رێککەوتنە ٨ خاڵییەکەی سووریا- هەسەدە وەچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە سووریای نوێ. بێشک بە شێوەیەکی گریمانەیی، ئەو دەسکەوتەی کە لەوانەیە کورد بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە دەستی بخات، کەمتربێ لەوەی کە دەکرا لە ٢٠١١وە رووبدات، بەڵام بۆ هەلومەرجی ئێستا لە یارییەکی بردنەوە دەچێت، بەو پێیەی کە یەکەمجارە دەسەڵاتێکی سووری لە مێژووی نزیکدا دان بە ناسنامە، بەشداریی سیاسی و سەربازیی کورد دا بنێت. بۆ جۆلانیش رێککەوتنەکە هەر بردنەوەیە، چونکە ئیدی بە خەیاڵێكی ئاسوودەترەوە دەتوانێت رووبەڕووی تەگەرەکانی دیکەی پێش خۆی ببێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی کە لەسەر باڵادەستی سووریا لە جومگە سەرەکییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش رێککەوتنی کە پێشتر ئەگەری شەڕی لەسەر هەبوو. بەئەگەری زۆر، لە دوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە کانراوییەکانی سووریا کە تێیدا سەتان کەس کوژران، هەروەها ئەگەری بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکان، زۆرێک لە وڵاتانی دنیا نایانەوێ دەسەڵاتی سووریای ئەلشەرع مەرکەزی بێت. لە هەمانکاتدا بۆ مەزڵوم عەبدیش، لە دوای پەیامەکەی ئۆجالان، دۆخی گۆڕاوی سووریا، گوشاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رێککەوتن باشترین بژارەیە.
خاڵی یەکەم و حەوتەمی رێککەتنەکە شتی گشتین و دەشێ دەستەواژە و رستەی وەها لە زۆرێک لە ریککەوتنە هاوشێوەکاندا ببیندرێت. لە خاڵی دووەمدا، باسکردن لە کورد وەک کۆمەڵگایەکی رەسەن لە دەوڵەتی سووریا، دوو وەرچەرخانی گرنگی تێدایە: یەکەمیان پێچەوانەوەی رەفتاری رژێمی پێشوو کە بەشێکی زۆری لە کوردەکانی وەک کۆچەر تەماشا دەکرد و تەنانەت ناسنامەی هاووڵاتیبوونیشی پێنەدەدان، وەک خەڵکی رەسەن ناوی بردوون کە مافی هاوڵاتیبونیان هەبێ. ئەمە بێجگە لەوەی کە وەک کۆمەڵگایەک ناوی بردوون کە دەتوانێت دانپێدانان و پاشاخانێک بێت بۆ گفتوگۆکانی داهاتووی هەردوولا لەسەر مافی گشتی کورد بێجگە لەو مافەی کە وەک تاک- هاووڵاتی هەیەتی. دووەمیشیان ئەوەیە هەر لەو مادەیە و لە تەواوی دەقی رێککەوتنەکەشدا کە تایپ کراوە، بێجگە لە دەستوخەتەکەی جۆلانی، تەنیا دەستەواژەی دەوڵەتی سووریا بەکارهاتووە نەک کۆماری عەرەبی سووریا!
