شرۆڤە

مشتومڕی لایەنە شیعەكان لەسەر سەرۆكوەزیرانی عێراق

08-12-2021


 

RRC |

یاسین تەها

 

پاش راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دڵنیابوونی لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە شكستهێنانی هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كێبڕكێی سیاسییەكان لە دەوری چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران چڕ بوونەتەوە.

بەگوێرەی دەستور، لیستی زۆرینە كاندید پێشكەش دەكات، بەڵام هێشتا یەكلایی نییە ئاخۆ سەدر دەتوانێت پارێزگاریی لە پێشەنگیی لیستەكەی بكات (74 كورسی) یان ركابەرە شیعەكانی دەتوانن سەركێشی بكەن و پێكەوە هاوپەیمانییەكی لەو گەورەتر هەر لەناو پێكهاتەی شیعە دروست بكەن. سێبەری ئەم دابەشبوونە كە دوو دیدی سیاسی دژیەكیان هەیە لەبارەی حكومەت، بەزەقی باڵی بەسەر ئەو دیدارەی كۆتایی هەفتەی رابردووش كێشا كە بە نێوانگری ئێران و مەرجەعیەتە كارا سیاسییەكانی شیعە لە ماڵی هادی عامری رێكخرا و بەشێوەیەكی كاتی مەترسی پێكدادانی دوورخستەوە.

سەدر كە هەڵگری دروشمی حكومەتی زۆرینەیە، لەو خوان و كۆبوونەوە گرژەشدا هەر هەمان پێشنیار و پێداگریی كردووە، لە كاتێكدا لایەنە شیعەكانی دیكە داوای هاوپشكی و حكومەتی سازان دەكەن كە بەجۆرێك لە جۆرەكان بازدانە بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەهۆی بەریەككەوتنەكانی تری پێشووی نێوان سەدر لەلایەك و  مالیكی و خەزعەلی لەلاكەی تر، دیدارەكە بەئەنجامێكی روون كۆتایی نەهات و بڕیارە گەڕی دووەمی لە ماڵی سەدر لە حەنانەی نەجەف بكرێت. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە ئەمجارەیان مالیكی بەشداری نەكات، چونكە لەماڵی عامری خەریكبوو لەگەڵ سەدردا دەمەقاڵە و هەڵدانەوەی گرێ كۆنەكان خوان و هەنگاوەكەیان بۆ ئاشتەوایی تێكبدات.

حكومەتە پێشنیاركراوەكەی سەدر ناوی لێنراوە “زۆرینەی نیشتمانی”، لەمەشدا ناوبراو پاشەكشەی كردووە لەوەی حكومەتێكی “سەدری پەتی” یان سەرۆكەكەی لە رەوتەكەی بێت، وەك ئەوەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێداگری لەسەر دەكرد، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەدر بایی ئەوەنە پێگەیشتووە لە ئەزموون و سیاسەت كە سەرۆكوەزیرانێكی سەدری جگە لە ڤیتۆی ركابەرەكانی، خاڵی زۆری لە دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان بۆ ناهێڵێتەوە. هەروەها دەیكاتە لێپرسراوی راستەوخۆش لە بارگرانی و كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و لە داهاتوودا چی دیكە دەرفەتی ئەوەی نابێت خۆی بدزێتەوە و رۆڵی واعیز یان رەخنەگر ببینێت. ركابەرەكانیشی كە ئەوە دەزانن و لەوەشدا سەركەوتوبوون كە بە تەنها بیهێڵنەوە، دەیانەوێت زیاتر پەلكێشی بكەن بۆ خوارەوە و لەسەر بنەمای سازان پۆست و جومگە گرنگەكانی حكومەتی لەگەڵدا بەش بكەن.

ئەم هێزانە كە ئێستا لەسەر شوناسی سەرۆكوەزیران و بنەمای پێكهاتنی حكومەت لە مشتومڕدان، ئەوەش لەبەرچاو دەگرن كە دانانی سەرۆكوەزیران مەرجە رەزامەندی روون و كۆتایی ئێرانی لەسەر بێت و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبێت، هەروەها دەبێت لای مەرجەعیەت ناپەسەند نەبێت و ڤیتۆی نەجەفی لەسەر نەبێت. جگە لەوەش ئەوە تاڕادەیەكی زۆر یەكلاییە كە قۆناخەكە سەركێشی هەڵناگرێت و، دەبێت كاندیدەكە تاقیكراوەی پۆستی حكومی و كەسێكی ناسراو بێت و پاش كاندیدكردنیشی بۆ سپیكردنەوەی پرۆسەكە رەزامەندی و پشتیوانی زۆرینەی كورد و سوننە هەر گرنگن بۆ ئەوەی مۆركی نیشتمانی وەرگرێت.

ئەم پێدراوە روونە دەرەكییانە لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ئێستادا لیستی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانی كورت كردووەتەوە بۆ كۆمەڵێك ناو كە ئەو مەرجانەیان تێدایە.

ئەگەر سەدر پێداگرییەكەی بباتە سەر و حكومەتی زۆرینە دروست بكات كە گۆڕانكارییەكی جومگەیی دەبێت لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراقدا، ئەوە كازمی یەكێك لە دیارترین كاندیدە بەردەستەكانە. لەلایەك پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەرەوەی عێراق هەیە، لە لاكەی تر پشتیوانییەكی زۆری لە سەدرەوە هەیە، زۆرینەیەكی كوردی و سوننەش لەسەری رازین. هەر لەناو شیعەشدا ئەگەر هەیە حەكیم و تاڕادەیەكیش عەبادی پشتیوانی بكەن، بەڵام گرفتی سەرەكی بەردەم كازمی ڤیتۆی فەتح و مالیكی و گروپە چەكدارەكانە كە هەڵوێستی راگەیەنراویان گۆڕینی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەیە بەتایبەت كازمی كە زۆربەی كاتەكانی 15 مانگی بەر لە هەڵبژاردنی بە بەرهەڵستی و بەرەنگاربوونەوەیان بەسەر بردووە. گرەوەی پشتیوانانی كازمیش لەسەر ئەوەیە تاران كە لە دانوستانی ئەتۆمی گیردەخوات، ناچاربێت بە سەپاندنەوەی كازمی بەسەر باڵەكانیدا لە عێراق، چونكە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو پێویستی پێیەتی، بەڵام تائێستا بەرەی كازمی بەرچاویان ڕوون نییە كە چۆن مالیكی رازی بكەن.

بژاردەی هاوئاست یان پاش كازمی، حەیدەر عەبادییە. ناوبراو پرۆژەیەكی ئامادەی تاقیكراوەی بەردەستی شیعەكانە، سەرۆكوەزیرانی سەردەمی شەڕی داعش و گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانە بۆ ئامێزی ناوەندگەرایی بەغدا، ئێستا لەبەرەی “هاوئاهەنگی شیعەیە”، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ سەدر پێشینەی كاری هاوبەشی هەیە و پەیوەندییەكانیان ئاساییە، بەڵام كێشەی سەرەكی عەبادی ڤیتۆی مالیكی و كێشە كۆنەكانییەتی لەگەڵ حەشد، بەئەگەری زۆریش زۆرینەی كوردی بەتایبەت پارتی، لەسەری رازی نابن، گەرەنتی ئەوەش نییە سوننەكان پشتیوانی بكەن بەتایبەت كە هەندێكیان (عەزم) لەگەڵ مالیكی پەیوەندی و هاوپەیمانێتییان هەیە.

مالیكی كە براوەی دووەمی شیعەیە (33 كورسی) لێی ڕوونە گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لە مەحاڵەوە نزیكترە، بەڵام بە پێداگریكردن لەسەر كاندیدبوون دەیەوێت رۆڵی لە دیاریكردنی بەربژێری پۆستەكە هەبێت بەجۆرێك ئەگەر لە گروپ و دەستوپێوەندەكانی خۆی نەبێت وەك محەمەد شیاع سودانی یان كەسێكی تر، ئەوا كەسێك نەبێت كێشەی بۆ دروست بكات یان دۆسییەكانی هەردوو ویلایەتەكەی (2005_ 2014) هەڵبداتەوە كە جگە لە خەرجكردنی دەوروبەری یەك ترلیۆن دۆلار بودجە، زەقترینیان كەوتنی 1/3 ی خاكی عێراقە بەدەستی داعش.

بەمدوایانەش محەمەد تۆفیق عەلاوی لەهەوڵدایە، چانسی خۆی زیندوو بكاتەوە، پاش ئەوەی راسپاردنەكەی بە شكستهێنان لە دروستكردنی حكومەت كۆتاییهات(2020)، هەندێك كەسایەتی دیكەی هاوئاستی ئەویش وەك عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووتری نەجەف و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە هەر خەون و چاوەڕوانی و جموجوڵیان هەیە، بەڵام ئەمانە پاڵپشتی و چانسی زۆریان لە ناو لیستە شیعەكان نییە تا ببنە ركابەری گەورە.

لەدەرەوەی كەسایەتییە حكومییەكانیش، ناوی فایەق زێدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری زۆرجار ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەڵام زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن، ناوبراو پۆزشی هێناوەتەوە لە ركابەریكردن و خۆ پاڵاوتن، چونكە نایەوێت پۆستەكەی لەدەست بدات كە سەنتەری چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیشە، بەمدواییانەش لە رێگەی دادوەرانی كۆمیسیار و دەستەی تەمیزەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كۆنترۆڵ كرد كە جومگەیەكی هەستیار و گرنگە.

تەنانەت ئەگەر شیعەكان لەناو خۆیان لەسەر بەربژێرێك یەكلایی بوونەوە و كورد و سوننەشیان رازی كرد، هێشتا ئەمە یەكسان نییە بەوەی بەبێ كێشە تێپەڕ بێت، چونكە  لەم دووساڵەی دواییدا، رای شەقام و خۆپیشاندەرانیش بوەتە پێوەر لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران و 2018 لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن نیشانەی (X) یان لەسەر فلێكسی كارەكتەرە سیاسییە پێشنیاركراوەكان دادەنا. ئێستاش لەوانەیە لەهەر دەرفەت و هەلومەرجێكدا خۆپیشاندەران سەرهەڵبدەنەوە و سیناریۆی سەردەمی عەبدولمەهدی دووبارە بكەنەوە.

 

Share this Post

شرۆڤە