شرۆڤە

پشویەکی کورت بۆ ململانییەکی فراوانتر لەداهاتوودا

19-10-2022


دوای زیاتر لە ساڵێک ئاڵۆزی، کێشمەکێش و کێبڕکێی سێ پێکهاتەی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، هەر چۆنێک بێت قۆناغە سەختەکەی پێکهێانی حکومەت تێپەڕێندرا. هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی ئەم حکومەتە نوێیە، ئازار و کاریگەری ماوەی رابردوو لە ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکانی عێراقی پێوەدیاربوو. بەڵام هەر چۆنێک بێت لە کۆتایدا سازانێکی کاتی ناڕاستەوخۆ، هەموو حیزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراقی کۆکردەوە، بە شێوازێک، هەموو لایەنەکان بە کەمترین زەرەر لە هاوکێشەی پێکهێانی حکومەت دەرچوون. ئەو هاوکێشەیەی کە هەندێک پێیوابوو قۆناخی پێکدادان و کۆتایی هێنان بە یەکدی دەبێت.

بەڵام بۆ هەندێک جێگەی پرسیارە کە بۆ سەدر لەسەر هەموو ئەو رووداو و جوڵانە بێدەنگی هەڵبژارد؟ بێ گومان سەدر کەسێکە قسەکردنی یان بێدەنگی هەموو کات بە ئامانج بووە. هەروەها جێگەی پرسیارە کە ئەم بێدەنگییەی سەدر تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت.

ئایا هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەسەر هاوپەیمانی سێقۆڵی سەرکەوت ؟

لە دوای کشانەوەی سەدر و بەجێهێشتنی هاوپەیمانەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان وهاوپەیمانیی سەروەری)، هەندێک پێیوابوو پارتی و سەروەری پاشماوەی پۆستەکانی حکومەتیان بۆ دەمێنێتەوە و کاریگەرییەکی بەرچاویان لە گەمەی پێکهێنانی حکومەتدا نابێت! بەڵام رووداوەکان بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە بوون و هەر زوو حەلبووسی لە رێگای پێشکێشکردنی دەست لە کارکێشانەوەکەی لە پۆستی پەرلەمان، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ناچار کرد کە پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕێت و لە رێگای ئەوەشەوە شوێنی خۆی لە هاوکێشەی نوێی پێکهێنانی حکومەت بكاتەوە. بەڵام پارتی پێویستی بەو جۆرە جوڵە دراماتیکییانە نەبوو و هەر سوور بوو لەسەر گۆڕینی سەرۆککۆمار و بە دەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش وایکرد هەوڵەکانی ناچارکردنی پارتی لە بەشداریکردن لە حکومەتە نوێیکە لە رێگای مووشەک بارانی ئێران و هەڵبژاردنی کەسی سەرۆککۆمار زیاد بکەن و هەروەها هۆشدارییەکانی ئێران و ئاکتەرکانی لە عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و پارتی رۆژ بە دوای رۆژ زیاتریان دەکرد. بەڵام لە کۆتایدا لابردنی کەسی د. بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئێران ، هەندێک  لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی بەرژەوەندییەکانیان یەکیان گرتەوە و بووە دەرئەنجامی ئەوەی تاوەکو ئێستا پارتی لە هاوکێشەکە دۆڕاو نەبێت.

ئەگەر بە وردی بە دوای براوەی هاوکێشەکە بگەڕێین دەبێت چەند خاڵێک لە بەرچاو بگیرێت. یەکەم، هاوپەیمانی سەروەری و پارتی بە کشانەوەی سەدر زۆرینەی هاوپەیمانییەکەیان لە پەرلەمانی عێراقیان لەدەستدا! هەروەها دەبێت هەندێک بیر لە قسەکانی رۆژانی هەبوونی هاوپەیمانی سێقۆڵی لە پەرلەمانی عێراق بکەینەوە. ئەو رۆژانەی پارتی بە پەیوەندیکردنیان و شوێنکردنەوە بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرا و هەروەها حەلبووسیش بە شوێنکەوتە و گوێگری ئیمارات و سعوددیە تۆمەتبار دەکرا.بەڵام ئەمڕۆ هەر دوو لایەنەكە ئەکتەری سەرەکین لە حکومەتە چاوەڕوانكراوەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. حەلبووسی بووە تەنیا سەرۆکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکی ئەم کابینەیە کە هەم سەدریەکان و هەم چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەنگی پێ داوە و هەروەها پارتیش قسەکەی خۆی بردە سەر و نەیهێشت د. بەرهەم لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و ئەو بەربژێری پشتیوانیی لێ دەكرد دەرگای کۆشکی سەلامی لەسەر کرایەوە.

ئەو پاڵپشتییە بەهێزەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پارتی و حەلبووسی وادەكات چیدیكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەتوانێت گلەیی لە پارتی و هاوپەیمانی سەروەری بكات و تۆمەتباریان بكات بە هەوڵدانیان بۆ دابەشکردنی ماڵی شیعە و وا دەکات کێبڕکێکە لە نێو ماڵی شیعەدا بهێڵێتەوە.

سەرەتای دابەشبوونێکی بەهێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

هەرچەندە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ماوەی کورتخایەن جێهێڵراوەکانی هاوپەیمانی سێقۆڵی رازی کرد. بەڵام پرۆسەی قایلکردنی هاوپەیمانەکانی خۆی لە عەزم و یەکێتی بەسەر خۆی قورس کردەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی داواکارییەکانی سووننەکانی عەزمی بۆ لابردنی حەلبووسی لە پۆستەکەی بە هەند وەرنەگرت و بە پێچەوانەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی متامنەی خۆی بە حەلبووسی بەخشی. هەروەها دابەشبوونی بۆچوونەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دەنگدانیان بە بەربژێری یەکێتی نێشتیمانی كوردستان نیشانەیەکی دیکەی دابەشبوونی بۆچوونەکانی نێوخۆیانە. هەر چەندە رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش، بافڵ تاڵەبانی هەستی بە لە دەستدانی زۆرینەی دەنگ بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار کرد و لە رێگای پەیامێکەوە، بۆ دوایین جار داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردەوە كە دەنگ بە بەربژێرە "فەرمییەکەیان" بدات. بەڵام داواکارییەکەی سەرۆکی یەکێتی بە هەند وەرنەگیرا و هەندێک لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تایبەت مالیکی ڤیتۆ نێوخۆیی و ناوچەییەکەی سەر د. بەرهەم ساڵحیان نەشکاند و بگرە بە گەرمییەوە پێشوازییشیان لێ کرد.

هەناسەکێشانێک بوو درێژەپێدانی ململانێكان

چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدریش زۆر باش لەوە تێگەشتن ئەگەر لەم چرکە ساتەدا درێژە بە ململانێكانیان بدەن، ئەوە هەر لایەنێکیشیان سەرکەوتوو بێت بە لاوازییەوە دەرباز دەبێت و بەرگەی هیچ گوشارێکی نێودەوڵەتی یان نێوخۆیی ناگرێت. بۆیە سووربوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گۆڕینی کۆمیسیونی هەڵبژاردن و یاساکەی لەم دواییانەدا زۆر کاڵ بووە. هەروەها باسەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لابردنی سەدرییەکان لە پۆستە باڵاکانی حکومەتیش لە باسدا نەما. ئەمانەش دەکرێت هۆکاری بێدەنگییەکەی سەدر بێت لەوکاتەی هەموو عێراق و ئەو کەسانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەکەن، چاوەڕێی تویتێکی خۆدی سەدر یان وەزیرەکەیان دەکرد. تویتێک کە دەکرا کە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هیچ نەبێت بۆ چەند رۆژێک دوابخات. بەڵام سەدرییەکان لە رێگەی تویتێکی حەسەن عەزارییەوە، بە شێوازێک گڵۆپی سەوزیان بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵكرد و ئەگەری تۆمەتبارکردنی سەدرییەکانی بە مووشەکبارانەکانی پەلەمانی عێراق لەو رۆژەدا نەهێشت.

هەر چەندە ماوەیەکە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو تۆمەتەکانیان لە پەکخستنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت ئاڕاستەی مستەفا کازمی دەکرد نەک سەدر، بەڵام عەزاری ئەو تویتەی هەر کرد و گوتی:

[1]"هەر کەسێک پەنا بۆ چەک ببات بۆ پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمان، ئەو کەسە پاشکۆی گەندەڵکارەکانە و دەیەوێت گەندەڵکاران زاڵ بن بەسەر نیشتیمان و میلەت"!

حەسەن عەزاری

وا دیارە کێبڕکێی هەموو پارتە سیاسییەکانی عێراق، بە تایبەت لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدری هیلاک کردووە و بڕیاریانداوە ئاگربەستێکی سیاسی بۆ ماوەیەکی کورت لە نێوانیاندا هەبێت و بە زووترین کاتیش لە رۆژانی داهاتوو دەنگ بە کابینەکەی سوودانی بدرێت. رەنگە سەدر دوای کشانەوەی لە پەرلەمان و لە دەستدانی زۆرینە و لاوازبوونی رۆڵە ئاینییەکەی، لەوە تێگەشتبێت کە ناکرێت هەموو داواکارییەکانی جێبەجێبکرێن و هەبوونی ئاگربەستێکی سیاسی بۆ ماوەیەکی کاتی، هیچ نەبێت هاوکاری سەدرییەکان بێت بۆ ئەوەی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو پێگە و پۆستە باڵاکانیان لە نێو دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت بپارێزێت.

چوارچێوەی هاوئاهەنگیش چی دی لە دوورەوە تەنیا چاودێری سەرۆکوەیزران و لوتکەی دەسەڵات لە عێراق ناکات و تاوەکو هەڵبژاردنێکی "پێشوەختەیەکی دیکە"ش  دەتوانن هەندێک لە جەماوەرەکانیان ئاشت بکەنەوە و دەنگەکانیان بە شێوازێک زیاد بکەن کە سەدر ناچار بکەن گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات. هەروەها باش لەوەش تێگەشتوون کە زۆرینەی شەقام موڵکی سەدرە و ناکرێت دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی سەدرییەکان ببرێت. هەر بۆیە هەر دوو لایەن هێورکردنەوەی دۆخەکە بۆ بەهێزبوونەوەیان بە بڕیارێکی باش دەبینین، ئەوەش بۆ ئامادەبوونیانە بۆ شەپۆلێکی دیکەی ئاڵۆزی و ململانێیەکی فراونتر لە نێو ماڵی شیعەدا.


[1] https://ninanews.com/Website/News/Details?Key=1007272

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە