RRC|
زریان رۆژهەڵاتی|
بەرایی
دوای ئەوەی كە حەشدی شەعبی لە رۆژانی رابردوودا هێزی زیاتری رەوانەی شەنگال كرد، جارێكی دیكە بارودۆخی ئەو ناوچەیە كەوتەوە رۆژەڤ. بە ئاراستەیەكی پێچەوانەی رێككەوتنە جێبەجێنەكراوەكەی هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال، هەزاران سەرباز و چەكداری جۆراوجۆر لەوێ كۆكراونەتەوە. ئەویش لە كاتێكدا كە پێشتر حكومەت هێزەكانی سوپا و دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵیشی لەو ناوچەیە بڵاوكردبووەوە! لەبارەی پاساوەكانی زیادكردنی هێزەكانی حەشد، دوو پاساوی ئەگەری هێرشی توركیا و دابینكردنی ئاسایش زیاتر دەدرێنەپێش.هەڵبەت پرسیار زۆرن لەسەر ئەوەی كە لە راستیدا لە شەنگال چی روودەدات و ئەم بابەتەش بەتەمایە لەڕێی هەڵسەنگاندنی پاساوەكانی جوڵەی هێزەكانی حەشد، بەدوای پاڵنەرە راستەقینەكاندا بگەڕێت.
ئایا توركیا هێرش دەكات؟
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عەسائیبی ئەهلی هەق باسیان لەوە كردووە كە ئەوان زانیاریان لەدەستدایە كە توركیا هێرشی شەنگال دەكات. توركیا لە 2017داهێرشی ئاسمانی كردە سەر شەنگال و لە 2021شدا ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری كردووە، بەڵام ئەگەر مەبەست لە ئەگەری هێرشی توركیا، ئۆپەراسیۆنێكی بەژایی- ئاسمانی بێت، ئەوا بەربەستی زۆری سەربازی و سیاسی لە بەردەمدایە.
ئەگەر توركیا لە سنووری پارێزگای شڕناخەوە لەشكركێشی بكات، پێویستە لە سلۆپی وە هەتا شەنگال لانیكەم 100كم رێگا ببڕێت. خۆ ئەگەر لە قۆڵی باكووریشەوە لە سنووری پارێزگای ماردین هێرش بكات، دەبی لە شارۆچكەی نوسەیبینەوە هەتا شەنگال، لانیكەم 90 كم بڕوات. بەرلە نەوەدەكان 3ئۆپەراسیۆنی بە قوڵایی 5كم، لە ساڵانی 90كاندا42 ئۆپەراسیۆنی گەورە و بچووكی كردووە كە زیاتر لە لێواری سنووریدا چڕبوونەتەوە. لە 2000كانیشدا ئۆپەراسیۆنەكانی زیاتر ئاسمانی بوون و ئەوانیش لە 2007 و 2008 و 2011دا كراون. لە نیوەی دووەمی دەیەی دووەمی 2000كانیشدا، لانیكەم 4ئۆپەراسیۆنی گەورەی لە سووریا و ئەنجامداوە كە درێژترین مەودای لەشكركێشییەكەی 30-40 كم بووە. دەتوانین بێژین ئەنكەرە لەڕووی سەربازییەوە تا ئێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێكی بەژایی وای لە خاكی عێراق نەكردووە كە سنوورەكەی 40 كم ی تێپەڕاندبێت. بۆیە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی شەنگال بكات، ئەوە واتای ئەوە دەدات كە لە 1983وە تا ئێستا، رووداوێكی دەگمەن روودەدات، چوونكە شەنگال 100-120كم لە سنووری توركیاوە دوورە.
گەورەترین ئۆپەراسیۆنی توركیا لەدژی پ.ك.ك لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992كراوە كە وا مەزەندە دەكرێت 30-40هەزار سەرباز تێیدا بەشداربووبێت، ئەویش لە كاتێكدا كە ئەو وەختانە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی پەكەكە و رێكخستنەكانی وەك ئێستا نەبوو. بۆیە ئەگەر بە تەمای ئۆپەراسیۆنێكی وا بێت، ئەوا پێویستی بە كۆكردنەوەی ژمارەیەكی ئێكجار زۆری هێز لە سنور دەبێت كە زەحمەتە بە چاوی خەڵك نەبینرێن. جارێ گلێركردنەوەیەكی وەها گەوەری هێزیش لەسەر سنوور نابینرێت.
