شرۆڤە

کوردو رێکخستنەوەی سوپای عێراق

15-06-2020


 

RRC |

د.هەڵمەت غەریب-

راوێژكار لە ‌ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|

ده‌ستپێك

لە رۆژانی رابردوودا حكومەتی عێراق فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵای لە شوێنی عوسمان غانمی وەك سەرۆكی ئەركانی سوپا راسپارد. ئەمەش جارێكی دیكە سەرنج بۆ سەر پێشێلكردنی رێكارە دەستوورییەكانی دیاریكردنی فەرماندەكانی سوپا رادەكێشێت كە لە عێراقدا خەریكە دەبێتە باو.

له‌دوای 2005 و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، له‌چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا، فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كان دامه‌زرێنراون  و لە جیاتی رێكارە دەستوورییەكان بە‌ وه‌كاله‌ت دانراون و ئەمەش  زیاتر بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی سیاسی بووە كە دەتوانێت مەترسی بۆسه‌ر سیسته‌م و ئه‌و به‌هایانه‌ی درووستبكات كه‌ عێراقی دوای 2003ی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌. سوپا گرنگترین كۆڵه‌که‌ی ده‌وڵه‌ته‌ بۆ مانه‌وه و‌ ئامڕازی به‌رگریكردنه‌ له‌به‌ها باڵاكانی ده‌وڵه‌ت، هه‌ربۆیه‌، زۆربەی دەوڵەتان بێجگە لەوانەی تۆتالیتار و دیكتاتۆرین، هەوڵدەدەن‌ سوپا له‌ هه‌موو ململانێیه‌كی نێوخۆیی بەدوور بگرن. ئه‌م‌ پره‌نسیپه‌ وه‌ك تێكست له‌ باڵاترین یاسای ده‌وڵه‌تدا كه‌ ده‌ستووره‌ جێی بۆكراوه‌ته‌وه‌ به‌لام، له‌ڕووی كردارییەوە زۆرجار،‌ سوپا بۆ ئامانجی سیاسی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی سیاسی به‌كارهاتووه.‌

یه‌كه‌م: هه‌ڵویستی ده‌ستووری عێراقی

به‌ پێی برگه‌ی پێنجه‌م له‌ ماده‌ی (61) ده‌ستووری فیدرالی یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بریتیه‌ له‌ ره‌زامه‌ندی ده‌ڕبرین له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌كانی سوپا له‌وانه‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا و یاریده‌ده‌ره‌كانی و فه‌رمانده‌ی فیرقه‌كان به‌سه‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگری ئه‌ویش له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. به‌ڵام له‌دوای 2006وه‌ تا ئێستا ته‌واوی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌ ده‌ستور دیاری كردوه‌ ره‌زامه‌ندنی په‌رله‌مانیان بۆ وه‌رنه‌گیراوه‌ و زۆربەی پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق جگه‌ له ‌وه‌زیر، به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌براون و لە جیاتی رێكارە دەستوورییەكان، لەڕێی”دانان بە وەكالەت” كە بە واتایەك پشتگوێخستنی پەرلەمانە دانراون. هۆكاری ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ تۆتالیتاریه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دە‌یه‌وێ هه‌میشه‌ سوپا وه‌ك ئامڕازێكی سیاسی بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ململانێكان به‌كاربهێنرێت.عه‌ڕابی ئه‌م بیرو تێڕوانینه‌ نوری مالكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوتری عێراق بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كە ره‌زامه‌ندنی په‌رله‌مان له‌رووی ده‌ستووریه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ ره‌چاوكردنی ماده‌ی (9)ی ده‌ستور كه‌ جه‌خت له‌ هاوسه‌نگی ونوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی له‌ناو سوپا ده‌كاته‌وه كە ده‌بێته‌ رێگری له ‌سه‌رۆكوه‌زیران لەوەی كە بە خراپی سوپا بەكار بێنیت، هه‌میشه‌ سه‌رۆكوه‌زیرەكانی عێراق خۆیان  له‌ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌كانی سوپا به‌ شێوه‌یەكی فه‌رمی له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌دوورگرتوه‌. سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیستای عێراق چوارسال سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگری بوو بێ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندنی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر بێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌رپێچیه‌ بۆ ده‌ستوری عێراق و ده‌بێت كۆتایی به‌ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌كانی سوپا به‌ شێوه‌ی وه‌كاله‌ت بێت و پێوسته ‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران ئه‌و سه‌رپێچییه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرەكان بۆ ده‌ستوور راست بكه‌نه‌وه،‌ به‌تایبه‌ت كە ئێستا ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت هاتۆته‌ گۆڕێ.

دووه‌م: كورد وچۆنیه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان

عێراق پێش هاتن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی نیوه‌ی خاكی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خاوه‌نی 21 فیرقه‌ی سه‌ربازی بوو. تاڕاده‌یه‌كی كه‌م كورد و پێكهاته‌كانی دیكە پێگەیەكیان تێدا هەبوو. له‌نێو ئه‌و 21 فیرقه‌یه‌دا، 2 له‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌كان له ‌نه‌ته‌وه‌ی كورد بوون، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا و دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگری و ئه‌منی نهێنی وه‌زاره‌تی به‌رگریش كوردبوون به‌ڵام ‌ئێستا، پێگه‌ی كورد له ‌سوپادا ته‌واو لاوازه. به‌جۆرێك ئیستا له‌كۆی 21 فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ له‌ سوپادا یه‌ك كوردی تێدایه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی (20)ه‌ له‌نەینه‌وا سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌كۆی (7) فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆن له‌ عیراقدا هیچ یه‌كێكیان كورد نین له‌(80) لیوا له‌ناو فه‌رمانده‌ی فیرقه‌كاندا ته‌نها پێنجیان كوردن له‌ناو فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا ‌ ته‌نها یه‌ك كورد پۆستی فه‌رمانده‌ی فه‌وجی هه‌یه‌ له‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونه‌كانی نه‌ینه‌واوه‌هه‌رچیش تایبه‌ت بێت به‌ ناو دیوانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌وه‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ مه‌شق و راهێنان له‌نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ وه‌هه‌روه‌ها به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری وئاسایشی سه‌ربازی له‌ناو وه‌زاره‌تی به‌رگریش به‌پله‌ی لیوا كورده‌،  ته‌واوی پۆسته‌كانی كورد له‌سوپادا بریتی بوون له‌مانه‌ هه‌مووشیان به‌وه‌كاله‌ت دانراون كه‌ ده‌كاته‌ ریژه‌ی 2% كه‌متر.ئه‌مه‌ له‌كاتیكدا له‌سه‌رەتای دروستكردنه‌وه‌ی سوپادا كورد پێگه‌یه‌كی باشی تێدا هه‌بوو زۆر پۆستی هه‌ستیار وگرنگ به‌ده‌ستی كورده‌وه‌ بوو به‌ڵام (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق ئه‌و پۆستانه‌ی به‌فه‌رمانده‌ی عه‌ره‌بی شیعه‌ پركرده‌وه‌ و پێكهاته‌ی كوردی لێ دوورخسته‌وه.

یه‌كێكی دیكە له‌ گرفته‌كانی سوپا مه‌سه‌له‌ی ده‌مه‌زراندنی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونه‌ ‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار (نوری مالكی) سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتر ده‌ستیپێكرد، ئه‌ویش  له‌پێناو  ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی پارێزگاكان، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیونه‌كانی به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ درووستكرد وه‌ك فه‌رماندەیی ئۆپه‌راسیونی( دیجله‌) و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ر   پارێزگایه‌كیشدا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونی دروست كرد، ئه‌مه دۆزینه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌كی نامۆو نایاسایی و ناده‌ستووری بوو بۆ پێكهاته‌ی سوپا وده‌رفه‌تی زیاتری بۆ ره‌خساند تا به‌ته‌واوی ده‌ست به‌سه‌ر پارێزگاكاندا بگرێت و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیش تا راده‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی شاره‌كان وه‌ربگرێته‌وه.‌ له‌سه‌رده‌می (حه‌یده‌ر عه‌بادی)دا كۆمه‌ڵێ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونی دیكەش دامەزران و ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كە شێوازی رێكخستنی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا ته‌واو ناده‌ستوورییه.  بۆنموونە فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونه‌كانی كه‌ركووك ده‌سەڵاتی ئه‌منی ته‌واوی پاریزگاكه‌ی لایه و‌ پارێزگار كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منیه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نیه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه‌ سوپا ده‌یكات. فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیونه‌كانی سەلاحەدین ‌ته‌واوی پارێزگا و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پلانی ئه‌منی شاره‌كه‌دا بێ ده‌سه‌ڵات كردووه،‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م باره‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ به‌ئامانجی له‌باربردنی ده‌سه‌ڵاتی مه‌دەنی شاره‌كان درووست بووە كۆتایی پێبێت و سوپا له‌سه‌ر دیسپلینێكی سه‌ربازی ستاندار رێك بخرێته‌وه‌ و هه‌موو فه‌رمانده‌كانیش به‌ فه‌رمی له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ دابمه‌زرێن وەك چۆن دەستوور دایناوە.

ئه‌نجام

ئه‌گه‌ر سوپای عێراق  له‌سه‌ر بنه‌مای دیسپلینێكی سه‌ربازی ستاندارد رێكنه‌خرێته‌وه‌ و لە ململانێ سیاسییە نێوخۆییەكان به‌دوور نه‌گیرێت وره‌چاوی به‌شداری پێكهاته‌كان له‌ رێكخستنی سوپادا نه‌كرێت و هه‌موو فه‌رمانده‌ باڵاكان  ملكه‌چی چاودێری په‌رله‌مان نه‌بن و به‌شێوه‌یكی فه‌رمی دانه‌مه‌زرێن و نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی پێكهاته‌كانی وڵاتی تیدا نه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ماده‌ی (9) ی ده‌ستوور جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، دوورنیه‌ ببێته وە‌ به‌ ئامڕازی سه‌ركوتكردنی سیاسی و له‌ململانێكدا به‌كار بهێنرێت كه‌ ئه‌مه‌ش ماڵوێرانی دیكە به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له ‌لێواری كه‌وتنێكی حەتمی نزیك ده‌كاته‌وه‌.

 

 

Share this Post

شرۆڤە