شرۆڤە

رۆژئاوا و ئەندازیاری نوێی ناوچەیی؛ کۆتایی گەمە گەورەکەی شام؟

30-01-2026


هەم ئاگربەست هەمیش سازانی نێوان"هەسەدە" و "حکومەتی سووریا" لەرزۆکە و لە کاتێکدا کەمتر لە ١٠ رۆژ ماوە بۆ کۆتایی ئاگربەستی هەردوولا، گۆڕانکاریی مەیدانی، هەروەها دۆخی سیاسی- سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێکەوە ئەو دۆخە بەرەو وەرچەرخانێکی زیاتر دەبەن. لە وێنەیەکی گەورەتردا دەردەکەوێت کە پرسی رۆژئاوا تەنیا "کێشەیەکی ناوخۆیی سووریا" نییە و دۆخی ئەوێ، لە دوتوێی ململانێکانی ناوچەکەدا هەر لە ئێستاوە وەرچەرخانی گرنگی دروست کردووە.

دوابەدوای بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستی راگرتنی گرژییەکان و  هەمیشەییکردنی ئاگربەست، رۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کەشێکی "ئەرێنی"دا بەڕێوەچووە. واچاوەڕاندەکرێت کە لە ماوەی ٢٤ کاژێری داهاتوودا جارێکی دیکە کۆبووببنەوە ئەگەر گؤرانکارییەک روونەدات. پێدەچێ هەردوولا بەهۆی ئەزموونی رێککەوتنەکانی پێشوو (١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ و ١٨ی مانگی ١ی ئەمساڵ) متمانەیان بە بەڵێنی یەک نەمابێ، بۆیە خۆیان لە راگەیاندنی فەرمی بەدوور گرتووە تا ئەو کاتەی هەنگاوی کرداری لە یەک دەبینن. بەڵام  بە گشتی دووبارە باسی چۆنیەتی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا مژارێکی ناکۆکییە. مۆدێلی خوازراوی لای سووریا  ئەوەیە کە ئەو بەشێكی هێزانە ببنە پۆلیس یان ئاسایشی ناوخۆ و باقییەکەشی وەک تاک بچنە ناو سوپا. مۆدێلی خوازراوی لایەنی کوردیش زیاتر بەلای ئەوەدا دەڕوات کە بێجگە لە ئاسایشی ناوخۆ چەند لیوایەک لە چوارچێوەی هێزێکی دژە تیرۆردا بمێنێتەوە. هەروەها باسەکان لەسەر دابەشکردنی داهات، پرسی پەروەردە و گەرەنتی دەستووری بۆ زمانی کوردی کە ئایا وەک زمانێکی نیشتمانی بێت یان رەسمی، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەندامانی پەکەکە لە رۆژئاوا لەسەر مێزن کە پێدەچێ بەرەوپیشچوونێک لە ئارادا بێت بەو پێیەی کە زۆربەی لایەنەکان سەرەڕای بەردەوامیی پێشێلکاری ئاگربەست باس لە کەشی ئەرێنیی دانوستاندن دەکەن! بە پێی رێککەوتنی ١٨ی مانگی یەکی ئەمساڵ، کورد پۆستی پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگری  وەردەگرێت بەڵام ئێستا زانیاری هەیە کە باس لە پێدانی پۆستی"جێگری وەزیری دەرەوە" یان پۆستێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوش کراوە. هەڵبەت دەبێ ئەوەمان لە پێشچاوبێت کە لە سووریای ئێستادا رێککەوتنەکان زوو زوو دەکرێت و زوو زووش هەڵدەوشێنەوە بۆیە ناکرێ بە رەهایی سەیری ئەوانە بکرێن.

سیناریۆ سەربازییەکان لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن

ئەگەر دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبێت، خوێندنەوەی دۆخی مەیدانی ئەمانەمان پیشاندەدات:

یەکەم: پێشبینی دەکرێت سوپای سووریا گەمارۆی سەر کۆبانێ تووندتر بکات. هاوکات لە میحوەرەکانی "گرزەرۆ" و "چل ئاغا"وە لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، هەوڵی پێشڕەوی بەرەو سنوورەکانی باکوور بدات. لەوانەیە ئامانجی ئەم جوڵەیە دابڕینی پەیوەندیی جوگرافیی نێوان شارەکانی قامیشلۆ و دێرک بێت.

دووەم: بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆخە، ئەگەری هەیە سوپای سووریا سوود لە گەمارۆدان یان جوڵاندنی دانیشتوانە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە وەربگرێت. ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە بەشێک لە پێشڕەوییەکانی سوپا لە دوای ١٧ی مانگەوە لە رۆژهەڵاتی فوڕات، دەرەنجامی گۆڕانی هەڵوێستی هێزەکانی "سەنادید" (پێکهاتەی عەرەبی - خێڵەکی) بووە لەناو هەسەدەدا، نەک بردنەوەی شەڕ بەهۆی پێکدادانەوە.

سێیەم: ئەم هێڵە سنوورییە بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، شادەمارێکی سەرەکییە بۆ هەسەدە، چ بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانە، چ بۆ بەکارهێنانی وەکوو کۆریدۆرێکی مرۆیی؛ بۆیە لەدەستدانی ئەو هێڵە کاریگەریی لەسەر توانای بەرگرییان دەبێت. هەڵبەت رەنگە جیاوازیی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەم ناوچەیە بەراورد بە رەققە و دێرەزوور، فاکتەرێک بێت کە یارمەتیدەری هەسەدە بێت بۆ بەرگرییەکی درێژخایەنتر.

چوارەم: هەرچەندە موراد قەرەیلان، یەکێك لە سەرکردەکانی پەکەکە، ئاماژەی بە ئەگەری پەنابردن بۆ "شەڕی تونێل" کردووە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ ئەزموونی حەماس و غەززە، پرسیار لەسەر کاریگەریی ئەم تاکتیکە لە رۆژئاوا دروست دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ سروشتی جوگرافیی ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە قوڵایی ستراتیژیی کەمە و لە هەندێک شوێن پانتاییەکەی تەنیا ٢٠ بۆ ٢٥ کیلۆمەترە.

ئەمریکا و ئەندازیاریی ئەمنی نوێی ناوچەیی

لە راستیدا هەم شەڕ، هەمیش ئەگەری رێککەوتنی سووریا/ رۆژئاوا دابڕاو نییە لە وێنە گەورەکەی ئەندازیاریی نوێی ئەمنیی ناوچەیی کە ئەمریکا سوکانەکەی گرتۆتە دەست. ئەوەش: لاوازکردنی میحوەرى شیعی لەڕێگەی دروستکردنی هیلالێکی سوننی - کە تێیدا سوننەی جیهادی و حەنەفی کاریگەرترە- لە ئەفغانستانەوە تا سووریا .بەهێزکردنەوەی رۆڵی تورکیا و قەتەر وەک یاریکەری ناوچەیی و پاراستنی باڵادەستی ئیسرائیلی تێدایە کە ئەمەش دواجار خزمەتی سنووردارکردنی پەلکێشانی زیاتری چین و رووسیا دەکات.

 جائەگەر بپرسین کە چۆن دۆخی ئیستای سووریا پەیوەندی بەمەوە هەیە، دەشێ بێژین کە لە روانگەی ترەمپەوە ئەوەی روودەات" هەوڵی ئەحمەد شەرعە بۆ دابینکردنی سەقامگیری" ئەمەش بەمجۆرە خزمەتی سیاسەتەکانی دەکات:

 یەکەم :دەتوانێت دوای ماوەیەک هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە کە لە ٢٠١٩ وە لە بیریدایە.

 دووەم: هەبوونی دەسەڵاتێکی تۆکمەی شەرع لە سووریا وادەکات کە سازانێکی ئیسرائیلی- عەرەبی کە رێککەوتنێکی سنووری لە نێوان لوبنان- ئیسرائیل هەروەها سووریا- ئیسرائیلی تێدا بێت ئاسانتر بکات. ترەمپ  ئەندازیاری هاوپەیمانییەکی عەرەبی-ئیسرائیلیییە لە رێی رێککەوتنی ئابراهام و رەنگە خوازیاری سازانێكی تورکی-ئیسرائیلیش بێت. لەم هاوکێشەیەدا، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هەسەدە کە تۆم باراک بە فەرمی رایگەیاند، یەکێک لەو"ئیمتیاز"انە بوو کە ساڵانێکە ئەنقەرە داوای دەکرد، لەوانەیە بەشداریی تورکیاش لە "بۆردی ئاشتی"ییەکی ترەمپ لە غەززە چرایەکی سەوزی ئەنوەرە بێت بۆ ئەگەری سازانەوەی لەگەڵ ئیسرائیل تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت.

 سێیەم: هەبوونی کۆنترۆڵی شەرع بەسەر سنوورەکان لەگەڵ عێراق وادەکات کە پرۆژەی دانانی بەربەستی گەورە بۆ نفوزی ناوچەیی ئێران فراوانتر بێت. رەنگە ئەمریکا وابیربکاتەوە کە بە نەمانی هێزەکانی لەوێ، هەسەدە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی روو لە هاوپەیمانی لە گرووپە شیعییەکانی عێراق و ئێران دەکات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. لەماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و رووسیا، هەسەدە لینکێکی لەگەڵ لایەن دژەبەرەکاندا بە کراوەیی هێشتەوە و دژی ئیران و گرووپە شیعییەکان و تەنانەت رووسیاش نەجوڵایەوە لەکاتێکدا کە هاوشانی ئەمریکاش دەجوڵایەوە. ئەزموونی هەسەدە دەریخست کە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گەمەی هێزە گەورەکاندا" بێلایەنی" کارێکی ئاسان نییە هەرچەند کە لایەنداربوونیش باجی خۆی هەیە.

 ئێران و عێراق

 بۆ ئێران و سیاسەتی شیعی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێکدادانەکانی ئەمدواییەی سووریا بەشێکە لە سیاسەتی تەوقدانی ئەوان لەلایەن  تورکیا، وڵاتانی سووننە و ئەمریکا کەلەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بۆ "دێتەرانس" و جڵەوکردنـی ئێراندا یەکدەگرێتەوە. هاتنی سوپای سووریا بەهێزێکی زیاترەوە بۆ سنوورەکانی عێراق ترسێکی مێژوویی لە شەقامی شیعیدا زیندووکردۆتەوە کە لە گوتاری"هاتنی سوپای ئەمەوی"دا رەنگی داوەتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەک کە نەکا شەرع لە دریژخایاندا چاوی لە سێگۆشەی سوننەی عێراق و بەغداش بێت. سیاسەتی شیعی لە ناوچەکەدا ئێستا هەست بە گەمارۆیەکی سوننی دەکات کە لە ئەفغانستانەوە دەستیپێدەکات بە کەنداودا دەروات لە سووریاوە بۆ تورکیا درێژ دەبێتەوە کە تێیدا دوو کۆنە جیهادی - سوننەی حەنەفی (تالیبان و ئەلشەرع) ئەمسەر و ئەوسەریان لێ گرتووە. کۆتاییهێنانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ هەسەدەش و رێخۆشکردنی بۆ سەقامگیرکردنەی دەسەڵاتی شەرع هاوشیوەی ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا لە ئەڵقەیەکی دیەکی تەوقدانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لەو لە عێراق دەچێت. رەنگە هەر ئەوش وایکردبێ کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک کاردانەوەیەک بۆ رووداوەکانی ئێستا نوری مالکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کاندید بکات، هەرچەند کە دیار نییە کە دوای قسەکانی ترەمپ دەمێنێتەوە یان نا. کاتی خۆی رۆبەرت گەیتس وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتبووی مالکی کرا بە سەرۆکوەزیر لەبەرئەوەی کە "پێگەی لاوازبوو"، بەڵام دواتر لادرا لەبەر ئەوەی کە بەهێزبوو. پێدەچێ هەر ئەمەش هۆکاری دژایەتی ئیستای ترەمپ بێت بۆ گەڕانەوەی مالکی؛ واتا جاران لاوازییەکی مالکی خاڵە بەهێزەکەی بوو بەڵام ئێستا بەهێزبوونی خاڵە لاوازەکەیەتی بۆ ئەمریکا!

بۆ عێراق دۆخی ئێستای رۆژئاوا پرسی داعشی دووبارە زیندووکردۆتەوە. عێراق بە پاساوی ئەوەی کە داعشییەکان لە کۆنترۆڵێ خۆیدا بـهێڵێتەوە، هەروەها کارتێک بۆ دانوستاندنی زیاترلەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەستی خۆیدا بهیڵێتەوە، رازی بوو کە زینداننیەکانی داعش بگرێتە خۆی. وا مەزەندە دەکرێت کە تا بەر لە دوایین پێکدادانەکان، لە نێو ٦ زینداندا لە سووریا و رۆژائاو، ٥٠٠٠ هەزار گیراوی داعشی کە خەڵکی عێراقن لەگەڵ دەوری ٥٠٠٠ داعشی سووری و ٢٠٠٠ی بیانیش دەستبەسەربن. رەنگە عێراق بە وەرگرتنی عێراقی و بیانییەکان رازی بووبێت بەڵام ئەم ترسێکیشی دروست کردووە کە ئەگەر لە شەڕیکی گریمانییەدا لە نێوان ئێران و ئێسرئیل یان ئیران و ئەمریکا، نەتواندرا ئاسایشی ئەو زیندانانە بپارێزێن ئەوسا چی روودەدات. رەنگە  ئامانجێکی  ئەمریکاش هەر ئەوە بووبێت کە بە بەردێک دوو چۆلەکە بپێکێ: لە قۆناخی دوای "هەسەدە"دا، لەلایەک ناچارنەبێت داعشییەکان لە دەستی سووریایەکدا بهێڵێتەو کە گۆمانی هەم لە نییەت و هەمیش لە توانا حکومەتەکەیدا سەبارەت بە کۆنە جیهادییەکان هەیە. لێرە هەموو شت رەش یان سپی نییە دەکرێ  ترەمپ و شەرع لە گەلێک مژاردا کۆک بن بەڵام بێشک خاڵی جیاوازیشیان هەیە. لە لایەکی دیکەش بە هەبوونی دەوری ٧٠٠٠ زیندانیی داعش، بەهێزبوونەوەی سیاسەتی سوونی و هاتنی شەرع بۆ سنوورەکان و گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری ئەمریکا، حکومەت لە بەغدا ناچاربکات کە دووجار بیر بکاتەوە بەرلەوەی کە هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران هەبێت.

تورکیا و دۆخی رۆژئاوا

بۆ تورکیا، شەڕ ریگەی کردەوە بۆ ئەوەی کە زۆریک لەو شتانەی کە دەیویست مسۆگەر بێت؛ ئێدارەی خۆسەر و هەسەدە بە پێی پێناسەی جوگرافی و پێکهاتەیی کاتی دامەزراندنی خۆیان نەماون. کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سنوورەکان و سەرچاوەکانی نەوت و ئاو لەگەڵ رەققە و دێرەزۆر درایە حکومەتی سووریا و  زیندانییەکانی داعشیش دەرێنە عێراق. بەوەش هەسەدە لەوە دەرچوو کە لە روانگەی تورکیاوە وەک "هەڕەشەیەکی ستراتیژی" سەیر بکرێت. بەڵام لە هەمانکاتدا شەپۆلێکی نەتەوەگەرایی کوردی دروست کرد کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئەنقەرە دەیەوێ لە رێی ئۆجەلان و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەوە نەهێڵی گەورە بێت. ئەم شەڕە گڕوتینێکی دەگمەنی بە رەوتی ناسیۆنالیستی کوردی دایەوە و چینێکی دیکەی خستە سەر هەستی" ستەمی مێژوویی" لای کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە سەرکەوتنی سەربازییانەی دیمەشق یان هەر دەوڵەتێکی داناپۆشرێت. بە ئەگەری زۆر ئەمەش مژارێکە کە ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکەش چاودێریی دەکەن. رەنگە ئەوەش پاڵنەرێکی ئەو هەوڵانە بێت کە حکومەتی ئێستای سووریا دەیدات بۆ دڵنیاکردنەوەی کورد لەوەی کە "مافەکانیان پارێزراو دەبێت".

وەرچەرخانی سیاسەتی کوردی

ئەم دۆخەی رۆژئاوا وەرچەرخانێکی لە سیاسەتی نێوخۆیی کوردیشدا دروست کرد بەوەی کە جارێکی دیکە "بارزانی" وەک ناوەندی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرکەوتەوە، ئەمەش رەنگە لەگەڵ روانگەی ئۆجەلاندا ناتەبا بێت کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی تورکیا، گوتوویەتی دەوڵەت باخچەلی بۆ نەتەوەگەرایی تورکی چی بێت منیش لە نێو کوردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا ئەوم. ئۆجەلان لەو دیدارەدا پرسی کوردی بە ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەستۆتەوە لە کاتێکدا پرسی کورد بەرلە دامەزراندنی ئیسرائیلیش لەم ناوچەیدا هەبووە.

 پێشنیارەکەی ئۆجەلان بۆ سازانی هەسەدە و حکومەتی سووریا شتێكی واقیعییە بەگوێرەی دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان -هەرچەند کە پێشتر دەرفەتی زیاتر هەبوو- کە باس لە وەگۆڕانی هێزەکانی هەسەد بۆ ئاسایشی ناوخۆ، دابەشکردنی داهات و جۆرێک لامەرکەزی ئیداری دەکات، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئێستا وایانکردووە کە هەرجۆرە رێککەوتنێکی سیاسی سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان، لایەنی  دیکەی دەرەوی ئەو وحیزبەکەشی لە پرسی کورددا لە رۆژئاوا خاوەن قسە بێت.

کرۆکی "وەرچەرخانە ئایدۆلۆژییەکەی" ئۆجەلان کە لە تێزی "برایەتی گەلان" و داوانەکردنی هیچ چارەسەرێک لە سەر بنەمای کۆنترۆڵی خاک راوەستاوە و تووشی تەگەرە بووە. ئەو ئایدیایەی کە پێیوابوو دەتوانێت تەنیا بە رەگەزە ئایدۆلۆژییەکانەوە، یەک لەسەر سێی خاکی سووریا کۆنترۆڵ و پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە بلکێنێت، لە ئەزموونی رۆژئاوادا سەری نەگرت. بێجگە لەوەش، هێشتا ئەوە مەتەڵێکی گەورەیە کە چۆن بنەماکانی تێزی کۆماری دیموکراتی دەرفەت دەدات بۆ ئەوەی دوو دانە هێزی ناتەبای ئایدۆلۆژی کۆنە ئیسلامی- جیهادی و کۆنە مارکسی- لینینی پێکەوە هەڵبکەن.

 بەدەرلە کاریگەری ئەم پرسە لەسەر دیوە ناوخۆییەکانی سایسەتی کوردی، دەتوانین بێژین بە گشتی  ئێستا کورد لە بەردەم دووڕێیانێکی مێژووییدایە کە ئەویش لە نێوان مانەوە لەسەر "باڵانسێکی لەرزۆک"ی یان خۆیەکلاکردنەوە لە نێوان بەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکەدا دیت و دەڕوات. پرسیاری سەرەکی ئێستا ئیدی تەنیا داهاتووی کورد لە سووریا تێکەڵبوونەوەی هەسەدە بە سوپا نییە، بەڵکو ئەوەیە ئایا دۆخی کورد لە نێو بەرداشی "هیلالی سوننی" و "تەوقی شیعیی" و ئەندازیاریی نوێێ ناوچەییدا بەرەو کوێ دەڕوات.

Share this Post

شرۆڤە