بەرایی
پرۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان کە لە 20 بەش و 154 ماددە پێکهاتووە و، لەدووتوویی 120لاپەڕە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە تاوەكو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.
هۆكارەكانی پێشنیاركردنی پرۆژە یاساكە، وەك گوڕانکارییەکان و رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان خاوەنکار و کرێکار باسكراون و، لەوانەشدا بەڕوونی ئاماژە بەوەكراوە كە "یاسای کار کرێیەکی بۆ کرێکار دەستبەرکردووە کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی بکات لە بەخێوکردنی خێزانەکەی، و نزمترین ئاستی گشتی کرێی کرێکاری ناکارامەی دەستبەرکردووە کە نابێت رێککەوتن لەسەر کرێیەکی کەمتر لەوە بکرێت و، پاراستنێکی یاسایی بۆ دابینکردووە"، ئەمەش لەکاتێکدایە كە بەپێی بەشی حەوتەم لە ماددەکانی 41 بۆ 49دا، ئاماژە بە ژمارەیەک وەک کەمترین کرێ کاژێرێک یاخود رۆژانەی کرێکار نەکراوە.
هەروەها، لە بڕگەی یەکەم لەماددەی 50دا ئاماژە بەوەکراوە "لەگشت بارێکدا، نابێت کرێی کرێکار لەنزمترین ئاستی کرێی بڕیارلێدراو بەپێی یاسا بێت" و لە ماددەی 51یشدا ئاماژەی بە بڕیاری وەزیر کردووە، کە لیژنەیەک بۆ پێشنیازکردنی ناو بەناوی نزمترین ئاستی کرێی کرێکاری ناکارامە پێکدەهێنرێت و دواتریش ئەنجومەنی وەزیران یەکلای دەکاتەوە.
لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ILO، لە کۆی 187 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکە، تەنیا بەڕێژەی 8% کەمترین کرێی کرێکارێک لە وڵاتەکەیدا دیارینەکراوە، واتە بەرێژەی 92%ی وڵاتان کەمترین کرێی کرێکاریان دەستنیشانکردووە. هەروەها، لەنێو وڵاتانی ئەورووپاشدا لە 27 دەوڵەت تەنیا 6 دەوڵەتیان کەمترین کرێی کرێکاریان دەستنیشاننەکردووە. لێرەدا بەکورتی تیشك دەخەینەسەر بەشی حەوتەمی پرۆژەیاساکە و بەتایبەتیش ماددەکانی پەیوەست بە دەسنیشانکردنی کرێ و پرسی کەمترین کرێی کرێکار.
کەمترین کرێی کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان
لە بەشی حەوتەم و بەتایبەتیش لقی دووەم "دیاریکردنی کرێ" و ماددەی 50 دا کە لە 5 بڕگە پێکهاتووە، پرسی کرێ کرێکار خراوەتەڕوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهیچکام لە بڕگەکاندا ئاماژە بە بنەمای دەستنیشانکردنەکە نەکراووە. لەکاتێکدا دەبێت بنەمایەک دیاریبکرێت وەک ئاستی هەرێمی کوردستان یاخود گرووپی تەمەن بۆ کەمترین کرێی کریکارێک، بۆ نموونەش بەریتانیا بەپێی تەمەن. هەروەها، نموونەی ئەمریکا لەسەر ئاستی گشتی ئەمریکایە.
لە بڕگەی سێیەمدا هاتووە "لەکاتی دیارکردنی نزمترین ئاستی کرێ رەچاوی ئەمانەی خوارە دەکرێت" پێداویستی کرێکار و خێزانەکەی، ئاستی گشتی کرێ لە دەوڵەت، بژێوی ژیان و ئاستی گشتی نرخ و ئەو گوڕانکارییانەی بەسەریاندا دێت و هۆکارە ئابوورییەکان لەنێویاندا پێداویستییەکی گەشەسەندنی ئابووری، و ئاستی بەرهەمهێنان و خواست لە هێنانەدی رێژەیەکی بەرزی هێزی کار و پارێزگاری لێکردنی (پرۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان، لا 44)."
لەکاتێکدا، بە سەرنجدان و هەڵوەستەکردنێک لەسەر ئەو چوار پێوەرەی بۆ لێژنەکە دیاریکراوە، ئەنجامگیرییەکی روون لە دەستنیشانکردنی کەمترین کرێی کریکارێك دیار نییە، بۆ نموونەش لە بڕگەی یەکەم "پێداویستی کرێکار و خێزانەکەی" چ جۆرە پێداویستییەک و لەسەر چ بنەمایەک؟ ئاستی گشتی کرێ لە دەوڵەت چەندە؟ لە عێراق یاخود لە هەرێمی کوردستان؟ بژێوی ژیان لە سەنتەری پارێزگایەک، قەزایەک یاخود گوندێک دەبێت؟ هەرچەندە لە بڕگەی پێنجەم ئاماژە بە هەموارکردنەوە نزمترین ئاستی کرێ لەکاتێک بۆ کاتێکی دیکە دەکات، بەڵام پێویستە بنەمایەک بۆ کەمترین کرێی کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان دیاریبکات و کەرتی گشتی و تایبەت پێوەی پابەند بکرێت.
لێرەدا نموونەیەکی تاڕادەیەک گشتگیر لەسەر کەمترین کرێی کرێکار لە هەرێمی کوردستان وەربگرین ئاماژە بە چەند جۆرە کارێک کە کرێکار رۆژانە و مانگانە بەزۆریی لە هەرێمی کوردستان کاری تێدا دەکات.
ئێستا ئەگەر كرێ کرێکاری رۆژانەی باڵەخانە و بیناسازی 25 هەزار دینار یان زیاتر بێت، لە قەزا و شارە بچووکەکانیش بە 15 هەزار و 10 هەزار بێت، یاخود کرێی مانگانەی کرێکارێک "شاگردێک" لە ریستۆرانت و چیشتخانەکانی نێو سەنتەری پارێزگاکان 500 بۆ 700 هەزار دینار بێت و لە سەنتەری قەزا و شارە بچووکەکانیش 250 بۆ 300 هەزار دینارێک بێت[1] لەیاساکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە كە ئمە چۆن رێكدەخرێتەوە.
ئەگەر کرێی کرێکارێکی چێشتخانە و ریستورانتەکان بۆ کاژێرێک لێکبدەینەوە، بەڕوونی دەردەکەوێت کە بۆ هەر کاژێرێک لە دەورووبەری 1 دۆلار دەبێت. بۆ نموونەش لە یەکێک لە ریستورانتەکان کرێکارێک کە بە مانگانەی 400 دۆلار یان 600 هەزار کار دەکات و رۆژانە نزیکەی 12 کاژێر كاردەكات، ئەوا بۆ هەر کاژێرێک 1.2 دۆلاری دەست دەكەوێت، لەکاتێکدا ئەمە بۆ چیشتخانە و رێستورانتە شەعبییەکانیش کەمتر.
کەمترین کرێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و ئەمریکا
وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەورووپا و بەریتانیا، تەنانەت ئەمریکا لە دیاریکردنی کەمترین کرێی کرێکارێک پەنایان بردووەتە بەر دانانی نرخێک بەشێوازی جیاواز. بۆ نموونە وڵاتانی عەرەبی بۆ هەر مانگێک دیارییان کردووە، بەریتانیا لەڕووی تەمەنەوە، بۆ هەر کاژێرێک نرخی دیاریکردووە و، لە ئەمریکاش کەمترین کرێ بۆ کرێکارێک لەکاژێریکدا لەسەر ئاستی هەموو ئەمریکا (فیدراڵی) دیاریکراوە کە 7.25 دۆلارە و نابێت لەوە کەمتر بێت. واتە شێوازەکانی دیاریکردنی کەمترین کرێ جیاوازە و دەکرێت لەسەر ئاستێکی گشتیش دیاریبکرێت.
لەنیو وڵاتانی عەرەبی، کەمترین کرێی کرێکارێک یاخود کرێی مانگانەیان بەشێوەیەکە کەوا لە قەتەر 206 دۆلار، لە عوممان 845 دۆلار، لە بەحرەین 798 دۆلار و لە کوەیت 247 دۆلار و ئوردن 310 دۆلار[2].
لەنێو وڵاتانی ئەورووپا جیاوازییەکی گەورە لە کەمترین کرێی کرێکارێک هەیە، تەنانەت لەکۆی 27 دەوڵەتی یەکێتی ئەورووپا، شەشیان کەمترین کرێ کرێکارێکیان دیارینەکردووە، بۆ نموونە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کەمترین کرێی کرێکارێک بۆ کاژێرێک 12 ئیرۆ بێت، لەکاتێکدا بولگاریا تەنیا 2.19 ئیرۆیە بۆ هەر کاژێرێک و لۆکسمبۆرگ بەرزترینی نرخی نێو ئەورووپای بە 13.05 ئیرۆ بۆ هەر کاژێرێک داناوە[3].
هەروەها ئەگەر مانگانەش لێکدانەوە بۆ کەمترین کرێی کرێکارێکی لە وڵاتانی ئەورووپا بکەین، ئەوا بۆ نموونە بەپێی داتاکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ مانگی حوزەیران 2022دا، کەمترین کرێی کرێکارێک لە مانگێکدا بەلجیکا 363 ئیرۆ و لە لۆکسمبۆرگ 2 هەزار و 313 ئیرۆ بووە[4].
ئێستا لە بەریتانیا کەمترین كرێی کاژێرێك کارکردن بەپێی تەمەن نوێکراوەتەوە. ئەوانەی تەمەنیان لە 23ساڵ بەرەو سەرەوەیە بۆ هەر کاژێرێک 10.43 پاوەند، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 21 یان 22 ساڵە بۆ هەر کاژێرێک 10.18 پاوەند، هەروەها بۆ ئەوانەشی تەمەنیان لەخوار 18ساڵەوە 5.28 پاوەند دیاریكراوە و ئەوەش لە مانگی نیسان 2023وە دەکەوێتە جێبەجێ دەكرێت[5].
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ ویلایەتێکی نییە کەوا کەمترینی کرێی کرێکارێکی دەستنیشان نەکردبێت، بەڵام جیاوازیش لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی دیکە هەیە. بۆ نموونە کەمترین کرێی کرێکارێکی رۆژانە لەسەرتاسەری ئەمریکا 7.25 دۆلارە[6]. هەروەها دوو بەرزترین كرێ بۆ هەر کاژێرێک لە کۆڵمبیا 16.10 دۆلار و لە واشنتن بە 14.49 دۆلارە[7].
لێرەدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە كە دیاریکردنی کەمترین کرێی کرێکارێک، چ رۆژانە بێت یاخود مانگانە، پەیوەست نییە بە ئاستی دارایی دەوڵەتەکەوە، تەنانەت شێوەی حکومڕانی و سیستەمی وڵاتەکەش كاریگەری لەیەر ئەوە دانانێت، بەڵکو دیاریکردنی کەمترین کرێی کارکردنی کرێکارێک، بەوجۆرەیە کە بتوانێت پێداویستییە بنەڕەتییەکان دابینبکات وەکو لە کەیسی وڵاتانی ئەورووپادا بەڕوونی دەردەکەوێت.
کۆتایی
دەرکردنی یاساکە و دوورکەوتنەوە لە پشت بەستن بەیاسای کاری ساڵی 1987ی عێراقی پێشڤەچوونێکی گەورەی یاساییە بۆ مافەکانی کرێکار و کار لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت سەرنجی گشتی لەسەر خێرا کارکردن بێت بۆ دەستنیشانکردن و پابەندکردنی هێزەکانی پێدانی کار بە کەمترین کرێی کرێکارێک لە کاژێریکدا یاخود لە رۆژیكدا، چونکە ئێستا ئەوەی کرێکارێک 12 کاژێر و زیاتر یاخود هەفتانە 7 رۆژ بەو مووچەیەی وەریدەگرێت جیاوازییەکی گەورە لەنیو کۆمەڵگە و داهاتی تاک و چینەکانی کومەڵگە دەهێنێتە ئاراوە، رۆژ بە رۆژ درزی نێوان چینەکان گەورەتر دەبێت و لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لێدەکەوێتەوە.
پێویستە کرێی کار بڕێک بێت کە بتوانێت دابینکردنی خانوو و پێداویستی بنەڕەتی وەک خواردن، ئاو و کارەبا و پسوڵەکانی دیکە لەخۆ بگرێت. ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت، ئەوا تەنانەت ئەو کەسانەی کاریشیان هەیە، ئەو رێگایانەیان لە بەردەستدا نییە کە بتوان ژیانێکی شایستە بژین.
دەستنیشانکردنی کەمترین کرێی کرێکار بەوشێوەیەی لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە ئاڵۆزییەک دروستدەکات و کرێکار لەو کەمترین کرێیەی ئێستا لە کرێی رۆژانە و مانگانە بۆ هەر جۆرە کارێک وەردەگرێت هیچ ناگۆڕێت. چونکە دەستنیشانی نەکردووە لەئاستی پارێزگاکان یاخود ژینگەی دانیشتوان یاخود بەپێی تەمەنی کرێکارێک کەمترین کرێ چەند دەبێت. ئەمە جگەلەوەی لە پرۆژەیاساکەدا داوا لە لیژنەیەک دەکات دەستنیشانی بکات، ئینجا وەزیر پەسەندی بکات و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بنیرێت بۆ پەسەندکردن. هەروەها، چۆنیەتی جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لەلایەن خاوەنکارەکانیشەوە پرسێکی دیکەیە.
[1] رەنگە کرێ کەسەکان بگوڕێت بەهۆی شارەزایی و پەیوەندی کەسەکان، یاخود دابینکردنی خۆراکی رۆژانە و هاتووچۆکردن یان پێدانی شوێنی مانەوە، بەڵام ئەم ژمارانە لەسەر بەدواداچوونی چەند شوێنی جیاواز لە سەنتەری پارێزگاکان و سەنتەری قەزا و شارە بچووکەکان دانراوە.
[2] https://www.ilo.org/wcmsp5/groups/public/---arabstates/---ro-beirut/documents/publication/wcms_660002.pdf
[3] https://data.oecd.org/emp/labour-force.htm
[4] https://ec.europa.eu/eurostat/statistics-explained/index.php?title=Minimum_wage_statistics
[5] https://www.bigissue.com/news/employment/minimum-wage-how-does-britain-compare-to-the-rest-of-the-world/
[6] https://www.dol.gov/agencies/whd/minimum-wage
[7] https://www.dol.gov/agencies/whd/minimum-wage/state