رووداو و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ماوەی رابردوو لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگی پێگە و کارەکانی نوێنەرانی کوردی لە بەغدا خستەڕوو، هەروەها مەترسییەكانیشی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر كرد. لە کاتێکدا لەدوای رووخانی رژێمی پێش 2003وە، کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی بڕیاریدا بەشداربێت لە عێراقی نوێ و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین جار هەلی بۆ رەخساوە ببێتە ئەکتەرێکی سەرەکی، بەڵام هیچ کات نەیتوانی دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە بەغدا لە لووتکەدا بهێڵێتەوە و بیپارێزیت. هۆکارەکانی ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێکی وەک کێشەی نێوخۆیی، کاریگەریی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام کەم توانایی نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا و لە هەموویشی گرنتر دابەشبوونی کورد لە بەغدا بۆخۆی فاكتەرێكی گرنگە. پێویستە پێداچوونەوەیەک بۆ رابردوو بکرێت و چاوێک بەسەر خاڵە لاوازەکانی کورد لە بەغدا بخشێندرێت كە یەكێك لەوانە رەفتاری نوێنەرانی كوردە لە بەغدا.
کورد و پۆستی سەرۆککۆمار
هەرچەندە بەشێک لە لێکۆڵینڤانان، سیاسەتمەدار و خەڵکیش پێیانوایە پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا پۆستێکی تەشریفاتییە و ناکرێت هاوشێوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران یان رێککەوتنە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی کورد سوودی لێ وەربگیردرێت. بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەو پۆستە چەندین جار رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی عێراق لە دوای 2003وە. بۆ نموونە، کاتێک جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری عێراق رازی نەبوو بڕیاری لە سێدارەدانی سەدام حوسێن و سەرکردەکانی پێشووی عێراق واژۆ بکات و شیعەکانی ناچار کرد بە واژۆکردنی، جووڵەیەکی مێژوویی بوو كە کوردی لە ململانێیەک دوورخستەوە. هەروەها پاشان سووربوونی مام جەلال لەسەر واژۆکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و قایلکردنی ئێران لە 2008، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری خستە سەر سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی عێراق. هەروەها لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری عێراقیش هۆشدارییەکانی د. بەرهەم ساڵح بە دەستکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار، لایەنە شیعەکانی ناچارکرد خۆیان لە بەربژێرکردنی هەموو كەسێك دووربخەنەوە.
لە هەمانکاتدا ئەو پۆستە بووە هۆکاری هەزار کێشە و گرفت بۆ کورد و هەرێمی کوردستان. ئەمەش کاتێک دەستیپێکرد کە هەر یەک لە پارتی و یەکێتی بڕیار و بۆچوونەکانیان لە بەغدا جیاواز بوون. بۆ نموونە، کاتێک لە هەولێر سەرۆک بارزانی، مام جەلال و سەدر لەسەر لابردنی مالیکی رێککەوتن، دواتر مام جەلال لە سەندنەوەی متمانە لە مالیکی پاشگەزبووەوە و دوای کەمتر لە ساڵێکیش بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا. هەروەها ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار وایکرد کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە هەڵکشانێکی بەردەوام بن و رۆژانە خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند بن. ئێستاش سەرۆککۆماری عێراق دەتوانێت بۆ ماوەی 45 رۆژ واژۆکردنی بودجەکە بە مەبەستی دەستکاریکردنی دوابخات، ئەمەش لە کاتێکدایە شیعەکانی عێراق و حکومەتەکەی سوودانی زۆر پێویستیان بە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە هەیە. ئەمەش وا دەکات کورد 45 رۆژی لە بەردەست بێت بۆ ئەوەی یان سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق وەک ئەوەی سوودانی ئاماژەی پێکرد دەستکاری ئەو بڕگانە بکات، یانیش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لۆبییەکی کوردی بەهێزتر لە پەرلەمانی عێراق بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدا دەگوترێت پارتی بە نیازە سکاڵایەک لەسەر برگەی هەشتی ماددەی 14 پێشکەش دادگەی فیدراڵی بکات و ئەمەش هەندێک کات دەدات تاوەکو دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەو سکاڵایە. کورد ئێستا لە هەموو پێکهاتەکان زیاتر کێشەی دواکەوتنی بودجەی نییە و هەر پەکخستنێکی پەسندکردنی بودجە گوشارکانی سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر دەکات.
کورد لە پەرلەمان
هەرچەندە دوای دابەشبوونی شیعە لە پەرلەمانی عێراق بەسەر بەرەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا چاوەڕێ دەکرا کورد لە پەرلەمانی عێراق بەهێزتر بێت و دەستکەوتی زیاتری هەبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کورد لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو. دابەشبوونی کورد بەسەر چەند بەرەیەکدا وایکرد هیچ گەرەنتییەک نەبێت كە بودجە سێ ساڵییەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و کێشەی سیاسی کاریگەری نەخاتە سەری، بەڵکو قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. هۆکاری دووەمیش بریتییە لەوەی بەشێکی زۆری نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە تایبەت پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی هاوشێوەی مستەفا سەند و یوسف کیلابی خەمی هەموو بڕگەکانیان نەبوو، بەڵكو تەنیا شەڕیان لەسەر بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بوو. لە کاتێکدا زۆر بابەت هەن وەک ماددەی 16 بودجە، باجدانان لەسەر سووتەمەنی، هاوکاریی مرۆیی بۆ سۆماڵ، کۆمۆرۆس و فەلەستین بە بڕی سێ ملیار دۆلار، سندووقی دووبارە بونیاتنانەوەی پارێزگا ئازادکراوەکان لەدەستی داعش، خەرجییەکانی حەشدی شەعبی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان كە دەکرا کورد وەک کارت بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خۆی وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خێزانی ئەنفالکراو و خانەوادەی کیمیابارانکراوەکان بەکاری بهێنێت.
ململانێی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی رۆژ دوای رۆژ لە عێراق و دەرەوەی عێراقیش رەنگدانەوەی زیاتری پەیداكردووە. ئەمەش وایکردووە هەر دوو حیزب جوڵە و راگەیێندراوی سیاسیی خێرایان هەبێت، وەک ئەوەی پارتی چەند جارێک هۆشداریی کشانەوەی خۆی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دا و یەکێتیش بەشێوەیەکی مەترسیدار پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گرووپە پرۆ ئێرانی و ئیتارییەكان زیادکردووە. ئەمەش خاڵێکی زۆر مەترسیدارە لەسەر هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.