شرۆڤە

لامه‌ركه‌زی كارگێڕی له‌نێو ململانێ سیاسیه‌كانی هەرێمی كوردستاندا

10-05-2020


 

RRC |

د.هەڵمەت غەریب-

راوێژكار لە ‌ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|

ده‌ستپێك

لامه‌ركه‌زی كارگێڕی به‌یه‌كێك له‌ باشترین و هه‌ره‌ پێشكه‌وتووترین سیسته‌مه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت. ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی بچه‌سپێت دەتوانێ بمانخاته‌ سه‌ر سكه‌ی حوكمێكی ره‌شید كە تێیدا ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ناوه‌ند و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌ خۆجێیه‌كاندا شۆڕ دەبێتەوە و دە‌توانێ دادپەروەریيەكی راسته‌قینه‌ له‌ بةرِيَوةبردني وڵاتدا بچه‌سپێنێت. هەڵبەت لێرەدا دوو چه‌مك كه‌ تاراده‌یه‌ك لێك نزیكن تێكه‌ڵ ده‌كرێن ئه‌ویش چه‌مكی لامه‌ركه‌زی سیاسی و لامه‌ركه‌زی كارگێڕین. یه‌كه‌میان بریتیيه‌ له‌ دابه‌شكردنی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌نێوان هه‌رێمي كوردستان و یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كاندا له‌ پارێزگا و ئیداره‌ خۆجییه‌كان كه‌ له‌ یاسای ده‌ستووریدا به‌فیدراڵی ناو ده‌برێت. هه‌رچی تایبه‌ت بێت بە چەمكی دووەم كه‌ لامه‌ركه‌زی كارگێڕیه،‌ بریتیيه‌ له‌دابه‌شكردنی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی جیبه‌جێكردنه‌ له‌نیوان ناوه‌ند و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كاندا له‌ پارێزگا و یه‌كه‌ ئیدارییه‌ خۆجییه‌كاندا. ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان داوایده‌كه‌ن بریتیيه‌ له‌ لامه‌ركه‌زی كارگێڕی‌ نه‌ك لامه‌ركه‌زی سیاسی. لێره‌دا تیشكێكی یاسایی ده‌خەینه‌ سه‌ر دۆخی سیسته‌می كارگێڕی له‌كوردستان و له‌ ژێر رۆشنایی یاسا به‌ركاره‌كاندا باسی لێدەكەین.

