RRC |
حوسێن عومەر |
بەرایی
شاری قامیشلۆ یەکێک لە گەورە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە کاژێر ١٠ی شەوی سێشەممە، ٢٠ی نیسان، پێکدادانی چەکداریی لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی سەربە ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی بەرگری نیشتیمانیی لە حەسەکە(میلیشیای سەربە حکومەتی سووریا) بە خۆوە بینی.
ئەم پێکدادانە چڕە و هەندێکجار چەکی قورسی تێدا بەکاردێت و هەندێکجاریش هێور دەبێتەوە .
پێکدادانەکان لە دوای ئەوە دروستبوو کە یەکێک لە ئەندامانی ئاسایشی رۆژئاوا لە کاتی ئەرکەکەی لەناو شاری قامیشلۆ، بە فیشەکی چەکدارانی بەرگری نیشتیمانی گیانی لەدەستدا. ئەمەش یەکەمجار نیە کە حاڵەتێکی وا لەنێوان هێزەکانی ئیدارەی خۆسەرو میلیشیاکانی بەرگری نیشتیمانی یان لەگەڵ هێزەکانی رژێمی سوریا لە ناوچەکانی تەماسدا رووبدات. بەڵکو پێشتر چەندین جار روویداوەو دووبارەبۆتەوە.
پێشهاتی ئەمنی نەک سیاسی
لەڕێگەی تەماشاکردنی ئەو پێکدادانانەی لە ٢٤ کاژێردا روویدا، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمە رووداوێکی ئەمنیی سنوردارە و پێشهاتێکی سیاسی کراوە نیە. بەو وانایەی کە هیچ بڕیارێکی سیاسی لەلایەن لایەنەکانی ناکۆکییەکەدا (حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر) نەدراوە بۆ ئەوەی پەنا بۆ رووبەڕووبونەوەی سەربازی بۆ گۆڕینی واقیعی مەیدانی لەوناوچانەدا بەرن کە دەکرێت بە ناوچەکانی پێکەوەژیانی نابەدڵی ناویان ببرێن. پێکدادانەکان تەنها لەسنووری گەڕەکێکیدا بوون و بۆ گەڕەکەکانی دیكە یان هێڵەکانی تەماسی نێوان هەردوولا تەشەنەیان نەكرد. هێزەکانی رژێمی سوریاش بەشدارنەبوون و تەنها میلیشیاکانی بەرگری نیشتیمانی بوون. لەم رۆژانەی دواییدا کەشی پەیوەندیی نێوان حکومەتی سووریا وئیدارەی خۆسەر، هیچ ئاماژەیەکی بۆ رووبەڕووبونەوە نەبووە بەڵکو بۆ گفتووگۆ هەبووەو، جارێکی دیكە کەناڵەکانی گفتووگۆ کراونەتەوە. بەپێی زانیاریەکانمان، هەوڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی خولێکی دیكەی گفتووگۆ لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سووریا لەوانەشە ئەم دیدارانە لە دیمەشق کرابێتن بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەیان ئاشکرا کرابێت. ئەو دۆخەی کە هەردوولای پێدا تێپەڕدەبێت، بەدەر لە زیادبوونی کۆرۆنا لەناوچەکانیان، قەیرانی دارایی وگوزەرانی قورس، وادەکات کە هەردوولا پێویستیان بە یەکتر بێت. بەتایبەتی پێویستی حکومەتی سووریا پێویستیی بە نەوت ودانەوێڵە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر هەیە و، پێویستیی ئیدارەی خۆسەریش بە کاڵاو کەلوپەلی بەکارهێنان هەیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا سەرچاوەی سەرەکین. لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە لێكتێگەیشتن هەیە لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا سەبارەت بەدۆخی نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر و، هیچ ئاماژەیەکیش نیە کە یەکێک لە پاڵپشتیکارانی نێودەوڵەتی دژی ئەم دۆخە بوەستنەوە. هەروەک گۆڕینی دۆخی راوەستاوی شاری قامیشلۆ و دەورووبەری مەلەفێکی دابڕاونیە لە شاروناوچەکانی دیكە لە حەسەکەوە بۆ حەلەب تا دەگاتە ناوچەی شەهبا و باکووری حەلەب. لەدواجاردا ئەوەی کە ئیدارەی خۆسەر زۆر هەوڵی بۆ بدات ئەوەیە کە وەبەرهێنان بکات لەوەی میلیشیاکانی بەرگری نیشتیمانی هۆکاری دروستبوونی ئەم پێکدادانەن و دەوری ئەم میلیشیایانە لە هەندێک لە ناوچەکانی تەماس سنووردار بکات و رەنگە کۆنترۆڵیان بەسەر ئەوناوچانە کەمبکاتەوە.
نێوەندگیری روسی
رووسیا بەشیوەیەکی بەردەوام رۆڵی بینیووە لە رێگەگرتن لە ئاڵۆزی سەربازی نێوان حکومەتی سوریاو ئیدارەی خۆسەردا لە ناوچەکەدا. هەروەکو جاران هێزەکانی روسیا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆن وشەوی سێشەممە، بە پەلە پەیوەندییان بە هەردوولاوە کرد و بانگهێشتیان کردن بۆ ئەوەی بۆ کۆنترۆڵکردنی رووداوەکە دیداروکۆبوونەوە بکەن. لە راستیشدا کۆبوونەوە ئەنجامدراون بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. هەڵبەت رووسەکان شکستهێنانی هەوڵەکانیانی خۆیان لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
رووسیا لەوە تێدەگات کەئەم ناکۆکیە ئەمنی و پێکدادانانە کە جاربەجار روودەدەن، بەردەوام دەبن ئەگەر گفتووگۆیەکی راستەقینە لەنێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەردا نەبێت کە ببێتە رێککەوتن لەسەر چەندین ئاستی سیاسی ، سەربازی وئیداری. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا رازین بەنێوەندگیری رووسی بەڵام، کێشەکە لە رۆڵی رووسیدا ئەوەیە کە رووسیا ناخوازێت یان ناتوانێت گوشارێکی راستەقینە بخاتە سەر حکومەتی سووریا بۆ ئەوەی گفتووگۆیەکی راستەقینە لە گەڵ ئیدارەی خۆسەردا قبوڵبکات. لەوانەیە رووسیا لەوە بترسێت کە ئەم گوشارە جدییەی لەسەر حکومەتی سووریا، ببێتە هۆی ئەوەی کە رژێم زیاتر بچێتە باوەشی ئێرانەوە وپێوەی پەیوەست بێت.
ئەنجام
-پێکدادانەکان رووداوێکی ئەمنی سنووردارەو پەیوەست نیە بە بڕیاری گۆڕینی دۆخی مەیدانی لە قامیشلۆدا.
-لەم قۆناخەدا نە رژێمی سووریاو نەئیدارەی خۆسەر هەوڵی رووبەڕووبونەوەی سەربازی فراوان نادەن.
-رووسیا رۆڵی دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی ئەم رووداوەو رێگرتن لە فراوانبوونی.
-ئەم ئاڵۆزییە ئەمنیانە کۆتاییان پێنایەت تەنها لە رێگەی چارەسەری سیاسیەوە نەبێت، جا ئەمە چارەسەرێکی سەرتاسەری سووریا بێت یان لە نێوان حکومەتی سووریاو ئیدارەی خۆسەربێت.