نێوەڕۆکی گرێبەستە نەوتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان
09-07-2024
بەرایی
کەمبوونەوەی جیاوازییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەماوەی 15 مانگی رابردوودا نەبووەهۆی رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان. سەرەڕای زیانمەندبوونی هەمووان لە بەردەوامیدان بە هێشتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە بە داخراویی، ئێستاش نازانرێت کەی نەوت لەو بۆرییەوە هەناردە دەکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان لەدوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵی بەغدا – هەولێر – کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەبینراوە، ئەویش بەهۆی پێداگری بەغدا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بەوشێوەیەی لە بودجەدا هاتووە، هەروەها داواکاری کۆمپانیاکان بۆ پاراستنی مافەکانیان وەک ئەوەی لەنێو گرێبەستەکانیان هاتووە، بەتایبەتیش خاڵەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکانیانەوە.
لەڕاستیدا، بەپێی نێوەڕۆکی گرێبەستە نەوتییەکان و راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا دوو جیاوازی گەورە لەنێوان کۆمپانیاکان و بەغدا هەیە کە بەمشێوازە دانوستاندنەی ئیستا ناگەنە ئەنجام. ئەویش تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و شێوازی وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراوە لەم کەرتە و قازانجەکانیان.
لەجیهاندا عێراق لەدوای وڵاتی سعودییەوە دووەم هەرزانترین بەرمیلە نەوتێک بەرهەمدەهێنێت و دەفرۆشێت، کە بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنانی 2.16 دۆلارە، بەڵام کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەعێراق لە گەڕانەوە تاوەکو فرۆشتن دەگاتە 10.57 دۆلار.
هەروەها، تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە وڵاتێکەوە یاخود لە جۆری کێڵگەی نەوتی و مۆدیلی بەڕێوەبردنیشەوە دەگۆڕێت، بۆ نموونە تێچووی بەرمیلێک نەوت لە ئەمریکا 24 دۆلار و لە نەروێژ 21 دۆلار، بەڵام لە نەیجیریا بەهۆی شێوازی گرێبەستەکانیانەوە لەم دواییەدا گەشتووەتە 48 دۆلار، لەکاتێکدا پێشووتر تەنیا 28.9 دۆلار بووە بۆ بەرمیلێک نەوت
لەم راپۆرتەدا بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSC لە هەرێمی کوردستان و و راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکان هەڵوەستە لەسەر جیاوازییەکانی بەغدا و کۆمپانیاکان لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و سیناریۆی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کەوا وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە دەخەینەڕوو.
گرێبەستە نەوتییەکان و شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت IOC
بەپێی گرێبەستە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان نەک گەرەنتی پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی داوە، بگرە میکانیزمی بەپێی تەمەنی گرێبەستەکان بۆ قۆناخە جیاوازەکانی وەبەرهێنان و کەوتنەکاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان لەهەر چوار قۆناخی گەڕان، دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان دیاریکردووە.
بەپێی گرێبەستەکان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەر سێ شایستەی دارایی، تێچووی بەرهەمهێنان، وەرگرتنەوەی پارەی بەرهەمهێنراو و قازانجەکانیان لەرێگەی سێ سیناریۆوە تاوەکو تەمەنی گرێبەستەکە دەستنیشانکردووە، کە لەم راپۆرتەدا بەڕەچاوکردنی مۆدیلی گشتی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSC و گرێبەستی کێڵگەی نەوتی سەرتا، کێڵگەی نەوتی ئەتروش و کێڵگەی نەوتی هەولێر هاوبەشێیەک یان مۆدیلێک بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەوا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن پەرەپێدراوە و خۆی لە سێ سینارۆدا دەبینێتەوە، کە لە گرێبەستەکان پێیدەگوترێت فاکتەری ئاڕ R factor کە ئەمیش لە رێگەی دابەشکردنی کۆی داهات بەسەر کۆی خەرجییەکانەوە دەکرێت.
سیناریۆی یەکەم: بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSC و گرێبەستەکانی کێڵگەی نەوتی سەرتا، ئەتروش و هەولێر کاتێک خەرجییەکان زیاترە لە داهاتەکان، ئەوا کۆمپانیاکە رێژەی 32%ی داهاتی نەوت لەدوای لێدەرکردنی رێژەی 10%ی پشکی میری (Royality) هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو دەبات. لەڕاستیدا ئەم بڕە هەم تێچووی بەرهەمهێنان، پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیش دەگرێتەوە، کە زۆربەی لە جۆری یەکەمە.
سیناریۆی دووەم: کاتێک داهاتی بەدەستهاتوو دەگاتە دوو هێندە و چارەکی خەرجییەکان، ئەوکات کۆمپانیاکە بە هاوکێشەیەک لەنێوان رێژەی کەمتر لە 32% و زیاتر لە 14%دا لە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو دەبات. بەهەمان شێوەی سیناریۆی یەکەم، دەتوانێن بڵێین لەم قۆناخەدا تێچووی بەرهەمهێنان و پارەی وەبەرهێنراو دەگرێتەوە.
