شرۆڤە

ناڕەزایی بەنزین لە ئێران

19-11-2019


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی |

زۆری نەخایاند هەتا كاریگەریی دۆمینەیی رووداوەكانی عێراق و شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی لەسەر ئێران بەڕوونی دەركەوت. بڕیاری دوونرخكردنی بەنزین و گرانکردنی سێ قاتی بەنزینی ئازاد، وایكرد ناڕەزاییەكانی جەماوەر، بەنزین ئاسا گڕ بگرێت و بەخێرایی،  لە نزیكەی 50 شار و شارۆچكەی جیاوازدا بڵاوببێتەوە.
بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین لە 1000 تمەنەوە بۆ 3000 تمەن بەشێوەی ئازاد و بۆ 1500 تمەنیش بۆ ئەو بەنزینەی حكوومەت وەك  پشكێكی دیاریكراو دەیداتە خەڵك كە ئەویش بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمكراوەتەوە، ناڕەزایی فراوانی خەڵكی لێكەوتەوە. كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكانیش بە تایبەتی لە خوزستان و ناوچە كوردنشینەكان زۆر لە شوێنەكانی دیكە توندتر بووە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردووشدا ئەمە چوارەمین جارە كە خەڵكی ئێران بەشێوەیەكی بەربڵاو ناڕەزایی لە دۆخی ئابووری و سیاسی دەردەبڕن.
هەم لەبەر دۆخی ناوخۆیی و هەم لەبەر ئەو پێگەیەی كە تاران لە سیاسەتی ناوچەكەدا هەیەتی، ناڕەزایی جەماوەر لەوێ گرنگە و ئەگەر درێژە بكێشێ، كاریگەرییەكانی تەنیا بەو وڵاتەوە سنووردار نامێنێت.
بە ئەگەری زۆر یەكێك لە ئامانجەكانی ئێران لە زیادكردنی نرخی بەنزین، زیادكردنی داهات و هەوڵدان بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی وەك بەنزین بۆ دەرەوەیە كە دەشێ وەك رێگایەك بۆ دەوردانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا سەیربكرێت. لەم وەختانەدا كە گەمارۆی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران توندە، لەوانەیە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانی وەك بەنزین وەك رێگاچارەیەك سەیركرابێت.
هەرچەندە گەلێك لە زانیارییەكانی تایبەت بە بودجە ناڕوونن، بەڵام لە بڕیاری گرانكردنی بەنزینەوە دەردەكەوێت كە بودجەی ئێران كورتی هێناوە و پێویستی بەوە هەیە لەڕێی گرانكردنی نرخی بەنزینەوە ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە. وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە كە چاوەڕوان دەكەن لەڕێی جێبەجێكردنی بەڕێوەبردنی بەكارهێنانی بەنزینەوە، دەوڵەت لە ساڵێكدا شتێك لە دەوری 738 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبێت. محەممەد باقر نەوبەخت سەرۆكی رێكخراوی بەرنامە و بودجەی ئێرانیش ژمارەیەكی هاوشێوەی ئەوەی راگەیاندووە و جەختی كردووە كە ئەو پارەیە بەسەر نزیكەی 60 ملیۆن هاووڵاتیدا دابەش دەكرێتەوە.  هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی گرانبوونی كەلوپەل و خزمەتگوزارییە جیاوازەكان، پێناچێت پێدانی بڕێكی وەك 12 دۆلار بەهەر تاكێك لەو 60 ملیۆن كەسەی كە باسی دەكرێت، دڵنەواییەك بە هاووڵاتیان بدات.
لەلایەكی دیكەوە زانیاری هەن سەبارەت بەوەی كە سەرەڕای دابەزینی ئاستی فرۆشتنی نەوتی خاو، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانی وەك بەنزین داهاتێكی گرنگ بۆ ئێران درووست دەكات. ئەمەش دەشێ بە دوو شێوەی رەسمی و قاچاخیش بێت. لەبەر ئەوەی مشتەرییەكانی بەنزینیش دەتوانن كەسانی ئاسایی بن، دۆزینەوە و گەمارۆدانی كارێكی ئاسان نییە بۆ ئەمریكا. وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە كە ئەوان لە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكاندا كێشەیان نییە. وا تەخمین دەكرێت كە ئێران لە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانی وەك بەنزین و نەوتی كوورە و گازی شل بە وڵاتانی دراوسێ، مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری دەسكەوێت.  ئەمەش لەم وەختانەدا كە تاران دەیەوێت بەرگەی گەمارۆكانی ئەمریكا بگرێت، دەتوانێت سەرچاوەیەكی گرنگ بێت.
گرانبوونی بەنزین، هەڵبژاردن و ناكۆكییە ناوخۆییەكان 
تا ئێستا لانیكەم سێ مەرجەعی شیعی لە ئێران بەناوەكانی ئایەتوڵا سافی گوڵپایگانی و ئایەتوڵا عەلەوی گورگانی و ئایەتوڵا مەكارمی شیرازی دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین راگەیاندووە،  هەڵبەت هێشتا بەتەواوی دیارنییە دوای بەرگرییەكەی رابەری ئێران لەو بڕیارە، ناڕەزاییی ئەو مەرجەعانە تا چەند درێژەی دەبێت!
