بەرایی
تاکەکان، بازرگانەکان، دامەزراوەکان و حکومەتەکانیش رووبەڕووی تەگەرەی گەورە بوونەتەوە بەهۆی ئەو گوڕانکارییەی دیجیتاڵ میدیا و ئینتەرنێت لەژیانی تاکەکاندا هێناویتە ئاراوە، نەوەکو تەنیا بە بەکارهێنانی رۆژانە، بەڵکوو بە دەستگەیشتن و هاوبەشیکردنی زانیارییەکانی بەکارهێنەر (داتاکان)[1]، کە ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر تایبەتمەندی Privacy بەکارهێنەر هەیە و بەبێ ئاگاداربوون بە ئامانج دەکرێت. لە هەرێمی کوردستان 28 هەزار و 750 کۆمپانیا هەیە، کە ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی ئەپ و دیجیتاڵ میدیا بەکاردەهینن روو لە زیادبوونە، بەشێوەیەک نەوەکو تەنیا لە هەرێمی کوردستان بگرە لە جیهاندا و لەدوای فراوانبوون و ئالوودەبوونی مرۆڤەکان بە بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا و ئەپە جیاوازەکان کە کۆمپانیاکان بۆ بازرگانی خۆیان پەرەیان پێداوە، رۆژ بە رۆژ ژمارەی بەکارهێنەران زیاتر دەکات، کە نەوەکو تەنیا لەرێگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان و ریکلامەوە ملیۆنان دۆلاریان دەستدەکەوێت، بەڵکوو ئێستا قۆناخێکی دیکەی بەکارهێنانی داتا کۆکراوەکانی بەکارهێنەر هاتووەتە ئاراوە کە کاریگەرییەکان و مەترسییەکانی بۆ بە ئامانجکردن و ئاراستەکردنی تاکەکان هیجگار گەورەیە، بۆ نموونە تەنیا دوو کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ئێستا رۆژانە سەروو 20 هەزار کەس ئەپەکەکانیان بەکاریدەهێنێت، زانیارییە تایبەتەکانی ئەو 20 هەزار کەس، وەک شوێنی مانەوە، تەمەن، رەگەز، ئارەزووەکانی، حەزەکانی، هتد لەسەر رەزامەندی خۆی دەیدات بە کۆمپانیاکە و رۆژانە ئەپدەیت دەکرێتەوە، بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا زانیارییەکان کە کەسەکە لەسەر ئارەزووی خۆی داخڵیکردووە و دەیدات بەو کۆمپانیانە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت کە بەکارهێنەر لەو کاتەدا زانیارییەکانی داوە؟ یان کۆمپانیا لە دەرفەت و کاتێکی دیکەدا زانیارییە تایبەتەکان بۆ مەبەستی بازرگانی و ئابووری، و هەندیکجاریش سیاسی و هتد خۆی بەکاردەهێنێت؟
ئێستا سەردەمی ژمارەکان، داتاکان پارە دەکات، هەربۆیەش لەکاتی لێپرسینەوەی کۆنگریسی ئەمریکا لە مارک زۆکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای فەیسبووک لە 2018دا کاتێک لەبارەی بەکارهێنانی داتاکانەوە پرسیاری لێکرا و لەماوەی گفتوگۆکەدا زۆکەربێرگ چەندین جار گوتی کە "من خاوەنی داتاکانم".. هەربۆیەش یەکێک لە ئەندامانی کۆنگریس گوتی "زۆر باش دیارە، بەڵام لەڕاستیدا تۆ ساڵانە 40 ملیار دۆلار لە بەکارهێنانی داتاکانەوە دەستدەکەوێت، بۆیە راستە تۆ خاوەنی داتاکانیت"[2].
لەم راپۆرتەدا و بەکورتی و بەپێی زانیارییە بەردەستەکان هەڵوەستە لەسەر بەکارهێنانی داتاکان، بەتایبەتیش ئەو کۆمپانیانەی کە بۆ خزمەتگوزارییەکانیان پێویستی بە داخڵکردنی زانیاریی تاکەکەسی لە هەرێمی کوردستان هەیە دەکەین و فۆکووسی سەرەکیش لەسەر نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی تایبەتمەندی زانیارییەکانی بەکارهێنەر لەکاتی بەکارهێنانی ئەپی کۆمپانیاکاندا بۆ مەبەستێکی دیاریکراو چ بەشداریکردن یان کڕینی کاڵا بێت.
