RRC |
زریان رۆژهەڵاتی|
بەرایی
نامەكەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو ئەو قەیرانە كەڵەكەبووە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە هەرێمی كوردستان بەرەو روویان بووەتەوە، پشتگیرییەكی گرنگە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە و لە چوارچێوەی هەوڵێكی گشتی ئەمریكادایە بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی لە جیهان، كە سیاسەتی واشنتن بۆ ململانێی هێزە گەورەكان، شەڕی ئۆكراینا و، دانوستاندنەكانی ڤییەنا و…تاد، دوودڵی كردوون!
بایدن بۆ خۆی سەردانی ئەوروپای كرد تاوەکو هاوپەیمانە ئەوروپاییەكانی دڵنیا بكاتەوە. وەزیری دەرەوەیشی ناردە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو نیگەرانییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیكەی عەرەبی بڕەوێنێتەوە. بە ئینشای خۆیشی نامەیەكی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نووسیوە، تاوەکو دڵنیایی پێبدات.
رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكان
نزیكەی 9 رۆژ دوای یەكەم رۆژی نەورۆز و 17 رۆژیش دوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر، سەرۆك بایدن لە نامەیەكدا كە بە باڵیۆزی وڵاتەكەیدا بۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی نارد، سەركۆنەی هێرشەكەی هەولێری كرد و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆزیشی كردووە.
جەختكردنەوەی بایدن بە “پابەندیی دوورمەودوا”ی ئەمریكا بە ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان و عێراق لە نامەكەدا خاڵێكی جێگەی سەرنجە. دیارە ئەمەش رێك پەیوەندی بەوەوە هەیە كە بەتایبەتی لە دوای شەڕی ئۆكرایناوە، ئەمریكا خەریكە جارێكی دیكە لا لە هاوپەیمانەكانی دەكاتەوە. بیرۆكەی كەمكردنەوەی بایەخ بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەجیاتی ئەوە، بایەخدان بە ململانێی هێزە گەورەكان لە شوێنی دیكە هەڵە دەرچوو، چونكە ئەو هێزە گەورانەی تەگەرە بۆ ئەمریكا دروستدەكەن، لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەن!
دەكرێ جەختكردنەوە لە “پایەندی دورمەودا”ی ئەمریكا بە ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ رووداوەكانی وەك بڕیارێكی ئەم دوواییانەی كۆمپانیای لۆكهید مارتینی ئەمریكی بۆ سەرمایەگوزاری زیاتر لە یەك ملیار دۆلار لە پیشەسازی سەربازی لە سعودیە[1]، بەشداری بلینكن لە كۆبوونەوە دەگمەنەكەی نەقەب لە ئیسرائیل، بەڵینی بلینكن بۆ ئیمارات لە هاوكاریكردن لە بەرامبەر هێرشی حوسییەكان[2]، هەروەها پەیوەندییەكەی بلینكن لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان هاوتا سعودییەكەی لەبارەی هاوكاری بۆ ئاسایشی ناوچەیی، هەمووی لە چوارچێوەی یەك سیاسەتدا تەماشا بكرێت؛ کە ئەویش دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی ئەمریکایە. لەوانەیە نامەكەی بایدن نیشانەی ئەوەبێ كە ئەمریكا هاوشانی هاوپەیمانەكانی دیكەی لە ناوچەكە، تەماشای هەرێمی كوردستان دەكات و، دەزانێت كە ئیدی پێویستە زیاتر بایەخ بە نیگەرانییە ئەمنییەكانی هەولێر بدات.
پشتیوانی دیالۆگی ناوخۆیی و دەرەكی
هەڕەشەی تیرۆر، هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكان كە ناوە ناوە بە بیانووی ئەمریكا پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن و، ئەوانەی ئێرانیش كە هەرجارەو بە بیانوویەك هێرش دەكات، زیاتر لە جاران پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانی بە درۆن و سیستەمی بەرگری مووشەكی دەرخستووە. بە لەبەرچاوگرتنی رێگرییە سیاسی و بیرۆكراسییەكان بۆ پرسی درۆنداركردنی پێشمەرگە، هێشتا روون نییە ئیدارەی سەرۆك بایدن چۆن دەتوانێ بە كردەوە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات بۆ دابینكردنی ئاسایشێكی دوورمەودا كە بێگومان سیستەمی بەرگری مووشەكی یەكێك لە پێداویستییەكانی دەبێت. ئا لێرەدایە كە بەشی دووەمی پەیامی نامەكەی بەڕوونی دەردەكەوێت. بەتایبەتی ئەوكاتەی كە جەخت لەوە دەكاتەوە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق تەماشا دەكات.
ئەمە بە زمانێكی ناڕاستەوخۆ واتای ئەوەیە كە پشتیوانی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات سەبارەت ئەو كێشانەی لەسەر یەكتر كەڵەكەكراون. لەم كاتانەدا كە بەغدا لە دۆسییەی نەوت و گازدا زۆر گوشار لە هەرێمی كوردستان دەکات و دۆخی عێراقیش ناجێگیرە و پرۆسەی سیاسی لە دوای هەلبژاردن تەنگ و چەڵەمەی زۆری تێدایە، خودی نامەكە پشتیوانییەكی سیاسی بەهێزە لە هەرێمی كوردستان كە دەتوانێت پێگەكەی بەهێزتر بكات، هەڵبەت بەومەرجەی كە رووی هەولێر بەرەو بەغدا بێت!
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لێرەدا پێویستە ئاوڕێك لەو مژارانەش بدەینەوە كە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لە پەراوێزی گەیاندنی نامەكەی بایدن دا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسیكردوون. دەكرێ باسەكانی نێوانیان لە ژێر ناونیشانی 6 مژاری گرنگی ناوخۆیی و دەرەكی كۆبكەینەوە.[3]
پرۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردن و دانیشتنەكانی پەرلەمان، كە ئەوە مژارە گەرمەكەیە. تولەر جەختی لە گرنگی دیالۆگی هەرێمی كوردستان – بەغدا سەبارەت پرسەكانی نێوانیان، بایەخی یەكگرتوویی كورد لە بەغدا و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كردووە، كە مشتومڕی لەسەرە. هەروەها بابەتی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكەش مژارێكی دانیشتنەکە بووە. بێجگە لەوانەش، باسی شەڕی ئۆكراینا و دانوستاندنەكانی ڤییەناش كراوە.
کۆتایی
بەکورتی نامەی “نامەكەی بایدن” و ئەمریكا ئەمەیە: هەرێمی كوردستان هاوپەیمانی ئێمەیە، پشتیوانیی لێدەكەین. شەڕی بۆ ناكەین، بەڵام یارمەتی دەدەین. هەڵبەت داواش لە هەرێمی كوردستان دەكات لە ناوخۆ رێكبكەون، كە ئاماژەیە بۆ كێشەكانی نێوان یەكیتی و پارتی. هەروەها داوادەكات لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەریش دیالۆگ بكات و، هاوسەنگییەك لە ناوخۆ و دەرەوە دروست بكات. رێك وەك چۆن حەزدەكات دیمەنی “پێکهاتنێکی سارد” لەنێوان ركابەرەكانی جاران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینێت كە كاتی خۆی ئۆباما باسی كردبوو، دەیەوێ هەرێمی كوردستانیش لە ناوخۆ و لە دەرەوەش، بە تایبەت یەكێتی و پارتی، هەولێر و بەغدا لانیكەم بەرەو پێکهاتنێکی سارد بڕۆن. ناردنی نامەكەش بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە ناوخۆ و دەرەوە بە پیاوی دانوستاندن و ریككەوتن ناسراوە، هەر بە ئاراستەی ئەو سیاسەتەیە.
سەرچاوەکان
[1] -https://www.reuters.com/business/aerospace-defense/lockheed-martin-invest-1-bln-military-manufacturing-s-arabia-2022-03-08/
[2] -https://www.reuters.com/world/us-blinken-meet-uae-leader-morocco-shore-up-ties-2022-03-29/
[3]– https://presidency.gov.krd/en/president-nechirvan-barzani-receives-us-ambassador-to-iraq/