شرۆڤە

مشتومڕە ناوخۆییەکانی شیعە لەسەر 'بە تاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل'

28-05-2022


پاش زیاتر لە چوار مانگ لە سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان و حەوت مانگیش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، رۆژی 26ـی ئایاری 2022 دووکەڵی تێپەڕاندنی یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرکەوت؛ “یاسای بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل”، بەڵام یاساکە زیاتر دروشم ئامێزە و سەبارەت کێشەیەکی گریمانەییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سایەی 150 ملیار دۆلار داهاتی خەمڵێنراوی ئەمساڵ (2022)، هێشتا عێراق یاسای بودجەی نییە و بە 1/ 12ـی خەرجی ساڵی رابردوو بارودۆخ دەگوزەرێنێت و حکومەتەکەی کاربەڕێکەری رۆژانەیە!
یاساکە کە 26ـی ئایار تێپەڕێندرا، یەکدەنگییەکی رواڵەتیانەی لەنێو پەرلەمان دروستکرد، بەو پێیەی “بە کۆی دەنگ” پەسند کرا، بەڵام لە وردەکارییەکەیدا هەڵگری کێشمەکێشێکی دوو جەمسەرەکەی شیعەیە و جگە لە لێکەوتە دەرەکییەکانی، لە ناوخۆدا و لە پاش تێپەڕاندنیشی هەر جێگەی مشتومڕ و دەمەقاڵییە. سەدر و فراکسیۆنەکەی کە خاوەن پڕۆژەکەن، مەبەستیان بوو لە دوای زنجیرەیەک بێ هیوایی لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی، ئەویش سەرەڕای یەکەم بوونیان لە هەڵبژاردنی تشرینی 2021، دەیانویست لانیکەم دەستکەوتێک بەدەستبێنن کە باڵادەستییان لەنێو پەرلەمان بسەلمێنێت، هەروەها رکابەر و دۆست و نەیارەکانیشیان ناچار بکەن دوایان بکەون. رکابەرە شیعەکانیش کە ملیان بۆ شەپۆلەکەدا، هەوڵی زۆریان دا لەڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە لیژنەی یاسایی و لەنێو پەرلەمانیش، بە قورسکردن و تووندکردنی بەندەکانی یاساکە، نموونەی ئێرانی لە عێراق کۆپی بکەن و بە دروستکردنی لەمپەر و کۆسپی زۆر بۆ کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق، بە پاساوی “هاوکاریکردنی زایۆنیزم” هێندەی دیکە عێراق بەرەو کۆشی ئێران پاڵ بنێن و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایببڕن.
تێپەڕاندنی یاساکە وەک پڕۆژەیەکی سەربەخۆ بێ پێشینەیە لە ناوچەکە و تەنانەت سەددام حوسێنیش کە بەردەوام کاری لەسەر دژایەتی ئیسرائیل دەکرد وەک یاسایەکی سەربەخۆ نەیکردووە، لە نێوەڕۆکدا شتێکی زۆر جیاوازتری تێدا نییە لەو بڕگە و ماددانەی لەناو دەقەکانی یاسای عێراق دا هەن. رەنگە قوتارکردنیشی لە خواست و دەست داگرتنی هێزە پڕۆ ئێرانییەکانی نێو پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، دەرچوون بێت بە کەمترین لێكەوتە و كاریگەریی لەسەر عێراق.
لە پاش کۆنگرەکەی هەولێر، کە هەندێک کەسایەتی سوننە لە ساڵی رابردوو کردیان، مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کراوەتە تایتڵێکی گەورە لە سیاسەتی عێراقی و لە پاش هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیش بۆ سەر هەولێر و بانگەشەكردنی هەبوونی بنكەی سیخوڕی ئیسرائیلی لەوێ، جارێکی دیکە ئیسرائیل بووە بەهێزترین غایبی ئامادەی نێو کەین و بەینی دابەشبوونی هێزە سیاسییە عێراقییەکان.
باڵیۆزی تاران لە بەغدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ دەرچوواندنی یاساکە دەربڕی، ئەمریکییەکانیش لە سەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە رەتیان کردووە و لێی هاتنە دەنگ، بەڵام ئەمە رێگەی نەگرتووە لە هێزە نەرم و باڵە میدیایییەکانی شیعەی وەلائی کە گلەیی و گازندە و رەخنەی زۆر لە دەقە پەسندکراوەکەی یاساکە بگرن بە پاساوی ئەوەی “درز و کەلێنی زۆری تێدایە”، هەندێکیشیان باس لەوە دەکەن یاساکە رێ خۆشدەکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەی لە بڕگەیەکیدا رێگە دەدات بە سەردانی ئایینیانەی شوێنە پیرۆزەکانی فەڵەستین ئەگەر خاوەنەکەی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەربگرێت. شتێکی روونیشە سەردانی قودس پێویستی بە وەرگرتنی ڤیزای ئیسرائیلە و لەسەرجەم ناوچەکانی ئەقسا و خەلیل و بەیت لەحم و ناوچە پیرۆزەکانی دیکەی فەڵەستینیش پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و تێکەڵبوونیان زۆر ئاسانە، چونکە بەشێکن لە “خاکی داگیرکراو” یان لەنێو “هێڵی سەوزدان” کە بەشێکە لە دەوڵەتی ئیسرائیل.
