شرۆڤە

كورتمەودای رێككەوتنی شەنگال؛ بڕیاری سەر كاخەز و گۆڕانی سەرعەرز

26-11-2020


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

ئەوە نزیكەی 2مانگە رێككەوتنی شەنگال واژۆكراوە و بە تازەیی، هەندێ هەنگاوی كردەنی بۆ جێبەجێكردنی نراون. بێگومان لادانی بەربەستەكانی ئەو رێككەوتنە ئاسان نییە و، سەرەداوی زۆریش هەن كە دەریدەخەن حكومەت بەدوای چارەسەرێكی ناونجیدا دەگەڕێت تا بنبەستی شەنگال بكاتەوە.

شەنگال مەیدانی كێشمەكێشێكی فرەلایەنی ناوخۆیی و دەرەكییە. بەرژەوەندی چەندین هێزی جیاوازی لێرەدا بەریەك دەكەون و جموجۆڵی هەریەكێكیشیان، كاریگەری لەسەر ئاسایش و مانەوەی ئەویتر دادەنێ و ئەمەش گرێكوێرەی شەنگالی دروستكردووە. هەرچەندە لایەنە رەسمییەكانی رێككەوتنی شەنگال، هەولێر و بەغدان، بەڵام بەكردەوە ئەو بازنەیە فراوانترە و وادیارە رێككەوتنەكەش، بەبێ سازان كێشەی تێدەكەوێت.

جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال لە چ ئاستێكدایە؟

نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا باسی لە ئاسانكارییەكانی حكومەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال كردووە. بێجگە لەوە، بەرپرسانی هە ولێر و بەغداش چەندجارێكە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال دەكەن و تەنانەت رایانگەیاندووە كە لەسەر ناوی قایمقامی نوێی ئەوێش رێككەوتوون. هەرچەندە بابەتی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی شەنگال بەهۆی واقعی دوو ئیدارەیی، خواستە جۆراوجۆرەكانی هەر4 لایەنی ئیداریی پرسی شەنگال- پارێزگاری نەینەوا و حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان و مەجلیسی خۆسەریی دیموكراتیی شەنگال- پرسێكی ئاڵۆزە، بەڵام گرێكوێرەی سەرەكیی ئەو ریككەوتنە، نەك گەڕانەوەی ئاوارەكان و قایمقام، بەڵكوو پرسی مان و نەمانی هێزە چەكدارەكان لەو قەزایە و دۆسیەی ئەمنییە.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ماوەی رابردوودا، لانیكەم دووجار بە ئاشكرا سەردانی هەولێر و شەنگالی كردووە و ئەمەش لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ قورسبوونی رازیكردنی لایەنەكان و هەوڵدانی حكومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ناونجی. بەدەر لەوە، ناردنی دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵی بۆ شەنگال لە 21ی ئەم مانگە، ئەویش دوای نزیكەی 2 مانگ لە واژۆكردنی رێككەوتنەكە، هەروەها سەردانی فەریق روكن عەبدولئەمیر شمەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەریق روكن جەعفەر بەتات فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی بۆ شەنگال[1] ئەوەی دەرخست كە حكومەت بەكارهێنانی هێزیشی لە پێشچاو گرتووە و سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەوێ.

لە رۆژە سەرەتاییەكانی رۆیشتنی پۆلیسی فیدراڵییەوە، بێجگە لە یەپەشە، هەموو هێزەكانی دیكە رازیبوون كە لانیكەم لە ناوەندی قەزای شەنگال دەركەون. هەڵبەت حسۆ ئیبراهیم یەكێك لە بەرپرسانی خۆسەریی شەنگال، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەحسین قاسم پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە كردووە كە لەوانەیە ئەوان بە كشانەوەی یەپەشە لەناوەندی قەزای شەنگال رازی بن، بەڵام بە كشانەوەی هێزی ئاسایشی ئێزدخان رازی نابن. جگە لەوە شوێنەكانی خۆیشیان لەسەر چیای شەنگال بەرنادەن.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان، “حەشدی شەعبی ئێزدی بە فەرماندەیی خال عەلی كە گرێدراوی لیوای ئیمام حسێنە لەگەڵ هێزەكانی دیكەی حەشد رازیبوون كە لانیكەم 5 كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای شەنگال دووركەون و بەشێكیان لە دۆمیز لە باشووری ئەو ناوچەیە جێگیرببن.” لەوانەیە ئەمەش رێگەچارەیەكی ناونجیی حكومەت بێت، بۆ ئەوەی خاڵێكی هاوبەش لەبەینی خۆی و گرووپەكانی حەشدی شەعبیدا بدۆزیتەوە. چوونكە، یەكەم بەندی میحوەری ئەمنیی رێككەوتنی شەنگال باسی دوورخستنەوەی هەموو رێكخراوە چەكدارییەكان لە سنووری قەزای شەنگال دەكات[2]، بەڵام تا ئێستا ئاماژەكان وادیارن كە ئەو دوورخستنەوەیە، لانیكەم لەماوەی كورتخایەندا، زیاتر لە ناوەندی قەزای شەنگال بێت نەك هەموو سنوورە ئیدارییەكەی!

یەكێكی دیكە لە پرسەكانی تایبەت بە رێككەوتنی شەنگال كە لەوانەیە مشتومڕی لەسەر بێت، پێكهاتەی ئەوهێزی پۆلیسە محەلییە 2500 كەسییەیە كە بڕیاردراوە درووستبكرێت. بەپێی بارودۆخی عێراق و دابەشبوونی ئێزدییەكان، كە بەسەر سێ بەرەی حەشدی شەعبی، هەرێمی كوردستان(پارتی – یەكیتی) و پ.ك.ك دابەشبوون، لەوانەیە هەرلایەك و بیەوێت زیاترین پشكی دامەزراندنی هەوادارانی خۆی لەو هێزەدا بەربكەوێت. رێككەوتنەكە جێگرتنی ئەندامان و لایەنگرانی پ.ك.ك و رێكخراوەكانی نزیك لەوی لەو هێزی پۆلیسەدا قەدەخە كردووە و ئەمەش، خاڵێكی دیكەیە كە ریكخراوە سیاسی و سەربازییەكانی نزیك لە پ.ك.ك لێی ناڕازین. ئەوان دەیانەوێت لەدیاریكردنی قایمقامی نوێی شەنگالیشدا بەشداربن كە بەپێی رێككەوتنەكە، لەلایەن بەغدا و هەولێر و پارێزگاری نەینەواوە دەستنیشاندەكرێت.

لە رواڵەتدا وادیارە كە ئێستا تاقە بەربەستی رێككەوتنی شەنگال، رازینەبوونی هێزەكانی نزیك لە پ.ك.ك بێت و بە ئەگەری زۆر، حكومەت هەوڵدەدات رێگایەكی ناونجی بۆ ئەوەش بدۆزیتەوە. پێناچێت حكومەتی بەغدا لەم وەختەدا بیەوێ تەنیا بەهێز ئەو پرسە یەكلابكاتەوە و شەڕێك رووبدات، ئەویش لە كاتیكدا كە لانیكەم بەشێك لە خەڵكی شەنگال پشتیوانی لەو هێزانە دەكەن. بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان، لە ساڵی 2018وە بەشێك لەو هێزانەی كە بە نزیك لە پ.ك.ك هەژمار دەكرێن، بە ناوی فەوجی نەسرلموبین لەسەر حەشدی شەعبی تۆماركراون.[3] مەروان بەدل جێگری فەرماندەی ئەو فەوجەش رایگەیاندووە كە نامەیەكیان ناردووە بۆ حكومەت و لایەنە سیاسییەكان و مەرجەعییەت، هەتا پێداچوونەوە بە رێككەوتنی شەنگال بكرێت.[4] لەدوای رێككەوتنەكەش، موختار موسەوی پەرلەمانتاری فەتح كە بۆ خۆی توركمانی شیعییە لەگەڵ لیوا حسێن فەرماندەی حەشدی شەعبی لە نەینەوا سەردانی ئیدارەی خۆسەریی شەنگالیان كردووە.[5] هەرلەو چوارچێوەیەشدا دەستەیەك لەو ئێزدییانەی لە ریككەوتنەكە ناڕازین، لەگەڵ عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدی شەعبی (ابو فدك) دانووستاندنیان كردووە.[6] لەوانەیە هەبوونی پەیوەندیی ئەو گرووپانە لەگەڵ سیاسییەكانی شیعە و حەشدی شەعبی وا بكات كە دواجار دەرچەیەك بدۆزریتەوە و، بەشێك لە داواكارییەكانی ئەو هێزانەش جێبەجێ بكرێن.

رەهەندە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی رێككەوتنی شەنگال

حاڵی حازر 7 جۆر هێزی رەسمی و ناڕەسمی بە هەزاران چەكدارەوە لە سنووری قەزای شەنگالدا ترنجاون و ئەمەش، هەموو كات ئەگەری بەریەككەوتن بە كراوەیی دەهێڵێتەوە ئەگەر حكومەت بەسەر دۆخی ئەمنیدا زاڵ نەبێت. ئا لەو روانگەیەشەوە، بۆ زامنكردنی  ئاسایشی رێككەوتنی شەنگال، ئەوە گرنگە كە چ لایەنێك بەسەر سنوورەكانی شەنگال لەگەڵ رۆژئاوا- سووریا، بەرزاییەكانی چیای شەنگال و ناوەندی قەزاكەدا زاڵ دەبێت. دوورخستنەوەی چەكدارەكان لە ناوەندی قەزاكە بایەخی بۆ ئاساییكردنەوەی پرسە ئیدارییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و بونیاتنانەوەی شەنگال و كۆتاییهێنان بە دووئیدارەیی هەیە.

حكومەتی عێراق دەیەوێت، نزیكەی 80 كم لە لێوارە سنوورییەكانی باكووری شەنگال لە رەبیعەوە هەتا بەعاج كۆنترۆڵ بكات و دوو دەروازەی سنووریی ناڕەسمیی نێوان شەنگال و رۆژئاوای كوردستانیش بگرێت، كە ئەوانیش گەلیێ شلۆ لە سنووری بارا- نزیكەی 40 كم لە باكووری رۆژئاوای شەنگال- و دەروازەی ترپكا لە باكووری سنوونێن. ئەمەش ناڕەزایی هێزەكانی یەپەشە و ئاسایشی ئێزدخانی لێكەوتۆتەوە كە بە نزیك لە پ.ك.ك هەژمار دەكرێن. چوونكە ئەوە دەتوانێت گرفت بۆ رێگاكانی هاتوچۆی رۆژئاوا درووستبكات. چێلمێرا و بەرزاییەكانی دیكەی چیای شەنگالیش وەكوو شوێنێكی دیكەی ستراتیژییە كە حكومەت بە تەمایە كۆنترۆڵی بگرێتە دەست، بەڵام تا ئێستاش یەپەشە پێی رازی نەبووە. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی دۆخی رۆژئاواوە، شەنگال بایەخێكی ستراتیژی بۆ پ.ك.ك پەیدا كردووە بۆیە دژی هەرجۆرە رێككەوتنیكی بەغدا و هەرێمە كە زیان بە پێگەی ئەو بگەیەنێت. چیای شنگال بە بەرزاییەكی زیاتر لە 1400مەتر، دیمەنی تۆپۆگرافیی ئەو ناوچەیەی لە دەوروبەرەكەی جیاكردووەتەوە و بەسەریدا زاڵە. ئەوەش لەڕووی ئەمنییەوە بایەخێكی زۆری پێداوە.