سیناریۆی سێیەم: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەدوای زیادبوونی داهات لە خەرجییەکان، بەشێوەیەک کەوا داهاتەکان سەروو دوو هێندە و چارەکی خەرجییەکان بێت، ئەوا کۆمپانیاکە رێژەی 14% وەردەگرێت بۆ تێچووی بەرهەمهێنان، پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیان، کە دەتوانین بڵێین لەم قۆناخەدا زیاتر تێچووی بەرهەمهێنان و قازانج وەردەگرێتەوە.
وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، لە دوو سیناریۆدا پارەی بە دەستهاتوو لە بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان وەک شایستەی دارایی خراوەتەڕوو.
بۆ نموونە، ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بێت یان نرخی سۆمۆ و برێنت بێت، ئەوا زۆرترین شایستەی دارایی کە لەسەرەتاوە بۆ کۆمپانیاکان دەچێت بەپێی گرێبەستەکانیان دەگاتە 28.8 دۆلار و کەمترینیش دەگاتە 10.33 دۆلارە، واتە سەروو دوو هێندە و نیوی ئەو بڕەی بەغدا پێشنیازی کردووە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
لەکاتێکدا، بەپێی زانیارییەکان ئێستا زۆربەی کۆمپانیاکان کەوا لەم کەرتەی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن هێشتا لە سیناریۆی یەکەمدان نەک دووەم و سێیەم، بەهۆی قۆناخی سەختی ئابووری هەرێمی کوردستان لە دەیەی رابردووشدا قەرزیان کەوتووەتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان.
خشتەی 1: شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (تێچووی بەرهەمهێنان، خەرجی وەبەرهێنان و قازانجەکانیان) بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە سەرەتای وەبەرهێنان تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستان .
سەرچاوە: ماڵپەڕی سامانە سرووشتییەکان، بەشی گرێبەستەکان 26-06-2024.
تێبینییەکان: 1 وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراو کۆمپانیاکان هێشتا نەگەیشتووەتە سیناریۆی سێیەم، چونکە تاوەکو پێش گرتنەوەی قوفڵی هەناردەکردنی نەوت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نەوت IOC وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێلگەکان بەردەوام بوون ، واتە هێشتا خەرجی وەبەرهێنان هەبووە و بەردەوام بووە.
2 نرخی ئێستای نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی (برێنت)، هەربۆیەش لەدوای مانگی ئادار 2023 وە کاتێک کۆمپانیاکان دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کرد، لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەت میکانیزمێکی نوێ بۆ نەوتی بەرهەمهێنراو و فرۆشتنەوەی بە بازاڕی نێوخۆ پەێڕەوکرا، کەوا کۆمپانیاکان راستەوخۆ پارەی نەوتی فرۆشراو بە رێژەی جیاواز وەردەگرن
3 ئەم رێژانە لەسەر بنەمای گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان و هەر سێ گرێبەستی کێڵگەی نەوتی سەرتا، ئەتوش و هەولێر لە هەرێمی کوردستان دانراوە، کە بەرزترین رێژەی بۆ شایستەی کۆمپانیاکان لەسەرەتاوە بە 32% و نزمترین رێژەشی بۆ شایستەی کۆمپانیاکان بە 14% داناوە.
پێشنیازەکەی بەغدا و تێچووی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
دوای ساڵێک و سێ مانگ و دانوستاندنی دوو قۆڵی و سێقۆڵیش هێشتا بەغدا لەسەر پێشنیازەکەی یەکەمجاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان دووپاتدەکاتەوە کەوا 16.8 هەزار دینارە بۆ کۆمپانیاکان وەک تێچووی بەرهەمهێنان، خەرجی وەبەرهێنان و قازانجەکانیان وەکو ئەوەی لە بودجەی 2023 و خشتەکانی پەسەندکراوەکانی بودجەی 2024دا هاتووە، بەڵام ئەمە بەتەنیا نزیکە لە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان.
لەڕاستیدا بنەمای سەرەکی پێشنیازەکەی بەغداد کە لە بودجەی ساڵانەدا بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەهەمان شێوەی کیڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقە کەوا کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بگاتە 11بۆ 12 دۆلار دۆلار وەک چۆن لە نێوەڕاست و باشووری عێراق 10.57 دۆلارە.
تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، لە جۆرێکی گرێبەستەوە بۆ جۆرێکی دیکەیان و تەنانەت لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکەش زۆر دەگۆڕدرێت، بۆ نموونە لە بەڕازیل تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 9.45 دۆلارە، بەڵام بە تێچووی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان و گواستنەوە، باج و هتد دەگاتە 34.99 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەکاتێکدا لە عێراق تێچووی بەتەنیا بەرهەمهێنان بەرمیلێک نەوت 2.16 دۆلارە و لە سعودیە تێچووی بەرهەمهێنانی 3 دۆلارە، بەڵام لە عێراق کۆی تێجووەکە دەگاتە 10.57 دۆلار ، لەکاتێکدا لە سعودیە دەگاتە 8.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کەوا کەمترین تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتە لە جیهاندا.
هەروەها، ئەم جیاوازییە لەنێو عێراق دا، و لەو کێڵگانەی کەوا وەزارەتی نەوت بەڕێوەیان دەبات تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت جیاوازە و بگرە دەگاتە نزیکەی پێنج هێندەی ئەو نرخەی کەوا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دانراوە، کە دیارترین نموونەش تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی گەیارە بوو کە لەماوەکانی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی بەهۆی بەرزی خەرجییەکەوە کەوا سەروو 30 دۆلار بوو راگرت.
بەپێی داتاکانی کێڵگەی نەوتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنان یان تێچووی ئۆپرەیشنی کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 10.7 دۆلارە، ئەمە بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت نەک کۆی پرۆسەکە وەک خەرجی وەبەرهێنراو و گواستنەوە و بەبازاڕکردن. هەربۆیەش ئەم جیاوازییە گەورەیە وادەکات جگە لە تێچووی بەرهەمهێنان کۆمپانیاکان داوای پاراستنی میکانیزمی وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیان لەم گرێبەستانەدا بکەن، ئەوەش سەرەڕای قەرزە کەڵەکەبووەکانیان.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای فۆرزە پێش ئەو رۆژانەی قوفڵی بۆرییەکە دابخرێت ئەوا لەساڵی 2022دا بەتێکڕا رۆژانە 9 هەزار و 450 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و بەتێکڕای هەر بەرمیلەی بەنرخی 78.39 دۆلار فرۆشتووە کە 10.73 دۆلار بەتەنیا تێچووی ئۆپرەیشنی کێڵگە نەوتییەکە و بەرهەمهێنانی بووە.
بەگشتیش ئەگەر تەماشا بکەێن کۆی خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت لە 2023دا کەوا لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە 12.9 تریلیۆن دینار بووە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەوە لەو ساڵەدا ئاماژە بە بەرهەمهێنانی 1.66 ملیار بەرمیل و هەناردەکردنی 1.23 ملیار بەرمیل نەوت دەکات، ئەگەر لێکدانەوەیەیکی گشتی ئەو پارەیەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ وەزارەتی نەوت لەو ساڵەدا خەرجکراوە بکەین ئەوا دەریدەخات کە تێچووی بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەروو ئەو بڕەی بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان دانراوە.
خشتەی 2: داهات و خەرجییەکانی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەی نەوتی هەولێر بۆ 2022 کەلەلایەن کۆمپانیای فۆرزەوە بەڕێوەدەچێت
سەرچاوە: راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای فۆرزە 1-07-2024
تێبینی:1 ئەم دابەشکارییەی پارەی گواستنەوەی نەوت و شایستەی کۆمپانیاکان وەک خەرجی سەرمایە و قازانج خەمڵینراوە، تەنیا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو، نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراو و تێچووی بەرمیلیک نەوت لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
2: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕی کۆتایی قازانجی کۆمپانیاکان بەپێی گرێبەستەکان جارێکی دیکە بەڕێژەی جیاواز تاوەکو 20% قازانجەکە بۆ دەگەڕێتەوە.
کۆتایی
ئێستا، کۆمپانیاکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کەوا بە IOCکان ناسراون نەوت بەنێوخۆ دەفرۆشن، کە ئەمەش زیانی بۆ هەموولایەک هەیە، بەڵام کۆمپانیاکان دەتوانن درێژە بەم دۆخەی ئێستا بدەن، چونکە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو بڕەی لە فرۆشتنی ناوخۆوە و راستەوخۆ پارەکەیان بەکاش وەردەگرن، زۆرزیاترە و بگرە سەروو دوو هێندەی ئەوەدەبێت کەوا لە بەغدادەوە پێشنیاز کراوە.
ئەگەر بەغدا بیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە بۆ بەندەری جەیهان ئەوا دەبێت رێگەچارەی هاوبەش و بنەڕەتی بۆ هەر یەکێک لەم ئاڵنگارییانەی خوارەوە بدۆزێتەوە بە رێککەوتن لەگەڵ هەولێر:
- تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە لەنێوەڕاست و باشووری عێراق.
- چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ مۆدیلی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنانی نەوت بدۆزێتەوە کەوا کۆمپانیاکان بچنە ژێربارییەوە.
- دۆزینەوەی رێگەچارەیەک لەگەڵ هەولێر بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کەوا ساڵانێک کاریان کردووە و بەهۆی خراپی رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نەتوانراوە شایستە دارییەکانیان وەربگرن.
- چارەسەرکردنی پرسی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بەتایبەتیش بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس لەبارەی پێدانی 1.4 ملیار دۆلار لەلایەن ئەنکەرەوە بە بەغدا.