شرۆڤە

نرخی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا

05-10-2021


 

 

RRC |

مەحموود بابان-ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

راپۆرت-4 نرخی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا

لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بەرزترین ئاستی خۆی لە حەوت ساڵی رابردوودا تۆمارکرد و لە سەروو 81 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکراو، هاوکات چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوە بێت، ئەویش بەهۆی زستانێکی سارد و بەرزبوونەی نرخی گازی سرووشتی و گوڕانکارییەکان لە باشبوونەوەی ئابووری جیهان و زیادبوونی خواست لە هەمبەر خستنەڕوودا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە رۆژانە و بگرە لە چەند کاژێرێکدا گوڕانکاری بەسەر نرخی نەوتدا دێت، بۆیە  پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا نرخی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا چەند دەبێت و هۆکارەکانی پشت گوڕانکاری نرخ چییە لە ئێستا و داهاتوودا؟

رۆژی 4ی تشرینی یەکەمی 2021 وڵاتانی نیو هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیان ئەنجامدا و درێژەیان بەو رێککەوتنی پێشوویان بۆ خستنەڕوو و زیادکردنی نەوت دا، کە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەمانگی داهاتوودا، ئەمەش نرخی نەوتی گەیاندە سەروو 81 دۆلار لە رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2021دا. ئەوەی جێگەی سەرنجە هەندێک لە شارەزایان و راوێژکارەکانی کۆمپانیای نەوت و تەنانەت وەزیری نەوتی عێراق پێشبی دەکەن نرخی نەوت بگاتە سەروو 100 دۆلار بۆ بەرمیلێک[1].

لەماوەی دەیەی رابردوودا بەرزترین نرخی نەوتی برینت لە 13ی ئادار 2012 تۆمارکراوە، کە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 128.14 دۆلار مامەلەی پیوەکراوە و نزمترین نرخی یەک بەرمیل نەوتیش لە 21ی نیسان 2021دا بووە، کە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 9.12 دۆلار مامەلەی پێوەکراوە. ئەمەش دەریدەخات لە دەیەی رابردوودا نزیکەی 19 هێندە بەرزی و نزمی بەخۆووە بینیوە. هەروەها بەرزترین نرخی تێڕای مانگانەی یەک بەرمیل نەوتی برینت بە 125.45 دۆلار بووە و لەمانگی ئادار 2012 تۆمارکراوە، هەروەها نزمترین نرخی تێکڕای مانگانەی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 18.38 دۆلار بووە و لە مانگی نیسان 2020دا تۆمارکراوە[2].  بۆ زانینی نرخی مانگانەی نەوتی برینت و نەوتی خاوی تەکساس بڕوانە گرافیک ژمارە 1 لە خوارەوە.

لە راستیدا نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی ئاسایی و رۆژانە بە پشت بەستن بەخواست و خستنەڕوو نرخەکەی  بەرز و نزمی بەخۆوە دەبینێت، بەردەوامی رێکارەکان و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گوڕاو کاریگەری گەورەی لەسەر نرخی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا دادەنێت. هەروەها زۆربەی شیکەرەوەکانی بواری نەوت و کۆمپانیا راوێژکارەکان پێشبینی ئاساییبوونەوەی خواستی نەوتی جیهان بۆ ساڵی 2019 و پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەکۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا دەکەن، هەروەکو رایان لانس، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆنۆکۆ فلیپس ئاماژەی بەوەکردووە خواست بۆ نەوت دەگەڕێتەوە پێش سەردەمی کۆرۆنا لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوودا[3].کە ئەمەش کاریگەری تەوای لەسەر گوڕانکارییەکانی نرخی نەوت لە ئێستا و داهاتوودا دەبێت.

 

گرافیک 1: گوڕانکارییەکانی نرخی نەوت بۆ هەربەرمیلێک نەوت لە 2009 بۆ 2021 لە مانگێکدا

سەرچاوە: IEA

 

هۆکارەکانی پشت گوڕانکارییەکانی نرخی نەوت

لەراستیدا هۆکاری پشت گوڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت و نرخی نەوتی برینت و تەکساس زۆرن، بەڵام ئێستا دەتوانین  چوار خاڵی سەرەکی کە لە پشت گوڕانکارییەکانی ئەم دواییە نرخی نەوتەوە بووە بخەینەڕوو، ئەوانیش جیاوازی لە خواست بۆ نەوت لە جیهاندا، کە بەهۆی بڵاوبوونەی کۆرۆنا گوڕاو (دەلتا) و ئاساییبوونەوەی چالاکییەکان و باشبوونی ئابووری جیهان، کە وادەکات خواست بۆ نەوت بەگشتی لە ئەمساڵدا بە قەبارەی 5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبکات و بگاتە 97.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هەروەها بۆ ساڵی داهاتوودا 3.6 ملیۆن بەرمیل زیادبکات و بگاتە 101.0ملیۆن بەرمێل لە رۆژێکدا.

خاڵیکی دیکە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئەمریکاوە، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی باهۆزەوە چەند کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت راوەستا و ئەمەش ناجێگرییەکی خستەبازاڕەوە و بووەهۆی گوڕانکاری لە نرخی نەوتدا. لە لایەکی دیکەوە، بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایکردووە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە نەوتی بەردین لە ئەمریکا زیادبکات و دڵنیاییەک بە وەبەرهێنەرەکان بدات، سەرەڕای رێکارە جیاوازەکانی ئێدارەی بایدن بۆ پاراستنی کەشوهەوا و وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکاندا. لە ئابی 2018دا ئەمریکا بووە گەورەترین وەبەرهێنەری نەوت لە ئاستی جیهاندا و لە تشرینی یەکەمی 2019دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمریکا ریکۆردێکی نوێ تۆمارکرد کە 12.1 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا ، ئەمەش بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1973وە ئەمریکا لە هاوردەکاری نەوتەوە بوو بە هەناردەکاری نەوت، چاوەڕواندەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمساڵدا بەرتێکڕا 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و لەئاستی مانگی تەممووزدا بێت و بۆ ساڵی داهاتووش لەرۆژێکدا 0.4 ملیۆن بەرمیل زیادبکات.

