بەرایی
سێ گەورە کۆمپانیای رووسی بە سەرمایەی نزیکەی 14 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. گازپرۆم لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 30هەزار بەرمیل نەوت و 40 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەم دەهێنێت، کۆمپانیای لۆکئۆیڵ نزیکەی 500هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە2 لە بەسرە بەرهەم دەهێنێت. هەروەها رووسنەفت خاوەنی 60%ی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە[1] و بڕیاربوو بۆڕی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا رابکێشێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکانی دەستپێنەکردووە و چاوەڕوان ناکرێت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا دەستپێبکرێت، هەرچەندە لە نێوەڕاستی ئەمساڵدا گرێبەستەکە کۆتایی دێت[2]! ئێستا كۆمپانیاكانی رووسیا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورەبوونەتەوە، کارەکانیان بەرەو سەختییەکی زۆر دەڕوات، بەتایبەت کاتێک ئەو کۆمپانیانەی کاریان لەگەڵ دەکەن ئاگاداریان دەکەنەوە چیدیکە ناتوانن لەگەڵیان بەردەوام بن، بەتایبەتیش کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. هەفتەی رابردوو یەکێک لەو کۆمپانیانەی کاری پێداچوونەوەی دارایی و چاودێری کۆمەڵایەتی و باجی بۆ کۆمپانیا رووسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرد بەهەموو شێوەیەک کارەکانی لەگەڵیان راگرت. هەروەها سەرەتای مانگی ئادار بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پاراستنی سیستمی دارایی، داوای راگرتنی مامەڵەکردنی لەگەڵ رووسیا کردووە. لەڕاستیدا ئەم ئاڵنگارییەی تووشی کۆمپانیاکانی رووسیا بووەتەوە تەنیا لێرە نییە، بەڵکو لە هەموو جیهان و بەتایبەتیش ئەمریکا، بەریتانیا و ئەوروپاش وایە. لێرەدا هەڵوەستە لەسەر لێکەوتەی سزاکانی سەر رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و، بەدوای ئەو پرسیارەدا دەگەڕێین ئایا ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەكات وەک ئەوەی لە هەمبەر هاورەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کردوویەتی؟ یاخود لێدەگەڕێت کۆمپانیا نیوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان بۆخۆیان کارەکانیان رابگرن وەك ئەوەی ئێستا روودەدات؟
سزاکان و لێکەوتەکانی
بەپێی داشبۆردی ئەتلانتیک کۆنسڵ، 11 وڵات و نەتەوەیەکگرتووەکان بەیەکەوە 953 ئامانجی جیاوازی رووسیایان سزاداوە و بەتەنیا ئەمریکا 822 دامەزراوە و کەسایەتی رووسی سزاداوە[3]. هەروەها رۆژی 24ی ئاداری 2022 کۆشکی سپی ژمارەی سزاکانی ئەمریکای لەسەر رووسیا لە 400 ئامانجەوە بۆ 600 ئامانج زیادكرد، کە خۆی لە دامەزراوە گەورە دارییەکان و کەسایەتییەکانی رووسیادا دەبینێتەوە[4] و بەمەش قۆناخێکی نوێی مامەڵکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ رووسیا هێنایە پێشەوە.
لە 24ی شوباتی 2022، کاتێک رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی جەنگەکەوە نەبووە و حکومەتی عێراقیش بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆی بەدوور گرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە 28ی شوباتی 2022 عێراق دەنگی بە راگەیێندراوێکی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئۆکراینا دا[5]، کە رووسیای بە بەرپرسیار لە هەمبەر ئۆکراینا دانەناوە. هەروەها لە رۆژی 2ی ئادار 2022 لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئیدانەی دەستدرێژییەکانی رووسیای بۆ سەر ئۆکراینا کرد، عێراق تەنیا (نیگەرانی) دەربڕی سەبارەت بە خراپبوونی دۆخەکە و گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا[6].
بەپێی داشبۆردی سکۆڵی یەلی بۆ بەڕێوەبردن YSM، لە کۆی 1000 گەورە کۆمپانیای جیهانی لە رووسیا نزیکەی 750 کۆمپانیایان بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە ئەوان بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە بە کارەکانیاندا دەچنەوە لە رووسیا. هەرچەندە هەندێک کۆمپانیاش مانەوەی خۆیان لە رووسیا راگەیاندووە. لەو ژمارەیەش 189 کۆمپانیا خواستیان بۆ جێهیشتن یاخود کەمکردنەوەی کارەکانیان دەربڕیوە، 139 کۆمپانیاش پەرەپێدان و وەبەرهێنانیان راگرتووە، 111 کۆمپانیاش کارەکانی ئێستایان کەمکردووەتەوە، 363 کۆمپانیاش کارەکانیان راگرتووە و بژاردەی گەڕانەوەیان بۆ کارکردن لە رووسیا پاراستووە و 298 کۆمپانیاش رووسیایان جێهیشتووە[7].
هەرچی پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا جگە لەوەی کە رۆژی 2ی ئادار، بانکی ناوەندیی عێراق پێشنیازی راگرتنی مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ رووسیا کرد[8]،هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی دیکە نییە، بەڵام چەند کۆمپانیایەک کارەکانیان راگرتووە وهەڵپەساردووە.
کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق
وەبەرهێنانی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە قەبارەی 14 ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت، کە زۆربەی لە کەرتی وزە (نەوت و گاز) دایە، بەشێوەیەک گەورە کۆمپانیاکانی وەک رووسنەفت، گازپرۆم و لوکئویڵ لە باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگی زیاتر لە 17 ملیار بەرمیل نەوتن، کە ئێستا زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، نزیکەی 2 ملیار دۆلار سەرمایەی کۆمپانیا رووسییەکان لە کەرتی نەوت و گازدایە لە هەرێمی کوردستان[9].
