کۆی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە کەرتی گشتیی عێراق لە ماوەی ساڵێکدا دامەزراون و خەرجییان هاتووەتە سەر وەزارەتی دارایی، یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش جگە لە ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی زیادیکردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی گەنجان و رازیکردنی داواکاری گەنجان کە نزیکەی یەک لەسەر سێی عێراقییەکان پێکدەهێنن، دەوڵەت پەنای بردووەتە بەر دامەزراندن و ساڵ بە ساڵیش ئەم رەوتە رووی لە زیادبوون بووە، بەشێوەیەک ساڵی 2015 کۆی ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 3 ملیۆن و 27 هەزار و 69 کەس بووە، بەڵام دوای دەیەیەک کۆی ژمارەکە گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەس. هەروەها، بەپێی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ مووچە بێت ئەوا لە ساڵی رابردوودا سەرووی یەک ملیۆن فەرمانبەری نوێ زیادکراوە.
زیادبوونی ئەم ژمارەیەش، واتە زیادبوونی خەرجی بەکارخستن و کەمکردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان لە عێراق، هەربۆیەش لەو ماوەیەدا لە ساڵی 2015 تاوەکو 2024 خەرجی ساڵانەی مووچە بەبێ خەرجی چاودێری کۆمەڵایەتی کە ئەمەش هەر مووچەیە 27.4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە و ساڵی رابردوو سەروو 60 تریلیۆن دینار بووە.
ئەم ژمارانە لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی و ساڵانەش ئەگەر یاسای بودجە هەبێت بەردەستن، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆچی ساڵیک زیاد دەکات و دواتر کەمدەکات، بۆ کام کەرت زیاد دەکات و ئەگەر عێراق هێندە پێویستی بە فەرمانبەرە ئەی بۆچی کاتێک پارەی نەوت کەمدەبێتەوە لەگەڵیدا ژمارەکان کەم دەبنەوە؟ ئەم زیادبوونی خەرجی بەکارخستنە و لەنیو ئەم خەرجییەشدا خەرجی مووچە و چاودێری کۆمەڵایەتی چ لێکەوتەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت لەسەر عێراق؟ لێرەدا بە بەدواداچوون بۆ داتاکانی عێراق لە یەک دەیەدا هەڵوەستە لەسەر ئەم رەهەندە جیاوازانەی بەڕێوەبردنی ئابووری عێراق دەکەین و لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەران و خەرجی بەکارخستن.
بەپێی یاسای بودجەی 2023-2025، کۆی ژمارەی فەرمانبەران بۆ هەموو دامەزراوەکان، وەزارەتەکان و پارێزگاکان 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەس بووە، کە کۆی پارەی خەرجکراو لەو ساڵەدا 47.2 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2024 دا خەرجی مووچە دەگاتە 60 تریلیۆن دینار، واتە ئەگەر پلە بەرزکردنەوە و گۆڕانکاری مووچە جیابکەینەوە ئەوا کەمتر یان زیاتر لە 1 ملیۆن و 107 هەزار و 771 فەرمانبەری نوێ بۆ لیستی مووچەی کەرتی گشتی لە عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا داتای کۆی خەرجییەکانی 2025 تاوەکو مانگی حوزەیران بەردەستە، بەڵام بڕی خەرجکراو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاودێری کۆمەڵایەتی ئەوە دەردەخات کەوا مانگانە نزیکەی 7.3 تریلیۆن دینار یان 5.5 ملیار دۆلار پێویستی دەوڵەتە بۆ مووچە.
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش، لە ماوەی ئەم شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی خەرجی مووچە سەروو 30 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام دەیەیەک پێش ئێستا کۆی خەرجی ساڵێک بۆ مووچە و لە کاتی جەنگی داعشدا 32 تریلیۆن دینار بووە. ئەگەر ئەم نیوەی دووەمی ساڵە وەک نیوەی یەکەمی ساڵ بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە پشتڕاستی ئەو یەک ملیۆن فەرمانبەرە نوێیە دەکاتەوە کە لە عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان دامەزراون.
بەشێکی زۆر و گرنگی ئەم ترێندی زیادبوونەی فەرمانبەران و قەبەکردنی دامەزراوە گشتییەکان لەعێراق بۆ کەرتە ئەمنییەکان بووە، لە کاتێکدا جیهان خەرجییەکانی بۆ ژیری دەستکرد و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان دەکات. بۆ نموونە، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە 2015دا 362 هەزار کەس بووە، بەڵام لە 2023 دا گەیشتووەتە سەرووی 701 هەزار کەس، لە بەرامبەردا وەزارەتی کشتوکاڵ لە 2015دا 24 هەزار فەرمانبەر بووە، بەڵام لە 2023دا کەمدەبێتەوە بۆ 19 هەزار فەرمانبەر؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو زیادبوونی 3 ملیۆن فەرمانبەرە نوێیەی دەیەی رابردوو لە عێراق بۆ کەرتە ئەمنییەکان بووە، نەک ئەو کەرتانەی ئێستا جیهان وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە، زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق بۆ کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو نەبووە، کە ئێستا سەرنجی ناوەندە ناوچەیی و جیهانییەکان لەم رووەوە لەسەر عێراق، بەڵکو بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان بووە بە پلەی یەکەمیش وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و حەشدی شەعبی گرتووەتەوە.
گرافیک 1: ژمارەی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان 2015-2023 و کۆی گشتی 2024
سەرچاوە: بودجەی ساڵانەی عێراق، 10ی ئەیلوول 2025
بەپێی دوایین سەرژمێری عێراق، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق تەمەنیان لە خوار 14 ساڵەوەیە 16.5 ملیۆن کەسە و ئەوانەشی لەسەروو ئەو تەمەنەوەیە دەگاتە نزیکەی 29.5 ملیۆن کەس، بەمشێوەیەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی لە 2024دا نزیکەی 8.8 ملیۆن کەس هاوکاری چاودێری داراییان وەرگرتووە کە بڕەکەی بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دینار بووە، واتە کۆی ئەوانەی ئێستا لە عێراق مووچەخۆرن و ئەوانەی هاوکاری چاودێری دارایی مانگانە وەردەگرن نزیکەی 14 ملیۆن کەسە لە کۆی 46 ملیۆن عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەوەی دووبارە سەرنجڕاکیشە لە ماوەی ئەم دەیەیەدا، ئەم لێشاوی زیادبوونە ملیۆنییەی فەرمانبەران لە هەر کابینەیەک لە عێراق هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان کەمدەکات، هەروەکو چۆن لە 2015دا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 671 هەزار و 939 کەس بووە، بەڵام دوای یەک دەیە و لە 2023دا کەمدەبێتەوە بۆ 658 هەزار و 189 فەرمانبەر؛ لەوانەشە ئێستا کەمتر بووبێتەوە بەهۆی خانەنشین بوون و وازهێنانەوە لە ماوەی ئەو دەیەیەدا.
هەروەها، ناشبێت ئەوە نادیدە بگرین کەوا ئەم ژمارانە کە کەم و زیاد دەکات پەیوەستە بە بڕی داهاتەوە نەوەکو پێویستی دەوڵەت بە فەرمانبەری نوێ، بۆ نموونە لە 2020 کاتێک داهات بەگشتی و داهاتی نەوت بەتایبەتی زۆر کەمدەبێتەوە ئەو کات بەروونی دەردەکەوێت چۆن ژمارەی فەرمانبەران لە 3 ملیۆن و 27 هەزارەوە کەمدەبێتەوە بۆ 2 ملیۆن و 951 هەزار وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
خشتەی 1: ژمارەی فەرمانبەران و خەرجی مووچە لە 2015 تاوەکو 2024
سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق و بودجەی سالانەی عێراق، 3ی ئەیلوول 2025
تێبینی، ساڵانی 2016، 2019، 2020 عێراق بودجەی ساڵانەی نەبووە، بەڵکوو ژمارەی فەرمانبەران لەسەر داتای خەرجی ئەو ساڵە بە بەراورد بە پێش خۆی دانراوە و بۆ ساڵی 2024 بەهەمان شێوە لەم خشتەیەدا دانراوە.
لە رووی داهاتیشەوە، توانای دەوڵەت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە پەیوەستە بە داهاتی نەوتەوە تاوەکو داهاتەکانی دیکە، چونکە داهاتی نانەوتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و لە باشترین ساڵیدا نەگەیشتووەتە ئەو بڕەی کە بتوانێت دوو مووچە یان مانگێک خەرجی بەکارخستن دابین بکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو ساڵەی پارەی نەوت زۆر بووە، ئەوا ژمارەی فەرمانبەران زۆر دەبێت وەک ساڵانی 2022 و 2023 و داهاتی نەوتیش کەم بێتەوە وەک 2020 ئەوا ژمارەکەش کەمدەبێتەوە وەکو لە خشتەی 1دا هاتووە.
عێراق خەرجییەکی دیکەشی هەیە هاوشێوەی مووچەی مانگانە، کە ئەویش چاودێری کۆمەڵایەتییە و لە ماوەی دەیەیەکدا لە 11 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە 26.9 تریلیۆن دیناری ساڵانە، بەپێی راپۆرتەکان بڕی ئەم هاوکارییە مانگانە 250 هەزار دینارە، واتە لە 2015دا ژمارەی ئەوانەی ئەم هاوکارییەیان وەرگرتووە نزیکەی 3.8 ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە 2024دا ژمارەکە زیادیکردووە بۆ 8.8 ملیۆن عێراقی.
لەڕاستیدا دوو هێندەبوونی داتاکانی خەرجی لە ماوەی یەک دەیەدا و زیادبوونی سەروو 27 تریلیۆن دینار بە تەنیا بۆ مووچە و 15 تریلیۆن دینار بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەوا پێویستە نرخی نەوت لە دەیەی داهاتوودا 100 دۆلار بێت و عێراق 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە بکات، ئەگەر دەیەی داهاتوو وەک دەیەی رابردوو بێت.
بەم شێوەیەش لە عێراق ئەوانەی مانگانە لە دەوڵەتەوە مووچە وەردەگرم بە بڕی کەمترینی کەوا چاودێری کۆمەڵایەتییە و 250 هەزار دینارە و بۆ بڕی 18 ملیۆن دیناری مانگانە کە پەرلەمانتارێکە، ژمارەی هەموویان دەگاتە نزیکەی 15 ملیۆن کەس، ئەمەش واتە رێژەی سەروو 51٪ی ئەوانەی لە عێراق تەمەنیان لەنێوان 15-64 ساڵ.
لە کۆتاییدا، ئەم زیادبوونەی ژمارەی فەرمانبەران رەنگە ئێستا داهاتی نەوت دابینی بکات و کەموکورتییەکانی قەبەکردنی کەرتی گشتی و ناڕێکییەکانی حکومڕانییەکی پشتبەستوو بە کەرتی گشتی دابپۆشێت، بەڵام گۆڕانکارییەکی بچووک لە نرخی نەوت دا دەریدەخات ژمارەی فەرمانبەران چەندە و خەرجییەکەشی ساڵانە چەندە.
لە بەشی داهاتوودا هەڵوەستە لەسەر زیادبوونی نایەکسانی لە عێراق بەهۆی خەرجی کەرتی گشتییەوە و چۆنییەتی دابەشبوونی پارەی نەوت دەکەین لە ماوەی یەک دەیەدا.