شرۆڤە

قائانی لە ماڵی سەدر

12-02-2022


 

 

RRC |

یاسین تەها|

 

لەو كاتەوەی دۆسییەی عێراق و ئاڵۆزییەكانی لای سوپای پاسدارانە، چی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و چی جێگرەوەكەی، لە قۆناخە گرنگەكاندا پێیان لە بەغدا و نەجەف نەبڕیوە، بەڵام هەمیشە سەردانەكان نهێنی و نافەرمی و لە ژوورە تاریكەكاند ابوون. لەكاتی بەڕێوەچوونیان یان دواتر لە سۆشیالمیدیا یان بەناڕاستەوخۆ هەواڵ و زانیارییەكانیان دزەیان پێكراوە بۆ رای گشتی، بەڵام لە ئێوارەی (8ی شوباتی 2022) نووسینگەی تایبەتی سەدر لەڕێگای بەیاننامەیەكی كورتی 20 وشەییەوە بەفەرمی ئاشكرایكرد کە موقتەدا سەدر پێشوازی لە ئیسماعیل قائانی كردووە، ئەمەش پێشهاتێكی نوێیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەم میوانە كە هەندێك باس لەوە دەكەن هەم میوانە و هەم خانەخوێیە .

بەیاننامەكەی نووسینگەی سەدر هەر وەك جاران موقتەدا سەدری بە “سماحة القائد” ناوبردووە، لە بەرامبەردا میوانە ئێرانییەكەی تەنیا بە “حاج ئیسماعیل قائانی” ئاماژەپێكردووە، بەبێ ئاماژەكردن بەنازناوەكانی “ژەنەراڵ” یان پۆستی “فەرماندەی فەیلەقی قودس”، وەك ئەوەی سەردانەكە زۆر تایبەت و كەسێنی بێت یان نەیوستووە گرنگی زۆری پێبدات. ئەم خۆ بواردنەش لە دانپێدانانی نازناوە ئێرانییە زۆرو زەوەندەكانی بەرپرسانی رژێمی كۆماری ئیسلامی، نەریتێكی نەجەفیانەی باوە و بەر لەویش، ئایەتولڵا سیستانی كاتێك ویستی سەرەخۆشی بكات بۆ مردنی رەفسەنجان (2017 )، لە پێناو ئەوەی دان بەنازناوەكانی خامنەیی نەنێت  “رێبەری شۆرش و وەلی ئەمری موسوڵمانان”، راستەوخۆ نامەی بۆ خێزانەكەی رەفسەنجانی نارد، لە كاتێكدا كۆچكردوو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی رژێم بوو .

بەگوێرەی ئەو فۆتۆیەشی لەپاش دیدارەكەی سەدر و قائانی بڵاوكراوەتەوە، سەدر لە كۆبوونەوەكە  یان دواتر) چەتفییەكی عێراقیانەی عەرەبی) لە ملدا بووە وەك هێمایەك بۆ نیشتمانپەروەری، لەپاش میواندارییەكەش بۆ 22 هەمین جار دروشمی “حكومەتی نیشتمانی” لەسەر كاغەزێك بە قەڵەم جافی سوور تویت كرد، لەگەڵ گێڕانەوەی دروشمی “لا شرقیة ولا غربیة” كە ماوەیەكە كاڵی كردووەتەوە. ئەم دروشمەی كۆتاییش جێگەی مشتومڕێكی گەورەیە كە ئاخۆ سەدر مەبەستی چییە لە كاتێكدا بلۆكی رۆژهەڵاتی جاران “سۆڤییەت” هەرەسی هێناوە، لە لۆكەیشنی جوگرافیشدا ئێران بەشێوەیەكی سەرەكی لەبەری رۆژهەڵاتی عێراقە.

هەموو ئەم ئاماژانەشی كە لەپاش سەردانەكەی قائانی لە حەنانەی ماڵی سەدرەوە دەرچوون، لەكاتێكدایە سەرچاوەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” باسیان لە بەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكان و یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكانیان دەكرد، پاش گەڕانەوەی ئەم جارەی ئیسماعیل قائانی و بەدوای ئەوەشدا بەیاننامەیەكی سێ خاڵییان خستەڕوو كە زیاتر جەختكردنەوەبوو لەسەر داواكارییەكانی پێشوویان كە دەكرێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە كە سەردانەكەی قائانی نەیتوانیوە هیچ لە پێداگرییەكانی سەدر بگۆڕێت و دۆخەكە هەروەك جاران لەنێوان هەردوولادا لەیاری پەت راكێشان دەچێت.

لە سەردانی پێشوویدا بۆ نەجەف  (ناوەڕاستی كانونی دووەمی 2022 )، ئیسماعیل قائانی چووە سەر گۆڕی باوكی سەدر “محەمەد سادق” و هەردوو كوڕەكەی “مستەفا و موئەمەل” كە مێژوویەكی تاڵیان لەگەڵ مامەڵەو هەڵمەتی ئێرانییەكان هەبووە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە متمانە پێكراوەكان ئەم موجامەلەیە نەبووە هۆی كردنەوەی دەرگای حەنانە بۆ ئەم میوانە ئێرانییە رەزا گرانە كە ئەركی گەیاندنی هۆشداری و گوشاركردن و بەدەستهێنانی گەورەترین دەستكەوتە بە كەمترین كات لەسەر هەمان میتۆدی پێشینەكەی؛ “قاسم سولەیمانی”، هۆكاری ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سەدر حەزی لەم جۆرە میوانانە نییە كە گوشاری لێ بكەن یان هۆشداری پێ بدەن بەتایبەت كە هێشتا لە شاگەشكەی یەكەمبوونی لیستەكەیدا دەژی و هەموو خەڵك چاویان لە هەژماری تویتەرەكەیەتی بۆ راگەیاندنی مەرج و هەڵوێستەكانی، یەكێك لە بڕواپێكراوترین یاریدەدەرەكانیشی “حازم ئەعرەجی” خۆی پێنەگیرا و چەند رۆژێك بەر لە ئێستا وتی ” ئێستا حەنانە سەرچاوەی بڕیاری سیاسی و شەرعی عێراقە” بەڵام دواتر ناچاربوو لەژێر گوشاری خۆپیشاندان و بە رێنمایی سەدر پۆزش بهێنێتەوە و لەبری لێدوانەكەی پێشووتری بڵێت “مەرجەعییەت چاوگی بڕیارە”.

هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن عەلی خامنەیی رێبەری شۆرشی ئێرانی لەگەڵ ئەوە نییە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەرت ببن و هەندێكیان لەگەڵ سەدر بچنە ناو حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی”، ئەمەش لەلایەك ئامانج لێی سنورداركردنی پەراوێزی جموجوڵی سەدرە كە لە ناو شیعە ئیستا تەنها كەوتووەتەوە، لەلاكەیتر بەدیهێنانی ئامانجی ستراتیژیی ئێرانە لە بابەتی پاراستنی یەكڕیزی شیعەی عێراق و دوورخستنەوەی ئەگەری چوونەدەرەوەی حوكمڕانییە بۆ دەرەوەی ئەم تایفەیە، بەڵام سەرچاوەكانی حەنانە باس لەوە دەكەن سەدر هەمان هەڵوێستەكانی پێشووی بۆ میوانە ئێرانییەكەی روونكردووەتەوە كە ئەو لاری نییە هەندێك لایەنی ناو “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” لە حكومەتدا بەشدارببن، سەبارەت بە نوری مالیكیش وتوویەتی “پێشتر چانسی خۆی وەرگرتووە لە حوكمڕانی و با ئەم خولە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێرێت”..

میدیا و سۆشیال میدیای سەدری و نزیك لەم رەوتە وەهای پیشان دەدەن سەدر بەربەستی بەردەم حوكمكردنی ئێرانە، لە بەرامبەریشدا ركابەرەكانی شاگەشكەن بەوەی كە دواجار سەدریش بوو بەیەكێك لە گوێگرەكانی قائانی و نەیتوانی تاسەر خۆی لێ بكاتە نەدیوو و نەناس، هەندێكیشان تەحەدای ئەوە دەكەن سەدر لە ئامادەیی خامنەییدا چەتفییەی عێراقیانەی لەملدا نەبووە و وێنەكە هی دواترە، سەرجەم ئەم ركابەرییانەش لە سایەی دۆخێكی گرژدایە لەنێوان هەردوولا كە لە پارێزگای میسان (عەممارە) گەیشتووەتە رادەی تیرۆری كەسایەتی و چالاكەكانی عەسایب و هەردوولا و لەبارەی ئەوشەڕە خوێناویشەوە سەدر و خەزعەلی بەراشكاوی و لەرێگای تویتەرەوە پەیامیان گۆڕیوەتەوە و هادی عامریش داوای هێوركردنەوە دەكات بۆ ئەوەی كێبەركێی شیعە _ شیعە بۆ شەڕی خوێناوی درێژخایەن پەلنەکێشێ.

 

 

Share this Post

شرۆڤە