کۆمپانیاکان و بەکارهێنانی داتا لە هەرێمی کوردستان
ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان بەپێی داتای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 28 هەزار و 750 کۆمپانیا، بەپێی پارێزگاکانیش لە هەولێر 17 هەزار و 910 کۆمپانیا، لە دهۆک 3 هەزار و 306 کۆمپانیا و لە سلێمانی 7 هەزار و 534 کۆمپانیا تۆمارکراوە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە، لەنیو کۆمپانیاکانیشدا ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری خزمەتگوزاری دیجیتاڵی وەک (گەیاندن، گواستنەوە، کڕینی کاڵا و کەلوپەل )لەرێگەی ئەپ و بەرنامە و ویب سایتەوە روو لە زیادبوون بووە.
گرافیک 1: ژمارەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان
سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان
هەروەها، بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان دوو لە کۆمپانیاکان رۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 هەزار داتا کۆدەکاتەوە، کە تەنیا یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە لەنێوان 15 بۆ 18 هەزار داتای تاکەکەس کۆدەکاتەوە. هەروەها، هەمان کۆمپانیا بەتێکڕا لە پاریزگای هەولێر نزیکەی 8 هەزار و لە سلێمانی نزیکەی 5 هەزار و لە دهۆک سەروو 2 زانیاری تاکەکەسی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزای پێدەگات و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە، کە ئەم زانیارییە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو داخڵکراوە، بەڵام کۆمپانیاکان بەهۆی ژیری دەستکردەوە دەتوانن داتاکان بە هەر شێوازێک بیانەوێت جیابکەنەوە و زانیارییەکی تایبەت بە شوێنی کەسەکان، حەزەکانی، چ جۆرە خواردن و کاڵایەک، لە چ کاتێکدا، بەپێی شوێن و تەمەن و رەگەزی کەسەکان و ئاستی داواکارییەکانیان و هتد لێوە دەربهێنن. کە هەموو ئەمانەش تەنیا لەرێگەی داخڵکردنی زانیارییەکی سەرەتاییەوە کە بەکارهێنەر لە سەرەتادا پێداوە وەک بەشداربوویەک لەو ئەپەدا.
گرافیک 2: ژمارەی بەکارهێنانی رۆژانەی یەکێک لە کۆمپانیاکان لەرێگەی ئەپەوە لەسەر ئاستی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان
لەلایەکی دیکەوە، فراوانبوونی ئەم داتا بەیس و کۆکردنەوەی زانیارییەکان بەشێوەیەکە بەپێی زانیارییەکان رۆژانە و بەتیا لە یەکێک لە کۆمپانیاکان نزیکەی 500 بەشداربووی نوێ داخڵی سیستمەکە دەبێت، کە ئەمەش وادەکات لەماوەیەکی کورتدا زانیارییەکی گەورەی دانیشتوان و بەکارهێنەری ئەپەکەی لە بەردەستدا بێت، نەوەکو تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانی و فرۆشتنەوەی بە کۆمپانیا نوێ و کۆنەکانی کە لە بازاڕدان یاخود پلانیان داناوە بۆ کردنەوەی بزنسێکی نوێ، بەڵکوو بۆ مەبەستی دیکەش بەتایبەتریش سیاسی لە هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت.
لەڕاستیدا، ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆکردنەوەی داتاکان، بەڵام و تاڕادەیەکیش کارکردن بە داتا و بەکارهێنانی داتا لەڕووە جیاوازەکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان کار بە ئەنجامی داتاکان دەکەن و لەکاری رۆژانەدا ئاماژەی پێدەکەن، بەڵام ئەوەش راستە زیاتر ئەو کۆمپانیایانە کار بە داتا دەکەن کەوا لقی گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان یاخود لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای ئەپڵکەیشن و دیجیتاڵ دامەزراوە وەک کۆمپانیاکانی تەڵەباتی، تیپ تۆپ، تەڵەبات، لیزوو و تۆتەرس کە هەریەکە لەم کۆمپانیایانە لەماوەیەکی کورتدا دەتوانن دەستیان بگات بە زانیارییەکی بێ وێنە لەسەر بەکارهێنەرانی ئەپەکان، کە نەوەکو کۆمپانیاکان بگرە خودی بەکارهێنەریش سەری سوڕدەمینێت لەو زانیارییانەی ژیری دەستکرد کۆی دەکاتەوە و شی دەکاتەوە.
لێرەدا، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کەوا رێکخستنەوەی کۆمپانیاکان نەوەکو تەنیا لەڕووی باج و بیمەی کۆمەڵایەتی، کەمترین پاداشتی کاری رۆژانەوە بۆ کریکاران زۆر گرنگە، بەڵکوو رێکخستنەوەیەکی خێرای مافی بەکارهێنەر پێویستە و دەشکرێت یەکێک بێت لە هەوڵەکانی حکومەت و پەرلەمان بۆ داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێ بۆ پاراستنی مافی بەکارهێنەر و پاراستنی داتاکان.
کۆتایی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان لەرێگەی مرۆڤەوە
ئێستا ژیری دەستکرد AI و پرۆگرامە جیاوازەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا بۆ زانیارییەکی تەنیا بەکارهێنانی ئەپێکی زۆر سادە وایکردووە کە قۆناخی کۆکردنەوەی داتاکان، رێکخستنەوەی داتاکان، شیکردنەوەی داتاکان، جیاکردنەوەی جیاوازییەکان و لەیەکچووەکان و، تەنانەت ئامادەکردنی راپۆرتەکانیش لەخۆبگرێت. هەربۆیەش ئەم قۆناخە پێویستی بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییەکان ماڵ بە ماڵ و رووبەڕوو نییە، بەڵکوو قۆناخی تەنیا داخڵکردنی یەکجار و یەکجار بەکارهێنانی ئەپێک بۆ هەر مەبستێک بێت.
بەپێی ئامارێکی ئەمینستی ئینتەرناشناڵ سێیەکی مرۆڤ لەسەر زەوی هەموو رۆژێک خزمەتگوزارییەکانی فەیسبووک بەکاردەهێنن، و مۆدێلی بازرگانی گووگڵ و فەیسبووک بوونەتە مەترسی، کە هەڕەشە لە مافەکانی مرۆڤ دەکات. هەربۆیەش لەساڵانی رابردوودا یەکێک لە داتا دزەپێکراوەکان "کامبریج ئەنەلیتیکیا" بوو کەوا بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز "لەساڵی 2014وە بەڵیندەران و فەرمانبەرانی کامبریج ئەنەلیتیکیا بە پەرۆشن بۆ فرۆشتنی پرۆفایلی دەروونی دەنگدەرانی ئەمریکی لە هەڵمەتە سیاسییەکان (پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن)، کە داتای تایبەتی فەیسبووکی دەیان ملیۆن بەکارهێنەری دەستکەوتووە و بەگەورەترین دزەکردنی داتا لەمێژووی فەیسبووک کە زانراو بێت دەناسرێت". لەدوایشدا، کۆمیسۆنی بازرگانی فیدڕاڵی ئەمریکا (FTC) رێککەوتنێکی بە بەنزیکەی بەهای 5 ملیار دۆلار پەسەندکرد لەگەڵ فەیسبووک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مامەڵکردنی کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ داتای بەکارهێنەر.
لەم دواییەشدا، کۆمپانیای فەیسبووک رێککەوتنێکی لەگەڵ زیاتر لە 150 گەورە کۆمپانیای وەک ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت، سۆپتیفای و نیتفلێکس وایکرد کە بەیەکێک لە سکانداڵە گەورەکانی دەستگەیشتن و هاوبەشیکردن بە داتای بەکارهێنەر دابنرێت، بەشێوەیەک کەوا "فەیسبووک رێگەی بە بزوینەری گەڕانی مایکرۆسۆفت دا کە بەبێ رەزامەندی بەکارهێنەرانی فەیسبووک سەرجەم زانیارییەکانیان ببینێت، هەروەها رێگەی بە سۆپتیفای و نیتفلێکس داوە نامەی تایبەتی بەکارهێنەران بخوینێتەوە و ببینێت".
لەڕاستیدا و پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی داتا و زانیاری تایبەتمەندی تاکەکەس نوێیە، تەنیا لە بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکان هەبووە، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش لەبەرچاوبگرێت گەورە کۆمپانیاکانی بواری دیجیتاڵ میدیا، هێڵەکانی تەلەفۆن، کۆمپانیاکانی بواری هێڵی ئینتەرنێت و کۆمپانیاکانی ئەپڵیکەیشن و ئەپی تایبەت بەخۆیان ئەوا داتا گەلێکی گەورە و وێنا نەکراویان لە بەردەستدایە کە دەتوانێت جگە لە بەکارهێنانی بۆ دەستکەوتی بازرگانی لە داهاتوودا بۆ مەبەستی دیکەش بەکاربهێنرێت.
یاسایەکی نوی بۆ قۆناخی ژیری دەستکرد لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان لەکۆی یاسا دەرکراوەکان لە ساڵی 1992وە تاوەکو ئەمڕۆ تاکە یاسایەک کە مافی بەکاربەر تێدا هاتووە، یاسای ژمارەی 9ی ساڵی 2010یە کە لە بڕگەی یەکەمدا ئاماژە بەوەدەکات "یاسای پاراستنی بەکاربەری فیدڕاڵی ژمارە (1) ساڵی 2010 لە هەرێمی کوردستان – عێراق جێبەجێدەکرێت تاوەکو یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی بەکاربەر لە هەرێم دەردەچێ کار بە حوکمەکانی دەکرێت". هەروەها، لەڕووی یاسای مامەڵکردن لەگەڵ قۆناخی تەکنەلۆژیا، ئینتەرنێت، دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان کە ئێستا پێ ناوەتە قۆناخی مێتاڤیرس و ژیری دەستکردەوە ئەوا جگە لەو یاسایەی سەرەوە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 کە لە هەشت ماددە پێکهاتووە بەناونیشانی "یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان-عێراق"، لەم یاساشدا تەنیا باس لە مۆبایل و چۆنیەتی بەکارهێنانی بۆ پەیوەندیکردن کراوە و هیچ ئاماژەیەک بە بەکارهێنانی داتاکانی بەکارهێنەر لە لایەن کۆمپانیاکەوە تەنانەت بۆ کۆمپانیاکانی مۆبایل و هێڵەکانی تەلەفونیش نەکراوە.
لەڕاستیدا، نەبوونی یاسایەک بۆ پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەر Customer Privacy ئەوا بەو شێوەیە دەبێت کە رۆژانە زانیارییەکان دزەی پێدەکرێت و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتیش لێرە بەدواوە، چونکە کۆمپانیاکان و بەتایبەتیش ئەو کۆمپانیایانەی کە ئەپ و زانیاری بەکاربەر کۆدەکەنەوە دەتوانن و هەموو مافیکیان بۆ بەکارهێنانی داتا کۆکراوەکان بۆ هەر مەبەستێک بیانەوێت بەکاری بهێنن هەیە، کە ئێستا لەوانەیە تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاریبهێنن!
لەڕاستیدا رێکخستنەوە یان کۆنترۆڵکردنی ژیری دەستکرد ئاسان نییە، بەڵام دەتوانرێت بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ کە رەهەندە جیاوازەکانی بەکارهێنانی دیجیتاڵ میدیا و، ئینتەرنیت و زانیاری تاکەکەسی لە سەردەمی ژیری دەستکرد لەخۆبگرێت و بتوانێت تاڕادەیەک کۆنترۆڵی داتاکان و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەستبەر بکات، نەوەکوو کارکردن بۆ دەرکردنی "یاسای میدیای ئەلیکترۆنی"، کە دەتوانرێت رێکخستنەوەی ئەمەش بەشێک بێت لەو یاسایە و کۆی رەهەندەکانی بەکارهێنەر لەخۆبگرێت لەڕووی ماف و بەکارهێنانەوە.
رێکخستنەوەی قۆناخی دیجیتاڵی و ژیری دەستکرد و دزەکردنی زانیارییەکانیش و پاراستنی مافی بەکارهێنەر پێ ناوەتە قۆناخێکی نوێوە، بەشێوەیەک ئێستا باس لە کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤەکان بەو شێوازەی کۆمپانیا گەورەکان دەیانەوێت دەکرێت، هەربۆیەش گەورە دیزاینەر و ئەندازیارانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان ئاماژە بەوە دەکەن "هەرگیز پێشتر ئەندازیار و دیزاینەرانی تەکنەلۆژی ئەو جۆرە لە کۆنترۆڵکردن لەسەر ئەو شێوازەی ملیاران لە ئێمە کە چۆن بیردەکەینەوە، کار دەکەین و ژیانمان دەژین نەبووە"، بەڵام قۆناخی بەکارهێنانی داتاکان لە هەرێمی کوردستان زۆر سەرەتاییە.
کۆتایی
گوڕانکارییەکانی بواری تەکنەلۆژیا، بچووکبوونەوەی شاشەکان و خەزنکردنی داتاکان و بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بۆ جیهانیش نوێیە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا سەرەتای بەکارهێنانی داتا و شیکردنەوەی ئەنجامەکانە بۆ کۆمپانیاکان لەرێگەی داتاکانەوە پێ ناوەتە قۆناخێکی نوێیەوە کە ئەویش لەرێگەی پەرەپێدانی ئەپ و ئەپڵکەیشینی تایبەت بە کۆمپانیا کە رۆژانە و هەفتانە ومانگانە داتاکان کۆدەکاتەوە، لە باشترین نموونەشدا تەنیا دوو کۆمپانیای خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان داتای سەروو 20 هەزار کەس کۆدەکاتەوە، کە نزیکەی 1 هەزار بەشداربووی نوێیە لە بەکارهێنانی ئەپەکەدا. لەم ریگەشەوە زۆر بەئاسانی دەتوانرێت بزانرێت لەکۆی دانیشتووە، تەمەنی چەندە، چ شتێکی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (رۆژێک، هەفتەیەک و مانگێک و ساڵیک) داواکردووە، لەکۆی داوای خواردنی کردووە، لە هەفتەکەدا زیاتر چ جۆرە خواردنێکی خواردووە؟ ئایا تەنیا یەکجار بەکارهێناوە یان دووبارە بووەتەوە؟ ماوەی چەندێک (سانییە، خوولەک و کاژێر) بەکاری هیناوە، چەندێکە بەکاری ناهێنێت؟ شوێنی کار و شوێنی نووستن و شوێنی کۆبوونەوەکانیشی بزانرێت! کە هەموو ئەمانەش بەڕاستی شتێکی بچووکە لەو شێوازی شیکردنەوەی داتاکان کە دەتوانرێت بەهەر شێوەیەک و بۆ هەر مەبەستێک چ ئابووری، سیاسی، و کۆمەڵایەتی بێت لەرێگەی ژیری دەستکردەوە بەکاربهێنرێت.
لەجیهاندا و لەئاستی کۆمپانیاکاندا و حکومەتەکانیش پێشنیازی جیاواز بۆ رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی داتاکان هەیە، بۆ نموونە کۆمپانیای میتا کە خاوەنداریتی (فەیسبووک، ئینستاگرام،وەتس ئەپ) بەپێی سیاسەتی تایبەتمەندی Privacy Policy ئاماژە بەوە دەکات " ئەو زانیارییانەی ئێمە کۆدەکەینەوە لەبارەی ئێوە، پەیوەستە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی بەرهەمەکانمان، بۆ نموونە ئێمە زانیاری جیاواز لەسەر ئەوە کۆدەکینەوە ئەگەر کەلوپەلی ناوماڵ لە مارکیت بفرۆشیت وەک لەوەی لە ئینستاگرام پۆستێک بکەێت، کاتێکیش بەرهەمەکان بەکاردەهێنیت ئەوا ئێمە هەندێک زانیاری دەربارەی تۆ کۆدەکەینەوە".
لەڕاستید، چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ داتاکان و گەورە کۆمپانیاکان بەشێوەیەک کەوا ناوەندەکانی ئەمریکاش دوای روودانی گەورە سکانداڵەکانی ئەو کۆمپانیانە بە بڵاوبوونەوە و دەستگەیشتن بە داتاکان، داوای رێکخستنەوە و پێداچوونەوە و ریفۆرمکردن لە پاراستنی داتا و تایبەتمەندی داتای بەکارهێنەر دەکرێت. و چۆنیەتی چاودیرێکردن تاکەکان کەوا داوای ریفۆرم لە پاراستن و تایبەتمەندی داتاکان بکرێت، هەربۆیەش بەپێی راپرسییەکی پیو " زۆربەی ئەمریکییەکان پێانوایە کەوا ئێستا داتای کەسیان کەمتر پارێزراوە، کۆکردنەوەی داتاکان مەترسی زیاترە لە قازانجیان بۆ دروستدەکات، و لەو باوەڕەدان ناکرێت ژیانی رۆژانەیان تێپەڕینن بەبێ ئەوەی چاودێری و تراکیان Tracked نەکرێت".
لەکۆتاییدا، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەم لایەنەی نوێیەی داتا ،و خاوەنداریتی داتاکان و شێوازەکانی بەکارهێنان و پاراستنی مافی بەکارهێنەر بکرێتەوە، و بەیاسایەکی نوێ رێکبخرێتەوە پێش ئاشکرابوونی مەترسی و بڵاوبوونەوەی داتاکان یان بەکارهێنانی بۆ مەبەستی لە دەرەوەی بازرگانی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
[1] https://www.oecd-ilibrary.org/sites/15c62f9c-en/index.html?itemId=/content/component/15c62f9c-en
[2] https://edition.cnn.com/2018/04/11/opinions/facebook-should-pay-us-for-using-our-data-granholm-eldred/index.html