شرۆڤە

پەیامی ڕۆكێت و درۆنزەكان لە ئەبهاوە تا هەولێر

18-02-2021


 

RRC |

یاسین تەها|

لەگەڵ دەیەم هێرشی لەسەریەكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی “كۆمەڵی ئەنساروڵڵا”ی حوسیدا بۆ سەر عەرەبستانی سعودی بەتایبەت فڕۆكەخانەی ئەبها لە باشوور، شاری هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە ئەمەریكییەكان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بوونە ئامانجی كۆمەڵێك هێرشی مووشەكی.
هەرچەندە گروپی “سرایا أولیاء الدم” ی شیعی، هێرشەكەی سەر هەولێری كردووەتە چالاكی خۆی، گروپی “قوات ذو الفقار”یش پاڵپشتی و دەستخۆشی بۆ هێرشەكە راگەیاندووە، بەڵام كۆی پەرەسەندنەكە، ئەڵقەیەكە لە زنجیرەكاری ئەو نەوە نوێیانەی حەشدی وەلائی و گروپە پرۆ ئێرانییەكان، كە ماوەیەكی زۆرە موشەك و كاتیۆشیان هەڵبژاردووە بۆ گەیاندنی پەیام و دەنگی ئەو بەرەیەی ناوی “موقاوەمەی ئیسلامی” ییە. ئەم بەرەیەش لەسەر نەخشە گریمانەكراوەكان وەك چەماوەیەكی هیلالی لە تارانەوە درێژ دەبێتەوە تا بەیروتی پایتەخت لوبنان و كەناراوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست، بەمدواییانەش لە بەری باشووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، كۆماری یەمەنیشی چووتە سەر و رۆژ و هەفتە نییە هەواڵێكی چالاكیی هاوشێوەیان نەبێت.
ئەوكاتەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ (2016_2020) رۆژ لەدوای رۆژ پەتی گوشارەكانی لە گەردنی تاران توند دەكرد، ئێرانییەكان جگە لە جووڵاندنی باڵەكانیان هیچ تەكنیكێكی كاراتریان شك نەبرد بۆ بەرپەرچكدانەوە، لەسەر بنەمای “الوكیل كالأصیل”، كاتێكیش لە دەسپێكی 2020 دا بارگرژی نێوان هەردوولا گەیشتە كوشتنی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دۆخەكە زیاتر لەجاران ئاڵۆزتربوو چونكە جگە لە بانگەواز و گوشارە جەماوەرییەكانی تۆڵەكردنەوەی “سەركردەكانی سەركەوتن” هاندانی سوپای پاسداران بەو ئاراستەیە، گروپە وەلائییەكان لەناو خۆیاندا كەوتنە كێبركێ و پێشبڕكێی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی كە بەهۆی كوژرانی ئەو دوو سەركردە كاریزماتیكە دروست بوو، بەپێی ئاماژە بەردەستەكانیش هەندێكجار ئەم كێبركێ ناوخۆییەی وەلائییەكان، دەگاتە ئاستی ناكۆكی گەورە و وردە بەریەككەوتن لەسەر ئەوەی كامیان سەروكاری ئاراستەكردنی ئەوانیتر بكات یان كامیان زۆرترین پانتایی لەو بۆشاییە نوێیە پڕ بكاتەوە بەتایبەت لەنێوان سێكوچكەی بەدر و عەسایب و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا.
نەوە نوێیەكانی حەشدی وەلائی كە “سرایا أنصار الدم” یەكێك لەوانە، زۆرجار بەرپرسیارێتیی بەئامانجكردنی بنكە و بارەگا سەربازییە هاوبەشەكانی عێراق و ئەمەریكییەكانیان دەگرنە ئەستۆ یان تەقەكردن لەو بارهەڵگرانەی كۆمەك و پیتاك بۆ هێزی هاوپەیمانان دەگوازنەوە. ئەم تەرزە گرووپانە كە سەرمەشق و دەركەوتنیان بە “عصبة الثائرين”، “أصحاب الكهف” و “قبضة المهدي”، بوو لە 10 مانگی رابردوودا، مۆدێلێك و پەرەسەندنێكی نوێی كاری میلیشیایین كە سەرچاوە هەواڵگرییەكان و ناوەندەكانی توێژینەوە، بە لقی میلیشیا و گرووپە چەكدارە ناسراوەكانی ئێرانیان دەزانن، بەڵام ئەوە هەیە بۆ خۆبواردن لە لێپێچینەوە، ئەم ناونیشانە نوێیانە پەنایان بردووە بۆ خۆحەشاردان لەژێر ناوی نوێ و سەرنجڕاكێش و شۆكهێنەر كە سەرجەمیان ڕەگ و ڕیشەیان لە كلتووری شیعیدا هەیە یان لەدەوری بیرۆكەی تۆڵەكردنەوە دەخولێنەوە. هەروەها ئەم شێوە كاركردنە لە گەڕانەوە دەچێت بۆ تەكنیكی ساڵانی بەر لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا و دەركەوتنی داعش (2003_ 2011) كە ئەوكاتە گروپە یاخییەكان بە “تیمەكانی مەرگ” دەناسران و بەمدواییانە دەركەوت تێكەڵەیەك بوون لەگروپی شیعی و سوننە و لەژێر ناوەی “موقاوەمە” دا بەئاراستەی جیاجیا جموجوڵ و چالاكییان هەبووە.