بەپێی رێككەوتنی شەنگال دۆسییەی ئەمنی رادەستی حكومەتی بەغدا دەكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستانیش لەوەدا رۆڵی هەیە. هەڵبەت بایەخە ئەمنییەكەی ئەم رێككەوتنە بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو رۆڵە نییە كە لە پێكهێنانی پۆلیسی محەلی و هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی بەغدا دەیبێت، بەڵكوو لەوەشدایە كە بە ئەگەری زۆر سەرگرتنی ئەو رێككەوتنە دەتوانێت رێ لە لەشكركێشییەكی گریمانەیی توركیا بۆسەر شەنگال بگرێت كە دەتوانێت ئاسایشی ستراتیژی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسی. لە دوای رووداوەكانی گشتپرسی سەربەخۆیی توركیا پێداگرییەكی زۆری كرد بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاكۆیی بۆ دەوردانەوەی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی هێڵێكی دیكەی بازرگانی لەگەڵ عێراق. ئەمە تا ئێستا سەرینەگرتووە بەڵام، ئەگەر بێتو توركیا بە پاساوی هەبوونی پ.ك.ك بەرەو شەنگال بێت وەك ئەوەی لە 2019-2020 لە ناوچەی برادۆست و بادینان كردوویەتی، ئەو وەختە بە ئاسانی دەتوانێت ئەو دەروازەیە بكاتەوە. توركیا چەندینجار شەنگالی وەك قەندیلی دووەم ناوبردووە و ئەزموونەكانی رابردووش سەلماندوویانە كە عێراق ئەوەندە بەهێزنییە بتوانێ بەری لێ بگرێت. لەوانەیە لەقسەدا توركیا پاڵپشتی لە رێككەوتنی شەنگال بكات بەڵام لە راستیدا، نەمانی بیانووی هەبوونی پ.ك.ك لە شەنگال دەتوانێت بە قازانجی خواستە فراوانخوازییە ناوچەییەكانی نەبێت كە لە 2016وە لە سووریا و دواتر لە هەرێمی كوردستان و لیبیا و ئازەربایجان دەستیپێكردووە.

نەك هەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لەوانەیە ئەم بابەتە لەڕووی ئەمنییەوە بۆ ئەمریكاش پڕبایەخ بێت. لە هەرێمی كوردستانەوە هەتا ئەنبار لێوارێكی سنووری هەیە و مانەوەی دۆخی شەنگال وەكوو خۆی، واتای هەبوونی هەڕەشەیەكی ئەمنی لە هێڵی سنووریی باكووری عێراق بۆ هێزەكانی ئەمریكا دەدات. حاڵی حازر هێزی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان پارێزراون. بەهۆی هەبوونی دوو بنكەی سەربازیش لە پارێزگای ئەنبار و هەبوونی وڵاتانی هاوپەیمان(عەرەبی سوننە) لەودیوی ئەنبارەوە، هێزەكانی ئەمریكا توانیویانە پێكەوەژیانێكی ئەمنییان لەگەڵ گرووپەكانی حەشددا هەبێت كە بە زۆری گرووپەكانی نزیك لە حزبوڵڵان. بەڵام لە بەینی هەرێمی كوردستان و ئەنباردا، لە باكووری نەینەوا، شەنگال هەیە كە دۆخە ئەمنییە ئاڵۆز و فرەسەرەكەی دەتوانێت هێڵی پارێزراوی هەرێم- باكووری  نەینەوا- ئەنبار بۆ ئەمریكا ئاڵۆز بكات. رێككەوتنی شەنگال دەتوانێت دۆسیەی ئاڵۆزی ئەمنی ئەو ناوچەیە روونتر بكات و حكومەتی عێراق بەرپرسیار بكات بەرامبەر ئەوەی كە لەوێ دەگوزەرێت. ئەمەش دەتوانێت ئاسوودەییەكی ئەمنی زیاتر بە ئەمریكا بدات كە بۆ سیاسەتەكانی لە عێراق و سووریا پڕبایەخە.

پێدەچێت ئێران و گرووپەكانی حەشدیش كەمتر لە جاران لەو رێككەوتنە ناڕازی بن. لەوانەیە رێككەوتنی شەنگال رۆڵی ئێران و هەندێك لەگرووپەكانی حەشد لەو ناوچەیە سنووردار بكات بەڵام كۆتایی پێناهێنێت. بەرلە هەموو شتیك، دۆسییەی ئەمنی شەنگال دەكەوێتە دەستی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی.عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ كە پێشتر فەرماندەی سوپاش بووە، ئەزموونێكی بەهێزی هاوكاریی لەگەڵ حەشد و وڵاتانی دراوسێ وەكوو ئێران لەشەڕی دژی داعش و گرتنەوەی كەركووك لەدوای گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا هەیە. غانمی لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەی فیرقەی شەشی پۆلیسی فیدراڵیشی گۆڕی كە دوور نییە ئەم گۆڕانەش بەهۆی رێككەوتنی شەنگالەوە بووبێت. چوونكە “فیرقەی شەش بەرپرسیاری دۆخی ئەمنی ناو قەزای شەنگال دەبێت.”[7] بێجگە لەوە، قاسم ئەعرەجی بۆ خۆی یەكێك لە سەركردەكانی بەدر بووە و لەبەرئەوەش، ئەستەمە پێشبینی بكرێت كە بەرژەوەندییەكانی گرووپە شیعییەكان رەچاو نەكەن.

ئەنجام

دواكەوتنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال و هەبوونی تەگەرەی جیاجیا وایكردووە كە هەرێم و بەغدا بە كردەوە بازنەی رێككەوتنەكەیان لەسەر شەنگال فراوانتر بكەن. وادیارە لەسەر بابەتی دوورخستنەوەی هێزە چەكدارەكان لە شەنگال، دووركەوتنەوەی 5كیلۆمەتری چارەسەرێكی ناونجی بێت. رەنگە ئەم بابەتە بۆ پرسەكانی پێكهاتەی پۆلیسی محەلی و دیاریكردنی قایمقامی شەنگالیش شۆڕبێتەوەو هەر ئەو هەوڵی چارەسەرە بۆ رازیكردنی لایەنەكانی دیكەش هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی كە هەولێر و بەغدا ناوی ئەو قایمقامە رانەگەیەننن كە دەڵێن لەسەری رێككەوتووین. پێدەچێت ئەم بابەتەش لە ماوەی یەك مانگی داهاتوودا، بەرلەو كۆنفرانسەی ئاشتی كە بڕیارە لە دیسەمبەری ئەمساڵ لە شەنگال بكرێت، تا رادەیەكی زۆر یەكلا بكرێتەوە.

لە راستیدا رێككەوتنی شەنگال لە دژی بەرژەوەندی هەریمی كوردستان و كورد بە گشتی نییە. بە پێچەوانەوە ئەوە دەتوانیت ببێتە نموونەیەك بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم. ئەمەش لە دوای رووداوەكانی پاش گشتپرسی، لانیكەم بۆ ئێستا باشترین چارەسەرێكی مومكینە بۆ ئەوەی كە كورد بە رەسمی لەو ناوچانە وردە وردە رۆڵ پەیدا بكاتەوە. ئالێرەدا خاڵی هەرەگرنگ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان هەستناكییەكی زیاتر پیشانبدات بۆ ئەوەی كە رێككەوتنەكانی سەبارەت بە قایمقامی نوێ و كاندیدەكانی دامەزراندن لە پۆلیسی محەلیی شەنگال، جێگەی رەزامەندیی زۆربەی كوردانی ئێزدیی بێت.

 

 

[1] – https://www.ina.iq/116768/

[2] – https://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/101020208

[3] – https://arabic.sputniknews.com/arab_world/201806221033277049

[4] – https://alahadnews.net/120407/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82/

[5] – https://anfarabic.com/%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/alhshd-alshby-fy-zyart-lshnkal-ln-nsmh-bay-hjwm-dd-shnkal-65519

[6] – https://alahadnews.net/123480/

[7] -https://www.ina.iq/116548/

Share this Post

شرۆڤە