دۆخی هه‌رێمي كوردستان له‌ڕووی كارگێڕیيه‌وه

سیسته‌می كارگێڕی له‌ هەرێمی كوردستاندا به‌ یاسایه‌ك رێكخراوه‌ كه‌ یاسای ژماره‌(3)ی ساڵی 2009ی هه‌مواركراوه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕی و دارایيه‌كانه له‌نێوان ناوەند و پارێزگاكاندا له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كان، جگه‌ له‌ چه‌ند سێكته‌رێكی دیاریكراو كه‌ ته‌نيا حكومه‌ت لێیان بەرپرسیارە. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خودی یاساكه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی یاسایی بۆبكه‌ین،‌ ده‌بینین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ (5)دا هاتووه‌ پره‌نسیپی لامه‌ركه‌زی تێیدا چه‌سپاوه‌. جگە لەوە،‌ كۆمه‌ڵیَك هەوڵی دیكەی سیاسی له‌كوردستاندا بۆ چه‌سپاندنی زیاتری دراوە، به‌ڵام ته‌واو نه‌كراوه.‌ ئه‌و پرسه‌، هه‌ر له‌ بڕیاری به‌ پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و دروستكردنی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی راپه‌ڕین و گه‌رمیانه‌وه‌ بگره‌، تاوةكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕی و داراییانه‌ی دیكە كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمي كوردستانه‌وه‌ به‌گشتی و وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ به‌تایبه‌تی دراونهتة‌ پارێزگاكان و سه‌رۆكی یه‌كه ‌كارگێڕییه‌ خۆجێیه‌كان، هه‌مووی به‌ مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی ئه‌م پره‌نسیپه‌‌ له‌ حوكمرانی كوردستاندا بووە. له‌چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و هه‌ندێجاریش واقعییدا، هه‌موویان به‌و ئاراسته‌یە بوون‌ كه‌ دەسەڵات له‌ده‌ستی مه‌ركه‌زدا له‌ هه‌ولێر كۆنه‌بیته‌وه‌ به‌ڵكوو بۆ خواره‌وه‌ شۆڕبكرێته‌وه. گرفتی سیسته‌مه‌كه‌ له‌كوردستاندا ئه‌وه‌یه كە‌ پارێزگاكان داوای دەسەڵاتی جیبه‌جیكردنی زیاتر ده‌كه‌ن بۆ جیبه‌جێكردنی پرِۆژه‌ ستراتیژیيه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كاندا به‌جۆرێك كه‌مترین چاودێری وگه‌رانه‌وه‌ی بۆ مه‌ركه‌ز تێدا بێت. ئه‌مةش‌ پێیدهط‌وترێت (عدم تركیز ئیداری) واته‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چاودێری كارگێڕی كه‌ كاری حكومه‌تە له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی له‌ پارێزگا و یه‌كه‌خۆجییه‌كانی دیكەدا. ئه‌مه‌ش لادانه‌ له‌ خودی پره‌نسیپه‌كه،‌ چونكه‌ بةبێ چاودێریيةكی كارطيَرِي له‌ ناوەندەوە،‌ هه‌میشه‌ ترسی خراپ به‌كارهێنانی دەسەڵاته‌كان له‌ ئارادایه‌. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه، سێ هه‌نگاوی زۆر گرنگ بۆ شۆڕكردنه‌وه‌ی زیاتری دەسەڵاته‌كان هه‌ن كە‌ پێویسته‌ له‌ داهاتوودا ره‌چاوبكرێن:

یه‌كه‌میان: بریتیيه‌ له‌هه‌مواری یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2009ی هه‌مواركراوه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌جۆرێك كه‌ به‌رِوونی ئه‌و دەسەڵاته‌ ئیداری و داراییانە دیاریبكات كه‌ پێویستە بۆ پارێزگاكان‌ شۆڕبكرێنه‌وه‌.

دووه‌میان:  پێویسته‌ یاسای پارێزگاكان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جێبه‌جێبكریت، نابێ پارێزگاكان هه‌موو هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌یان بێت ته‌نيا دەسەڵاته‌ كارگێڕی و یاسایی و داراییەكان له‌ده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا بێت به‌لكو، پێویسته‌ له‌ویشه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ كارگێڕیيه‌ خۆجێیه‌كانی دیكە له‌ قایمقامیه‌ت و ناحیه‌كان شۆڕبكرێنه‌وه. هەروەها‌ په‌له‌ بكرێت له‌ دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زاو ناحیه‌كان به‌جۆرێك له‌چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی لامه‌ركه‌زی كارگێڕیدا، دادپەروەری زیاتر بچه‌سپێنێت.

سێیه‌م : ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ماوه‌یان به‌سه‌رچووه‌ و ده‌مێكیشه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه. دەبێ له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا كۆتایی به‌و ناشه‌رعیبوونه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كان بهێنرێت و هه‌ڵبژاردنێكی نوێ به‌پێی یاساكه‌ ئه‌نجامبدرێت و ئه‌و بۆشاییه‌ چاودێرییەی له‌ قه‌زاو ناحیه‌كاندا هه‌یه‌ پربكرێته‌وه، چونكه‌ ناكرێت تۆ داوای لامه‌ركه‌زی بكه‌ی بۆ پارێزگاكان و دەسەڵاته‌كان لای پارێزگاو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان چربكرێنه‌وه‌ و یه‌كه ‌كارگێڕیيه‌كانی دیكە بە كردەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نه‌بێ و له‌هه‌مان بازنه‌دا بسووڕیَنه‌وه‌ كه‌ گرفتی شۆڕكردنه‌وه‌ی دەسەڵاته‌ له ناوەندەوە‌ بۆ یه‌كه ‌كارگێڕیيه‌ خۆجیَیه‌كانی دیكە.

