شرۆڤە

پێنج پرسیار لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک و واژۆی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی و گازی حەمرین

16-07-2025


بەرەبەیانی 15ی تەممووزی 2025 بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک کە کۆمپانیای HKNی ئەمریکی سەرکارە و خاوەندارێتیی 62%ی پشکەکانی کێڵگەکە دەکات. هەمان رۆژ و چەند کاژێرێک دواتر، وەزارەتی نەوتی عێراق رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی نێوان HKN و کۆمپانیای نەوتی باکووری بڵاوکردەوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین، بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 60 هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ 45 بۆ 50 ملیۆن پێ سێجا گاز.

کۆمپانیای HKN لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام کۆی بەرهەمهێنان، کە 30 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، رادەگرن تاوەکو هەموو هەڵسەنگاندنێک بۆ رەوشەکە دەکەن."

لەڕاستیدا درۆن هاوشێوەی خۆڵ بارینی لێهاتووە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردووش بە دوو درۆن خورمەڵە و پێشتریش هێرشی درۆنی و مووشەک بۆ ناوچەی مەدەنی و ئەمنیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بەئامانجکردنی کێڵگەی سەرسنک لە کاتێکدا بوو ماتیو زەیس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای HKN لە وەزارەتی نەوتی عێراق خەریکی واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەیان بوو.

رەهەندەکانی ئەم هێرشانە هەرچییەک بێت، لاوازیی دەوڵەت و باڵادەستیی هێزە سیاسی و گرووپە یاسایی و لە یاسا دەرچووەکانیش لە عێراق دەردەخات، چونکە ئەم گرووپانە بەم هێرشەی سەر سەرسنک سێ ئاماژەی گرنگ دەردەخەن؛ یەکەمیان، لەڕووی توانای تەکنیکی و ئەمنییەوە پێشاندانی باڵادەستیی لایەنی هێرشکار دەردەخات، دووەمیان لەڕووی ئابوورییەوە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی نیوخۆی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنیەتی بەم شێوەیەی ئێستا، سێیەمیشیان رەهەندی سیاسیی گرنگی هەیە کە رەنگە لە هەمووشیان زیاتر ئامانجی هێرشەکە بێت، ئەویش هۆشدارییە بۆ سزانەدانی سۆمۆ لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە.

لە رۆژانی رابردوودا دوای نامەکەی ترەمپ بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دانانی باج لەسەر کاڵای عێراقی بە رێژەی 30% و جێبەجێكردنی لە 01-08-2025ـەوە، ئاماژەی ئەوەش هەیە کە ئەمریکییەکان عێراقیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە، چونکە رۆژی 3ی تەممووز وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەند کەسایەتی و کۆمپانیایەکی خستە لیستی سزا و گەمارۆکانەوە بەهۆی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە، پێشتریش حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، "ئێران دۆکیۆمێنتی عێراقی بەکاردەهێنیت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی." لێرەوە جیاوازیی نێوان داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داهاتە نەوتییەکان لە رابردوودا دەردەکەوێت، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە ئێران زیاترە لە عێراق و بەپێی پەیمانگەی ئینێرجی EI بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە 2024دا، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئێران 5 ملیۆن و 62 هەزار بەرمیل بووە، لە هەمان ساڵدا کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق 4 ملیۆن و 398 هەزار بەرمیل بووە، واتە ئەگەر ئێران بەراورد بکەین بە عێراق لەڕووی زیادبوونی بەرهەمهێنانی ساڵانەوە، دەردەکەوێت ئێران بە رێژەی 10.6% بەرهەمی زیاد کردووە، کەچی عێراق بە رێژەی 1% بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد کردووە.

لە سنووری پارێزگای دهۆک چەند کیڵگەیەکی دیکەی نەوتی هەن، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت بەریتانی و نەرویجی و کەنەدی و کۆمپانیای دیکە کاری تێدا دەکەن، هاوبەشن لە بەرهەمهێناندا، لەوانە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پیشخاپوور، کێڵگەی نەوتی شێخان و باشیک، کە لەڕووی جوگرافییەوە ئاسانتر و بگرە نزیکتریشە، ئەگەر لایەنی هێرشکار تەنیا ئامانجی زیانە ئابووری و ئەمنییەکان بێت، بەڵام هەڵبژاردنی سەرسنک بۆ ناردنی ئەو پەیامە بووە مەبەستیانە بە روونی، هەرچەندە ئەو هێرشانە ئاڵۆزیی سیستمی سیاسی و توانای هێزەکان لە عێراق دەردەخات.

ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 280 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە  15-07-2025ـەوە، نزیکەی 30 هەزار بەرمیل کەمی کردووە؛ لە کاتێکدا بەپێی وەزیری نەوتی عێراق، جیاوازیی هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتنە رێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان و لە رێگەی تورکیاوە تەنیا 19 هەزار بەرمیلە.

نابێت ئەوەش نادیدە بگرین، هەڵبژاردنی کات و بەئامانجگرتنی کێڵگەی سەرسنک لە هەموو رووەکانەوە توانای پێشکەوتووی گەورەی لایەنی هێرشکار دەردەخات، ئەمەش مەترسییەکە کە ئەگەر رێککەوتنی نوێش بێتە ئاراوە، دەبێت لەبیر نەکرێت.

راستییەکی دیکەش ئەوەیە، بەئامانجکردنی کۆمپانیای HKN، واتە بەئامانجکردنی لۆبیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریکا، چونکە لێدوانەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆری و گوشاری سەر هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن زیاتر بەهۆی ئەم کۆمپانیاوە بووە.

لە کۆتاییدا، راستە هێرشەکە کرا و رێککەوتنەکەش واژۆ کراوە، بەڵام چەند پرسیارێکی گرنگ هەیە و پێویستە بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین:

یەکەمیان؛ ئەگەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی سۆمۆ بکات، دەبێت گرووپەکان بەشێک لە خاکی دەوڵەتەکە بکەنە ئامانج و داوای رادەستکردن و داهاتەکەشی بکەن؟

دووەمیان؛ ئایا دابەشبوون لەنێو حکومڕانانی ئێستای ئیدارەی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفەکان هەیە، یان دامەزراوە فەرمییەکان شتێکە و ئەوەی روودەدات شتێکی دیکەیە؟

سێیەمیان؛ ئایا واژۆکردنی رێککەوتنی کۆمپانیای HKN لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆتایی بە چیرۆکە دووبارەکانی نادەستووری و نایاسایی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەهێنێت؟

چوارەمیان؛ بۆچی عێراق لەم قۆناخەدا لەنێو ئەو دەیان کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمریکا، کۆمپانیای HKNی هەڵبژارد؟ ئەوە چ پەیوەندییەکی بە لۆبیکردنەوە هەیە؟

پێنجەمیان؛ وەڵامی ئیدارەی ئەمریکا بۆ زیانگەیاندن بە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەمریکی چی دەبێت؟

Share this Post

شرۆڤە