RRC |
زریان رۆژههڵاتی|
مستەفا كازمی چەند جارێكە باسی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان دەكات. رەنگە بەشێكی ئەمە پەیوەندی بە هەوڵەكانی ئەو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی هەبێت، چونكە دەستەی دەروازە سنوورییەكان راستەوخۆ گرێدراوی سەرۆكوەزیرانە. بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان، بێجگە لەوانەی هەرێمی كوردستان، لانیكەم پێنچ دەروازەی سنووری لە كۆنترۆڵی سەرۆكوەزیران دا نین و لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە كۆنترۆڵ دەكرێن. بەڵام لەوانەیە ئەم بابەتە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان رەهەندێكی دیكەی هەبێت: پێویستە داوای كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری دیكە لەگەڵ توركیا( كۆراڤا- ئۆڤاكوێی) لەگەڵ چاودێریی دەروازەكانی دیكە، هاوكات لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی توركیا لە دەڤەری زاخۆ و ئەگەری سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق لە یەك تابلۆدا سەیر بكرێت.
بابەتەكە تەنیا خواستی دەوڵەتی عێراق نییە بۆ سەپاندنی سەروەری لە هەموو خاكەكەیدا. ئەمە زیاتر لە هاوئاهەنگییەكی ناوچەیی دەچێت بۆ ئەوەی كورد لاوازتر بكرێت.
بۆچی دووبارە كۆراڤا؟!
لە زەمانی سەدامەوە تائێستا توركیا داوای كردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاكویی دەكات، بەڵام بۆچی تائێستا عێراق ئەوەی نەكردووە و تازە بە تازە پێی رازی دەبێت؟ كۆراڤا یان بە ناوە توركییەكەی( ئۆڤاكویی) نزیكەی 15كم لە رۆژئاوای خابوور هەڵكەوتووە و ئەگەر لەوێوە نزیكەی 50-60 كم بە لێواری دیجلەدا شۆڕ ببێتەوە دەگەیە تەلەعفەر كە گەورەترین ناوچەی توركماننشینی عێراقە. پێدەچێ یەكێك لە هۆكارەكانی رازینەبوونی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ترسی پەیوەستكردنی توركیا بە ناوچەیەكی توركمانشین بووبێت. بەهەر هۆكارێك بێت، وادیارە بەرپرسانی ئێستای حكومەتی بەغدا رازیبوون و داوای ئەم دەروازەیە دەكەن كە رەنگە هۆكارەكەیشی تەنیا ئابووری نەبێت. پرسەكانی وەك هەبوونی دوو تەعریفەی گومركی خەریكە لادەچن، قەبارەی بازرگانیش لەچاو رۆژانی بەر لە كۆرۆنا زیاتر نییە تاوەكو بڵێین كردنەوەی ئەو دەروازەیە پێویستییەكی خێرایە. بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە ستراتیژێكی گشتگیرترەوە هەیە كە ئەویش كەلكردنی جوگرافیای كوردییە. جا ئەمە بە هێزی سەربازی و سوپایی بێت یان بە رێگەی دیكە!
تەنیا چەند ساڵێكی كەم بەرلە ئێستا بوو كە كورد وەك هێزێكی پیادەی كاریگەر لە شەڕی دژی تیرۆر لە میدیای جیهانی وێنا دەكران، بەڵام زۆری پێنەچوو كە بە پێشچاوی جیهانەوە هەوڵە ناوچەییەكان بۆ سنوورداركردن و لاوازكردنی كورد دەستیانپێكرد. هەنگاوی یەكەمی ئەمەش كەلكردنی جوگرافیای كوردی بوو لە ناوچەكە!
پێچەوانەی بەشێك لە شرۆڤە نێوخۆییەكانی كورد، ئەمە لەبەر گشتپرسی نەبوو! چونكە هەوڵەكانی لاوازكردنی كورد، دەمێك بەر لەوە و نەك لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیانپێكردبوو. لە 24ی ئابی 2016دا توركیا “ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فرات”ی دەستپێكرد و بەوەش یەكەم گرنگترین هەنگاوی لاوازكردنی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی بڕینی پەیوەندی جوگرافیایی ناوچە كوردییەكان دەستیپێكرد. ئەمە تازە نییە و لە ساڵی 1992ەوە توركیا بە رەزامەندی بابەتییانەی دەوڵەتانی ناوچەكە، لە رێگەی دانانی بنكەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەوە ئەو كارەی كردووە. لە شریتێكی سنووریدا لە دەڤەری سۆرانەوە تاوەكو عەفرین( سۆران – شێلادزێ، زاخۆ، شەنگال، سەرێكانی و گرێسپی، جەرابلوس- باب)لە مەودایەكی رێژەیی نێوان 100-200كیلۆمەتردا شوێنێكی بۆ ئۆپەراسیۆن هەڵبژاردووە و بە كردەوە جوگرافیای كوردی لێكدابڕیوە وهەبوونی پارتی كرێكارانی كوردستانیشی وەك پاساو بەكارهێناوە.
كردنەوەی دەروازەی كۆراڤا لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دابڕاندنێكی دیكەی جوگرافیای كوردە لە یەكتری و ئامرازە ئابوورییەكانی دەستی توركیا و عێراق بۆ گوشاردانان لەسەرهەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.
خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە خودی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كەسێكی ئەمنییە و سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانیش (عومەر عەدنان ئەلوائیلی) كەسێكی سەربازی- ئەمنییە و لە دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەوە هاتووە. بۆیە ئەمە ئەگەری زاڵبوونی روانینی ئەمنی بۆ پرسێكی وەك كردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ، زیاتر دەكات.
خەزانی ناوچە ئۆتۆنۆمییەكان
پرسی لاوازكردنی كورد تەنیا بابەتێك نییە كە بە كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری نوێ بكرێت و چەندین رەهەندی جیاجیای هەیە. بەگشتیش، هاوشانی خراپبوونی دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچە ئۆتۆنۆمە گرنگەكانی جیهان، پێگەی هەرێمی كوردستانیش لە داكشاندایە. لەوانەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوڕایی – هاوكارییەكی ناوچەیی هەبێت بۆ ئەوەی كورد لاوازتر بكرێن.
جموجۆڵی سەربازی توركیا و ئێران لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانی بەغدا بۆ ملكەچكردنی زیاتری سیاسی- ئابووریی هەولێر بەیەكەوە گرێدراون وخراپی دۆخی نیوخۆیی، لە دەرهاوێشتەكانی گەندەڵی دارایی و ئیداری وە بگرە تاوەكو ركابەرییە پایەدارە نێوخۆییەكانی حیزبەكانی كوردستان، لەگەڵ چاوپۆشیی و دووفاقیی سیاسەتی رۆژئاوا بەرامبەر ناوچە ئۆتۆنۆمەكانی جیهان، هۆكاری بەهێزبوونی زیاتری هەوڵەكانی لاوازكردنی كوردن.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خواستی بەشێك لە دەوڵەتان بۆ سنوورداركردنی ناوچە ئۆتۆنۆمییەكانیان زیاتر بووە. هەوڵەكانی چین بۆ زاڵبوونی زیاتر بەسەر هۆنگ كۆنگ، بڕیارەكانی هیندستان سەبارەت بە ناوچەی كشمیر و هەوڵەكانی بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێی بۆ گرمۆڵەكردنی هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵات وهەوڵەكانی ئیسپانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی خواستی جیابوونەوەی كەتەلۆنییەكان لە رۆژئاوا لە دیارترین نموونەكانی ئەوەن. لە 40 وڵاتی گرنگی جیهاندا، 121 ناوچە هەن كە جۆرێك لە ئۆتۆنۆمییان هەیە، بەڵام دۆخی ئەمانە لانیكەم گرنگترینەكانیان، گرێدراوی هاوسەنگییە سیاسییەكانی هێزداری لە جیهان، هەڵبەز و دابەز دەكات. بێجگە لە نموونەی ئیسپانیا، رۆژئاوا بەشێوەیەكی دیموكراتیانەتر لە شوینەكانی دیكەی دنیا لەگەڵ دۆخ و خواستی ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمانە مامەڵە دەكات، بەڵام دووفاقییەك لە سیاسەتی ئەمریكا و رۆژئاوا بەرامبەر پرسەكانی بەشكردنی سەروەری لە ناوچە ئۆتۆنۆمەكانی شوێنەكانی دیكەی جیهاندا هەیە. ئەمە لەوانەیە لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی رۆژانەی ئەواندا بێتەوە، بەڵام لەگەڵ بەهاكانی رۆژئاوادا یەكناگرێتەوە. بەوپێیەی كە سەرەڕای سیاسەتی هەندێك لە دەوڵەتان، هێشتا ئەوە رۆژئاوایە كە تاقە شوێنی بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلەكانی دژە دیموكراسی و پاوانخوازین، هەڵوێستی رۆژئاوا كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر داهاتووی ناوچە ئۆتۆنۆمەكانی جیهان بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەبێت.
ئەنجام
فەلەستینی لێدەرچێت كە هەمووان هەقی دەوڵەتبوونی پێدەدەن، هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی گرنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وادیارە سیستەمە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە چاویان پێی هەڵنایە.هەوڵەكانیش بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووریی كۆراڤا تەنیا یەكێكە لە هەوڵەكانی لاوازكردنی كورد و هەمووی نییە. بێگومان بەم دۆخە نێوخۆییەی ئێستاشەوە ناتوانێ بەرپەرچی هەوڵەكانی لاوازكردنی خۆی بداتەوە. بۆیە ئەگەر بەتەمابێ لەوە زیاتر گرمۆڵە نەكرێت، پێویستە دانوستاندنێكی نێوخۆیی كوردی، هەوڵی راستەقینەی چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی هەبێت بۆئەوەی خەڵك خۆی بە خاوەنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بزانێت و ئەوە تەنیا بۆ دەستەبژێرێكی سیاسی بەجێنەهێڵێت. وەك ئەوەی خەڵكی هۆنگ كۆنگ بۆ پاراستنی قەوارەكەی خۆیان دەیكەن!
گرنگە بۆ دەستەبژێر و رای گشتی عێراقی ئەوە روونبكرێتەوە كە یەكێك لە رێگەكانی بەهێزبوونی عێراق جیاوازبوونی سیستەمە سیاسییەكەیەتی لەوانەی كە لەم ناوچەیەدا هەن. ئەگەر بەرەو دووبارەكردنی مۆدیلەكانی ئەوانەی دیكە بڕوات، لەوان زیاتری لێدەرناچیت، بەڵام هەنگاونانی عێراق بەرەو دیموكراسی و فیدراڵی راستەقینە بەهێزتری دەكات. بۆیە هەرێمی كوردستان دەتوانێ عێراق بەهێزتر بكات نەك لاواز.
هەروەها بەرجەستەكردنەوەی سوودەكانی مانەوە و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بۆ دنیای رۆژئاوا بە تایبەت لەڕووی جەنگی دژی تیرۆرەوە گرنگن. بێجگە لەوەش، جەختكردنەوە لە ئەركی ئەخلاقی رۆژئاوا بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان و بڵاوكردنەوەی چەندین وتار و چاوپێكەوتنی بەرپرسانی سیاسی كوردی بۆ میدیای جیهانی گەلێك بایەخدارە. چونكە ئیستا ئیدی زیاتر لە جاران رای گشتی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا كاریگەرە وسەركردەكانی رۆژئاوا زاتی ئەوە ناكەن پشتگوێی بخەن. ئەگەر دیموكراسی و مافی مرۆڤ هێشتا نووزەیەكی تێدا مابێت هێشتا هەر لە رۆژئاوایە و رۆژئاواش ناتوانێ بەرامبەر پاوانخوازی و دەسەڵاتگەرایی رژیمەكانی دیكەی جیهان بێدەنگ بێت. چونكە زیانەكەی ئەمە دواجار بۆ ئەوانیش دەگەڕێتەوە. ناكرێ “كوردانی ئەم ناوچەیە بە ترسنۆكێك بزانی كە بەردەوام هەڵدێن” ئەویش لەكاتێكدا كۆمپانیا و بازرگانەكانی رۆژئاوا چەك و كەرەستەی سەربازی پێشكەوتوو بە وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەفرۆشن!