شرۆڤە

لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکانی لوبنان لەسەر پێگەی ئێران لە ناوچەکە

16-07-2022


دەستپێک

هەركاتێك رەهەندەکانی شوناسی مرۆڤ، وەکو ئایین، نەتەوە و خاک رووبەڕووی مەترسی بێتەوە، گیانی بەرخۆدان و پارێزگاری لەخۆ پەرەی سەندووە و بە درێژایی مێژوو، سیاسەتیش سودی لە تەیارکردنی گەلان بەناوی پارێزگاری لەو رەهەندانەی ناسنامە وەرگرتووە. ئەمە، ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخیشدا هەیە و لەوبارەیەوە، مۆدێڵی ئێران و هێزە شیعییەکانی ناوچەکە، کە لە چوارچێوەی چەمکی ویلایەتی فەقیھدا رێكخراوە، نموونەیەكی بەرچاوی ئەو جۆرە سیاسەتەن. هەڵبژاردنەكەی ئەودواییەی لوبنانیش كە تێیدا دەنگەكانی حزبوڵڵا كەمی كرد فاكتەرێكی گرنگە و كاریگەری لەسەر ئەو سیاسەتە دەبێت كە لێرەدا باسی لێ دەكرێت.

پەیوەندی حزبوڵڵا و ئێران

بۆ ڕوونکردنەوەی [1]هەژموونی ئێران و رۆڵی ویلایەتی فەقیھ، حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە هەشتاکانی سەدەی پێشوو، بەمشێوەیە لای خوارەوە قسەی كردووە:

  • پرۆژەی سیاسیمان وەکو باوەڕدار کە بژاردەیەکی ترمان جگە لەوە نییە، ئەوەیە کە لوبنان بەشێک بێت لە کوماری ئیسلامیی گەورە کە لەلایەن ئیمامی زەمان (مەهدی) و جێنشینەکەی، واتا ئیمامی خومەینییەوە سەرکردایەتی بکرێت.
  • لە بارەی پەیوەندی حزبوڵڵا بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، من وەکو کەسێک کە ئەندامی حزبوڵڵام و لە ئۆرگانە کاراکانیدا کاردەکەم، تەنیا ساتێکیش لەم ئۆرگانانەدا نامێنمەوە ئەگەر دڵنیانەبم کە ئەمانە پەیوەستن بە وەلی فەقیهەوە کە پێویستە بڕیارەکانی جێبەجێ بکرێن. سەبارەت بە پەیوەندی ئۆرگانیمان بە سەرکردایەتی شۆڕسی ئیسلامی و ویلایەتی فەقیهەوە لە ئێران، شتێکی بڕاوەیە و لەپێناویدا دەکۆشین و دڵنیاین کە خوێنمان لەسەر ڕێبازی ویلایەتی فەقیهدا دەڕژێت.
  • ئایا وەلی فەقیھ دەسەڵاتداران لە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامیدا دادەمەزرێنێت و شەرعیەتیان دەداتێ؟ بەڵێ، چونکە وەلی بوونی نەبەستراوەتەوە بە شوێنێکی جوگرافییەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە موسڵمانانی تێدان.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دیكەدا لە ساڵی ٢٠١٦، لە بارەی یارمەتیدانی ئێران بۆ حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا زۆر بەڕوونی گوتوویەتی:

  • [2] بودجەی حزبوڵڵا، مووچە وخەرجییەکانی، خواردن و خواردنەوەی، چەک و مووشەکەکانی هەموو لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێن. هەموو ئەو بڕە پارانەش کە بڕیاردراون بۆمان بنێردرێن، بە هەمانشێوەی ئەو مووشەکانەی کە دەگەنە دەستمان و هەڕەشەیان لە ئیسرائیل پێدەکەین، دەگەنە دەستمان.

کەواتە لە هەردوو بواری سیاسی و ئاینییەوە حزبوڵڵا و هاشێوەکانی بەستراونەتەوە بە ولایەتی فەقیھ و کۆماری ئیسلامییەوە. دەرەنجامیش هەتا ئێران بە هێز بێت ئەوانیش بە هێز دەبن، لە بەرانبەریشدا هەر کاتێک ئێران لاواز بوو، ئەوانیش لاواز دەبن. بێگومان لە ئەگەری لاوازبوونی ئێراندا، کێشمەکێشی تێگەیشتن لە ولایەتی فەقیھ سەر هەڵدەداتەوە، جگە لە سەرهەڵدانەوەی ناسیونالیستە عەرەبییەکە و هەوڵدانی لێسەندنەوەی مەرجەعیەت لە ئێران. هەنووکە هەندێک لە زانایانی شیعەی عەرەب، وەك[3]  ئایاتوڵڵا سەید حوسەین ئەلشیرازی، پێیوایە كە ئەو ویلایەتی فەقیهە پێدانی دەسەڵاتی رەهایە. كەواتە نەک هەر باوەڕی پێنییە و بە هەڵەی دەزانێت، بەڵکو بە بیرۆکەی گەمژەکردنی شیعەکانی دەزانێت و پێوایە وەلی فەقیھ بەم شێوەیە خۆی لە شیعە کردووەتە فیرعەون. ئەوانەش کە باوەڕیان بەم بیرۆکەیە هەیە، تا ئاستی پەرستن گوێ لەمستی وەلی فەقیھن.

بۆچی لەو هەڵبژاردنە حزبوڵڵا دەنگەکانی کەمی کرد؟ هۆکارەکان چی بوون؟

لە پاش شەڕی ناوخۆی لوبنان و رێکكەوتنی لایەنە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لە تائیف لە وڵاتی سعودیە لە ساڵی 1989، لە سەر بەڕێوەبردنی لوبنان لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر سێ سەرەکیترین پێکهاتەکانی وڵات بەجۆرێك كە سوننە پۆستی سەرۆکوەزیران، شیعە سەرۆکی پەرلەمان و، مەسیحییە مارۆنییەکانیش سەرۆککۆمار بەرن، رۆژلەدوای رۆژ دەسەڵاتی حزبوڵڵا زیادی كردووە. ئەم دەسەڵاتەی حزبوڵڵا لە دوو رەهەندەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکەمیان پاڵپشتیی راستەوخۆ و بەردەوامی ئێران و سوریا بوو. دووەمیشیان هەڵگرتنی ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و دەرکردنی لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو. دەرەنجام حزبوڵڵا هێندە دەسەڵاتی پەیداکرد كە هەژموونی بەسەر دوو پێکهاتەکەی دیكەی لوبنان دروستكرد، بە شێوەیەک کە ئەوەی حزبوڵڵا لێی رازی نەبوایە لە سوننە و مارۆنییەکان، نەیدەتوانی رۆڵێكی گرنگ لە سیاسەتی لوبناندا بگێڕێت. ئەو هەژموونییە وایلێهات کە حزبوڵڵا دەسەڵاتی بە سوننە و مارۆنییەکان دەدا. بەم شێوەیەش سەرجەم جومگەکانی سیاسەت و دەسەڵات و ئابووری و ئاسایشی لوبنانی کەوتە دەست. هۆکاری دووەمی ئەم بەهێز بوونە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە حزبوڵڵا ببوو بەنموونەیەك بۆ سەرجەم گەلانی عەرەبیی دژە ئیسرائیل. بە جۆرێک كە لەبەرسەرسام بوونیان بە حزبوڵڵا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبە سوننیەکانی لوبنان و فەلەستین دەبوونە شیعە.

هەموو ئەو دەسەڵات و  پێگەیەی حزبوڵڵا، ڕووبەڕووی چاوەڕوانییەکی زۆری کردەوە لە لایەن گەلانی لوبنانەوە. بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ و لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی بەسەر سەرجەم پێگەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، ناکارامەیی و گەندەڵی و قۆرخکردنی دەسەڵات و خراپبەکارهێنانی تا ئاستی تایفەگەری و  پارزگاریکردنی لە ڕژێمی سوریا، حزبوڵڵا و دەسەڵاتەکەی رووبەڕوو کردەوە لەگەڵ پانتاییەکی زۆری نا رەزایی شەقامی لوبنان، بە ژمارەیەکی زۆری شیعەکانیشیەوە. هاوشێوەی عێراق، کار گەشتە ئەوەی کە لە ئۆکتۆبەری 2019 بە شێوەیەکی بەردەوام خۆپیشاندان دەستیپێکرد و بەردەوام بوو تا سەعد حەریری سەرۆک وەزیران ناچاری دەسلەکارکێشانەوەکرد. ئەگەر چی چەندین هەوڵی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت بە هاوکاری سەرجەم لایەنەکان لە ئارادابوو، بە هەوڵی سەرۆکی فەرەنساشەوە، بەڵام سەرەنجام هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا. لەم میانەدا دۆخەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو بە تایبەتتر سەبارەت بە بژێوی خەڵک وگرانی و لەدەستدانی بەهای لیرە.