گرفتی پارێزگای سلێمانی لامه‌ركه‌زیيه‌ یان نا؟

له‌ڕاستیدا پره‌نسیپی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی و چه‌سپاندنی، یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما گرنگه‌كانی حوكمڕانیيةكی ره‌شید و دیموكراتی له‌وڵاتدا.‌ له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌گه‌ر به‌وریایيه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل نه‌كرێت مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ سةرئةنجام ببێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ی لێرةدا‌ گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێبكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ ئه‌م پرسه‌ وه‌ك ده‌سكه‌وتی سیاسی سه‌یربكریت و‌ بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسی لێی بڕوانرێت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تی زیاتری ناوچه‌ جۆراوجۆره‌ جوگرافیيه‌كان بێت. هه‌رچیش تایبه‌ت بێت به‌وەی‌ له‌سلێمانی ده‌گوزه‌رێت، خه‌ریكه‌ پرسه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دیكە ده‌بات. خه‌ڵك واتیگه‌یشتووه و تێده‌گه‌یيَندرێت كه‌ ‌ ته‌نيا سلێمانی گرفتی لامه‌ركه‌زی هه‌یه،‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا گرفته‌كه‌ سه‌رتاسه‌ریيه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ته‌واوی پارێزگاكانه‌وه‌ نه‌ك ته‌نيا سلێمانی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سلێمانی ره‌هه‌ندێكی سیاسی وه‌رگرتوه و‌ واهه‌ستی پێدە‌كرێت كه ‌شه‌رێكی سیاسی بێت وه‌ك له‌وه‌ی خه‌مێكی گه‌وره‌ی ئیداری  بێت. ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە ته‌نيا له‌كاتی قه‌یران و گرفته‌ سیاسیيه‌كاندا ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ورژێنرێت. ئه‌گه‌ر به‌و تێگه‌یشتن و تێزه‌بێ كه‌ كاتی خۆی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌مه‌به‌ستی شۆڕكردنه‌وه‌ی دەسەڵات له‌ مه‌ركه‌زه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ كارگێڕیيه‌ خۆجیَیه‌كان خستیه‌ڕوو، ده‌توانین بڵێین پرۆژه‌یه‌كی جدی و گرنگی سه‌رتاسه‌ریيه ‌و ئامانج لێی خزمه‌تكردنی ناوچه‌ دووره‌ ده‌ست و یه‌كه‌ كارگێڕیيه‌ بچووكه‌كانه. بەڵام ئه‌وه‌ی ئیستا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت زیاترمۆركی ململانێی سیاسی وهەوڵی ده‌ستگرتنی هێزێكی دیاریكراو‌ة به‌سه‌ر ئیداره‌ و دارایی پارێزگای سلێمانيدا.

بەشێکی گرفتی پارێزگاکان بەگشتی و سلێمانی سیاسیيە و پةيوەندی بە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیيەوەية لە پرسی بةرِيَوةبردنی کوردستاندا. بەشێکیشی پةيوەندی بە دۆخی یەکێتی دوای کۆنگرەوة هةية و ئەو دوورکەوتنەوەی لە نێوان پارتی ویەکێتیدا دروستبووە. یەکیتی دەیەوێ لەم رێگەیەوە طوشار دروستبکات و پارتی ناچاربكات مامەڵە لەگەل دۆخی نوێ بکات. سەرباری ئەوەی دەیەوێ ئەوەش بە پارتی بڵێ کە یەکێتی دوای کۆنگرە یەکێتیيەکی دیكەیە و چیتر دەستەمۆ ناکرێت، چونکە بەشێکی سەرکردەکانی ئێستای ئەو حيزبە باوەڕیان وایە كە یەکێتی هەمیشە لە پاشکۆی پارتیيەوە سیاسەتی کردووە.

Share this Post

شرۆڤە