شرۆڤە

لوتکەی تورکیا-رووسیا لەبارەی ئیدلب

08-03-2020


 

RRC |

د.عوسمان عەلی

ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاریی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو|

ئەو راگەیەنراوەی کە دوای لووتکەی نێوان ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و پۆتن سەرۆکی رووسیا لە ٧ ئازار دەرچوو، هەندێک خاڵی تێدایە کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین. پوتن گوتی دەقی رێکكەوتنەکە لەسەر پاراستنی مەدەنییەکان و کۆتایهێنانە بە ناخۆشیەکانیان، هەروەها بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆییە بە ئاوارەکان و بۆ رێزگرتنە لە یەکگرتوویی خاکی سووریا.

ئەردۆغانیش ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا حیساب بۆ رێگەی جنێڤ بکرێت. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی پابەند دەبێت بەوەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک كە لەلایەن رژێمی سووریاوە بکرێتە سەری.

بەندەکانی رێکەوتنەکە

رێکكەوتنی ئەمدواییەی نێوان تورکیا وروسیا پاشكۆیەكی زیادكراوە بۆ رێکكەوتنی سوچی کە سێ خاڵی سەرەکی لە خۆدەگرێت:

– درووستکردنی رێڕەوێکی ئارام بە درێژیی ٦ کلم لەسەرباکووری رێگەی نێودەوڵەتی (M4) ، ٦ کلم باشوری رێگاکە بە جۆرێك کە لەماوەی هەفتەیەکدا، وەزارەتی بەرگری هەردوولا، هەماهەنگیی بۆ ووردەکارییەكانی بکەن.

-راگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکان بە درێژیی هێڵی تەماس لە ناوچەی ئارامی ئیدلیبدا کە لە نێوەڕاستی شەوی پێنجشەممەوە دەستپێدەکات.

-ئەنجامدانی دەورییەی هاوبەشی روسی- تورکی لە ١٥ ئازارەوە، لەسەر رێگەی ووشکانی (M4)لەنێوان ناوچەی تەرنەبەی خۆرئاوای سەراقب و عەین حور.

 خوێندنەوە بۆ بەندەکانی رێکەوتنەکە

ئەم رێکكەوتنە شەرعییەت دەداتە هێڵی تەماسی ئێستا و ئەمەش بەمانای ئەوەدێت کە تورکیا تەنازولی کردووە لە داواکانی پێشووتری کە داوایدەکرد هێزەکانی سەربە رووسیا و سووریا بچنەوە هێڵەکانی پێش هێرش و پێشێلکردنی رێکكەوتنی ئەستانە. بەواتایەکی دیكە، رژێمی سووریا توانیویەتی زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی کە ئەمەش دەسکەوتە بۆ سووریا. بەتایبەت دەسەڵاتی رژێم بەسەر شاری ستراتیژیی سەراقب درووستدەبێت کە حەلەب و لازقیە و لازقیەو دیمەشق بەیەکەوە گرێدەدات.

حکومەتی تورکیاش بۆ ناوخۆی تورکیا دەتوانێت بڵێت کە تۆڵەی خوێنی کردۆتەوەوە سەدان سەربازی لە هێزەکانی سووریا کوشتووە و پلانی رووسی-ئیرانی-سووری  شكستیهێناوە لەوەی بیخەنە کەنارێكی شەرمەزاری و قەیرانی نوێی پەنابەرانی بۆ دروستبکەن. هەروەها دەتوانێت بڵێت پارێزگاریشی لە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شاری ئیدلیب ودەوروبەری کردووە کە کارتێکە بۆ دانوستاندنەکانی داهاتوو دەربارەی چارەنووسی سیاسی سووریا.

پۆتن گوتی: هەمیشە لەگەڵ هاوبەشە تورکەکانمان رێک نین لە هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی ئەوەی کە لە سووریا روودەدات بەڵام، هەمووجارێک لە تەنگانەکاندا بەپشتبەستن بەوەی لەئاستی باڵادا هاوبەشی بەدەستهاتووە، تائێستا توانراوە زەمینەیەکی هاوبەش بدۆزینەوە بۆ ئەو پرسانەی ناکۆکیمان هەیە لەسەریان و ئەمجارەش هەمان شت روویدا.”

بەڵام ئەمەش وەکو رێکكەوتنەکانی پێشووتر لەنێوان پوتن و ئەردۆگان لە ئەیلولی ٢٠١٨ پێناچێت کۆتایی بەجەنگی سووریا بێنێت.

ئەم شەڕە لێدانێکی بەهێز بوو لەهەوڵە سەرکەوتووەکانی پێشووی پوتن لە یارمەتیدانی ئەردۆغان بەو هیوایەی کە تورکیا وەکو ئەندامێکی رۆژهەڵاتیی ناتۆ یارمەتی رووسیا بدات لە درووستکردنی ناکۆکیی لە نێو هاوپەیمانیی سەربازی بەسەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هەروەها مشتومڕێكی دابەشکەرییش لە نێو ئەورووپادا دەربارەی پەنابەران درووستکرد. ئەمەش پاش ئەوەی تورکیا رێکكەوتنی خۆی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا شکاند لە وەستاندنی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەورووپا لەریگەی خاکی تورکیاوە.  یۆنانیش سنووری رۆژهەڵاتی خۆی لەگەڵ تورکیا داخست کە زۆربەی پەنابەرانی سووریا و پەنابەرانی دیكە لە وڵاتانیترەوە لەوێوە دەچنە ناوئەوروپا و رێگەش نادات خەڵک رابکات.

Share this Post

شرۆڤە