 لەوانەیە رەهەندێكی دیكەی گرانكردنی نرخی بەنزین پەیوەندی بە حیساباتی لایەنە جیاوازەكانەوە هەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە لە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوودا ئەنجامبدرێت. ئەگەرێك هەیە كە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان خۆی كاندید نەكات و بەوجۆرەش ململانێی سەرەكیی لە بەینی موحافزكارەكان و گرووپی میانڕەو- ریفۆرمیستەكان بێت كە رۆحانی یەكێك لە كەسە دیارەكانیەتی. رۆحانی لە رۆژانی رابردوودا گلەیی لە هەوڵێكی دەزگای داد كرد كە بە وتەی خۆی لەژێر پەردەی دژایەتیی گەندەڵیدا ئەجێندایەكی سیاسی جێبەجێ دەكات كە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ گیرانی كەسانی نزیك لە بەرپرسانی ئێستای حكوومەت، بە تایبەت براكەی خۆی. لەبەرامبەر ئەوەشدا هەرچەندە ناوی نەهێنا، بەڵام گەندەڵییەكی تایبەت بە دیارنەمانی دوو ملیار دۆلاری ئاشكرا كرد كە دەشێ وەك شەڕێكی پێشوەختەی هەڵبژاردن سەیربكرێت. گرانبوونی نرخی بەنزینیش رێك لە بەینی ململانێی باڵەكانی دەسەڵاتدایە. حكومەتەكەی رۆحانی سەرەتا بەرگریی لە بڕیارەكە دەكرد، بەڵام ئێستا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان بە تەنیا بڕیاریان نەداوە و ئەو بڕیارە لە دەزگایەكدا بەناوی “ئەنجوومەنی هەماهەنگیی ئابووری” دراوە كە دوای گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا، بە فەرمانی رابەری ئێران دامەزراوە. بەمەش نایەوێت بەرپرسیاری هەموو رووداوەكە بەسەر ئەودا بشكێتەوە.
 ئەنجوومەنی هەماهەنگیی ئابووری بۆخۆی دەزگایەكی تازەیە كە دامەزراندنەكەی لیوانلێوی ململانێی باڵەكانی دەسەڵاتە. هاوشێوەی ساڵانی جەنگی ئێران وعێراق كە عەلی خامنەیی سەرۆككۆماری ئەوكاتە داوای دەسەڵاتی تایبەتی لە “ئایەتوڵا خومەینی” كردبوو، لەدوای گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكاش، حەسەن رۆحانی رایگەیاند كە ئێران لە جەنگێكی ئابووریدایە و لەبەر ئەوەش، داوای لە رابەری ئێران كرد دەسەڵاتی تایبەتی بداتێ تا بتوانێت رووبەڕووی دۆخەكە بێتەوە. كاتی خۆی ئەو دەسەڵاتانەی كە رابەری پێشوو بە خامنەیی دابوو، وایانكردبوو كە لە كاتی جەنگ، ناوەندیبوونی بڕیار درووستبێت و دامەزراوەكانیش ملكەچی بڕیارەكانی سەرۆككۆمار بن. هەڵبەت ئەمجارەیان عەلی خامنەیی لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتێكی وەها بە رۆحانی بدات، ئەنجوومەنێكی هاوئاهەنگیی ئابووری درووستكرد كە بەرپرسانی هەرسێ دەسەڵاتی ئێران تییدا بەشدارن. بەمجۆرەش، رێگەی لەوە گرت كە حەسەن رۆحانی بە پاساوی شەڕی ئابوورییەوە، بە تەنیا جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست. ئیستا كە دۆخەكە تەقیوەتەوە و خەڵك رژاونەتە سەرشەقام، رۆحانیش نایەوێت بە تەنها بەرپرسیاریی ئەو بڕیارە هەڵبگرێت و رایگەیاندووە كە ئەو رێگەی لەوە گرتووە نرخی بەنزین پێنج قات زیاد بكرێت!
خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بن، بە ئەگەری زۆر بژارەی دواخستنی هەڵبژاردن دێتە رۆژەڤ و ئەگەر واش نەبێت، چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ناڕەزایی خەڵكەوە رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لە جاران كەمتر بێت.
ئەنجام
بەنزین تەنها هۆكارێك بوو بۆ دەرخستنی ناڕەزایی كەڵەكەبووی خەڵكی ئێران لە دۆخی ئابووری و سیاسی كە ئێستا زیاتر تێكەڵاوی یەكتر بوون. پێناچێت بەرپرسانی ئێرانی ئەو وەختەی كە بڕیاری گرانكردنی بەنزینیان داوە، پێشبینیی ناڕەزاییەكی فراوانیان كردبێت. لەدوای گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا، ئێران لەڕێی كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و نان كە یەكیان وەك خۆراكێكی سەرەكی و ئەویتریشیان وەك پێداویستیی گواستنەوە بایەخێكی یەکجار زۆریان بۆ چینی ناوەڕاست و كەمدەرامەت هەیە، هەوڵی دابوو ناڕەزایی خەڵك زیاتر نەبێت. دەسبردن بۆ یەكێك لە پێداویستییە سەرەكییەكان دەتوانێت ناڕەزاییەكان پایەدارتر بكات.  لەلایەكی دیكەوە ئەزموونی سێ ساڵی رابردووش سەلماندوویەتی كە سەركوتكردن نەیتوانیوە رێگا لە دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندان لە ئێران بگرێت. بێشك ئەوە لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت و بێئاگایی خەڵك لە یەكتر، دەتوانێت كاریگەری لەسەر خۆپیشاندانەكان دانێت، بەڵام ئەستەمە كۆتایی بە ناڕەزاییەكانی خەڵك بهێنێت. تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندانەكانیش دابمركێنەوە، دیسان  گۆڕانی سیاسی لە ئێران لەوانەیە درەنگ و زووی هەبێت، بەڵام شتێكی حەتمییە. ئا لەبەرئەوەش، پێویستە كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەكانی دۆخی ئێران ئامادە بكات.
Share this Post

شرۆڤە