رۆژی 2ی حوزەیران 2017 کۆمپانیای رووسنەفت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە سانت پیترسبۆرگ زنجیرەیەک بەڵگەنامەیان واژۆکرد بەمەبەستی فراوانکردنی هاوکاری دوو لایەنە لە بوارەکانی “گەڕان، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، بازرگانی و لۆجیستکدا”[10]. هەرچەندە بەهای تەواوەتی رێککەوتنەکە بەفەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوە نیوخۆییەکانی رووسنەفت، بەهاکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە، هەروەها مامەڵەکانی رووسنەفت لەو کاتەوەی کە یەکەم جار لە کانوونی یەکەمی 2016ەوە بەنزیکەی 4 ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی هەبووە، زیاتر لە 2 ملیار دۆلاری وەک قەرز داوەتە هەرێمی کوردستان، ئەویش لەجیاتی نەوتی پێش فرۆشراو لە بازاڕە جیهانییەکاندا[11].
کۆمپانیای گازپرۆم لە سێ کێڵگەی نەوتی جیاواز لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە، بەشێوەیەک لە بلۆکی گەرمیان، لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا بەڕێژەی 40% و لە بلۆکی هەڵەبجە و شاکەڵ بەڕێژەی 80% پشکی هەیە. کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا یەدەگی نەوتی 3 ملیۆن بەرمیلە[12]، کە گازپرۆم بەڕێوەیدەبات و بەرهەمی رۆژانەی 30 هەزار بەرمیل نەوت و 40 ملیۆن پێ سێجا گازە، کە ئێستا گازەکە بۆ بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنرێت.
کۆمپانیای لوکئویڵ لەسەرەتای 1990ەوە بەدوای دەرفەتدا گەڕاوە بۆ کارکردن لە عێراق و رێککەوتنی بۆ فراوانکردنی کێڵگەی نەوتی قورنە-2ی رۆژئاوا بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ستاتۆیڵی نەورویجی هەیە، کە ئەم کێڵگەیە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەسرە دوورە و یەدەگی کێڵگەکە 13 ملیار بەرمیل نەوتە. دوووبارە لە ساڵی 2013دا رێککەوتنێکی دیکەی واژۆکرد بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی قوڕنە -2ی رۆژئاوا بۆ ماوەی 25 ساڵ، کە ئامانجی گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتە بۆ 800 هەزار بەرمیل تاوەکو 2024 و، ئێستاش نزیکەی 9%ی کۆی بەرهەمهێنانی عێراق و 12%ی هەناردەکردنی عێراق پێکدەهینێت[13].
کۆتایی
کاری کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە، بەڵام کارنەکردنی کۆمپانیا هاوبەشەکانیان ئەوانەی کارەکانی دیکەی وەک پێداچوونەوەی دارایی، یاسایی، باج، چاودێری کۆمەڵایەتی کارمەندەکانیان و هتد بۆ دەکەن هەندێکیان راگیراوە. هەندێکی دیکەیان تێبینی بەردەوامیی کارکردنیان بۆ ناردوون. ئەمەش دوو ئەگەری خستووەتە بەردەمیان، یەکەمیان دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان یاخود کشانەوە؟ وەک دەستلەکارکیشانەوەی ڤاگیت ئەلێکپەرۆڤ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای لوکئویڵ بۆ پاراستنی کۆمپانیاکەی دوای ئەوەی خرایە لیستی سزاکانەوە[14].هەرچەندە رۆژ دوای رۆژ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سزای زیاتر دەخەنە سەر رووسیا و هەوڵی دابڕینی لە جیهان دەدەن، هەربۆیەش بانکی ناوەندیی عێراق داوای پاراستنی سیستمی دارایی عێراقی کردووە، لەکاتێکدا بەردەوامبوونی سزاکان پەیوەستە بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە.[15].
لە کۆتاییدا، سزاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر رووسیا کەمترین ئامانجی کەرتی وزەی رووسیا گرتووەتەوە، کە تەنیا 4 دانەیە، بەڵام 62 دامەزراوی دارایی کردووەتە ئامانج[16]، ئەمەش بەهۆی ئەو رۆڵەی کۆمپانیا رووسییەکان هەیانە لە دابینکردن و پڕکردنەوەی پێداویستی نەوت و گاز لە جیهان دا. چونکە ئەوە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گازی رووسیایە، کە نرخی نەوتی بۆ هەر بەرمیلێک لەسەروو 100 دۆلار و نرخی گازیشی لە سەروو 6 دۆلارەوە هێشتووەتەوە، کە لەماوەی یەك دەیەدا، دەیەک بەوشێوەیە بەرز نەبووەتەوە. ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان هەرێمێکی وەک کوردستانی والێکردووە کە ناوی بچێتە رێزی دابینکەرانی گازی سرووشتی لە جیهاندا. هەربۆیەش دەبێت چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی بزانین کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان چ دەکەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان، بەتایبەتیش سزاکانی ئەمریکا.
سەرچاوە
[1] https://www.youtube.com/watch?v=D-6rQmHpGfE&list=PLmtuEaMvhDZbNVIDHA-MTVH0sLb5HP7Pn&index=2
[2] https://www.propertylimbrothers.com/insights-posts/history-growth-singapore-real-estate-market
[3] https://unassumingeconomist.com/wp-content/uploads/2018/04/C1.png
[4] https://unassumingeconomist.com/2018/04/understanding-singapores-housing-market/
[5] https://www.ura.gov.sg/corporate
[6] https://www.ura.gov.sg/maps/?service=mp