هەرچەند کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە پێویستییان بە هێشتنەوەی نزێکی چەکدار هەیە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەک ئەندازیاری رێککەوتنەکە دەردەکەون بەڵام خاڵی سێیەم و پێنجەمی ریککەوتنەکە دەریدەخات کە تورکیایش لایەنێکی ئەو کارە بووە . چونکە جۆلانی بۆ خۆیشی باش دەزانێت کە بە بێ رەزامەندی تورکیا، ئەستەمە بتوانێت بەڵێنی راگرتنی شەڕەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاک بدات کە لە دیسەمبەری ٢٠٢٤وە لە نێوان هەسەدە و گرووپەکانی لایەنگری تورکیا لە ئارادایە. ئەمە بێجگە لەوەی کە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی کە تورکیا لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا گرتوونی، دیسان پێویستی بە رەزامەندی ئەنقەرە هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانە نافەرمییانەی کە لەدەستدایە، بەشێک لەو دانوستاندنانەش راستەوخۆ لە نێوان تورکیا و هەسەدە دا کراوە، هەرچەندەی کە لایەنەکان ئەوەش رەتبکەنەوە. بە پێی رێککەوتنەکەش واچاوەڕان دەکرێت لە ماوەی یەک مانگ دا هەزاران کورد بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. هەرچەند دیار نییە کە جێبەجێکردنی ئەمە چەندە ئاسان دەبێت، ئەویش لە کاتێکدا کە راپۆرتێکی زۆر لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن هەندێک گرووپی وەک حەمزات و عەمشاتەوە بڵاکراونەتەوە و دیار نییە کە ئایا لە کاتی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە، هەر ئەو جۆرە گرووپانە لە ئاستی لۆکالێدا بالادەست دەبن یان یان هێزێکی نوێ جێگیر دەبێت.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە ماددەی ٤ی دەقەکەیە کە باسی تێکەڵاوکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە نێو ئیدارەی دەوڵەت دەکات. ئەمە جیاوازە لەباسی هەڵوەشاندنەوە و باس لە سەر تێکەڵاوکردنی دامەزراوەیە بۆیە بەو واتەیە دێت کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دەمێنێتەوە، بەڵام بەو پێیەی کە دەچێتە ژێر رکێفی ئیدارەی دەوڵەت، دەسەڵاتەکانیان کەمتر دەبێت. خۆ ئەگەر رێککەوتنەکە لەسەر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری بوایە، بە دیاریکراوی باسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و بیرەکانی نەوت و گاز نەدەکرا. لەبارەی هەسەدە، وادیارە ناوەکەی بۆ فیرقە یان زیاتر لە فیرقەیەکی سوپای سووریا دەگوڕێت وەک ئەوەی کە بۆ گرووپەکانی دیکەش کراوە و ئیدی سەیر نابێت ئەگەر هەندێک لە فەرماندەکانی هەسەدە لە نێو وەزارەتی بەرگری سووریا پۆست وەربگرن. لەوانەش باسێک لەسەر جێگری وەزیری بەرگری هەیە، هەرچەند تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەیەوە رانەگەیەنراوە.
لەوانەیە خاڵی شەشەم پاڵنەرە سەرەکییەکەی شەرع بیت بۆ پەلەکردن لەو رێکەوتنەکەی کە لە مانگی دیسەمبەری رابردووەوە بە نێوبژیوانی ئەمریکا، فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودوەڵەتی، هەروەها بە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان ژێرخانەکەی ئامادە کراوە. رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە لایەک هەموو ئەو چیرۆکەی خستۆتە ژێر پرسیار کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێ لەبارەی وەرچەرخانی گرووپێکی کۆنە جیهادیی وەک هەتەشەوە بڕاوی پێ بکات. کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس جارێکی دیکە ترسی پەڕگیریبوونی دەوڵەتی نوێی سووریای زیندووکردەوە و شەرع دەیەوێ بەم رێککەوتنەی لەگەڵ هەسەدە ئەو پەیامە بدات کە ئەهلی سازان و رێککەوتنە. ئەمە بۆ جۆلانی کە پێویستی بە دانپێدانانی نێودوەڵەتی، هەڵگرتنی سزا و ٢٥٠- ٤٠٠ ملیار دۆلار هەیە تاوەکو سووریای پێ بنیات بنێتەوە، بابەتێکی ستراتیژییە. ئەمە بێجگە لەوەی ترسی وەرگۆڕانی ناڕەزایی عەلەوییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی درێژمەودای دیکەی نێوخۆیی، بۆ سەرۆککۆماری سووریا وەک دیوەزمەیەک وایە کە دەتوانێ خەوی بزڕێنێ. ئەویش لە کاتێکدا کە رادەی شکانی دەسەڵاتەکەی بەسەر گرووپە چەکدارە سوننە هاوپەیمانەکانی خۆیشی بابەتێکە کە قسەی زۆر هەڵدەگرێ.
خاڵی هەشتەمی رێککەتنەکە کرۆکی باسەکەیە. ئەویش کارکردنە بۆ ئەوەی کە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو ریککەوتنە جێبەجێ بکرێت. بێشک لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بابەتی رێککەتن لە سەر کاخەز شتێکە و چۆنییەتی جێبەجێکردنیش بە کردار شتێکی دیکەیە! بە ئەگەر زۆر لەماوەی زیاتر لە ٨ مانگی داهاتوودا، نەک تەنیا هەردوولایەنەکە، بەڵکو چەندین ئەکتەری دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، قۆڵی یەکتر بادەدەن تاوەکوو ریککەوتنەکە بە پێی خواستی خۆیان جێبەجێ بکرێت. دواجار رادەی هێزی لایەنەکان لەسەر زەوی و هاوسەنگی نێودەوڵەتییە کە دەریدەخات چارەنووسەکەی چی دەبێت!