شرۆڤە

لە پاڵ گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا: ئێران دۆسییەی جێنشینی رابەری باڵا دەکاتەوە

19-11-2024


بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ناوازەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی تاران و بەغدا، هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی لە ئێران، کاریگەریی راستەوخۆ لە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەبێت. بەپێی ماددەی 110ی دەستووری ئێران، رابەری باڵا دەسەڵاتی رەهای بە سەر هەموو جومگە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دەوڵەتدا هەیە، بۆیە گۆڕانکاری لەوەدا رەنگدانەوەی گەورەی لە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراقیش دەبێت.

لە سایەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، قسە و باسەکان سەبارەت بە جێنشینی چاوەڕوانکراوی رابەری باڵای ئێران زیاتر بوون و ئەوەی لەم هەلومەرجەشدا گرنگیدانی بە ئەم بابەتە زیاتر کردووە، ئەوەیە کە خودی رابەری باڵای ئێران قسەی لە سەری کردووە.

وتارەکەی خامنەیی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە وتارێکدا لە 7ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی، پێداگریی لەسەر رۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنەکە لە دانانی رابەردا کرد و، ئەوەی بە ئەرکێکی "زۆر هەستیار" ناوبرد کە دەشێت چارەنووسی تەواوی سیستمەکە دیاری بکات. ئایەتێکی سورەتی (ئال عمران)یشی هێنایەوە کە دەڵێت: "أفإن مات أو قتل انقلبتم على أعقابكم"، وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕی ئوحود و جەختکردن لە گرنگیی خۆڕاگری و پابەندبوون بە ڕێگای راست تەنانەت لە کاتی نەمانی سەرکردەیەکیشدا. گوتیشی کە ئەنجوومەنی شارەزایان بەرپرسیارییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە و دەبێت بە وردی و گرنگییەکی زۆرەوە لە کاتی نەمانی سەرکردە بە کردەیی، دەستبەجێ سەرکردەیەکی نوێ هەڵبژێرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی مەرجە دەستوورییەکان، پێویستە رابەر باوەڕێکی پتەوی بە رێگای شۆڕش هەبێت و ئامادەیی بەردەوامیدان وهەنگاونان بەرەو پێشەوەی هەبێت.

کاردانەوەکان بەرامبەر بە قسەکانی رابەری ئێران

لەو پەیوەندییەدا، وتارخوێنی بەناوبانگی ئێرانی حەیدەری کاشانی، رۆژێک دوای وتارەکە، ئەو لێدوانانەی خامنەیی بە بێ وێنە وەسف کرد و ئاماژەی بە گرنگی هێنانەوەی ئایەتەکەی قورئانی کرد کە پەیوەست بووە بە مردن یان کوشتنی پێغەمبەری ئیسلام و ئەوەی خستەروو کە پەیامەکانی ئەو وتارە پێویستیان بە تێڕامانی قووڵ هەیە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی بەردەوام دەکات. کاشانی ئاماژەی بەوەش کرد کە رابەری وڵاتەکەی جەختی لەوە کردووە ئەنجوومەنی شارەزایان دەستبەجێ جێگرەوەکەی دەستنیشان بکەن.

رۆژی دواتر، لە چاوپێکەوتنێکی درێژخایەندا لەگەڵ ماڵپەڕی “دیدبان ئێران” کە دوو کاتژێر و 24 خولەکی خایاند و لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، عەباس بالیزدار، ئەندامی لێژنەی لێپرسینەوە و پشکنینی خولی حەوتەمی پەرلەمانی ئێران، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە فایلەکانی گەندەڵی لە دەسەڵاتی دادوەری پێک هێنراوە، وردەکاریی شۆکهێنەری لە گەندەڵی لە دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرا کرد و گوتی، لێکۆڵینەوەکانیان، تێوەگلانی 52 بەرپرسی لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵیدا دەرخستووە کە کەسانی وەک مەحمود شاهرودی و محەمەد یەزدی، هەردوو سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و، کەسە دیارەکانی دیکەی وەک ئیمامی کاشانی-یان تێدایە. بالیزدار زیاتر باسی دۆسیەکانی گەندەڵی ئەو بەرپرسە کاریگەرانەی ئێرانی کردووە کە مردوون و لە ژیاندا نەماون. لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر موجتەبا خامنەیی ببێتە رابەر، تاکە کەسێک دەبیت کە توانای راگرتنی گەندەڵی و لێپرسینەوەی لە گەندەڵکاران دەبێت.

لەراستیدا ئەم فایلانە بۆ خەڵکی ئێران تازە نین بەڵکو دادگایی نەکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون یان ناویان هاتووە، یەکێکە لە هۆکارەکانی توڕەیی شەقام. بەڵام رەنگە  باسکردنەوەیان لەلایەن پالیزدارەوە زیاتر بۆ هێورکردنەوەی خەڵک و کردنەوەی دەرگای باسی بەربژێرکردنی موجتەبا خامنەیی بێت بۆ رابەرایەتی وەک تاکە رزگارکەرێک لەو دۆخە خراپە.

