شرۆڤە

ناڕەزاییەكانی پوولەكەی پاپا

12-03-2021


 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی

 بەرایی

توركیا و ئێران ناڕەزاییەكی توندیان پیشانداوە بەرامبەر پوولێك كە بە بۆنەی هاتنی پاپاوە لە هەرێمی كوردستان نمایشكرابوو. ئەوەیان بە”هەڵەی گەورە” و” كردەی نادۆستانە” ناوبردووە و داوای راستكردنەوەیان كردووە. لە پوولەكەدا نەخشەی كوردستانی گەورە لە پشت سەری پاپا دانراوە و ئەمەش، وەكوو خواستی هەرێمی كوردستان بۆ داواكردنی خاك لە ئێران و توركیا لێكدراوەتەوە. ساڵی 2017ش سەرەتاییترنی مافی هەر نەتەوەیەك بۆ دەربڕینی خواستی خۆی لەبارەی چارەنووسەكەی لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن توركیا و ئێران وعێراقەوە سەركوتكرابوو. بەرپرسانی ئەنكەرە و تاران باش دەزانن كە جارێ، هیچ پرۆژەیەكی سیاسیی كردەنی بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە لە ئارادا نییە، كەوابوو هۆكاری ئەو هەڵوێستە چییە كە توركیا و ئێران پیشانیان داوە؟

ناڕەزاییەكەی توركیا و سیاسەتی نێوخۆیی

بەردەر لەو هەستناكییە نەریتییەی كە دەوڵەتی توركیا بە بابەتەكانی پەیوەست بە بیری ناسیۆنالیستی كوردییەوە هەیەتی، پێدەچێت ناڕەزایی ئەمجارەیان، لە پوولەكەی پاپا زیاتر، رەهەندێكی نێوخۆیی هەبێت. ناڕەزاییەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەدوای لێدوانێكی عومەرچەلیك وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان هات. ئەو پارتەی بۆ نزیكەی دوو دەیە دەڕوات كە سوكانی دەسەڵاتی توركیای بەدەستە، ئێستا رووبەڕووی دۆخێكی جەماوەری خراپ بووەتەوە. تا ئێستاش هەر نەتەوەگەراكان دوایین چانسی ئەردۆغانن بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بیهێڵنەوە، بۆیە گوتار و سیاسەتەكانی، زیاتر بەپێی خواستی ئەوان رێكدەخات. بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنیش بە ئاگاداربوون لە رەهەندە نێوخۆییەكەی ئەم پرسە، بە تەمایە ئەمە بۆ تەنگەتاوكردنی ئەردۆغان بەكاربهێنێت.

دوو پارتی سیاسیی گرنگ لە ئاكپارتی جیابوونەتەوە كە دەیانەوێت جەماوەرە ئیسلامییەكەی ئەو حزبە بۆ خۆیان بماشنەوە و بەپێی راپرسییەكانیش، لەوانەیە 5%-6%ی دەنگەكانی لێ ببەن. ئاكپارتی لە دوایین هەڵبژاردنەكانی شارەوانیدا، لە هەندێك لە شارە گەورەكانیشدا دۆڕاندی و سیاسەتەكانیشی بۆ رێگرتن لە چوونی دەنگی كوردەكان بۆ هاوپەیمانیی میللەت(جەهەپە و ئیی پارتی دوو لایەنی سەرەكیی ئەو هاوپەیمانییەن وهەدەپەش وەك هاوپەیمانە ناڕەسمییەكەی ناوی دەركردووە.) سەرینەگرت.

گەلێك لە راپرسییەكانی ئێستاش وای پیشاندەدەن كە هاوپەیمانییەكەی ئاكپارتی لەگەڵ مەهەپە لە هەڵبژاردنێكی گریمانەییدا دەنگی جاران بەدەستناهێنێت و زیاتری لە كیس دەچێت. ئەگەربێتو پێشبینیی راپرسییەكان راست دەرچێت، تەنانەت خودی سەرۆككۆماریش دەنگی 50+1 بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكەی بەدەستناهێنێت. لەوەش كرنگتر ئەوەیە كە هەندێك لە راپرسییەكان وایدەردەخەن كە ئەگەر زۆرە، مەهەپەی هاوپەیمانی ئاكپارتی لە ژێر بەربەستی 10%ی هەڵبژاردندا بمێنێتەوە. بۆیە وادیارە كە ئاكپارتی لەگەڵ ئەوەی كە پێی باشە بەرەی نەیارەكانی دابەشبێت، وەك ئەگەری جیابوونەوەی رەسمیی موحەڕەم ئینجە لە جەهەپە، راكێشانی باڵێكی پارتی سەعادەت یان تەنانەت جیابوونەوەیەكی گریمانەیی گرووپێك لە هەدەپە، كار بۆ ناچاركردنی ئیی پارتی، حزبەكەی مەرال ئاكشنەر دەكات بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی جمهور(هاوپەیمانی ئاكپارتی- مەهەپە) یان لانیكەم دووركەوتنەوە لە جەهەپە. ئەمەش پێویستیی بە گوتارێكی بەهێزی نەتەوەگەرایی هەیە.

خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە هەرچەندە باسی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادا نییە بەڵام كەش وهەوای سیاسی توركیا بەجۆرێكە كە وەك بڵێی بەرەو هەڵبژاردن دەچێت. بەپێی یاساكانی توركیا، هەر حزبێك لانیكەم لە 41 پارێزگادا بارەگای نەبێت و كۆنگرەی پارێزگاكانی نەكردبێت، ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكات. ئەگەر ئەوانەشی كردبێت، دەبێت لانیكەم 6 مانگ بەسەریدا تێپەڕبووبێت. بەگوێرەی ئەو مەرجانەش بێت، پارتی داهاتووی ئەحمەد دادوئوغڵوو لانیكەم لە مایسی ئەمساڵ بەدواوە دەتوانێت مافی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بە دەستبێنێت و پارتەكەی عەلی باباجان(دەوا)یش لە حوزەیران بە دواوە ئەو مافەی دەبێت. دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش، لە كۆتاییەكانی مانگی 1ی ئەمساڵدا، ناوی 17 حزبی بڵاوكردۆتەوە كە مەرجەكانی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردن تێدایە و لەو لیستەشدا، ناوی حزبەكەی باباجان و داودئوغڵوو نییە.[1]ئەمەش ئەو گومانەی درووستكردووە كە لەوانەیە ئاكپارتی بە تەمابێت بەرلە حوزەیران، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پەرلەمان دەربكات تا رێ لە بەشداریكردنی حزبەكەی باباجان لە هەڵبژاردن بگرێت. چوونكە زیاترین دەنگی لێ دەبات. بێگومان ئەگەر بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش بدرێت، گوتاری نەتەوەگەرایی- ئیسلامی زیاتر لە هەر گوتارێكی دیكە بە كەڵكی ئەردۆغان دێت.

ناڕەزاییەكەی ئێران لە پوولە یان لە پاپا؟       

دەكرێ ناڕەزاییەكەی ئێران لە پوولەكەی پاپا زیاتر، لە چوارچێوەی سیاسەتی نویی ئەو وڵاتە بەرامبەر عێراق و هەوڵەكانی بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لە توركیا، ئەویش دوای لێدوانەكانی ئیرەج مەسجدی  لە دژی توركیا سەیربكرێت كە گوتبوی پێویستە ئەنكەرە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. ئێران لەسەر پوولەكەی پاپا ناڕەزایی گەیاندۆتە حكومەتی عێراق. ئەمەش  لەكاتێكدایە كە لەگەلێك لە كێشەكانی رابردوودا، وك توركیا راستەوخۆ رووی دەمی لە هەرێمی كوردستان دەكرد. بەكارهێنانی ئەم بابەتە وەك كارتێكی گوشار لە بەرامبەر حكومەتی بەغدا، پەیوەندیی بەو لالووتییەوە هەیە كە بەگشتی تاران لە حكومەتەكەی كازمی هەیەتی و لە دوای هاتنی پاپاش زیاتر بووە.

هاتنی پاپا بۆ عێراق بە گشتی، بۆ شیعە و بۆ كوردیش واتایەكی گرنگی هەبوو. مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند جارێك باسی لە پرۆژەی شامی نوێی كردووە و لانیكەم بەشێك لە سەركردەكانی عێراق لەگەڵیدا هاوڕان كە عێراق لە جەمسەرگیری وهاوپەیمانییە ركابەرەكانی ناوچەكەدا، رۆڵێكی ناونجیی هەبێت. هەرچەندە ئەستەمە عێراق بتوانێ بێلایەن بێت، بەڵام هاتنی پاپا یارمەتیدەری بیرۆكەكەی مستەفا كازمییە سەبارەت بەوەی كە وڵاتەكەی شوێنی بە یەكگەیشتنی لایەنەكان بێت نەك جێگای بەریەككەوتن. بێگومان ئەمە دەتوانێت پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتیش پەیدا بكات. ئەمەش شتێك نییە كە بەدڵی ئێران بێت.

هاتنی پاپا پێگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانیشی وەك مەرجەعی باڵای دنیای شیعی بەهێزتركردووە. ركابەری نێوخۆیی مەرجەعییەتەكانی شیعە شتێكی دوور لە واقیع نییە. عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی لە كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆیدا باسی ئەوە دەكات كە زاواكەی ئایەتوڵڵا سیستانی لە وتەیەكی ئەحمەد جەنەتی یەكێك وتاربێژەكانی نوێژی هەینی تاران و بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران نیگەران بووە كە مەرجەع بوونی ئایەتوڵڵا سیستانیی بە كاری ئینگلیزەكان ناوبردبوو. بەشێك لە لایەنگرانی ئایەتوڵڵا سیستانی دەستەواژەی “ئیمام”ی بۆ بەكاردێنن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەلائیەكان، عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران بە شایستەی پلەی”ئیمام”ی دەزانن. بە ئەگەری زۆر، هاتنەكەی پاپا بە كەیفی ولائییەكان نەبوو، بەڵام دواجار مەرجەعییەتی نەجەف و سیستانیش نەیانویست بە تەواوی ئێران لە خۆیان بكەنە دوژمن، بۆیە لە بەیاننامەی دیدارەكەیدا لەگەڵ پاپا، لەڕێی باسكردنی” گەمارۆ” و” داوای دانوستاندن” لە زلهێزەكان، بەشێك لە خواستەكانی تارانیشیان لە پێشچاو گرتبوو. هەڵبەت ئەمە ناتوانێت رێ لەو درزە بگرێت كە لە بەینی مەرجەعییەتی نەجەف- قوم و سیستانی- خامەنەییدا درووستبووە و لە 2003 بەدواوە هەرچی چووە گەورەتر بووە.

هەرلە سەرووبەندی هاتنەكەی پاپادا، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە كە ئیدی لەمەودوا، ئەگەر یەك دۆلاریش بۆ عێراق و سووریا خەرج بكەن، وەریدەگرنەوە.” ئابووری بۆ ئێمە گرنگە، ناكرێ ئێمە یارمەتیی عیراق و سووریا بدەین بۆ ئەوەی ئاسایشیان هەبێت و دواتریش وڵاتی دیكە سوود لە ئابوورییەكەیان وەربگرن.”[2]هەرچەند دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو قسانەی بە بۆچوونی شەخسی رەزایی ناوبرد، بەڵام دواتر حەسەن رۆحانیش داوای لە مستەفا كازمی كرد كە پەلەبكات لە پێدانەوەی قەرزەكانی ئێران! رۆژێك دواتریش، ئیرەج مەسجدی و وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی قەرزەكان كۆبوونەوە. سەرچاوە ئێرانییەكان باس لە قەرزێكی 5-6ملیاردۆلاری دەكەن لە هەقی ئەو كارەبا و گازەی كە داویانە بە عێراق. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆكوەزیرانیش گوتوویەتی كێشەكە لەوەدایە كە ئێران دیناری ناوێت و داوای دۆلار دەكات لە هەقی قەرزەكانی، ئەمریكاش ناهێڵێ دۆلاریان پێبدەین.[3]ئەم پەلەیەی كە ئێستا ئێران بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە عێراق دەیكات، لەلایەكەوە پەیوەندی بە دۆخی خراپی ئابووری ئیرانەوە هەیە. چاوەڕوانییەكانی بەرپرسانی تاران سەبارەت بە ئیدارەی بایدن رێك دەرنەچوو. بۆیە دەیانەوێ رێگایەكی خێرا بۆ دەستخستنی دۆلار پەیدا بكەن. بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە دوور نییە كە قسەكانی رەزایی، رازی دڵی بەرپرسانی ئێران بێت بەرامبەر عێراق و حكومەتەكەی مستەفا كازمی.

ئەنجام

ئەگەر زۆر دووریش نەڕۆین، هەر ساڵی 2016بوو كە سەرۆككۆماری توركیا گوتبووی:”بڕۆن سەیری مێژوو بكەن، مووسڵ هێ ئێمە بوو.”هەروەها عەلی یونسی راوێژكاری حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێرانیش گوتبووی”بەغدا پایتەختی ئێمەیە.”بۆیە فراوانخوازی، زیاتر لە پرۆژە و بیری سیاسی ئێران و توركیادایە لەم ناوچەیە. پوولەكەی پاپاش هیچ پرۆژەیەكی سیاسی كردەنیی لە پشت نییە. هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا كە هەڵەوگیری كێشە دارایی و ئابوورییەكانی خۆیەتی و لە هەوڵەكانی بەغدا بۆ لاوازكردنی خۆی بەدگومانە، نە توانای ئەوەی هەیە كە كار بۆ بیرۆكەی كوردستانی گەورە بكات، نە ئەو خواستەشی هەیە. ناڕەزاییەكەی حكومەتی توركیا كە راستەوخۆ ئاراستەی هەرێمی كوردستان كراون، زیاتر بۆ ئەوەیە كە شەقامی نەتەوەگەرای توركی بكاتە بەردەنگی خۆی. ناڕەزاییەكەی ئێرانیش كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كراوە زیاتر بە ئامانجی تەنگەتاوكردنی وەزیرە كوردەكە و حكومەتەكەی مستەفا كازمییە!

[1] -https://www.cumhuriyet.com.tr/haber/ysk-secime-girme-yeterliligine-sahip-17-partiyi-acikladi-1809062

[2]– https://www.irna.ir/news/84255186/

[3] – https://mdeast.news/2021/03/09/%d8%a7%d9%85%d9%88%d8%a7%d9%84-%d8%a7%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d8%af%d8%b1-%d8%ad%d8%b3%d8%a7%d8%a8-%d9%87%d8%a7%db%8c-%d8%b9%d8%b1%d8%a7%d9%82-%da%86%d9%82%d8%af%d8%b1-%d8%a7%d8%b3%d8%aa-%d9%88/

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە