ئەم باباتە هەڵبگرە
لەکۆتاییەکانی 2025 و سەرەتای 2026 وە ئێران چووەتە یەکێک لە چارەنوسسازترین قۆناخەکانی زیاتر لە 46 ساڵی رابردووی خۆی. شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندان کە تا ئێستا 250 شوێنی لە 27 پارێزگای ئەو وڵاتە گرتۆتەوە دەرکەوتووە، هەرچەند ژمارەی بەشداربووانی لە چاو ئەوانەی پێشتردا کەمترە بەڵام خێڕایی بڵاوبوونەوە. دۆخی ئابووری تینی بۆ خەڵک هێناوە بەڵام ئەم تاکە هۆکار نییە. پرسەکانی وەک متمانەی خەڵک بە سیستەمی سیاسی لە قۆناخێکی گواستنەوەدا، هەروەها بابەتەکانی پەیوەست بە ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی دەرەوەش بە شێوەیەکی راستەوانە ئاڕاستە بە دۆخی ناوخۆیی ئێران دەدەن. گەڕانەوەی سزاکان، قسەکانی ترەمپ بۆ ئەگەری دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکان ئەگەر خەڵك بکوژرێن، ئەگەری شەڕی دووەم لەگەڵ ئیسرائیل و کەوتنی مادۆرۆ کاریگەرییان لەسەر خۆپیشاندانەکان دەبێت.
ئاژانسی فەرمی ئێران بۆخۆی گوتوویەتی ئەمە زنجیرەیەک ناڕەزایی پووکێنەرە کە هۆکارەکەی تەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو نەمانی متمانەیە. باسی لەوەش کردووە کە ئەمە شۆڕش نییە بەڵام لە شۆڕش مەترسیدارترە چونکە رابەر، و ئاسۆیەکی دیاری نییە و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە. هەرچەند دەشێ ئەمە رەنگدانەوەی دیدگای مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بیت کە مەرج نییە لەگەڵ روانگەی بەشەکانی دیکەی سیستەمی سیاسی و ئەمنیدا یەکبگرێتەوە کە ریشەی ناڕەزاییەکان بۆ پرسە ئابورریەکان یان دەستوەردانی دەرەکی دەگەڕێننەوە، بەڵام هەر لە پزشکیانەوە هەتا رابەری ئێران هەڵوێستی ئەمجارەی دەوڵەت لە بەرامبەر خۆپیشاندەران جیاوازترە بەوەی کە تەنانەت باسی "گفتوگۆ" لەگەڵ ناڕازییەکان دەکەن. بە ئەگەری زۆر ئەمەش بۆ هاوتەریبییەکەی لەگەڵ دۆخە نالەبارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییە ناوخۆیی و دەرەکییەی ئێران دەگەڕێتەوە.
چۆن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران تێبگەین؟
بەپێی داتاکانیACLED لەماوەی نێوان 2015 تا 12ی 12ی 2025دا - ئەم شەپۆلەی کۆتایی ناگرێتەوە کە کە لە 28ی مانگی 12ی 2025وە دەستپێکردووە- بە گشتی 30263 خۆپیشاندانی گەورەو بچووک لە ئێران کراون کە 7٪ی خۆپیشاندانی توندوتیژانە بوون کە تێیدا یان خۆپیشاندەران یان دەوڵەت رەوتێکی توندیان گرتۆتەبەر. دیارە بەو پێیەی کە حکومەت بەردەوام خۆپێشاندانی ساڵانە بۆ پاڵپشتی لە خۆی رێکدەخات، دەشێ هەموو ئەوانەی کە بە ئاشتییانە کراون پەیوندییان بە ناڕەزایی خەڵکەوە لە حکومەت نەبێت. ئەوانەی کە لەو خانەیەدا جێ دەگرن 1967 دانەیە کە توندوتیژی، گرتن و راوەدوونانی تێکەوتووە و بەپێی دابەشکارییەکانیACLED ئەوانەن کە دەوڵەت دەستوەردانی تێدا کردووە، هێزی زیاد و توندوتیژی تێدا بەکار هاتووەو لیرەشدا هەموویان لە خانەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی حکومەت دا کۆ کراونەتەوە.
بە پێی ئەنجامەکان ئیدی خۆپیشاندان لەئێران شتێکی کاتی نییە و تەنیا یەک هۆکاری نییە. بە گشتی، هەرچی چووە، هەم توندوتیژتر بووە، هەم جوگرافییەکەی فراونترە بووە و هەمیش زیاتر بەردوام بووە.
زۆرترین خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت بەپێی ریزبەندی لە تاران(460)، خوزستان(220)، کوردستان(150) سیستان و بەلوچستان(140) و ئیسفەهان(110) دانە بووە و ئەمەش دوو تایبەتمەندی هەیە: یەکیان ئەوەیە کە شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران و ئیسفەهان ناڕەزاییان تێدا زۆرە، ئەوی دیکەش ئەوەیە کە ناڕەزایی بەشێوەی نەریتی لە شوێنی کورد، بەلوچ و عەرەب دا زیادە بەڵام ئێستا ئیدی بۆ سەرتاسەری جوگرافیای ئەو وڵاتە پەلی کێشاوە. هەڵبەت ژمارەی قوربانییەکان دەریدەخات کە کاردانەوەی حکومەت لە ناوچە کوردی، عەرەبی و بەلوچەییاکاندا زۆر توندتر بووە. بۆ نموونە ژمارەی قوربانییەکان لە شوێنیکی وەک تاران بە 460 خۆپیشاندانەوە لە سنووری 200 کەس دا بووە، لە ئیسفەهانیش بە 107 خۆپیشاندانەوە 42 کەس بووە، بەڵام لە سیستان و بەلوچستان بە 135 دانەوە 415 کەس، لە کوردستان بە 147 دانەوە 175 کەس، لە کرماشان بە64 خۆپیشاندان 155 کەس و لە خوزستانیش بە 217 خۆپیشاندانەوە 165 کەس بوونەتە قوربانی. ئەمەش دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ جیاوازی کاردانەوەی دەوڵەت بەپێی ناوچە جوگرافییەکان. هەر ئەمەش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی لەم شەپۆلە تازەیەی خۆپیشانداندا هێشتا تەواوی ناوچەکانی بەلوچ و کورد بەشدارییەکی کارایان نەکردووە. هەڵبەت ئەمجارەیان ناوچەکانی وەک کرماشان و ئیلام کە کوردی شیعە لەوێ زۆرینەیە خۆپیشاندانی زۆری تێدا کراوە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە "بەردەوامی" بووەتە تایبەتمەندییەکی خۆپیشاندانەکان. بێجگە لە ساڵی 2015 کە تەنیا لە تاران و ئیسفەهان کراوە، لە ساڵی 2016 وە خۆپیشاندان بە رێژەیی لە هەموو شوێنیک کراوە بەڵام بەقەبارەی جیاوازەوە. ساڵی 1999 خۆپیشاندانی خوێندکاران کراو نزیکەی 10 ساڵ دواتریش لە 40 شاری ئێراندا لەسەر ئەنجامی هەڵبژردنی 2009 خۆپیشاندانی گەورەتر کرا. لە ساڵی 2016ش بە دواوە بە هۆی گرانی، هەڵاوسان، کەمئاوی، گرانیی نرخی بەنزین، خستنە خوارەوی فڕۆکەیەکی مەدەنی لەلایەن سوپاوە، هەروەها رووادەکانی پەیوەست بە"ژینا"وە، خەڵک ناڕەزایی دەربڕیوە. لەهەموو ئەوانەشدا، خۆپیشاندانەکان تەنات ئەگەر لەسەرەتاوە هۆکارێکی دیاریکراویشی هەبووبێت، ئەوا لە ماوەی گەشەکردنیدا رەهەندی دیکەشی وەرگرتووە.
ژمارە ئابوورییەکانی پشت خۆپیشاندان
بەشێک لە میدیاکانی ئێران رێژەی بێکاری بە دەوری 7.5٪ دادەنێت بەڵام بەپێی ئای ئێم ئێف، ئەوە خۆی لە قەرەی 9٪ داوە. لە ئێران تەنیا 27 ملیۆن و 175هەزار کەسی بە هێزی کار هەژمار دەکرێن و ئەگەر رێژەی بێکاری رێژەی 7.5٪ی بێت ئەوا 2 ملیۆن کەس دەکات و ئەگەر 9.2٪ش بێت ئەوا 2،500،100 کەس دەکات.
| (٪) | 2015 | 2016 | 2017 | 2018 | 2019 | 2020 | 2021 | 2022 | 2023 | 2024 | 2025 |
| خۆپیشاندانی توندوتیژانە | 0 | 3.30 | 6.10 | 5.90 | 13 | 4.80 | 10.40 | 41.50 | 11.30 | 1.50 | 2.20 |
| گەشەی جی دی پی | 1.4 | 6.5 | 3 | -3.7 | -2.4 | 4.4 | 4.1 | 4.4 | 5.3 | 3.7 | 0.6 |
| هەڵاوسان | 11.1 | 6.8 | 8.2 | 26.9 | 34.8 | 36.5 | 40.2 | 45.8 | 40.7 | 32.5 | 42.4 |
| بیکاری | 11 | 12.4 | 12.1 | 12.1 | 10.7 | 9.6 | 9.2 | 9 | 8.1 | 7.6 | 9.2 |
| سەرچاوە | IMF, ACLED |
نەک تەنیا بێکاری بەڵکو گەشەی خاوی جی دی پی و هەڵاوسانیش گرفتی دیکەی ئابووری ئێرانن و لە نێو پێنوێنە جیاوازەکاندا پەیوەندییەکی راستەوانە لە نێوان هەڵاوسان و ژمارەی خۆپیشاندانەکاندا هەیە و هەرچی هەڵاوسان زیادی کردبێت خۆپیشاندانیش زیاتر بووە.
سێ رۆژ بەر گۆڕانی ساڵی زایینی، نرخی دۆلار ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و 144 هەزار تمەنی تێپەڕاند، لەسەر ئەوەش فرۆشیارانی مۆبایل لە مۆڵێکی تاران بۆ ناڕەزایی چوونەتە سەر شەقام لە دوای ئەوەش ئیدی ناڕەزاییەکان تەشەنەی کردووە. ئەمە چیرۆکی دەستپێکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی کە میدیای ئێرانی دەیگێڕێتەوە. هاوکات لەگەڵ گۆڕانی نرخی دۆلار، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بە 42٪ راگەیەندراوە بەڵام هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی 12 دا بە 52٪ راگەیەندراوە، واتا نرخی کاڵا و شتومەک بۆ هاوڵاتییەکی ئێرانی 52٪ گرانترە بووە کە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک خۆراک و دەرمان لە ریزی سەرەوەی ئەو گرانییەدان. بۆ نمونە بە بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەری 2025، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، نرخی نان، هێلکە، شیر، میوە، بەپێی ریزبەندی 26.7٪، 18.3٪، 9.8٪ و 16٪ زیادی کردووە. ئەمەش بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیان کە وامەزندە دەکرێت لە سەر 3 کەسیان یەکێکیان هەژار بێت، گرانییەکی کەمەرشکێنە. بۆ نموونە بە پێی بەراوردی دەوڵەت کریکارێکی ئاسایی بۆ گوزارانی ژیانی خۆی پێویستی بە لانیکەم 50 ملیۆن تمەن هەیە کە دەوری 350 دۆلارێک دەکات بەڵام لانیکەمی مووچەی کریکارێکی خێزاندار بۆ ساڵی 2025 بە دەوری 100 دۆلار دیاری کراوە.
بەپێی داتا فەرمییەکانی خودی ئێران، 26 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن کە لەونێوانەشدا، داهاتی 4 ملیۆن کەسیان بەشی گوزرەانی رۆژانەیان ناکات. 20٪ی دەوڵەمەنترین چینی کۆمەڵگە سەرووی 46٪ی کۆی خەرجییەکانی لایە و 20٪ی هەژارەکانیش تەنیا 6٪. بە واتاکەیتر 20٪ی خەڵکی دەوڵەمەند 7.6 قات زیاتر لە چینی هەر هەژار خەرج دەکەن کە واتای لاوازبوونی زیاتری چینی ناوەڕاست و گەورەبوونی درزی جیاوازیی چینایەتییە لە ئێران.
دۆخی سیاسی ئێران و خۆپیشاندانەکان
لە رۆژانی رابردوودا بەشێکی دیار لە بەرپرسانی سیاسی ئێران باسیان لەوە کردووە کە گرفتە ئابوورییەکانی ئێستای ئێران تەنیا لەبەر گەڕانەوەی گەمارۆکان نییە. مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە چەندین لێدوانی جیادا دانی بە خراپی بەڕێوەبردن و، گەندەڵی دا ناوە. ئەو گوتوویەتی ئەگەر خەڵک ناڕازین، بە دوای ئەمریکا و ئەوانەدا مەگەڕێن، خەتای خۆمانە! قسەیەکی هاوشێوەی ئەمەش لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە دەرکەوت کە گوتبووی کێشەکانی ئێستا تەنیا لە بەر گەڕانەوەی گەمارۆکان نین، بەڵکوو لەبەر گەندەڵی و نەتوانیی بەڕێوەبردنی ناوخۆییە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا رابەری ئێرانیش دانی بە هەبوونی ناڕەزاییدا لەئێران نا و، پشتیوانی لە قسەیەکی حکومەت کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران هەرچەند باسی لەوەش کرد کە کەسانێک هەن کە ئاژاوەگێڕی دەکەن و دەبێ وەڵامیان بدرێتەوە.
بەدەر لە فاکتەری ناڕەزایی خەڵک، سیستەمی سیاسی ئێستای ئێران کە پشت بە دوو کۆڵەکەی پیاوانی ئایینی- سەربازی دەبەستێت لە کاتی گواستنەوەیەکی بێدەنگ دایە. حاڵی حازر هەردوو باڵەکەی نوخبەی دینی و سەربازیی ئێران بە قۆناخێکی کاتیدا تێپەڕ دەبن و ئەوەش دەتوانێت وەک هۆکارێکی کاریگەر لەسەر خۆپیشاندان رۆڵی هەبێت.
رۆڵی پیاوانی ئایینی لە سیستەمی سیاسی ئێران دا لە رێی بابەتەکانی وەک پرسی رابەری داهاتوو دووبارە بە گەرمی لە رۆژەڤدایە. لە راستیدا رۆڵی ئەوان زیاتر لە کەسایەتی رابەری ئێراندا زەق بووە و بەرە بەرە ئەو رۆڵە کەم بووەتەوە. لە یەکەم پەرلەمانی ئێراندا رێژەی ئەو پیاوە ئاینییانەی شیعە کە بوونەتە پەرلەمانتار 52٪ بووە بەڵام بە درێژایی 11 خولی دوای ئەوە ئاڕاستەی کەمیی وەرگرتووە تا ئەوەی کە لە دوایین هەڵبژاردندا بووەتە 7٪. بە هەمانشێوە پشکیان لە یەکەم کابینەوە هات کابینەی هەشتەم بە گشتی لە سەرووی 10٪ی وەزیرەکان بووە بەڵام دوای ئەوە دابەزیوە بۆ سنوورەکانی 4 بەڵام لە کابینەی پزشکیان دا بۆ 10٪ بەرزبووەتەوە.
لەنێو دیارترین مەرجەعە دینییەکانی شیعەدا لە ئێران، کە وادیارە جیاوازییەک لە هەڵوێستی سیاسییاندا هەیە، هەریەک لە ئایەتوڵلا ناسر مەکارمی شیرازی(98 ساڵ) و ئایەتوڵلا حوسێن نوری هەمدانی(100 ساڵ) لە ریزی پاڵپشتیکارانی موحافزەکارەکانی ئێراندان کە ئەمەی دوایی رەخنەی زۆر توندی لە کابینەکەی رۆحانی گرتبوو، لە کاتێکدا ئایەتوڵلا وەحیدی خۆراسانی(105 ساڵ) حەسەن رۆحانیی بە یەکێک لە باشترین سەرۆککۆمارەکانی ئێران ناوبردبوو. ئایەتوڵڵا ئەسەدوڵلا بەیاتی زەنجانی(84)یش زیاتر ریفۆرمیستەکان نزیکە. هەڵبەت زیاتر لەوەی کە هەڵویستی مەرجەعەکانی ئێستا چۆن بێت، پرسیاری سەرەکی ئەوەی کە ئایا جیلی تازەی مەرجەعە دینییەکانی ئێران چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ سایسەت بنیات دەنێن. بەدەر لەوانیش رۆڵی نەوەکانی رابەری پێشووی ئێران وەک حەسەن خومەینی و عەلی خومەینی(زاوای ئایەتوڵلا سیستانییە لە عێراق و لە نەجەف دەژی)، رۆڵی کوڕە گەورەی رابەری ئێستا، رۆڵی داهاتووی حەسەن رۆحانی و ماڵی لاریجانی کە بێجگە لە سیاسەت رۆڵێکی ئایینییان لە سیاسەتی شیعیدا هەیە، کاریگەرییان لەسەر ئەو قۆناخی گواستنەوەیە هەیە کە سەبارەت بە رۆڵی پیاوانی ئایینی لە سیاسەتدا هەیە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا سوپای پاسداران رۆڵێکی کارای لە سیاسەت و ئابووری ئێراندا هەیە و لەم 10 ساڵەی دواییدا زیاتر بووە. بۆ نموونە 26٪ی وەزیرەکانی کابینەی پزشکیان پاشخانی سوپاییان هەیە و ژمارەی ئەو سوپاییانەی کە چوونە پەرلەمان زیاتر بووە. سوپاییەکانی وەک عەلی لاریجانی، شەمخانی و قاڵیباف بە شێوەی ئەکتیڤ گەڕانەوتەوە بۆ سیاسەت. هەڵبەت ئێران لە شەڕی 12 رۆژەدا زیاتر لە 30 فەرماندەی پلەبەرزی سوپای لە دەسدا کە ئێستا شوێنەکانیان بە کەسی نوێ یان فەرماندەی کۆن پڕکراونەتەوە. ئەمەش لە واتایێکی سادەدا بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی رۆڵ و بەرژەوەندییەکانی سوپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت لە سیاسەتی ئێرانی دا تەرجەمە دەبێتەوە.
بێجگە لە رۆڵی سوپا و پیاوانی ئایینی پێگەی ئوڵترا- موحافزەکارەکان و ریفۆرمیستەکانیش لە ریزی گرنگترین ئەو بابەتانەیە کە بە گشتی کاریگەری لەسەر سیاسەت دادەنێن. ناکۆکی نێوان نوخبەی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە جاران لە، پێشچاوانە. هەر سێ سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و رۆحانی و تەنانەت سەرۆککۆماری ئێستاش روانگەیەکی جیاوازتریان لە باڵی موحافزەکار هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئێران. ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانە لەکاتێکدان کە کوڕی شای پێشووی ئێرانش نیەتی هێناوە بۆ ئەوەی لە داهاتووی ئێران دا رۆڵ بگێڕێت هەرچەند هێشتا لایەنگرێکی فراوانی نییە. گرووپە کوردییەکانی دژی حکومەت زیاتر لە هەمووان رێکخراون، گرووپەکانی بەلوچ کردەی چەکداری دەکەن، بەڵام کاندیدی کاریگەرترین گرووپی سیاسی لە ئێران پێدەچێ ئازەرییەکان بن کە بەهۆی پێگەی سیاسی و ئابووری ئێستایانەوە خواستی نەتەوەیی- ئازەرییان زیاتر بووە و دەرفەتێکی زیاتریان لەبەردەمدایە. ئەم هۆکارانەش وادەکان کە تەنانەت ئەگەر شەڕ یان خۆپیشاندانیش نەبێت ئەوا وەرگۆڕانێکی سیاسەت لەبەر دەرگای ئێران بێت.
سێبەری ترەمپ و نەتانیاهۆ
بێجگە لە بابەتی گەمارۆکان کە خەریکە ئێستا کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ئێران زیاتر دیار دەبن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێک و راست هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی لە ئیران کرد کە ئەگەر خۆپیشاندەران بکوژرێن. رۆژێک دوای ئەوەش مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای گرت و بردییە دادگا. بەمەش جارێکی دیکە ئەوەی پیشانی جیهان دا کە ناکرێ قسەکانی ئەو بە هەند وەرنەگیردرێت. بەرپرسانی ئێران وەک عەلی لاریجانی و عەلی شەمخانی دەسبەجێ وەڵامی ترەمپیان دایەوە کە ئەوانیش دەتوانن گیانی سەربازانی ئەمریکا بخەنە مەترسی، بەڵام بەدەر لە وەڵام و وەڵامدانەوەکان، هەروەها بێجگە لە واتا سیمبۆلیک و کردارییە گریمانەییەکانی هۆشدارییەکەی ترەمپ، کەوتنی مادۆرۆ دەتوانێت ئەگەری شەڕێکی دیکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیاتر بکات کە ئەوەش دەتوانێت دۆخی خۆپیشاندانەکان بە تەواوی بگۆڕێت.
هێشتا چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆ یۆرانیۆمەکەی ئێران دیار نییە و تاران هەرچی دەچێ لە رووسیا و چین نزیکتر دەبێتەوە کە بابەتێکی جێی مەترسییە بۆ ئەمریکا. بۆ ئیسرائیلیش هەم یۆرانیۆمەکە و هەمیش هەوڵەکانی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سەربازی پاڵنەری شەڕن. یەکێک لە بەربەستەکانی درێژەکێشانی شەڕی 12 رۆژەش، ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و راگیرانی هەناردەکردنی وزە بوو. پێدەچێ رێککەوتنێکی رانەگەیەندراویش لەسەر ئەم بابەتە هەبووبێت کە نە ئیسرائیل و نە ئەمریکا هێرش بکەنە سەر بنکە دەریاییەکانی ئێران، لەبەرمبەردا ئێرانیش گەرووی هورموز دانەخات، بۆیە لە گەرمەی شەڕەکەدا هیچ باسێک لەبارەیەوە نەبوو. هەڵبەت بە ئەگەری زۆر، ئەگەر ئەمجارە شەڕ رووبدات، رێککەوتنێکی وانابێت و لەوانەیە ئێران گەرووی هورموز دابخات تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیێکی کاتیش بێت. ئالێرەدایە کە بە هەبوونی ڤەنزوێلایێکی بێ مادۆرۆ کە 17٪ی یەدەگی نەوتی دنیای لایە، ترەمپ دەتوانێت بازاڕی وزە ئارامتر بهێڵێتەوە.
پاشەکشەی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە وەک رووخانی ئەسەد، کەوتنی مادۆرۆ و شەرەکانی غەزە و لوبنان و باسەکانی چەکداماڵینی حیزبوڵلا و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، گوتاری پان شیعیستی ئێرانی لاواز کردووە و ئەوەش تەنانەت کاریگەری لەسەر دروشمی ناڕازییەکان داناوە کە زیاتر لە جاران دژی سیاسەت ناوچەییەکانی تاران قسە دەکەن.
کۆتایی
دۆخی نالەباری ئابووری، ناتەبایی نوخبەی سیاسی و گرفتە جیۆپۆلتیکەکانی تاران، وایانکردووە کە خۆپیشاندانی ئەمجارەی خەڵک بایەخێکی زیاتری بۆ تاران هەبێت. دەشێ ئەم خۆپیشاندانانە بەهۆی کەڵەکەبووی چەند چینێکی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بەسەر یەکەوە، دەرگای گۆڕانکارییەکی گەورەتر بکاتەوە. یەکێک لەو ئەنجامانەی کە دەشی لە شیکردنەوەی داتای خۆپیشاندانەکان دەربکەوێت ئەوەیە کە سەڕەرای بەردەوامی و گەورەیی خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی ئەوانەی 2019و 2022، حکومەت داواکاریی خۆپیشاندەرانی بە رەسمی قبوڵ نەکردووە. هەرچەند لە ئەنجامی ئەوەی 2022دا حکومەت بەبێدەنگی وازی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە حیجاب هێناوە بەڵام ئەم نەبووەتە گۆڕانکارییەکی رەسمی. خەڵک ترسی شکاوە لەوەی کە ناڕەزایی دەرببڕێ بەڵام حکومەتیش فێربووە کە چۆن کۆنترۆڵیان بکات و هێشتا هێزەی ئەوەی هەیە کە ئەم کارە بکات، بەڵام بە هەبوونی فاکتەری ئەگەری دەستوەردانی ترەمپ یان "پاڵپێوەنانی نەرم"ی خۆپیشاندان، لەوانەیە سووڕی ئەو بازنەیە بشکێنێت.