پاش دەرکەوتنی دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هاوسەنگیی هێز لەرووی کورسی و ژمارەی لایەنگر و دەنگدەرانەوە بە چ شێوەیەکە؟

ئەوەی کە پەیوەندی بەم باسەوە هەیە، دەرەنجامەکانی حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانێتی لە هەڵبژاردنەکانی 15ی ئایاری 2022ی لوبنان، حزبوڵڵا تەنها 13کورسی هێناوە لە کۆی 128 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە. تێکڕاش حزبوڵڵا و هاوپەیمانییەکانی لە رەوتی 8ی ئازار زۆرینەیان لەدەستدا. لە بەرانبەریشدا، [4] سەربەخۆکان 13 کورسییان بەدەست هێنا. لە راستیدا 13 کورسی هەم کەم نییە، هەمیش یەکسانە بەو ژمارەیەی کە حزبوڵڵا بەدەستی هێناوە. لەولاشەوە هێزە سوننەکانی هاوپەیمانیی 14ی ئازاریش نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەست بهێنن. کەواتە هێزە تەقلیدییەکانی لوبنان بە تایبەت حزبوڵلا و هاوپەیمانەکانی، ژمارەیەك لە کورسییەکانیان لە دەستداوە و چیدی زۆرینە نین کە ئەوەش واتای لەدەستدانی جەماوەر دەگەێنێت. لە نێوخۆی لوبنان تووشی ئیحراجییەکی سیاسی و جەماوەری بوون. هاوکات بەرامبەر بە ئێرانیش، تووشی جۆرێک لە بێهیوایی بوون.

حزبوڵڵا و پێگەی ئێران لە ناوچەكە

چەندەی ئێران بتوانێت لە رێگای پرۆکسییەکانییەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرە بە سیاسەتەکانی بدات، ئەوەندەش دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە. هەنووکەش لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئێران یاریکەری سەرەکییە لە نێو سەرجەم هێزە هەرێمییەکان. ئەگەر بتوانرێت ئێران پەڕوپۆبکرێت لە رێگە هێزە پرۆكسییەكانییەوە، ئەوکات گوشاری راستەقینەی راستەوخۆ لە تاران بەدەر دەکەوێت. لێرەوە، حزبوڵڵا هەم رۆڵی سەرەڕم دەبینێت بۆ ئێران؛ چونکە سەرمەشقی سیاسەتی ئێرانە لە نێو جیهانی عەرەبی، هەمیش نموونەی یەکەمی پرۆکسییەکانی دیكەیەتی لە ناوچەکە. هەر بۆیە لاواز بوون یان گەشەسەندنی حزبوڵڵا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گروپ و حزبە هاوشێوەکانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.

لێکچوونی حزبوڵڵای لوبنانی و دەعوەی عێراقی

لە کۆتایی 2019دا هاوشێوەی عێراق، لە لوبنانیش رقی خۆپیشاندەران بەسەر دەسەڵاتداراندا رژا، بە تایبەتی لە لایەن لایەنگرانی شیعەوە. لە هەردوو کەیسەکەشدا، ئەگەر لە رابردوو، خەڵکی شیعە لە هەستکردنیان بە ستەملێکراویی؛ ببوون بە ئامرازی گەیاندنە دەسەڵاتی سیاسییە ئیسلامییە شیعەکان، ئیدی تێگەشتن کە بە درێژایی 2003 تا ئێستا لە عێراق و لە 1990ەوە تا ئێستا لە لوبنان، بە پلەی یەک حزبوڵڵا و حزبی دەعوە  بەرپرسیاری یەکەمن لە گەیاندنی هەردوو وڵات بەم دۆخەی ئێستا تێیاندان.

هەنووکە یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە زیاتر لە 1507 لیرە و[5] رێژەی هەڵایسان زیاتر لە 206%. بە کورتییەکەی، لەوەتەی ئەم دوو وڵاتە کراون بە دەوڵەت، ئەوەندەی سەردەمی دەسەڵاتداریی ئە دوو حیزبە گەندەڵی و نالەبارییان بە خۆ نەدیوە. ئەگەر لە رابردوودا، شیعەی لوبنان و عێراق گوتبێتیان، یان پێیان گوترابێت كێشە نییە هەر چۆنێک بێت با سیاسییەکانی تایفەکەی خۆمان حوکمڕانمان بن، ئێستا مەرج نییە کە نەوەی نوێ لە هەمان روانگەوە، تەنیا لە پێناو تایفەدا تا سەر بەو دۆخە رازیبن و خۆپیشاندانەكانیش ئەوە دەردەخەن.

ئەو هەڵبژاردنە چی کاریگەرییەکی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبێت؟ سیناریۆکان کامانەن و ئەم ململانێییە بەرەو کوێ دەچێت؟

هاوشێوەی عێراق، دەسەڵاتی راستەقینە لای حزبوڵڵایە تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا زۆرینە نەهێنێت. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، هەر لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتەوبەری 2019ەوە خەڵک بێزاربووە لە دۆخی ئابووری و بژێویی و سیاسی ئەو وڵاتە و دەرەنجام دەنگیان بە ژمارەیەک کاندیدی نوێ و هێزی دیكە دا. بەڵام لەسەر زەوی زۆر ئومێدی گۆڕانکاری راستەقینە نابینرێت. چونکە هێشتا هەمان دوو فاکتەری هێزی حزبوڵڵا کە پاڵپشتی ئێران و شەرعیەتی بەڕەنگاربوونەوەیە لە ئارادان. لە عێراقیش ئەگەرچی سەدرییەکان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی 2018 بوون، چوونکە ئێران لێیان رازی نەبوو، پاش تەقەلای چەندین مانگە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەکو بڵێی باشترین هەڵبژاردە بۆ سەدر ئەوە بووبێت کە دەستبەرداری مافی هەڵبژاردن و دەنگی دەنگدەرانی بێت، پەرلەمانتارەکانیان دەستیان لە کار کێشایەوە. ئەمەش ئەوەندەی دیكە حزبوڵڵا پشت ئەستور دەکات.

هەنووکە، بۆ ئەوەی پیشانی هەموولایەکی دات کە حزبوڵڵا تاکە هێزی راستەقینەی لوبنانە و تەنها ئەوان دەتوانن بەرگری لە مافی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بکەن، بە تایبەت هەر ئەوانیش دەتوانن کێشە ئابوورییەکانی چارەسەر بکەن، [6] حەسەن نەسروڵڵا لە نوێترین لێدوانیدا نەک تەنها هەر هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد لە ئەگەری دەرهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەی کاریش کە بەشێکە لە ناوچە ئاوییە کێشە لەسەرەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەشی لە ئەو پاپۆڕە یۆنانییە کرد کە هاتووە بۆ ئەوەی ئەرکی دەرهێنان ئەنجام بدات. بۆ ئەوەی بێدەسەڵاتی هەمووانیش بسەلمێنێت بە حکومەت و سەرۆک کۆماریشەوە، پێیووتن دەفەرمون دانوستان بکەن لەگەڵ ئیسرائیل و، مەهێڵن نەوت و گازی لوبنانییەکان ببەن.

ئەمەش پەیامی حزبوڵڵایە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سیاسەتی لوبنانی بە دەنگدەرانیشەوە. پەیامەکەش چەندین لاپەڕە لە خۆ دەگرێت، لەوانەش:

یەکەم: لوبنان بە بێ هێزی بەرگریکاری حزبوڵڵا و پاڵپشتەکانی بوونێکی نییە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل.

دووەم: ئەگەربیرلە کەنارخستنی حزبوڵڵا بکەنەوە لەڕێی هەڵبژاردن، ئەوا راستەوخۆ شەڕتان بۆ دەنێمەوە و دەتانگێڕینەوە ژێر داگیرکاری ئیسرائیل.

سێیەم: ئەگەر مزایەدەی نیشتمانپەروەری دەکەن بەسەر حزبوڵڵا و بە بێ ئێمە دەتوانن بەڕەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، دە فەرموون. ئەگەر چی دڵنیاین، ئەوکاتیش بە بێ ئێمە پێتان ناکرێت.

چوارەم: کەواتە بە شەڕ یان بە ئاشتی، هەر پێویستتان بە حزبوڵڵا هەیە. ئیتر بیرکردنەوە لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی حزبوڵڵا لە سەر دەرکەن، بۆتان ناچێتە سەر.

پێنجەم: ئەگەر حزبوڵڵا بە بەرپرس دەزانن لە هەرەسیهێنانی دارایی لوبنان، هەر حزبوڵڵاشە کە ئێستا لەڕێی گەرەنتیکردنی مافی لوبنانییەکان لە وزەی ژێر ئاوی کارییش دەتوانێت لەو قەیرانە داراییە دەرتانبهێنێت. لەمبارەیەوە [7] چەندین راپۆرت هەن دەڵێن ئەگەری هەیە کۆی ئەو بڕە پارانە کە دەست لوبنان بکەوێت نزیکدەبێتەوە لە ٦٠٠ ملیار دۆلار. لە کاتێکدا لوبنان تەنها 100 ملیارێک قەرزدارە.

شەشەم: هەڵبژاردن لە لوبنان تەنیا بۆ پێدانی شەرعییەتە بە حوکمی راستەقینە وبەشداریپێکردنی هەمووان، کە لە پاش رێکەوتنی تائیف لە پاش جەنگی ناوخۆ هاتۆتە ئاراوە، ئەگینا بە گەڕانەوە بۆ پێش تائیف؛ دەسەڵات هی بەهێزترینە کە ئەویش حزبوڵڵایە.

حەوتەم: ئەگەر تێگەشتوون لەم پەیامە، وەرن واقعبینانە و هەر وەکو جاران حکومەت پێکبهێنین. ئەگەر نا، حوکمی حزبوڵڵا هەر حوکمی واقیعە و نەکەس و نە هەڵبژاردنیش دەتوانێت کەناری بخات.

لە عێراقیش هاوشێوەی لوبنان و حزبوڵڵا، ئەوەتە پاش زیاتر لە 9 مانگ دوای هەڵبژاردنەکان، پارتە هاوشێوەکانی حزبوڵڵا، نەک هەر نەیانهێشت بە شێوازێکی دیموکراسی، براوەی زۆرینەی کورسییەکان بەبێ ئەوان حكومەت پێکبهێنێت، بەڵکو لە ژێر گوشاردا ئەو براوەیە ناچاربوو مافی دەسەڵاتی دیموکراسییەکانی بۆ بەجێبهێڵێت.

هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی و نەهێشتنی دەسەڵاتی تائیفی لە لوبنان، قۆناخێکی بەرچاوی بڕیوە، بەڵام لەبەر بارودۆخە ناوچەییەکە و سیاسەتی حزبوڵڵا لەسەر بابەتی بەڕەنگاریی ئیسرائیل، هێشتا لەسەر ئەرزی واقع حزبوڵڵا خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەیە. ئەم دەسەڵاتەش بەردەوام دەبێت مەگەر لە دوو بارودۆخدا کە بریتیین لە:

یەکەم: لاوازبوونی ئێران و نەبوونی تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی ئەو.

دووەم: ملکەچکردنی ئێران بۆ مەرجەکانی ئەمریکا و دەستبەردان لە دەستێوەردانی دەرەکی بە لوبنان و حزبوڵڵاشەوە.

ئەو هەڵبژاردنە چی کاریگەرییەکی لەسەر هەژموون و پێگەی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمایەتی دەبێت؟

هەرچەندە گەندەڵی و ناکارامەیی لە لوبنان و عێراق، خەڵکێکی زۆری تووڕەکردوە؛ تەنانەت لە نێو شیعەکان و هەر لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە ئەمە لە هەڵبژاردن و خۆپیشاندانەكاندا رەنگی دایەوە، بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی حزبوڵڵا و هاشێوەکانی لە عێراق لەتەواوی جومگەکانی دەسەڵات لەو دوو وڵاتە، هێندە ئاسان نیە کە ئەوان لە بارودۆخێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وەك ئێستا بە بژاردەی هەڵبژاردن دەستبەرداری دەسەڵاتبن. دۆخی عێراق و بێئومێدبوونی موقتەدا سەدر و دەستلەکارکێشانەوەی کوتلەکەی، ئەزموونێکی باش نەبوو بۆ لوبنانییەکانی نەیاری حزبوڵڵا. پێچەوانەکەشی بۆ حزبوڵڵا زۆر دڵخۆشکەرە، چونکە ئەگەر دۆستانی ئێران لە عێراق هەڵبژاردنیان لە بەرژەوەندی موقتەدا سەدر دۆڕاند، کە بۆخۆی شیعەیە، خۆ لە لوبنان حزبوڵڵا بە رەوتێکی شیعەی نەدۆڕاندووە. کەواتە، چاوەڕوانکراوە کە ئێران سەرسەختتر داکۆکی لە مانەوەی حزبوڵڵا لە دەسەڵات بکات.

هاوکێشەکانی لوبنان و عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەکە بەستراوەتەوە بە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بە تایبەت لە پاش جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا و، سەردانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە کە بە ئاشکرا رایگەیاند کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رووسیا و چین بە جێناهێڵن. بێگومان بۆ ئێران و پرۆکسیەکانیشی بە جێناهێڵن. لە بەرانبەردا، ئێرانیش تەنها بە چاوسوورکردنەوە پاشەکشە ناکات و ئەویش ئومێدێکی زۆری بە هەڵکشانی چین و سەرکەوتنی رووسیا هەیە. ئەگەرچی هەموو ئەمانە بەربەست نین لە بەردەم رێکكەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و سەرجەم هێزە هەرێمییە عەرەبییەکان و ئیسرائیلیش. ئیتر ئەوکات ئاساییە بە زامنکردنی دۆستایەتی رۆژئاوا، ئێران و پرۆکسییەکانی لە چەمکی ویلایەتی فەقیھەوە بگوازنەوە بۆ چەمکی ویلایەتی ئوممەت؛ کە رازیبوونە بە دەسەڵاتی گەل.

كۆتایی

ئەگەرچی لوبنان کێشەیەکی نەتەوەیی نییە وەکو ئەوەی کورد و عێراق، بەڵام هێشتا چەندین وانە لە ئارادان بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان؛ بە تایبەت پاش کشانەوەی سەدر و جێهێشتنی گۆڕەپانی سیاسی بۆ دۆستانی ئێران. لەوانە:

یەکەم: ئێران هێشتا هەر یاریکەری یەکەمە لە سیاسەتی عێراق و هاوکێشە ناوچەییەکە لەو بارەوە.

دووەم: پێچەوانەی هێزە لوبنانییەکان، کورد لە عێراق  تەنیا کێشەی دەسەڵات و حوکمڕانیی نییە تا رازیبێت لە دابەشکردنی لە تەک دوو پێکهاتەکەی دیكەدا. هەر بۆیە نابێت هێزە کوردییەکان لەسەر هیچ بنەمایەکی دەسکەوتی سیاسی بە جیا بچنە نێو پرۆسەی سیاسی عێراق. ئەگینا هەر هەموویان لە مەودایەکی مامناوەنددا دۆڕاو دەبن و دەرنجامیش پرسی کورد لە عێراق لەباردەچێت.

سێیەم: کاتی ئەوە هاتووە کە سەرجەم حزبە کوردستانیەکان دەست لە سیاسەتی پۆپۆلیستی بەردەن و چیتر خەڵك چەواشە نەکەن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی و کەسەکان، هەوڵنەدەن یەکتر بۆ زەویدا بدەن.

چوارەم: هەروەک چۆن لە لوبنان و عێراقیش شیعەکان لە دەرەنجامی گەندەڵی و ناکارامەیی و ناعەدالەتی حزبوڵڵا و هاشێوەکانی لە عێراق، چیتر بەرژەوەندی تایفە ناخەنە سەرووی مافەکانی خۆیان، لە کوردستانیش هەندێک لایەن سەردەمێکە ئیش لەسەر خەڵکی ناڕازی لەگەندەڵی و گرفتی مووچە دەكەن. هەر بۆیەش بەردەوامیی ئەم دۆخەی کوردستان و چارەسەرنەکردنی، دەرەنجامێکی هاوشێوەی دەبێت. ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە خەڵکی کوردستان بە هەر نرخێک بووە ئاشتبکرێتەوە و، جارێکیتر خەڵک خۆی بە خاوەنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بزانێت.

  سەرچاوەکان

[1] https://www.youtube.com/watch?v=iIo7Pt-6Bwc

[2] https://www.youtube.com/watch?v=VFwODFdZ6Dw

[3] https://www.youtube.com/watch?v=eaEDDD4D4kY

[4] https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/5/17/%D8%B9%D8%A7%D8%AC%D9%84-%D9%86%D8%AA%D8%A7%D8%A6%D8%AC-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%84%D8%A8%D9%86%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%AD%D8%B2%D8%A8

[5] https://tradingeconomics.com/lebanon/inflation-cpi

[6] https://www.facebook.com/WattanNews/videos/5133695363373818

[7] https://www.facebook.com/watch/?extid=NS-UNK-UNK-UNK-IOS_GK0T-GK1C&v=719810099287478

Share this Post

شرۆڤە