هێڵی ماردین- شەنگال، سنووری سێ دەوڵەتە و بەو پێیەی كە هێزی رووسی، ئەمریكی و سووری لەو ناوچەیە هەن، لانیكەم بۆ دووركەوتنەوە لەهەرجۆرە بەریەككەوتنێكی سەربازی، ئەنكەرە ناچارە بەرلە هەر هێرشێك ئەو وڵاتانە ئاگادار بكاتەوە، وەك چۆن لە هێرشە ئاسمانییەكەی ساڵی 2017دا ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە ئەمریكا و رووسیای ئاگاداركردۆتەوە. بێجگە لەوەش، ئەنكەرە پێویستە خۆی بۆ شەڕێكی فراوان لەگەڵ هەزاران ئەندامی یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات بكات و ئەگەر بیباتەوە، ئەوسا دەتوانێ بگاتە شەنگال. دیارە بۆ ئەوەی تووشی بەریككەوتن لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبیش نەبێت، دەبێ عێراق و ئێرانیش رازی بكات!
هێڵی شڕناخ- شەنگالیش سنووری دوو دەوڵەتە و بۆ ئەوەش لانیكەم پێویستی بە رازیكردنی بەغدا و هەولێر هەیە. بەغدا رایگەیاندووە كە سوپاكەی خۆی، توانای ئەوەی هەیە لە هەر شوێنێكی وڵاتەكەیدا ئۆپەراسیۆن بكات. هیچ حكومەتێكیش لە بەغدا رازی نابێت بەوەی كە سوپای توركیا بە قووڵایی 100 كم بێتە ناوخاكەكەی. هەرچی هەرێمی كوردستانیشە، ئەگەر بەو داوایەی توركیا رازی بێت، ئەوا بە كردەوە زەمینە بۆ لاوازكردنی زیاتری خۆی خۆشدەكات. چوونكە بە كردەوە دەروازی ئۆڤاكوێی دەكرێتەوە بێ ئەوەی حیسابی بۆ بكرێت. ئەمە بێجگە لەو گوشارەی كە رەنگە لە سیاسەتی ناوخۆ لەسەری درووست بێت. هەڵبەت ئەوە بۆ دوو دەیە دەڕوات كە هێزەكانی هەڕیمی كوردستان بە كردەوە خۆیان لەشەڕی پ.ك.ك دوورگرتووە و رەتیانكردۆتەوە.
لەم هێلەشدا، جارێكی دیكە توركیا پێویستی بە رازیكردنی ئەمریكا و ئێرانیش دەبێت و گەلێك ئەستەمە بێ چرای سەوزی ئەوان، بتوانێت كارێكی وەها بكات. بێگومان ئۆپەراسیۆنی شەنگال كارێكی ئاسان نییە و ئەستەمە توركیا لەم دۆخەی ئێستای سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیدا بتوانێ بیكات. ئەگەر بیتوانیبایە 2017 ئەوەی دەكرد. ئەستەمە توركیا بتوانێ بەجارێ ئەو هەموو لایەنەش لەسەر بابەتی شەنگال رازی بكات. بە ئەگەری زۆر، لە باشترین بژارەدا، توركیا بەدوای درووستكردنی میكانیزمێكی سێقۆڵییەوە لە نێوان ئەنكەرە بەغدا و هەولێردا دەگەڕێت تا هەنگاوەكانی لەدژی پ.ك.ك زیاتر بكات نەك ئەوەی كە بێت و تاكلایەنە لەشكركێشی بكات. خۆ ئەگەر كارێكی وەها بكات، ئەوسا زەحمەت نییە پێشبینی بكەین كە زیانەكەی بۆ توركیا لە سوودەكەی زیاتر دەبێت. ئا لێرەوە دەردەكەوێت كە پاساوی ئەگەری لەشكركیشی توركیا بەهێز نییە.
پاساوەكانی دیكەی ناردنی هێز
ئەگەری دزەكردنی داعش[1] لە سووریاوە بۆ عێراق، یەكێكی دیكە لەو پاساوانەیە كە بۆ كۆكردنەوەی هێز لەو ناوچەیە باسدەكرێت. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە داعش زیاتر لە هێڵی بەعاج – حەزەر، وادی حوران لە ئەنبار و دواتریش پارێزگاكانی سەلاحەدین و دیالە و باشووری كەركووكدا خۆی گلێركردۆتەوە. بێجگە لەوە، لە ساڵی 2020 دا جوگرافیای كردەوەكانی خۆی زیاتر بەرەو باشوور پەرەپێداوە نەك باكوور. بە پێی راپۆرتێكی چاودیڕی گشتی پنتاگۆن، لە چارەكی كۆتایی ساڵی 2021دا داعش 5.6%ی كردەوەكانی خۆی لە سنووری پارێزگای بەغدا ئەنجامداوە. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو رێژەیە لە چارەكەكانی پێشووتری ئەوساڵەدا زۆر كەمتر بوون.
هەندێك لە كەناڵەكانی رایگەیاندن باسیان لەوەش كردووە كە گوایە ئامانجی ناردنی لیواكانی حەشدی حەشدی، بۆ دابینكردنی ئاسایش و خۆشكردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بووە.[2] ئەمەش لە كاتێكدایە كە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە شەنگال، زۆر بەڕوونی باسی لەوە كردووە كە دابینكردنی ئاسایش و خۆشكردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەكان كاری هەردوولایە و پۆلیس، سوپا و ئاسایشی نیشتمانی، تاكەلایەنی بەرپرسیاری ئەمنی ئەو ناوچەیە دەبن نەك حەشدی شەعبی!
ئەنجام
ئەو پاساوانەی كە وەك هۆكاری ناردنی هێزی زیاتری حەشد بۆ شەنگال باسدەكرێن بەهێز نین. بۆیە دەشێ بەدوای هۆكاری دیكەدا بگەڕێین و دەتوانین بەمجۆرەش باس لە گرنگترینەكانیان بكەین:
یەكەم: رێگرتن لە ئەگەری هەرجۆرە جووڵەیەكی سەربازی عێراق شەنگال
حكومەتی عێراق هەرلە سەرەتای ئیمزاكردنی رێككەوتنی شەنگالەوە، لەڕێی دوو فیرقەی سوپا و دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵی و گرتنی لانیكەم 80كم لە سنووری نێوان رۆژئاوا و شەنگال، ئاماژەی ئەوەی داوە لەوانەیە وەختێك بێت و ناچاربێت بە هێزی سەربازی دەسەڵاتی خۆی لەوێ بسەپێنێت. هەرچەندە هیچ لێدوانێكی رەسمی لەسەر ئەوە نییە بەڵام، گوتەكەی سەركوەزیرانی عیراق سەبارەت بەوەی كە سوپا توانای هەیە لە هەرشوێنێكی وڵات ئۆپەراسیۆن بكات، ئەویش لە كاتێكدا كە وەزیری بەرگری توركیا هاتبووە بەغدا تا باسی شەنگال بكات، وەك ئەوە لێكدرایەوە كە لەوانەیە حكومەت بۆخۆی بە تەمای سەپاندنی دەسەڵات لە شەنگال بووبێت. هەڵبەت ناردنی ئەو هێزە زۆرەی حەشد بۆ شەنگال، ئەوەندەی دیكە دەسەڵاتی حكومەت لەو ناوچەیە ناڕوونتر دەكات.
دووەم: هێزەكانی هاوپەیمانان لە 2020دا 6 بنكەی سەربازییان رادەستی هێزەكانی عێراق كردووە و بەوجۆرەش زۆربەی هێزەكانی خۆیان لە ئەنبار و هەرێمی كوردستاندا گلێركردۆتەوە. یەكێك لەو شوێنانەش كە رادەست كرابوو، ناوەندی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بوو. بەوجۆرەش نەینەوا لە بەینی ئەنبار و هەرێمی كوردستاندا كە هێزی هاوپەیمانانی لێیە، بۆ ئەو بەشانەی هێزەكانی حەشدی شەعبی كە خوازیاری دەرچوونی ئەمریكان لە عێراق بایەخێكی سەربازی پەیدا كردووە. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەكەی ئەمدواییەی زیادبوونی ئەركی ناتۆ لە عێراقیش، وادیارە ئەوان دەیانەوێ پێگەكانی خۆیان بە هێزتر بكەن، بەرلەوەی ناتۆش هێزی زیاتر بنێریتە عێراق.
سێیەم: دوابەدوای نمایشە سەربازییەكەی سەرایاسەلام كە داعش و بەعسییەكانی كردبووە پاساو، لەوانەیە ئەم جووڵەیەی دوایی ئەو بەشەی حەشدی شەعبیش كە بە نزیك لە ئێران هەژماردەكرێن، نمایشێكی سەربازی بێت بۆ جەختكردنەوە لەو جەمسەربەندییە سەربازی و سیاسییەی( حەشدی عەتەبات، حەشدی سەدری و حەشدی وەلائی) كە ئێستا لە نێو دامەزراوەی حەشدی شەعبیدا درووستبووە.
هەرچۆنیك بێت، ناردنی هێزی زیاتر بۆ شەنگال، دۆخی ئەو ناوچەیە ئاڵۆزتر دەكات و ئەمەش زیان بە پێگەی حكومەت لە بەغدا وهەولێریش دەگەیەنێت.
[1] – https://www.nasnews.com/view.php?cat=52541
[2] – https://ninanews.com/Website/News/Details?Key=888844