RRC |
یاسین تەها|
لە سێبەری ناكۆكییە سیاسییە نێوخۆییەکانی هێزە سیاسییەكانی شیعەدا، هەندێ گرژی و پێشهاتی ئەمنی لە ناو باڵە چەكدارەكانی پەیوەست بە حەشدی شەعبی لە ئارادان، لەوانەش لە هەفتەی رابردوودا دوو جموجوڵ جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەر کردنن:
یەكەم: سەدر فەرماندەكانی “سرایا السلام” ی باڵە سەربازییەكەی، راسپارد بایكۆتی سوپاسالاری حەشد بكەن كە ئەبو فەدەك “عەبدولعەزیز محەمەداوی” یە. ناوبراو، یەكێكە لە ناسراوترین فەرماندەكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، هەروەها سیمبولێكی دیاری حەشدی وەلائییە. ئەو لەپاش كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێئەوەی كۆدەنگیی لەسەربێت، لە شوباتی 2020 ئەو پۆستەی وەرگرت و، بەگوتەی وەلائییەكان، ئەو لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا “فەرماندەی سەركەوتن” بەسەر داعشدا بوون. لەبەر ئەوەی ئەبوفەدەك لە رێبەرەكانی ناوخۆیە كە بەر لە 2003 عێراقی بەجێنەهێشتووە، تاوەکو ئەم دواییانەش، بە كەمی دەركەوتووە و خاڵی لاوازیی دیار نییە. یەكێكە لەوكەسانەی بەردەوام كار لەسەر پێشخستنی دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەبو مەهدی و دروستكردنی رێبەرایەتییەكی شۆڕشگێری شیعی، هەر لەم میانەیەشدا گەنجەكانی حەشد زۆر پێوەی هۆگرن و زۆرجار بە “الخال” یش ناوی دەبەن.
نەك هەر ئەبوفەدەك، بەڵكو وادیارە سەدر، لە فالح فەیازی سەرۆكی حەشدیش لالوتە، چونكە ئەو رۆژەی چووە ماڵ هادی عامری (2-12-2021) فەیاز لێی چووەپێش و هەوڵی دا موجامەلەی بكات بەڵام، سەدر رووی پێنەداو راستەوڕاست بەدەم كۆكردنەوەی عەباكەیەوە بەرەو لای سەرەوەی دانیشتنەكە ملی رێگای گرتەبەر. ئەمەش هاندەرە بۆ ئەو بۆچوونانەی باوەڕیان وایە سەدر خواستی ئەوەی هەیە لە بری فەیاز هادی عامری ببێتە سەرۆكی دەستەی حەشد كە هەرچەندە لە دوو بەرەی جیادان بەڵام دۆستایەتی و پەیوەندیییەكی تایبەت لە نێوانیاندا هەیە.
دووەم: چەند رۆژێك دوای ئاشكراكردنی بڕیارەكەی سەدر لەبارەی سوپاسالاری حەشد، چەند چەكدارێك لە گردبوونەوەیەكدا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی حەشدی عەتەبەیان بەرزكردەوە، بەپاساوی گەندەڵی و دواكەوتنی موچەكانیان. مەیسەم زەیدی، زاوای ئەحمەد سافی یەكێك لە دوو وتاربێژەكەی سیستانییە لە كەربەلا و تەمەنی 38 ساڵە، بەڵام دەگوترێت جگە لە فیرقەی عەباس هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی خەزووریەتی كە دەمڕاستی عەتەبەی ئیمام عەباسە لە تەنیشت سەحنی حوسەین لە كەربەلا و تۆڕێك كۆمپانیا و كارگە و پڕۆژەی لە پەنا هەژموونە رۆحییەكەدا هەیە. داواكاریی لادانی مەیسەم زەیدی كە یەكێكە لەسەرە رمەكانی حەشدی عەتەبەیە، گومان و پەنجەكانی تۆمەتی بەرەو ئەبوفەدەك و حەشدی وەلائی ئاراستەكرد، بەتایبەت پاش ئەوەی چەكدارە خۆپیشاندەرەكان داوای هاتنەسەرخەتی سوپاسالاری حەشدیان دەكرد، لەكاتێكدا دەمێكە حەشدەكانی نەجەف و تاران بەفەرمی ماڵیان لە یەكتر جیاكردووەتەوە و فیرقەی عەباس راستەوخۆ بەفەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە (نیسانی 2020) گرێدراوە.
كێشمەكێشە نێوخۆییەکانی حەشد رەنگدانەوە و درێژكراوەی ناكۆكییە سیاسی و مەرجەعییەكانە. چوار لیوای ئەم دەزگا ئەمنییە كە ئیستا میلاكی بەرەو 200 هەزاركەس هەڵدەكشێت، ناوی خۆیان كردووە بە “حەشدی عەتەبەكان” كە جارجارەش پێیان دەگوترێت “حەشدی نەجەف” یان “حەشدی سیستانی، ئەوانیش بریتین “فرقةالإمام علي، فرقة العباس القتالية، لواء علي الأكبر، لواء أنصار المرجعية” كە هەڵگری ژمارە كارگێڕییەكانی (2، 11، 26، 44) ن. ئەم باڵە سەربازییانە پاش پەیوەستبوون بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، ساڵێك پێش ئێستا كۆنگرەیەكیان بەناوی “حەشدی عەتەبەكان” رێكخست كە ناوی ئەو مەزار و جێگا پیرۆزانەی عێراقە كە ملیۆنان شیعە لە سەرانسەری جیهانەوە ساڵانە روویان تێدەكەن، لە كاتێكدا پێشتر سەرجەم باڵە چەكدارەكان هەر لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا كاریان دەكرد.
داواكاریی لادانی فەرماندەی فیرقەی عەباس هاوكاتیش بوو لەگەڵ رەزامەندیی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بۆ بەشداریكردنی فیرقەی عەباس لە خولە ئەكادیمییە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوانەی کە مەرجەكان دەیانگرێتەوە. هەرچەندە فیرقەی عەباس دەڵێن رێگەپێدانەكە بۆ سەرجەم حەشدە و لەڕێگەی ئەوانەوە وەرگیراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە مەترسی لەسەر ئەو ئەفسەر و پلەدارە وەلائییانە دروست دەكات كە لەسەر بنەمای “دڵسۆزی و چالاكی تایبەت” پلەی سەربازی بەرز و ئیمتیازی زۆریان لە ناو دەستەی حەشدی شەعبی پێدراوە. هەندێك دزەپێكردنی ناو حەشدیش باس لەوە دەكەن ئەبوفەدەك و فەرماندە نزیكەكانی لەم هەنگاوەی بە دامەزراوەییكردنەی حەشدی عەتەبەكان نیگەران و بێتاقەت بوون و، لە كاردانەوەشدا خۆپیشاندانیان لەناو فیرقەی عەباس دروستكرد بەر لەوەی فەرماندەكانی فیرقەكە بەئاگاییەوە پشێوییەكە كپ بكەنەوە.
هەندێك بۆچوون پێیانوایە كەرتبوونی حەشد بۆ دوو بەرە “وەلائی” و “عەتەبەكان” یەكێكە لە پێشهاتە جومگەییەكانی پاش 2003، چونكە جگە لە پاڵپشتی سیاسی و بودجە، سەرمایەی هەرە گەورەی حەشد و پاساوی مانەوەی لەپاش كۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو هەوڵی بەپیرۆزكردنەیە كە لە فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئێستا كە عەتەبەكانی سەر بەمەرجەعیەت خۆیان لە ئێرانییەكان جیادەكەنەوە، ئەوە جگە لە پیرۆزی دەیانكەنە نیشانەش بۆ هەر بارگرژییەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی و، لە هەمانكاتیشدا هاندەری زیاتر دەبن بۆ داوای تێكەڵكردنیان لەگەڵ سوپا و پۆلیس و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەكەیان. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە ئەمە یەكێك بێت لە بەرنامە و خواستە دوورمەوداكانی موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی لە چنگ و نینۆكی ركابەرە سەرەكییەكانی رزگاری بێت كە بەشێكیان لە بن باڵی خۆیەوە لێی جیابوونەتەوە، بۆ نموونە (عەسایب و نوجەبا).
چارەنووسی حەشد و شێوازی داڕشتنەوەی یەكێك لە ئەركەكانی قۆناخی خوولی نوێ (پێنجەم) و قۆناخی پاش هەڵبژاردنی 2021 دەبێت. بەر لەوەی حكومەت دروستبكرێت و تەرازووی هێز بەلایەكدا بكەوێت، هەموو لایەنە شیعییەكان لە هەوڵی دروستكردنی دیفاكتۆیەكی ئەمنیدان كە بەحكومەتی داهاتوو دەستكاری نەكرێت. لەكاتێكیشدا، سەدر و حەشدی عەتەبەكان جەخت لە سەنتەربوونی دەوڵەتی عێراق دەكەنەوە وەك مەرجەعیەتی چەك و دەیانەوێت حەشەد ببەسترێتەوە بە حكومەتی بەغداوە، حەشدی وەلائی سنوری ئێران تا دەریای ناوەڕاست بە گۆڕەپانی چالاكی خۆیان دەزانن و باس لەوەش دەكەن تا ئەوكاتەی كە ئیمامی دوازdەیەمی شیعە “المهدي المنتظر” دەردەكەوێت ئەوان چەكەكانیان رادەست ناكەن و گرووپەكانیان ناشێوێنن.