بالیزدار ئاماژەی بەوەش کردووە، کە موجتەبا خامنەیی لەم دواییانەدا وتنەوەی وانەی ئاینیی لە ئەپڵیکەیشنی مەجازی راگرتووە؛ ئەوەش وەک هەنگاوێک سەیر دەکرێت کە ئامانجەکەی ئامادەکاری بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی رابەر.

دوو رۆژ دوای لێدوانەکانی بالیزدار، مەهدی نەسیری، نوێنەری پێشووی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، کە ئێستا بووە بە نەیارێکی رژێم، لەو بارەیەوە لە رۆژنامەی کەیهان باسی شتی گرنگی پشتی پەردەی کرد. نەسیری گوتی: لەدوا دانیشتنەکانی خوولی پێشووی ئەنجوومەنی شارەزایانی سەرکردایەتیدا، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن پشتگیرییان لەوە کردووە کە موجتەبا خامنەیی شوێنی رابەری باڵا بگرێتەوە، بەڵام دژایەتی توندی ئیبراهیم رەئیسی، جێگری ئەوکاتەی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان و سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، هەروەها ئەحمەد خاتەمی، ئیمام جومعەی کاتیی تاران، گرژییەکی گەورەی دروست کرد و لە ئەنجامی ئەوەشدا دانیشتنەکە پەکی خرا. هەرچەند سەرچاوەیەکی دیکە باسی ئەمەی نەکردووە بەڵام نەسیری ئاماژەی بەوە داوە کە دوای ئەو رووداوانە، ئەنجومەنێکی نوێی شارەزایان بە پشتیوانیی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور پێکهێنرا، ئەوەش بە هەنگاوێک دەزانێت بە ئاراستەی پشتگیریکردن لە پرۆژەی جێنشینیی موجتەبا خامنەیی.

حسێن شەفیعی کاشانی لە وتاری نوێژی هەینی رابردوودا لە شاری ساری، ئاماژەی بەوە دا کە خامنەیی داوای لە ئەنجومەنی شارەزایان کردووە بیر لە دانانی رابەری داهاتوو بکەنەوە؛ بەڵام ئەبولحەسەن مەهدەوی، لە وتاری هەینیدا لە شاری ئیسفەهان، لە گرنگیی وتارەکەی خامنەیی کەمکردەوە و باسی لەوە کرد کە تازە نییە، بەڵام ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەک لە ئەنجومەنی شارەزایان بە نهێنی سێ کەسیان وەکوو کاندید بۆ رابەری داهاتووی ئێران دەستیشان کردووە کە لە داهاتوودا لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە دەنگیان لە سەر دەدرێت.

وتارەکەی حەیدەری کاشانی ژاوەژاوێکی بەرفراوانی لە ئێران و لە سۆشیالمیدیادا دروست کرد و، مەحمود رەجەبی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان، قسەکانی کاشانیی رەت کردەوە و وتەکانی رابەری باڵای وڵاتەکەیشی بە شتێکی ئاسایی لە قەڵەم دا، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە ئەنجومەنی شارەزایان کراوە.

بەپێی هەندێک زانیاریی دزەپێکراو، ئەو دانیشتنە لە 26ی ئەیلوولی 2024 بەڕێوەچووە، هەریەک لە موجتەبا خامنەیی و محەمەد مەهدی میرباقری و عەلیڕەزا ئەعرافی بۆ پۆستی رابەر کاندید کراون، هەرچەند کە هێشتا هێچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە نییە بەڵام دەتوانین بێژین میرباقری بە یەکێک لە توندڕەوترین پیاوانی ئایینیی ئێران دادەنرێت و هەر کاتێک باسی ناوەکەی بکرێت، مەبەست زیادکردنی جانسی رکابەرانیەتی بۆ بردنەوە. سەبارەت بە ئەعرافی، هیچ پەیوەندییەکی بە سوپای پاسدارانەوە نییە و، زیاتر بە شارەزایی لە بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی ناسراوە بە بێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی گرنگی سیاسیی هەبووبێت.

چارەنووسی کاندیدەکانی پێشووی رابەرایەتی

هەموو ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا ناویان وەک کاندید بۆ پۆستی رابەر لە ناوان بووە یان لە ژیاندا نەماون یان لە گۆڕەپانی سیاسی دوور خراونەتەوە. هاشمی رەفسەنجانی لە ساڵی 2017 و، مەحمودی شاهرودی لە ساڵی 2018 و، محەممەد تەقی مەسباح-یەزدی لە ساڵی 2021 کۆچی دواییان کردووە.