پەیوەستنەبوونی ئەم گرووپانەش بە هیچ گرووپێكی ناسراوی ئاشكراوە، خۆ دەربازكردنە لە قاوغی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تێپەڕاندنی چوارچێوەی فەڕمیی دەستەی حەشدی شەعبییە، كە لە ڕووی تێورییەوە بەپێی یاسای (40)ی ساڵی 2016 دەبێت سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بێت و بەشێك بێت لە دامەزراوە ئەمنییەكانی دەوڵەت.
“سرایا أولیاء الدم” كە یەكەم چالاكی خۆی لە ئەیلولی 2020 دا لە باشووری عێراق راگەیاندووە، وادیارە لەو گوتارەوە شەرعیەت وەردەگرێت كە بە خاوەنی خوێنی كوژراوەكانی حەشد؛ قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەزانێت، “وَمَن قُتِلَ مَظْلُومًا فَقَدْ جَعَلْنَا لِوَلِيِّهِ سُلْطَانًا”، بەڵام بۆچی لەم كاتەدا شاری هەولێری هەڵبژاردووە بۆ گەیاندنی پەیامی بەرەی موقاوەمە یان بۆچی ئەو كراوەتە سەرە ڕمی ئەم گەڕەی پێكدادان، ئەوەیان جێگای لێكدانەوە و گریمانەی جیاوازە، كە لەهەمووشیان زەقتر و ئامادەتر ئەو باوەڕە شیعییە زاڵەیە كە پێكهاتەی كورد زیاتر لەسنوور چوون بەدەم ئەمەریكییەكانەوە و لەگەڵ سوننەكانیش ساڵی پار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد كە تایبەت بوو بە گەلاڵەكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق لەپێش هەموویانەوە ئەمەریكییەكان، ئەم بایكۆتەش نیشانە و گومانی زۆری خستە سەر شەرعیەتی ئەو بڕیارە بەوپێیەی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر نییە، لەلایەكیتر هەمیشە وەها باوە كە هەولێر و بنكەكانیتری هەرێمی كوردستان پەناگە و پێگەی داهاتووی هێزەكانی ئەمەریكا دەبن ئەگەرهات و لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تەنگەتاوكران، یان گوشاری زۆریان لێكرا چ بەیاسای پشتئەستوور بە زۆرینە بێت یان هێرشی بۆمب و موشەك، لەم میانەیەشدا قەیس خەزعەلی سەرۆكی بزوتنەوەی عەسایب، لەیەكێك لە دەركەوتنەكانیدا بە زەقی و ئاشكرا گوزارشتی لەمەكردووە و دەڵێت “وانەزانن هەولێر پەناگەیەكی قایمە و بەدڵنیایی لەوێش پێتان دەگەین”، هەندێكیتر لەوانەش موقتەدا سەدر بەدووری نازانن هێرشەكەی سەر هەولێر بۆ شكستپێهێنانی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بێت كە بڕیارە لە مانگی ئازاردا بێتە بەغدا و نەجەف و شاری هەولێریش یەكێك لە وێستگەكانی گەشتە مێژوییەكەی دەبێت بۆ سەرزەمینی دێرینی مەسیحییەكان لە عێراقی ئور و بابل.
لەدەرەوەی ئەو هاوكێشە ناوخۆییانەش كەسەرجەمیان لە گوتاری “ڕاستڕەوی شیعیدا” دوور و نزیك ڕۆژانە ئامادەییان هەیە و بەردەوام كۆڕ و كۆبوونەوە و هاشتاگەكانی تویتەر و پەیجەكانی سۆشیال میدیای وەلائییەكانی پێ گەرم دەكرێت، ناكرێت بارودۆخی پەیوەندی نە شەڕ نە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئیدارەی بایدن و ئێران و دەسەڵاتدارانی تاران كاریگەریی و ئامادەییان لەم هاوكێشەیەدا نەبێت، لەو تاقیكردنەوەی توانای بەرگری و دان بەخۆداگرتنەی هەردوولادا ئێران توانا و ئاستی كاریگەریی خۆی پیشانی سەرۆكە نوێیەكەی كۆشكی سپی دەدات چونكە تا ئێستا دەستبەرداری هیچ لەو پێگە و كارتانە نەبووە كە ترەمپی سەرۆكی پێش خۆی بۆی بەجێهێشتووە لەسەپاندنی چەندین سزای جۆراوجۆری توند، هەر ئەمەش زۆرێكی خستووەتەسەر ئەو باوەڕەی كە هێرشەكانی سەر هەولێر یەكەم تاقیكردنەوەی كردەنییە بۆ ئیدارەكەی بایدن.
ئەگەر لە یەمەن ئەمەریكییەكان بەدەرهێنانی ناوی حوسییەكان لە لیستی تیرۆر و گوشاركردن لە ڕیاز بۆ گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتی لەلایەك و گفتی بەرگریكردن لە ئاسایشی ناوخۆیی سعودیە، لەهەوڵی ڕاگرتنی هێرشەكانی فڕۆكەكانی دروندابن، ئەوە نەخشەڕێگاكە لە عێراق و كوردستان ڕەنگە ئاڵۆزتر و سەختتربێت چونكە نە كورد دەتوانن دەستبەرداری ئەمەریكا ببن و نە ئەمەریكاش پانتاییەكی ئارامی وەك كوردستانی لە عێراقدا دەست دەكەوێت، ئەگەر لەسەر مانەوەی درێژخایەن لە عێراقدا مكوڕ بێت و ئەوكات جگە لە قایمكردنی ئاسایش و رێگاكانی خۆ پارێزی ڕەنگە دەرفەتیتری ئاگربەست لەگەڵ پەیامە ئاگرینەكانی باڵە ئێرانییە شەبەحەكاندا بەرتەسك و سنوورداربێت.
 

Share this Post

شرۆڤە