هەندێک لە شیعە وەلائییەکان زیاتر دەڕۆن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە، بە پێچەوانەی ناونیشانەکەیەوە، ئەم یاسایەی کە بەناوی “بە تاوانناساندن” دەرکراوە، بۆ کوشتنی ماددەی 201ـی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 یە کە سزای لەسێدارەدانی داناوە بۆ ئەوانەی “پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.” چونکە لەم یاسا نوێیەدا هاتووە “کار بە هیچ دەقێکی دیکەی ناکۆک لەگەڵ ئەم یاسایە ناکرێت.” بەم شێوەیە سزا کۆنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
هەروەها، هەندێک لە شیعە وەلائییەکان پێیان وایە، یاساکە خواستی “کوردە دۆستەکانی ئیسرائیل” و سوننەکانی “هاوپەیمانی سیادە”ی لەبەرچاو گرتووە بە هەڵگرتنی سزای قورس و دوورخستنەوەی کۆمپانیا بیانی و وەبەرهێنە “زایۆنییەکان” لە لێپێچینەوە، بەڵام سەدرییەکان شاگەشکەن بەوەی لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا لە ناوچەکە، لە سەر دەستی ئەوان عێراق لە ئەگەر و نا ئەگەری “ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل” رزگار کرا، پاش ئەوەی بە سەرپەرشتی ئەمریکا شەپۆلەکەی گەیشتە ئیمارات، بەحرەین و ناوبەناویش باسی خواستی محەممەد بن سەلمان لەوبارەیەوە دەکرێت.
پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل یەکێک نییە لە کێشە هەنووکەییەکانی عێراق، چارەسەرەکانی رووبەڕووبوونەوەشی وەک لە یاساکەدا هاتووە لەگەڵ هەندێک پرەنسیپی نوێی جیهانیدا نایێتەوە، جێبەجێکردنیشی پێویستی بە چەپۆکێکی دیکتاتۆرانەیە کە لە پاش کەوتنی سەددام بۆ هیچ هێزێکی عێراقی بە تەواوی نەهاتووەتە دی، لەبەر ئەمەش باوەڕێکی زاڵ هەیە کە چارەنووسی لەو 60 هەزار یاسا عێراقییە بەرکارە باشتر نابێت کە بە نیوەچڵی جێبەجێدەکرێن و لەسەر هاوکێشەی هێز و کاریگەری کارتێکەرییە سیاسییەکان دەوەستێ. ئەگەر بەگوێرەی بڕیار و یاساش بووایە دەبوو ئێستا هیچ هێزێکی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت، چونکە لە دەستپێکی 2020، بڕیاری دەرکردنی ئەو هێزانە لە پەرلەمانی عێراقدا دەرکرا و هادی عامری، لەسەر تەرمی ئەبو مەهدی، بەڵێنیدا “تۆڵەی ئەوان دەرکردنی دوا هێزی بیانی بێت”.
دوای 1948 کە لەشکری عێراق کشایەوە لە (جنین)ـی فەلەستین، عێراق هێشتا لەڕووی تیۆرییەوە هەر لە شەڕدایە لەگەڵ ئیسرائیل و نەبووەتە بەشێک لە”بەرەی ئاشتی عەرەبی”، بەڵام ئیسرائیل کە هەڵمەتێکی گەورەی “پەیوەندییە گشتییەکان” لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بەرەو وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە دەبات و پەیجی تایبەتی هەیە بۆ عێراق، هەروەها کێشمەکێشە ئایدیۆلۆژییەکانی شیعە، هێزە عێراقییە شیعەکانی خستووەتە گومان و دڵەڕاوکێیەکی گەورە، ئەم یاسایەش گوزارشتە لە بەشی زۆری ئەو خەیاڵکردن و ململانێ گریمانەکراوانەی کە بەگوێرەی ئەدەبیاتی سیاسی شیعە لەنێوان بەرەی “موقاوەمە” و بەرەی “زایۆنیزمدا” دەگوزەرێت، لەمەشدا شیعە ئێرانییەکان و سەدریش کە خۆی بە عێراقچی دەزانێت، هەر خاوەن یەک دیدگای هاوبەشن لەگەڵ جیاوازی لە وردەکاری و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ململانێیەکە و، لەسەر سەرکردایەتیکردنیشی لە رکابەرییەکی توونددان.
*یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراقە و ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسیوە.

 

Share this Post

شرۆڤە