حەسەن خومەینی، نەوەى رابەری شۆڕش، سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە لە حەوزەی قوم وانەبێژی خوێندنی دەرەکی بووە، بەڵام شایستەییەکەی بۆ ئیجتیهاد پەسەند نەکرا، هەر ئەمەش بووە هۆی رێگری لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایاندا. سادقی لاریجانی سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادی ئێران، بەهۆی تۆمەتبارکرانی کچەکەی بە سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا و دۆسیەی گەندەڵی پەیوەست بە یەکێک لە براکانی، هەروەها دەستگیرکردنی عەلی ئەکبەر تەبەری کە لێی نزیک بوو و بەڕێوەبەری چالاکییە ئابوورییەکانی بوو، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە. ئەو قەیرانەش کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە مافی خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بە عەلی لاریجانیی برای نەدرا کە لەهەمانکاتدا سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیش بوو. ئەمەش وای کرد سادق لاریجانی وەک ناڕەزایەتییەک نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور پێشکێش بکات و بە یەکجاری لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخرایەوە، هەرچەند وەک راوێژاکری رابەر و سەرۆکی دەستەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام مایەوە.

ئەحمەد جەننەتی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی شارەزایان، بەهۆی ئەوەی بەساڵاچووە و تەمەنی ٩٧ ساڵە، لە هەڵبژاردنی ئەم خوولەدا خۆی کاندید نەکرد. چاوەڕوان دەکرا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بەو پێیەی جێگری یەکەم بوو شوێنی بگرێتەوە، بەڵام رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە هاوکێشەکەی گۆڕی. چەند مانگ بەر لەو رووداوەش، وەحید حەقانیان، یاریدەدەری پێشووی جێبەجێکار لە نووسینگەی رابەری باڵا، مشومڕێکی زۆری نایەوە کە باسی پرسیارکردنی رەئیسیی لەبارەی چانسی جێگرتنەوەی ڕابەری باڵا کردبوو.

لە هەمانکاتدا ئەحمەد خاتەمی کە وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارەزایان هەڵنەبژێردرایەوە و پێگە سیاسییەکەیشی لە چاو جاران کەمی کرد، چانسێکی زۆری بۆ کێبڕکێی پۆستی رابەر نییە.

لەلایەکی دیکەوە حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان بوو، هەوڵی وەرگرتنی پۆستی رابەری داهاتووی دەدا، بەڵام کاندیدبوونەکەی بۆ خوولی نوێ رەتکرایەوە و، بەوەش، بە شێوەیەکی بە کردەیی لە دیمەنە سیاسییەکە دوورکەوتەوەوە و چانسەکانی کەمیان کرد.

لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی شارەزایاندا کە شەش مانگ لەمەوبەر بەڕێوەچوو، عەلی حوسێنی ئەشکووری، نوێنەری پارێزگای گیلان وتارێکی پێشکەشیکرد کە تیایدا گوتی ئەرکی حاکمی ئێستایە جێنشینێک بۆ خۆی دیاری بکات، هەرچەندە دەستوور پێچەوانەی ئەمەیە.

پێشنیارکردنی ناوی موجتەبا خامنەیی

لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە چەند رۆژی رابردوودا، کە رەنگە دەرفەتی لەبارتر بۆ ئیسرائیل بڕەخسێنێت و مەترسی بۆ سەر ژیانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران زیاتر بکات، لەوانەیە ئێران لەم هەلومەرجەی ئێستادا دەرفەتێک بۆ رێگا خۆشکردن بۆ گواستنەوەی سەرکردایەتی بۆ کوڕی رابەری ئێستا بدۆزێتەوە. بە تایبەتی کە پۆستی رابەری باڵا بە پێگەیەکی ئایینی تەقلیدی نازاندرێت، وەک مەرجەعەکانی دیکەی شیعە کە بەزۆری بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ ناگوازرێنەوە. بەڵکو ئەم پۆستە وەک ویلایەتێکی سیاسی- ئایینی سەیر دەکرێت کە نوێنەرایەتیی درێژکردنەوەی ئیمامی بێ هەڵە دەکات، کە گواستنەوەی لەرێگەی ڕەچەڵەکەوە لە باوکەوە بۆ کوڕ شتێکی ئاسایی بووە.

لەو چوارچێوەیەدا، یەکەم جارە ناوی موجتەبا خامنەیی لەم ئاستەدا بڵاودەبێتەوە و، رەنگە ئەمەش بۆ تاقیکردنەوەی کاردانەوەی شەقامی ئێرانی بێت.

موجتەبا خامنەیی (لەدایکبووی 1969 )، کوڕی دووەمی رابەری باڵای ئێرانە (براکانی مستەفا 1965، مەسعوود ١٩٧٤، مەیسەم ١٩٧٨، و خوشکەکانی بوشرا 1980، هۆدا  1981) زاوای حەداد عادل سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێرانە و لە ساڵی ١٩٩٧ەوە رۆڵێکی گرنگی لە بەڕێوەبردنی نووسینگەی باوکیدا هەبووە.

Share this Post

شرۆڤە