شرۆڤە

لە قۆناخی پاش حەلبووسی چی روودەدات؟

15-11-2023


لادانی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاریگەرییەکی راستەوانەی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بکرێت. لە گریمانەی کاردانەوەی سەدر بەرامبەر لادانی کۆنە هاوپەیمانەکەی و جووڵەی گریمانەیی دووانەی سەدر -حەلبووسی بۆ قۆناخی داهاتوو، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت. خۆ ئەگەر ئەوەش روونەدات و سەدر خۆی لێ کەڕ بکات، ئەوسا بە ئەگەری زۆر گڵۆڵەی حەلبووسی وەک بەهێزترین سیاسەتمەداری سوننی لە ئەمڕۆی عێراق دا دەکەوێتە لێژی!

حەلبووسی سیاسییەکی سوننە بوو کە بەهۆی پاڵپشتیی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە توانی بەسەر رکابەرە سوننییەکانیدا زاڵ بێ و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پێ بگات، بەڵام مانگی هەنگوینی ئەو لەگەڵ ئەو گرووپانە لەدوای رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی سەدر- پارتی- تەقەدووم لە پاش هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 کۆتایی هات. لەدوای پێکهاتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەتیش، بابەتی لادانی حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، گفتوگۆیەکی بەردەوام، بەڵام لاوازی پشت پەردەکانی سیاسەت بوو. هەرچەند مەحموود مەشهەدانی بەردەوام وەک بەربژێرێک ئامادە بووە بۆ باسەکانی شوێنگرتنەوەی حەلبووسی، بەڵام ناوی کەسانی دیکەی وەک خالیدی عوبێدیش لە ئارادا بوو .

پاساوە یاساییەکانی لادانی حەلبووسی هەرچۆنێک بن، پێدەچێت ئەمە دووەمین پێشهاتی گرنگی نێوخۆیی عێراق بێت سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی لایەنەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر- بارزانی - حەلبووسی. ئەویش دوای ئەوەی کە زیاتر لە ساڵێکە هەولێر لەژێر گوشارێکی ئابووری و سیاسیی چەند لایەنەدایە. بە ئەگەری زۆر دوایین ئەڵقەی کاریگەرییەکانی کشانەوە لەناکاوەکەی سەدر لە پەرلەمان و رێخۆشکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن رکابەرەکانی، لاوازبوونی خودی سەدر دەبێت، ئەویش لە رێگەی لەدەستدانی کاریگەری و نفووزەکەی لە ئیدارەی پارێزگاکانی باشووری عێراق. دیارە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت.

پێدەچێت لادانی حەلبووسی هەواڵێکی دڵخۆشکەر بێت بۆ لیستەکانی رکابەری ئەو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەکو (الحسم)، (العزم) و (السیادة). ئەمە بێجگە لە بەرەیەکی فراوانی دیکەی سیاسییەکانی پێشووی سوننە کە بەهۆی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی حەلبووسی، لەماوەی رابردوودا پەراوێز کەوتبوون. بێجگە لەوەش پێدەچێ بەشێک لە گرووپە شیعییەکان کە لە رابردوودا لەڕێگەی گەڕاندنەوەی کەسانی وەک عەلی حاتەم سلێمان و ماڵی ئەبوڕیشە و دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی لە ئەنبارەوە دەیانویست هێزی حەلبووسی کەم بکەنەوە، بەو بڕیارە دڵخۆش بن.

حەلبووسی بە کشاندنەوەی وەزیرەکانی، تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیێکی کاتی گرفت بۆ کابینەی حکومەتەکەی سوودانی دروست بکات کە هەر بۆخۆی بەشێک لە گرووپە شیعییەکانیش لێی رازی نین، بەڵام ئەگەر حەلبووسی دەنگی خۆی بخاتە پاڵ سەدر و داوای بایکۆت بکات، ئەوسا تەگەرەیەکی گەورە بۆ ئیتار دروست دەکات و ئەمەش لەوانەیە ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردن زیاتر بکات.

بەپێی بڕیاری دادگە، ئێستا ئیدی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە. ئەمەش لەدوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکان وەک لادانی فەرماندەی هێزی دژەتیرۆر و هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی زیاتری هەولێر، لەم کاتەدا پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سیاسەتی عێراقدا بەهێزتر دەکات، بەڵام بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، دۆخی هەڵبژاردن، هەروەها جموجوڵی داهاتووی سیانەی حەنانە- ئەنبار- هەولێر دەریدەخەن کە ئەو بەهێزییە تا سەر دەبێت یان نا.

Share this Post

شرۆڤە