولا شەڕی کات دەکەن. ئەنکەرە دەیەوێ پەکەکە لە ماوەیەکی نزیکدا چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێەوە. دەوڵەت باخچەلی داوایکردووە لە سەرەتاکانی مانگی داهاتوودا کۆنگرەی پەکەکە بکرێت. ئەردۆغانیش لە کاتێکدا کە تەگەرەی سەرۆک شارەوانی ئیستانبووڵ و جەهەپەی هەیە، دەیەوێ هەرچی زووە بابەتی پەکەکە بە لایەکدا بخات بۆ ئەوەی وەک دەسکەوتێکی سیاسی گرنگ لە ناوخۆ بەکاری بهێنێ، ئەمە بێجگە لەوەی کە دەرفەتی بازرگانی و گەشەکردنێکی ئابووری لە سووریا و عێراقیش بە وڵاتەکەی دەبەخشێ. هەڵبەت وادیارە کە پەکەکە وەکوو ئەنکەرە پەلەی نییە. بۆیە بەئەگەری ئەو بابەتە بەمجۆرەی ئێستا سەرناگرێت و ئەگەریش سەربگرێت تەنیا رواڵەتی دەبێت. بۆیە پرسی پەکەکە و تورکیا هەر بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە لایەنەکان هەست بکەن براوەن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بە ئەگەری زۆر، بابەتی چەکدانانی پەکەک تەنیا پرسی تورکیا نییە، بەڵکو بۆ ئێرانیش بابەتێکی گەورەیە، چونکە بۆ ساڵانێکی درێژە کە مانەوەی پەکەکە لە چیاکان، رۆڵی پەرژینێکی بۆ ئێران دیوە بۆ رێگرتن لە جێگیربوونی گرووپی چەکداریی دژی ئێران. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر جۆرە ئاشتییەکی نێوان پەکەکە و تورکیا، ئێران دەکاتە تاکە دەوڵەتێكی رۆژەهەڵاتی نێوەڕاست کە هێشتا کرانەوەیەکی لە پرسی کوردی دا نەکردووە.
کۆتایی
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە هەڵبژاردن، هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکنەهاتووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەماوەی کەمتر لە ٧ مانگی داهاتوود هەڵبژاردنێکی دیکەش دەکرێت کە دەتوانێ داینامیکی پشت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بگۆڕێت. لەوانەیە چارەنووسی حکومەت بەند بێت بە جۆری هاوپەیمانییە چاوەڕانکراوەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، وەک چۆن ئەوەی پێشوو لە ٢٠٢١ دا پەیوەندی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستانی ژێراوژوور کرد. ئەگەر پارتی و یەکێتی لە یەک خەتی هاوپەیمانیدا نەبن، ئەوا هەرجۆرە حکومەتێکی هاوپەیمانی لە داهاتوودا گرفتی تێدەکەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی لەوانەیە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و چاوەڕانییەکان بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکاش فاکتەرێکی دیکەی کەریگەر بێت لەسەر کاتی پێکهێنانی حکومەت.
لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا خێرایی و ئەسپایی ئیدی تەنیا پێوەری کات نین، بەڵکو بەشێکن لە ململانێی جیۆپۆلەتیکی. وەک چۆن جوگرافیای کورد لەناو جەرگەی ناوچەی نفوزی هێزە رکابەرەکاندایە، ئاوا بەوجۆرەش کاتەکانی لە نێوان جەمسەرەکانی خێرایی و ئەسپایی دا دابەش بووە. بێشک تێپەڕکردنی ئەم دۆخەش بە جۆرێک کە زیانی کەم بێت بۆی، پێویستی بە رێکخستنەوەی وەستایانەی کاتەکانی سیاسەتە!