خاڵی سێێەم رۆڵی رێکخراوی ولاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک، هەرچەندە ئەمریکا رۆڵیکی هەیە، بەڵام بەراورد بە رۆڵی ئۆپێک ناکرێت بۆ پاراستنی بازاڕی نەوت، بەردەوام ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کاریگەریی گەورەیان لەسەر نرخ و بازاڕی نەوت هەبووە، ئێستا سعودیە کە پێشڕەوی ئۆپیک دەکات دەوێت نرخی نەوت بەرزتر بێتەوە بە بێ لەدەستدانی بازاڕەکە بۆ کۆمپانیا رووسی و ئەمریکییەکان.

خاڵی کۆتایی و چوارەم بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە ئاستی نێودەولەتیدا، لەساڵی 2014وە بازرگانە نێودەوڵەتییەکان رۆڵیان هەبووە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆربەی بازرگانەکان دۆلارەکە وەک سەرمایەگوزارێکی باش و پەناگەیەکی پارێزراو بەکاردەهێنن لەدۆخێکی ناجێگیری ئابووری جیهان و ئەم رەوشەی ئێستا جیهان پیدا تێدەپەڕیت. بۆ نموونە لە ماوەی نێوان 2013 بۆ 2016 بەهای دۆلار بەرێژەی 30% بەرزبووەتەوە، بەهۆی برێکزت و قەرزی یۆنانەوە، لەماوەی 20 رۆژدا، واتە 3ی ئادار 2020 بۆ 23ی ئادار 2020 بەرێژەی 8.4% بەهاکەی بەرزبووەتەوە، ئەمیش بەهۆی پاندامیکەوە. لەبەرئەوەی هەموو مامەلەکانی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی دەکرێت و زۆربەی ولاتانی هەناردەکاری نەوت پارەکەیان بە دۆلار دەوێت و بەردەوامی ناسەقامگیری ئابووری جیهان وادەکات هەر گوڕانکارییەکا لە بەهای دۆلاردا دەبێتە گوڕانکاری گەورە لە نرخی نەوتدا.

هەروەها، بەپێی راپۆرتی مانگانەی ئاژانسی نێودەولەتی وزە IEA دوای سێ مانگ لە دابەزینی یەک لەدوای یەکی خواست بۆ نەوت بەهۆی کۆرۆنای گوڕاوە، چاوەڕواندەکرێت لەمانگی تشرینی یەکەمدا 1.6 ملیۆن بەرمیل خواست بۆ نەوت زیادبکات و بەردەوامبێت زیادبوونی خواست بۆ نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ[4]. هەروەها، بەپێی هەمان راپۆرت بەرزبوونەوەی رێژەی ڤاکسین لە وڵاتاندا وادەکات گەڕانەوەیەکی بەهێز لە خواست بۆ نەوت لەساڵی داهاتوودا هەبێت.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، نرخی نەوتی خاوی برینت لە مانگی ئاب ئەمساڵدا بە 71 دۆلار بۆ یەک بەرمیل مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمەش 4 دۆلار کەمتر بووە لە مانگی تەممووز بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک لە ئەمساڵدا. بەپێی ئاسۆی وزەی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری ئەمریکا EIA چاوەڕواندەکرێت نرخی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەتێکڕا لەسەروو 71 دۆلار بۆ هەرمیلێک و لەساڵی داهاتوودا بە تێکڕای 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەبرکرێت[5]. لەکاتێکدا بەپێی دوایین راپۆرتی گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات لەکۆتایی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگاتە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەویش بەهۆی پێچڕانی زنجیرەی دابینکردن بەهۆی باهۆز و باشبوونی بەهێزی خواستەوە بۆ نەوت، پێشتریش گۆڵدمان ساکس پێشبینی ئەوەی کردبوو کە نرخی نەوت لەکۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە سەروو 80 دۆلار. بۆیەش بەهۆی زستانی سارد و بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی چاوەڕواندەکرێت جارەکی کۆتایی ئەمساڵ نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە سەروو 85 دۆلار. کەواتە بەپێی پێشبینییەکان و راپۆرتی ئاژانسەکانی بواری وزە و کۆمپانیا گەورەکان خواست بۆ نەوت لە بەرزبووەنەودا دەبێت و نرخی نەوتیش روو لە بەرزبوونەوە لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا.

سەرچاوەکان

[1] https://www.reuters.com/business/energy/iraq-oil-minister-says-oil-prices-reaching-100barrel-unsustainable-tv-interview-2021-10-03/

[2] https://www.iea.org/data-and-statistics/data-product/monthly-oil-price-statistics-2

[3] https://www.bnnbloomberg.ca/conocophillips-ceo-sees-pre-covid-oil-demand-returning-in-months-1.1655363

[4] https://www.iea.org/reports/oil-market-report-september-2021

[5] https://www.eia.gov/outlooks/aeo/pdf/AEO_Narrative_2021.pdf

Share this Post

شرۆڤە