شرۆڤە

قسەی پار و گفتی ئەمساڵ؛ چەکدانانی پەکەکە و دۆخی هەسەدە لەگوتارەکانی دەوڵەت باخچەلی دا

22-10-2025


بەرایی  

 ساڵێک بەر لە ئێستا رێک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی بارتی بزوتنەوەی نەتەوەگەرای تورکی بە قسەکانی خۆی لە پەرلەمان، قۆناخێکی تازەی لە پرسی نێوان پەکەکە و دەوڵەت دەستپیێکرد کە تا ئێستاش درێژەی هەیە. قسەکانی ئەو کاتە سەردەوای گرنگی تێدابوون بۆ ئەوەی کە دواتر چی روویدا و دوێنێش، رێک رۆژێک بەرلەوەی ببێتە ساڵێک، لە پەرلەمان قسەی کردەوە و سەرەداوی گرنگی دا لەسەر ئەم پرۆسەی نوێیەی ئێستای تورکیا کە راستەوانە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکە هەیە.

پار چی گوت و ئەمساڵ چی دەڵێت؟

لە راستیدا دەکرێ بەراورد کردنی هەردووگوتاری سەرۆکی MHP لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری پارەکە و  ئەوەی ٢١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ وەکوو دوو دەقی گرنگ سەیر بکرێن بۆ تێگەیشتن لە رەوتی رووداوەکانی پەیوەست بە باسەکانی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و کاریگەرییە ناوچەییەکانی لەسەر پرسی کورد.

باخچەلی لە قسەکانی ئەمساڵیدا هەبوونی ناکۆکی لە نێوان هاوپەیمانیی دەسەڵات رەتکردەوە کە ئاکپارتی و حزبەکەی ئەو پێکهێنەرە سەرەکییەکەین. رەخنەشی لە پارتی گەلی کۆماری گرتەوە. باسی هەندێک لایەنی کرد کە دەیانەوێ گرفت بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دروست بکەن بەڵام بەدەر لەوە بەشەکانی دیکەی قسەکانی بۆ باسکردنی قوبرس، غەزە- فەلەستین تەرخانکرد. 

 لە گوتارەکەی پارەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی باسی لە "ئەقڵێکی نەتەوەیی و هاوبەش" کردبوو، ئەمساڵیش باسی لە" ئەقڵێکی سیاسی" کردووە کە بنەماکانی رژێم و دەسەڵات دەپارێزێت و لە پشت رووداوەکانی ئێستاوەیە. لە راستیدا ئەو هەر دوو گوتارەکەی بە دەستەواژەی "هاوڕێیانی دۆزەکەم" دەستپێکردووە وەک ئەوەی کە رۆڵێکی زیاتر لە پرسێکی رکابەریی سیاسی ناوخۆیی بۆ خۆی پێناسە بکات. لە راستیشدا بەهۆی هاوسەنگییەکانی ئێستای ئەو وڵاتە، دەشێ وەک نوێنەرێکی ئەو" ئەقڵە سیاسییە" سەیری قسەکانی بکرێن کە لە پشت رووداوەکانەوەن.

جوگرافیای دڵ و جوگرافیای سیاسەت

وەکوو پارەکە، ئەمساڵێش لە رستەی شەشەمی دەقی قسەکانیدا سڵاوی لە خەڵکانی "جوگرافیای دڵ و کولتووری" تورکیا  کرد و گوتی بە خاڵێکی وەرچەرخاندا تێپەڕ دەبن.  جوگرافیای دڵ و کولتوور دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە ناوچەکانی نفوز یاخو ئەو ناوچانەی کە تورکیا دەیەوێ کاریگەری لە سەریان هەبێت و ئێستا لە نەخشە سیاسییەکەیدا نین.

ساڵی ٢٠١٧ لە دوای گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەوڵەت باخچەلی کەرکوک و موسڵی بە ٨٢ یەمین و ٨٣یەمین پارێزگای وڵاتەکەی ناوبردبوو. ئەمساڵیش دەڵێ لەو ئامانجە لانەدەین بەڵام بەهۆی پێویستی خێراوە جارێ با قوبرسی باکوور ببێتە پارێزگای ژمارە ٨٢ی تورکیا. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لە دوایین هەڵبىژاردندا  لەوێ سەرککۆمارێک هەڵبژێردراوە کە زیاتر مەیلی یەکگرتنەوەی لەگەڵ قوبرسی باشووردا هەیە.

 رەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاش پێشتر لە گوتارێکد ا لە دوای چەک سوتاندنەنەکەی ٣٠ ئەندامی پەکەکە لە جاسەنەی سلێمانی باسی لە هاوپەیمانی تورک، کورد و عەرب کردبوو. هەروەها گوتبووی کە شەڕەکانی مەلازگرد،  قودس و ئیستانبوڵ پێکەوە کراون و سەرکەوتنی هەموومانە و نەخشیەکی کێشابوو کە لە شامەوە بگرە  هەتا  موسڵ ، کەرکوک،  سلێمانی، بەغدا و ئیستانبوڵ، هەموی وەک شاری هاوبەشی  تورک، کورد و عەرب ناوبردبوو. تورکیا بە رەسمی هەرجۆرە سیاسەتێکی فراونخوازیی سیاسی رەتدەکاتەوە و ئەو جۆرە باسانەش وەک باسکردنەوەی میراتێکی هاوبەش بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری ناوچەیی شرۆڤە دەکات بەڵام، رووداوەکانی سووریا و رووخانی بەشار ئەسەد  ودەستپێکردنی گفتوگۆی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە نیگەرانییەکی لای بەشێک لە سیاسییەکانی شیعەی عێراق دروستکردووە کە نەکا لە دۆخی لەرزۆکی جیۆپۆلەتیکی ناوچەییدا تورکیا بە هۆی پێداویستییەکانی بە نەوت- ئاسایش "جوگرافیای دڵ"ی خۆی بۆ جوگرافیایەکی واقیعی سیاسی بگۆڕێت. پێدەچی تورکیا بیەوێ لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا کە هێشتا نازانی سوودانی دەمێنێتەوە یان نا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە- بەغدا وەک خۆی بپارێزێ و ئەوەش لە قسەکانی باخچەلیشدا رەنگی دابێتەوە بۆیە دەڵێ موسڵ و کەرکووک ئامانجی درێژخایەنی ئێمەیە بەڵام جارێ ئەولەیەتی دیکەمان هەیە.

ناوی دورگەیەک بۆ ئۆجەلان

  ساڵی رابردوو  سەرۆکی مەهەپە گوتبووی عەبدوڵلا ئۆجەلانی وەک سەرکردەی تیرۆریست ناوبردبوو کە ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە ئەو دەتوانێ کەڵک لە مافی هیوا وەربگرێ. ئەمساڵ ناوی ئۆجەلانی کرد بە ئیمراڵی هەرچەند لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە دووجار وەک سەرۆکی دامەزرێنەوەی پەکەکەکەش ناوی بردبوو. پێدەچێ هەڵىژاردنی ناوی ئیمراڵی بۆ ئاماژەەکردن بە ئۆجەلان لەلایەک هەوڵیک بێت بۆ ئەوەی کە زیاتر هاوتەریب لەگەڵ سەرککۆماری تورکیا بجوڵێتەوە چونکە زیاتر ئەو ناوە بەکاردەهێنێت. باخچەلی دەزانیت کە چەندەی کاریگەریش بێت، ئەستەمە بە بێ رەزامەندی سەرۆککۆمار پرۆژە سیاسییەکەی سەربگرێت. لەلایەکی دیکەش لەوانەیە بۆ دابەزاندنی کاردانەوەکانی رای گشتی تورکیا بێت کە پێدەچێت هاوشێوەی باخچەلی بەرامبەر ئۆجەلان بیر نەکەنەوە. لە راپرسییەکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە کۆمەڵاتییەکاندا کە لە نیو ٢٠١٧ کەس دا لە ماوەی نێوان ٢٥-٢٩ی ئەیلوول ئەمساڵدا کراوە، ٨٧.٨٪ی بەشداربووان دژی ئازادکردنی ئۆجەلانن کە دەوڵەت باخچەلی پێیوایە بەڵێنەکەی خۆی بردۆتە سەر. ٩١.٥٪ی ئەوانەی کە لە راپرسییەکدا گوتوویانە سەر بە ئاکپارتین و ٩٧.٣٪ی مەهەپەییەکان و ٩٣.٥٪ی ئەندامانی پارتی گەلی کۆماریش دژی بەردانی ئۆجەلان بوون.

لە راستیدا قسەکانی ئەمساڵی دەوڵەت باخچەلی  زیاتر رەنگدانەوەیەکی رای گشتی پێوە دیارە کە لەو راپرسییەدا خراوەتە روو.

لە راپرسییەکەدا ٤٤٪ گوتوویان دەکرێ زمانی کوردی لە قوتانخانەکاندا وەک وانەیەکی دڵخوازانە بخوێندرێت. هەروەها ٤٢.٨٪ گوتوویانە کە دەستتور بە جۆرێک بگۆڕدرێت کە گرووپە ئەنتیەکانی دیکەش بگرێتەوە. بەڵام ٨٤.٧٪ گوتوویانە کە نابێ دەستەواژەی تورکبوون  لە دەستووردا لابدریت. ٦٩.٣٪ی بەشداربووانیش گوتوویەنا هاوڵاتییە کوردەکانی تورکیاش تورکن و ٧٢.٦٪یش گوتووویانە هەر هاوڵاتییەکی کۆماری تورکیا بە تورک هەژمار دەکرێت. دەوڵەت باخچەلی لە قسەکانی ئەمساڵیدا باسی لەوە کردووە کە پێناسەی نەتەوە واتای نکۆڵی لە زاراوە و کولتوور و ناسنامەکانی دیکە نادات کە دەشێ لەگەڵ ئامارەکانی رای گشتی هاوتەریب بێت کە بە بەروارد لەگەڵ پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان دا کەمێک نەرمترن.

 دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کردووە کە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان پارامێترە یاسایی و دیموکراتییەکانی پرۆسەی چەکدانان ئامادە دەکات و گوتووییەتی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە خەریکە بەرەو کۆتایی دەچن و لە قسەکانیشیەو وادیارە کە لەوانەیە مانگی ١١ی ئەمساڵ هەندیک گۆڕانکاریی بکرێن و ئەویش لە کاتێکدا کە پەکەکە چەکدانانی گشتگیری بە هەنگاوی کردەیی دەوڵەت و پەرلەمانەوە مەرجدارکردبوو. لەوانەیە لە داهاتوودا هەندێک ریفۆرمی وەک زیادکردنی ناوی گرووپە سەرەکییەکانی وەک کورد بە پێناسەی هاوڵاتیبوون و فێربوونی دڵخوازانەی زمانی دایک لە قوتابخانە و لێبوردنێکی رانەگەێندراو زیاتر بکەونە رۆژەڤەوە.

داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە

باخچەلی لە قسەکانیدا مۆدێلی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ هەریەک لە پرسەکانی فەلەستین و قوبرس داواکردووە و پرۆسەیەکی تێکەڵاوبوونیشی بۆ پەکەکە - هەسەدە باس کردووە. و گوتوویەتی کە ئۆجەلان بە روونی داواکاریی فیدراڵی وئۆتۆنۆمی و تەنانەت کەلتوریشی رەتکردۆتەوە نابێ کەس داواکاریی ئۆتۆنۆمییەکی رانەگەیەندراوی هەبێ و داوای بەش لە دەسەڵات بکات. بە ئەگەری زۆر ئەمەش دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ هەبوونی دانوستاندن یان داواکارییەکی پشتی پەردەی پەکەکە - دەم پارتی کە زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە ئەم پرۆسەیە بۆ دانوستاندنێکی دوولایەنە وەربگۆڕن.

 ئەو لە قسەکانیدا جیاوازتر لە ساڵی رابردوو کە باسی نەکردوون ئەمساڵ بە روونی باسی پێویستی چەکدانانی یەپەگە و هەسەدەشی کردووە. ئەمەش لەگەڵ قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیادا هاوتەریب کە هەر لە سەرتاوە گوتبووی پێویستە نەک تەنیا پەکەکە بەڵکو هەسەدەش چەک دابنێت.

 هەرچەندە هێشتا رێککەوتنێکی نووسراو نییە بەڵام وادیارە شام و ئەنقەرەش بەوە رازی بوون کە هەسەدە وەک سێ فیرقە بمێنیتەوە. دانەیەکی بە هاوبەشی لەگەڵ شام و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر بێت لە سەرتاسەری سووریا. ئەوانەی دیکەش لە شوێنی خۆیان بن. شام دەیەوێ خۆی فەرماندەکانی دیاری بکات و هەسەدەش لە بەرامبەردا دەیەوێت لە وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپادا رۆڵی هەبێ. هێشتا هەردوولا لەسەر مۆدێلی لامەرکەزی ئیداری و پرسەکانی دیکەی وەک پەروەدەش رێکنەکەوتوون بەڵام لەو نێوانەدا، بە ئەگەری زۆر پرسی سەرەکی بە دەوری  زنجیرەی فەرماندەیی هەسەدەدا دەسووڕێتەوە کە بەپێی گفتوگۆکانی ئەمداوییە هەردوولا رازین ناوەکەی بگۆڕێت. 

ئەم گەڕەی گفتوگۆکانی هەسەدە و شام ئەنجامی گوشاریکی ئەمریکییە و پێدەچێ وەک چۆن ویتکاف لە غەزە توانی ئیسرائیل و حەماس رازی بکات، تۆماس باراکیش بەدوای ئەوەوە بێت کە سەرکەوتنێک بۆ خۆی تۆمار بکات و چارەسەرێک بۆ پەیوەندی ئاڵۆزی شام- هەسەدە- تورکیا بدۆزێتەوە بۆیە لە هەموو دەرگایەک دەدات. لە راستیدا لە رواڵەتدا ئێستا دانوستاندنێک لە نێوان شام و هەسەدەدا هەیە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپاو حکومەتی سووریا بەڵام وەرچەرخانێکی گرنگتر پێویستە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکەی جۆلانی- کۆبانی جێبەجێ بکرێت وەک ئەوەی باراک ئارەزووی دەکات ئەمەش نەک تەنیا بە داینامیکی ناوخۆیی سووریا بەڵکۆ  بە داهاتووی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و باسەکانی دەوڵەت باخچەلییەوە بەستراوەتەوە.

Share this Post

شرۆڤە