شرۆڤە

پشتپەردەی گوشارەكانی ئەمدواییەی تاران لەسەر هەرێمی كوردستان

09-10-2022


 بەرایی

خۆپیشاندانەكانی ژینا پێی ناوەتە حەوتەی چوارەم و، لە رۆژانی رابردووشەوە گوشارەكانی ئیران بۆ سەرهەرێمی كوردستان لەبارەی مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵات زیادیكردووە. ئێران لە 28ی سێپتەمبەردا بۆ لێدانی حیزبەكانی رۆژهەڵات، بەجارێك نزیكەی 70 موشەك و درۆنی نا بە خاكی هەرێمی كوردستانەوە كە بەشێكی ئامانجەكانیش بە دووری زیاتر لە 100كم لە سنوور، شوێنی كەسانی سڤیل بوو. هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەكانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستیوەردانی زیاتر و تەنانەت هاتنی هێزی ئێرانی بەردەوام بوو. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە دوا گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بەو بابەتە چین و، پشتپەردەی ئەو بابەتە چی تێدایە كەوا بەرپرسانی سیاسی و سەربازی تاران مژاری مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتیان لە هەرێمی كوردستان گەرم كردۆتەوە؟

بۆچی ئاگربەست؟

میدیاكانی نزیك لە سوپای پاسداران دەستەواژەی ئاگربەستیان بۆ دۆخی دوای هێرشە موشەكی و درۆنییەكان بەكارهێناوە و جەختیان لەوە كردووە كە درێژەكێشانی ئەو ئاگربەستە، پەیوەندی بە رەفتاری بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. وا پێدەچێت كە ئێران سەبارەت بە مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چوار شوێنی نزیك سنوور( بەردە سۆر، سەقەر، بەربزین و ئالانە) لە ناوچەیەكی نێوان چۆمان و سیدەكان لە پارێزگای هەولێر زۆر هەستناك بووبن. هەروەها نیگەرانیش بووبن لە ئەگەری پەیوەندی كۆنسوڵخانەی وڵاتانی دەرەوە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حیزبەكانی رۆژهەڵات. هیشتا بە تەواوی روون نییە كە ئەم بابەتە بە كوێ دەگات بەڵام لەوانەیە  دانوستاندنەكانی پشتپەردە جۆرە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە، بۆیە باسی ئاگربەست دەكرێت! هەڵبەت بەكارهێنانی دەستەواژەی ئاگربەست دەتوانیت بۆ خۆی نیشانەی هەبوونی ئامانجێكی فراوانتر لە بابەتی شوێنەكانی مانەوەی پێشمەرگەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات یان دیداریان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانیش لەخۆ بگرێت. ئەو حیزبانە تەقریبەن لەساڵی 1996ەوە چالاكییە چەكدراییەكانیان لەدژی ئێران راگرتووە و پرسی مانەوەییشان لە ساڵانی رابردوودا نەبووەتە گرفتێكی گەورە لە نێوان هەولێر و تاران. بەڵام ئەوە پرسیارە كە بۆچی لەم كاتەدا وەك پرسێكی گەورە لە پەیوەندییەكانی هەردوولادا قیت بووەتەوە؟

پاڵنەری گوشارەكانی تاران

بێشك یەكێك لە گرنگترین فاكتەرەكانی پشت ئەو هێرش و گوشارانەی ئەمدواییەی تاران دوورخستنەوەی سەرنجەكانە لەسەر خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە كە بە یەكێك لە گرنگترین رووداوەكانی 4 دەیەی رابردووی ئەوێ هەژمار دەكرێت. هەبوونی ناڕەزایی لە شوێنێكی وەكوو كوردستان یان بەلوچستان لە ئێران شتێكی ئاسایی بووە بەڵام ئەوەی كە جیاوازە ئەوەیە كە  ئێستا خۆپیشاندان بە شێوەیەكی بەرچاو لە شارە شیعەنیشنەكانی ئێرانیش دەكرێت و ئەمەش دوور نییە لەو شەپۆلە ناڕەزاییە جەماوەرییەی كە چەند ساڵێكە لە لوبنان، عێراق و ئێستاش لە ئێران دروستبووە. رەنگە بەرپرسانی ئێران بە هیوابن بەوەی كە ئەگەر خۆپیشاندانەكان بە دەستوەردانی دەرەكی، پلانی وڵاتان و هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ببەستنەوە، ئەوسا دەتوانن بە لەونێك رای گشتی وڵاتەكەیان ئارامتر بكەنەوە!

خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە لەوانەیە ئێران دڵنیا نەبێت لەوەی كە لە ماوەی درێژخایەندا چی لە عێراق روودەدات. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو شەپۆلە بیركردنەوە دژە ئێرانییەی كە لە 2018وە لە عێراق بەردەوام گەشە دەكات، لەوانەیە دۆخی ئێستا بە باشترین دەرفەت بزانێت بۆ ئەوەی پرسی مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان یەكلا بكاتەوە، وەك ئەوەی كە سەبارەت بە موجاهیدنی خەڵق كردی. لە بیرمان نەچێت ئەو كاتەی كە عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆك وەزیران، بۆجاری یەكەم لەدوای 2003وە، چارەسەكردنی پرسی مانەوەی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتان لە عێراق لە بەرنامەی حكومەتدا جێگیر كرا. بۆیە ئەم بابەتە شتێكی تازە نییە و دەتوانێت ریشەیەكی درێژتر لە خۆپیشاندانەكانیشی هەبێت.    

 هەڵبەت ئەمە تاكە فاكتەر نییە و دەشێ مژاری پێكەوەنانی حكومەتی بەغداش بابەتیكی دیكەی پەیوەندیدار بەو گوشارانە بێت. سەرەڕای ئەوەی كە لە مانگی رابردوودا رێككەوتنێكی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان و سوننەكان هاتە ئاراوە، بەڵام پێدەچێت ئەو رێككەوتنە كێشەیەكی تێكەوتبێت! لایەنە كوردییەكان هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن وئەمەش بۆ خۆی دەتوانێت رەنگدانەوەیەكی رێكنەكەوتنی كۆتایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان بێت. دیدگایەكی بەهێز لەنێو ئێران هەیە كە پێویستە دەسەڵاتی ئێران یەكدەست بێت و رەنگە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، تاران زیاتر حەزی لەوە بێت كە لە بەغداش حكومەتێكی یەكدەست و نزیكتر لە خۆی ببینێت، یان لانیكەم حكومەتێك بێت كە مەرجی زۆر قبوڵ نەكات. بێگومان ئەمەش دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەوڵەكانی ئەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی شەپۆلی ناڕەزایی نێوخۆی وڵاتەكەیان هەبێت و ئەگەر لە عێراقیش خۆپیشاندانێكی دیكە رووبداتەوە، لەوانەیە هاوشێوەی پێشتر بە توندی هەوڵی سەركوتكردنی بدرێت وەك ئەوەی پێشتر كرا. بۆیە پێدەچێت یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو گوشارانە ناچاركردنی پارتی بێت بە رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەرجێكی كەمترەوە.

فاكتەریكی دیكەش دەتوانێت پەیوەندی بە پرسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە هەبێت و لەوانەیە، هاوكاتبوونی هێرش و گوشارەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ زیادبوونی هێرشی گرووپە چەكدارییەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سووریا و تەنانەت عێراقیش نیشانەیەكی ئەوە بێت. دەشێ ئەمەش بۆ ئەوە بێت كە تاران بە تەمابێت كاریگەری خۆی لەسەر ئارامی و نائارامی ناوچەكە پیشانی ئەمریكا بداتەوە.

 كۆتایی

بابەتی مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان  بۆ سەردەمێكی زۆر زووتر دەگەڕێتەوە و بۆ چەند دەیە دەچێت كە ئێران بە جۆرێك لەگەڵ ئەو پرسەدا راهاتووە. حیزبەكانیش تەنانەت چالاكییەكی چەكداریی ئەوتۆیان لەدژی ئێران رێكنەخستووە. بگرە هەندێك لەو بارەگایانەی كە كراوەنەتە ئامانج  نزیكەی 150 كم دووری سنووریش بوون. بۆیە دەشێ هۆكاری گوشارەكان لەڕێی ئەو بابەتەوە، زیاتر پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانی ژینا، پرسی پێكهێنانی حكومەت  و دۆخی عێراق، هەروەها  مژاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی تارانەوە هەبێت.  

Share this Post

شرۆڤە