شرۆڤە

مەتەڵی كازمی لە كوردستان كازمی دەبێتە ئەكتەرێكی سیاسەتی كوردی؟

18-09-2020


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

 

بەرایی

ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، مستەفا كازمی لە كوردستان لیستی دەبێت؟ ئەم پرسیارە لە دوای سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر دووبارە دەكرێتەوە. ئەمە وەكوو مەتەڵی نێو مەتەڵیش وایە. چوونكە هەڵبژاردن دەكرێ، ناكرێ یان پاش دەخرێت، جارێ ئەمە بۆخۆی مەتەڵێكە. هەڵوێستەكەی ئەمدواییەی”ئایەتوڵڵا” سیستانی، ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەی زیاتر كردووە بەڵام، تەنانەت هەندێك لە كاربەدەستانی حكومەتیش، هێشتا دوودڵن لەوەی كە چۆنچۆنی بكرێت! حكومەت پارەی پێویستی بۆ هەڵبژاردنەكە لەلایەك هەڵگرتووە، بەڵام درك بە بەربەستە سیاسی، ئیداری و یاساییەكانیش دەكات. بەس وادیارە دوای وتەكانی مەرجەعی باڵای شیعی، دەبێ هەر چارەسەرێك بۆ ئەو بەربەستانە بدۆزرێنەوە. مەتەڵی ناو مەتەڵی هەلبژاردنەكەش، لیستی گریمانەیی مستەفا كازمییە! ئەگەر وایدانێین  لیستی دەبێت كە لانیكەم زانیارییەكان تا ئێستا بەو ئاراستەیەن، پرسیاری ئەم بابەتە ئەوەیە كە ئەو لیستە، چ كاریگەرییەك لەسەر نەخشەی سیاسی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان دادەنێت؟

دیوی دووەمی باسەكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت

لەرواڵەتدا لایەنە سیاسیەكان دژی هەڵبژاردن نین كە خواستێكی خۆپیشاندەران بوو. هەڵبەت شاراوە نییە كە زۆربەی لیستە گەورەكان و بەدیاریكراوی ئەوانەش كە بە نزیك لە ئێران هەژماردەكرێن، بۆ هەڵبژاردن گەرموگوڕ نین. تەنانەت بەرلەوەی كازمی بێت و وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، هەڵبژاردنی پێشوەختی بە فرتوفێڵێكی ئەمریكی ناوبردبوو.[1]رێژەی كەمیی بەشداری لە هەڵبژاردنی رابردوو كە لە هەندێك لە پارێزگاكانی باشووردا لە هەندێك شوێن هەتا 19%یش بڕی نەكردبوو، لەگەڵ دەركەوتنی ناڕازی و خۆپیشاندەران و مەرجەعییەت وەك ئەكتەرێكی نێوخۆیی جیاواز، بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری ئەحزابی سیاسی بۆ هەڵبژاردن بێ مەیل بن. خاوەخاوكردن لەسەر لابردنی ئاستەنگ و ناڕوونییەكانی یاسای هەڵبژاردن و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاماژەی پێكردوون، نیشانەیەكی دیاری ئەوەیە.

لە سەردانەكەی مستەفا كازمیدا بۆ تاران(21/7/2020)، بەرپرسانی ئێرانی زیاتر جەختیان لە گرنگی پێوەندی میژوویی و ئابووری نێوان هەردوولا كردۆتەوە و بابەتی هەڵبژاردن لە هیچ بەیاننامەیەكی رەسمیی دیدارەكانی كازمیدا بۆ تاران رەنگی نەداوەتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە دانووستاندنەكانی دیالۆگی ستراتیژی عێراق – ئەمریكا، بابەتی هەڵبژاردن بایەخی پێدراوە و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت كردووە.[2]

بەشێوەیەكەی گشتی دەتوانین باس لە هەبوونی دووبەرەی سەرەكی نێوخۆیی- دەرەكی بكەین لەبارەی هەڵبژاردن. وادیارە سێكوچكەی سیستانی- نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا پاڵپشتی گەورەی بڕیارەكەی كازمین بۆ هەڵبژاردن كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران دابووی. هەندێك لە هێزەكانیش بە رواڵەت پشتیوانیی لەمە دەكەن. لەوانەیە ئێران وهێزەكانی نزیك لەویش، وەك فەتح و دەوڵەتی یاسا بە دیاریكراوی، زیاتر خوازیاری مانەوەی وەزعی ئێستا بن.

راستییەكەی دۆخی خراپی ئابووری، ئاڵۆزی سیاسی و ناڕەزایی جەماوەری، لە هەمووشی گرنگتر لاوازیی كۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر گرووپە چەكدارەكان و باری ئەمنی، وایانكردووە كە حكومەت بەكردەوە شتێكی ئەوتۆی پێنەكرێت و دەستوباڵی بەستراو بێت. ئا لێرەوەیە كە ئیدی هەڵبژاردن وەك زەروورەتێك دەردەكەوێت. بۆ نموونە تەنها لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی رابردوودا، 24جار تەقینەوەو هێرشی موشەكی كراوە كە زۆربەیان لە بەغدای پایتەخت بوون.[3] ئەوانەش زیاتر بۆ دەرووبەری فڕۆكەخانەی بەغدا و ناوچەی سەوز و كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بوون. حكومەت یان ناتوانێ بكەرانی ئەو رووداوانە بدۆزێتەوە یان زۆری بەسەریاندا ناشكێ. وەك نموونەی ئەو ئەندامانەی حزبوڵڵا كە دواجار ناچاربوو بەریان بدات.

مەتەڵی لیستی سەرۆكوەزیران

هێشتا روون نییە كە مستەفا كازمی لیستێك درووستدەكات یان پشتیوانیی لێستیك دەكات بۆ هەڵبژاردن، بەڵام حكومەتەكەی كار لەسەر پلانی چەندساڵەی بودجە دەكات و ئەمەش دەریدەخات كە حەزی لێیە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە. هەرچەندە كە پێشتریش گووتوویەتی لە هەڵبژادرنی داهاتوودا، بەپێی توانا پشتیوانی لە “هێزێكی نیشتمانی” دەكات.[4]

هەڵبەت ئەم بابەتە تەنیا گرێداوی خواستە شەخسییەكانی مستەفا كازمی نییە. بەڵكوو بێجگە لەوە، دوو رەهەندی گرنگی دیكەیشی هەن: یەكیان ركابەرییەكی ئێران و ئەمریكایە لەسەر ئەندازەی هێزداریی مستەفا كازمی یان هەر كەسێكی دیكەی سەربەخۆ كە ببێتە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو. ئەوی دیكەشیان یەكگرتنەوەی خواستی مانەوەی ژمارەیەك لە بەرپرسانە لە پەنای كازمی!

ئەگەری دەركەوتنی سەرۆكوزیرێكی بەهێز و خاوەن لیست لەهەناوی هەڵبژاردنی داهاتوو، یان ئەگەری گۆڕینی نەخشەی سیاسی، بە شێوەیەكی راستەوانە پەیوەندی بە بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكاوە هەیە لە عێراق. سەرۆكوەزیرێكی بێدەسەڵات ناتوانێت بابەتە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوە و هەڵوێستی عێراق لە ململانێی ئێران و ئەمریكا، بابەتی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و دۆخی حەشدی شەعبی و تاوانكارییە رێكخراوەكان كۆنترۆڵ بكات. وادیارە ئەمریكییەكان لەوە تێدەگەن كە كازمی یان هەر سەرۆكوەزیرانێكی دیكە ناتوانێت بە تەواوی رەچاوی خواستی هێزەكانی نزیك لەئێران لە وڵاتەكەی نەكات. بۆیە لەوانەیە زیاتر بەدوای ئەوەوە بن كە لانیكەم هاوسەنگییەك درووست بێت و سەرۆكوەزیر ئەوەندە لاواز نەبێت كە هەموو مەرجێك قبوڵ بكات. پێدەچێت بژاردەی سەرەكیی ئێران و هاپەیمانەكانیشی یان سەرۆكوەزیرێكی وابەستەی خۆیان یان سەرۆكوەزیریكی لاواز بێت. لەوانەیە هەر ئەوەش هۆكارێكی پێداگری بەشێك لەو هێزانە بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی بووبێت! ركابەرییەكە لەسەر ئەوەیە كە كازمی یان هەر سەرۆكوەزیرێكی دیكەی داهاتوو چەندە هێزی هەبێت. ئایا ئەوەندە بەهێزبێت كە لانیكەم بتوانێت جارجار لە قسەی لایەنە نێوخۆیی و دەرەكییە كاریگەرەكان دەرچێت، یان هەروا بێ پەڕ و باڵ بێت و بە لاوازی بمێنێتەوە؟

خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە هەڵبژاردنی پێشوەخت پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆككۆماریش دەخاتەوە بەر تەفواقێكی دیكەی لایەنە سیاسییەكانی داهاتوو. كێشەكانی نێوان محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر لەلایەك و پێگەی نوجەیفی لەلایەكی دیكە، ئەو پرسیارەی درووستكردووە كە ئایا حەلبووسی جارێكی دیكە ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە؟ بەهۆی دۆخی نێوخۆیی سیاسەتی كوردی، ئەم پرسیارە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماریش لە جێی خۆیدا. ئەم بابەتەش دەتوانێت كاریگەری لەسەر باسەكەكانی تایبەت بە لیستە گریمانەییەكەی سەرۆكوەزیران دانێت. هاولیستی لە گەڵ كازمی یان وەرگرتنی پشتیوانی ئەو، دەتوانێت كارتێكی گوشاری بەهێز بێت لە سیاسەتی نێوخۆیی كورد و سوننە سەبارەت بە پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار لە دوای هەڵبژاردن.

كازمی و دەنگدەری كوردستان

ئەگەر لە فەیسبووكدا بە كوردی بەدوای ناوی مستەفا كازمی بگەڕێی چەند پەیجێكی وەكوو لایەنگرانی كازمی بەرچاو دەكەون. هەڵبەت ئەمە بە تەنیا پێوەر نییە بۆ ئەوەی كە لەوانەیە كازمی بەتەمای ئەوەبێت دەنگی ئەحزابی كوردی بۆ خۆی بچنێتەوە.

هەبوونی رێژەیەكی زۆری دەنگدەرانی گەنج و نوێ هۆكارن بۆ ئەوەی كە بەستێنی دەركەوتنی هێزی سیاسی نوێ لە هەرێمی كوردستان بەهێز بێت. لە ماوەی زیاترلە یەك دەیەی رابردوودا، بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ناڕازی كەناڵیزەی ئەحزابی كوردی نوێ بوون. ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕان بووە سەرتۆپی ئۆپۆزیسیۆن و لە ساڵی 2017شەوە نەوەی نوێ بە كەڵكوەرگرتن لەو زەمینەیە، بە بەهێزی دەركەوت\. هەرچەند كە دواتر بەڕێوەبردنەكەی كێشەی تێكەوت. رەفتاری دەنگدەری ناڕازیی كورد لە رابردوودا زیاتر گەڕان بووە بە دوای بەدیلێكی دیكەی كوردی. هەر ئەمە وایكرد لە ساڵی 2018دا، تەنانەت ئەو كاتەی كە گڵۆڵەی هەرێمی كوردستان كەوتبووە لێژی و گوشارێكی زۆری سیاسی، ئابووری و تەنانەت سەربازیشی لەسەر بوو، هێزە عێراقییەكانی وەك نەسر و رەوتی حیكمە كە چاویان لە دەنگەكانی كورد بڕیبوو، دەنگێكی ئەوتۆ نەبن. لە كۆی 688684دەنگ لە پارێزگای سلێمانی رەوتی حیكمە937دەنگ و لیستی نەسری حەیدەر عەبادی293دەنگی برد.[5] لیستی نەسر لە642437دەنگی پارێزگای هەولێر 598 دەنگی برد.[6]

واچاوەڕواندەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ژمارەیەكی بەرچاوی دەنگدەری ناڕازی لە هەرێمی كوردستان هەبن. هەرچەند ئامارێكی ورد لە بەردەستدا نییە بەڵام، لەڕێی بەراوردكردنی رێژەی بەشدارییەكان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وپەرلەمانی عێراق دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی كە لانیكەم رێژەیەكی 50%ی بەشداری لە هەڵبژاردن نەكردووە و بەشێكی بەرچاوی ئەمەش لەبەر ناڕەزاییە. سەرچاوەكانی كۆمیسیۆن وای بۆدەچن كە نزیكەی 300000 دەنگدەری نوێش هەبن. ئەمەش حەوزێكی گرنگی مرۆییە بۆ ئەوەی كە ئەحزابی سیاسی مانۆڕی لەسەر بدەن.

لەوانەیە رەفتاری دەنگدەری كورد بە تایبەتی ئەوانەی كە مووچەخۆرن هەندیك گۆڕانی تێدا درووست ببێت و گوتاری گواستنەوەی مووچە بۆ بەغدا وەك گواستنەوەی دەنگ لە ئەحزابی كوردی بۆ حزبێكی عێراق تەرجەمە بێتەوە. بەڵام ئەمە لە ئاستێكدا نییە كە وەرچەخانێكی ریشەیی درووستبكات. بێجگە لەوەش، ئەگەری رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە دەتوانێ ئەوە كەمڕەنگ بكاتەوە. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە شوێنی گوتاری ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستان تەواو واڵا نییە هەتا لایەنێكی دیكە پڕی بكاتەوە. ئیسلامییەكان، نەوەی نوێ و لیستێكی گریمانەیی نوێ لە هەناوی ئەندامانی پێشووی گۆڕان كاندیدی بەهێزترن بۆ بردنی دەنگە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەلایەكی دیكەوە، مستەفا كازمی بۆ ئەوەی كە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، هەر پێویستی بە دەنگی پارتی و یەكێتی و ئەحزابی دیكە دەبێت. بۆ ئەوەش كە بتوانێ دەنگێكی زۆری كورد بباتەوە، دەبێ رووبەڕووی گوتاری سیاسی باو لە كوردستان بوەستێت. ئەمەش وەكوو قومارێك وایە بۆ ئەگەری مانەوەی لە دەسەڵات كە پێناچێت بە تەمای ئەوە بێت. هەرچەند كە لەوانەیە بەهێزكردنی لیستێك كە رەنگبێ لە داهاتوودا ببێتە هاوپەیمانی وەك بژارەیەك ناونجی دەركەوێتە پێش. كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان 10 راگەێینراوی رەسمی لەسەر دیدارە جیاوازەكانی بڵاوكردۆتەوە و لەو 1100 وشەیەی كە بۆ باسكردنی دیدارو كۆبوونەوەكانی بەكاری هێناوە، ئاماژەیەكی وا بەرچاو ناكەوێت كە بە تەمای بەربەرەكانێی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بێت. لەو 1100 وشەیەدا، 26 جار وشەی عێراق و دەستەواژەی هاوشێوەی بەكارهێناوە. هەرچەند تەنیا دووجارعێراقی نوێ و عێراقی دیموكراتی بەكاربردووە، بەڵام چەندجارێك باسی لە كاری هاوبەش و یەكخستنی هەڵوێست و هاوكاری كردووە كە دەلالەت لەوە دەكات زیاتر دەیەوێ بەچاوی هاوپەیمانێكی نێوخۆیی تەماشای هێزەكانی هەرێمی كوردستان بكات نەك ركابەر. تا ئێستا دیمەنەكە وایە هەرچەند كە گۆڕیاری زۆرهەن كە دەتوانن بیگۆڕن!

 

 

 

 

[1] -https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/12/19/%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B2%D8%B9%D9%84%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA

[2] – https://iq.usembassy.gov/ar/secretary-pompeos-meets-with-iraqi-foreign-minister-hussein-ar/

[3] -ماوەی نێوان 16-6-2020 هەتاوەكوو 16-9-2020مان بە نموونە وەرگرتووە.

[4] -https://www.rudaw.net/arabic/middleeast/iraq/2708202017

[5] -https://web.archive.org/web/20180524151128/http://iheciraq.net/2018/sulaymani.pdf

[6] -https://web.archive.org/web/20180523095315/http://iheciraq.net/2018/erbil.pdf

Share this Post

شرۆڤە